/شەرحی كتێبی (زغل لعلم )ی ذهبي/
ڕەخنەگرتن لە قورئانخوێنان
: 271
2022-07-05
#شەرحی_كتێبی_زغل_العلم_ی_الذهبي: (3)
ڕەخنەگرتن لە قورئانخوێنان
یەكەم وێستگەو ڕاوەستانی شمس الدین الذهبي التركماني لە كتێبی (زغل العلم) دا لەگەڵ قورئانخوێنان و شارەزایانی عیلمی قیرائاتە، كە خۆیشی یەكێكە لە ناودارانی ئەو زانستە لەسەردەمی خۆیدا، بە وردی -و جیاواز لە سروشتە نەرم ونیاینەكەی خۆی - بە توندی و زۆر بە توڕەیی هەڵە و پەڵە و سەركێشییەكانیان دەستنیشان دەكات و بێزار بوونی خۆی لەسەری دەردەبڕێت.
لە دەسپێكی ڕەخنەكانی لە بەرانبەریاندا دەڵێت: قورئانخوێنان زێدەڕەوی زۆریان تێدایە، بێ ئەوەی پێویست بكات پرسەكانی تەجوید و شێوازی خوێندنەوەكان زۆر ورد دەكەنەوە، ئەوەندە گرنگی بە چۆنیەتی خوێندنی پیتەكانی قورئان دەدەن بیریان لەلای خشوع ومەعنا و واتاكانی هەر نەماوە، بە بێزارییەكی زۆرەوە ڕوویان تێدەكات و دەڵێت: ئێوە پێتان وایە غەیری خۆتان نازانن بە جوانی قورئان بخوێننەوە، ئەی پێم بڵێن ئێوە چ كردەوەیەكتان بە قورئانەكەتان كرد! ئێوە كردەوەكانتان چاك نییە و خوێندنەوەكەشتان زۆر قورس و ناخۆشە، خشوع و لە الله ترسانی پێوە دیار نییە! دەپاڕێمەوە الله لە خەوی ڕیایی و نەفامی بێدارتان بكاتەوە!
بێگومان ئێستا لەسەردەمی خۆماندا ئەو دیاردە ناشەرعییانە زیاتر بوونە و لەلای زۆرێك لە قورئانخوێنان قورئان خوێندن بووەتە هۆكارێك بۆ خۆهەڵنان و توانای خۆ دەرخستن لە درێژی هەناسە و خوێندنی چەندین ئایەت بە یەك هەناسە و دەنگ لەراندنەوە و بە ئاواز و ئەلحان خویێدن و تەقلید كردن و تەنانەت لە هەندێ جێگا ئەوەش پەیدا بووە كە قورئان لەگەڵ مۆسیقا دەخویێدرێت، جاری واش هەیە لەگەڵ گۆرانی بێژەكاندا پێكەوە لەسەر شانۆ چالاكی هاوبەشیان هەیە، بەتایبەت ئەوانەی كە زۆر گرنگی بە مەقامات دەدەن هەست دەكەیت قورئانخوێندنەكەی لە گۆرانییەوە نزیكترە و هیچ گومانێك نییە لەوەی ئەو جۆرە قورئانخوێندنە حەرامە و هەر ئەوەشە كە پێشەوا الذهبي بەو شێوە بێزار و توڕە كردوە لە قورئانخوێنانی سەردەمی خۆی.
ئینجا ڕوو دەكاتە ئەوانەی كە دەنگی خۆیان زۆر خۆش دەكەنەوە و بە شێوازێكی حەزین قورئان دەخوێنن، دەڵێت ئەوانە ڕەنگە خەڵكی سوودیان لێ وەرگرێت و بەدەنگیان كاریگەر بێت، بەڵام هەر بەدوای ئەو قسەدا، هێرشێكی توند دەكاتە سەر ئەو قورئانخوێنانەی كە لەلای جەنازەو لە پرسەكاندا قورئان دەخوێنن، دیارە لەسەردەمی الذهبي بەهەمان حاڵی ئێستای موسوڵمانان ئەو دیاردە ناشەرعی و ناشیرینە هەبووە كە كەسانێك بە قورئان كەسابەت بكەن و بیكەن بە هۆكارێك بۆ پەیدا كردنی بژێوی ڕۆژانەیان بەبێ گوێدان بەوەی كە ئەو كارە بیدعەیە و فرۆشتنە بۆ ئایەتەكانی الله یە بە نرخێكی هەرزان!
ئینجا ڕەخنەیەكی توند لەوانە دەگرێت كە لەسەردەمی خۆیدا خەریكی زانستی قیرائاتی عەشرە و سەبعەن و دەڵێت زیاد لە پێویست خەریكی شێوازەكانی حەمزەو وەرشن! هەر خەریكی ناسك كردنی پیتی ڕا و قەڵەو كردنی پیتی لام و زێدەڕەوی لەو بابەتانە دەكەن و موسوڵمان بەو هۆیەوە هیچ چێژ لە خویێدنەكەیان نابینن. بێگومان لەم سەردەمەی خۆیشمان ئەوانەی بەو شێوە دەخوێنن تووشی هەڵەی زانستی و شەرعی دەبن جگە لە مەترسی ڕوپامایی و حەزی خۆ دەرخستنیش دەڵێت: ( إقرأ یارجل واعفنا من الغلیظ و الترقیق) واتە بخوێنە و واز لە دووبارەكردنەوەی ئەو شێوازانە بهێنە.
ئینجا دەڵێت قورئانخوێنی وا هەیە كاتێك لە جێگەیەكدا قورئان دەخوێنیت، یان پێشنوێژی دەكات، هەموو توانایەكی خەرج دەكات لە هێنانی شێوازە نامۆكان و خۆ خەریك كردن لە گەڵ تەسهیلی هەمزە و سەكتەكان و شێوازەكانی تری هەندێ ڕیوایەتی قیرائات و دەڵێت من باوكی فڵانم و شارەزای هەر حەوت شێوازەكانی قیرائاتی قورئانم بمناسن، جا لە كۆتایی ئەو بەشەدا الذهبي دەڵێت: چیت لێ بكەین كە باوكی فڵانی؟ بەڵكو تۆ وەكو بەردی مەنجەنیق و قوڕقوشم لەسەر دڵمان قورسی.
لە قسەكانی الذهبي لەو كتێبەیدا، دەربارەی قورئانخوێنان و شارەزایانی زانستی قیرائات كە خۆیشی زانایەكی گەورە بووە لەو زانستەدا، دەردەكەوێت كە:
1- بێزاری لە قورئانخوێنانی سەردەمی خۆی لەوە بووە، خوێندنەوەكەیان خشوع و لە الله ترسانی پێوە دیار نەبووە، خوێندنێكی بێ گیان و بێ تام بووە چونكە هەموو كێشەیەكیان لەوەدا بووە چۆن بەجوانی پیتەكان و شێوەكانی قیرائات دەربكەن و زێدەرەوی زۆریان لەو بارەوە كردووە؟
2- قورئانخوێنان ڕیایایی و روپاماییان هەبووە و ئەو سەردەمە لەبەر ئەوەی تۆڕی كۆمەڵایەتی و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن نەبووە تا بەردەوام لێی دەربكەون، بۆیە ئەو جۆرە قورئان خوێنانە لە پرسە و سەرقەبران و لە هەندێ كۆڕ و كۆمەڵدا هەوڵیان داوە خۆیان دەربخەن وڕیكلام بۆ خۆیان بكەن و لە قسەكانیدا وا دەردەكەوێت كەسانی خۆشەویست نەبوونە لەلای خەڵكی.
3- ئەوەش لە قسەكانی الذهبي وەدی دەكرێت كە هەندێ لە قورئانخوێنان بازرگانییان بە قورئانەوە كردووە و لە بۆنەكاندا بەپارە قورئانیان خوێندووە. كە ئەو دیاردەیە ئێستەش لەم سەردەمەی خۆماندا بە چڕی وەكو دیاردەیەكی ناشەرعی و ناشیرین بوونی هەیە.
4- هەروەها ڕەخنەی لەوە گرتووە كە هەندێك لەوانە تەنها گرنگی بە پیتەكانی قورئان دەدەن و سنوور و واتاكانی پشتگوێ دەخەن، چۆن بڵێیت (حروف) ی قورئان بە جوانی دەردەبڕن بەڵام لە (حدود) ەكانی بێ ئاگان، خەریكی (تجوید)ن، بەڵام لە (توحید)دا لایانداوە و تێكەوتوون، ئەمەش كێشەی ئەو كاتەی ئەوو بەسەد قات زیاتر كێشەی سەردەمی ئێمەشە.
خەریكە لە كوردستاندا نەوەیەك درووست دەبێت، قورئان بە جوانی دەخوێننەوە، بەڵام نازانن پێناسە و واتای (لا إله الا الله) چییە، نە دەشزانن هەڵوەشێنەرەوەكان و مەرجەكانی چین، لەوانەشە لە زۆرێك لە قورئانخوێنانی ئێستای خۆمان بۆ نموونە دەربارەی (الولاء والبراء) پرسیار بكەیت یان تەنها ناوەكەی بیستبێت یان یەكەم جاری بێت ئەو وشە ببیسێت، جا وەرە قورئانخوێنێك ئەوە حاڵی عەقیدەی بێت ڕەفتار و مامەڵەی لەم سەردەمە ئاڵۆز و غوربەتەی ئیسلامدا دەبێت چۆن بێت و چۆن بتوانێت خۆی لە لافاوی جاهیلییەت بپارێزێت كە ئەو ئەسڵەن جاهیلییەتی نەناسیوە و هەست بە هیچ كێشەیەك لەگەڵیدا ناكات!
نەوەیەك لە درووست بووندان وا تێگەیشتوون و تێگەیەندراون، ئەگەر بە تەرتیلێكی جوان قورئان بخوێنیتەوە و لە مەخارج و سیفاتی پیتەكاندا شارەزا ببێت، ئیتر هەر ئەوەندیان لەسەرە و بەوە بەهەشت مسۆگەر دەبێت، با لە عەقیدەش هیچ نەزانن و بكەونە جۆرەها لادان بەبێ ئەوەی بەخۆیشیان بزانن و لا حول ولا قوة إلا بالله.
5- كارەساتیش ئەوەیە ئەم هەڵە تێگەیشتنە بەردەوام پەرەی پێ دەدرێت و هانی بەرەوپێشچوونی دەدرێت، تەنانەت بایەخی ئیجازەی قورئانیش تەواو كەم و كاڵ بووەتەوە، فێرخوازێكی زۆر ئیجازەیان بەسەنەدی نەپچڕاوە هەڵواسیوە و بەتەواوی نازانن قورئان بخوێننەو یان لە ڕووی زانستییەوە بەسەر هەموو بابەتەكانی تەجویددا زاڵ بن، زۆرێك لە مامۆستایانی ئەو زانستە لە ئەسڵی مەسەلەكە لایانداوە و هەندێكیان وەكو دەرگایەكی بژێوی لێی دەڕوانن و شتی زۆر ناخۆش لەو بارەوە دەگێڕنەوە بەداخەوە.
6- لەبەر ئەو هەڵە ولادانە مەنهەجی و زانستیانەش كە باسم كرد و لەبەر ئەوەی ئەو جۆرە زانستە زیانی بۆ كەس نییە و سوودی بۆ خاوەنەكەشی نییە! لەسەر هەموو ئاستەكاندا هانی بەردەوامبوونی ئەو جۆرە چالاكییە دەدرێت و بەردەوام ئاهەنگی دابەش كردنی ئیجازەو بانگهێشتكردنی قورئانخوێنان لە وڵاتانەوە بۆ كوردستان دەكرێت، چونكە قورئان لە ناوەڕۆكی خۆی خاڵی كراوەتەوە بەتایبەتی لایەنی عەقیدەو بیروباوەڕەكەی تەواو وەلاخراوە و كەسیش - إلا ما رحم ربي - هەست بە هیچ شتێكی نائاسایی ناكات لەو بارەوە، لەناو خودی ئەو ئاهەنگانەدا چەندین سەرپێچی زەقی ئەو قورئانە دەكرێت كە ئیجازەیان تێدا وەرگرتووە و بەتەمان بە هەموو پیتێكی پلەیەك لەبەهشتدا بەرز ببنەوە، لەولاشەوە جەهلێكی تاڵ و ناخۆشیان بە دین و بە عەقیدەكەیان هەیە.
7- بەداخەوە لە بواری سیاسەتیسشدا ئەم مەسەلە بەكار دێت و هەر یەكەو هەر لایەنێك هەڵدەستێت دەیەوێت مەسەلەی قورئان و تەجوید و قیرائات بكات بە تەنافێك جۆرەها بابەت و كاڵای ناشەرعی خۆی لەسەری هەڵبخات و پەردە پۆشی زۆر شتی ناشەرعی خۆی پێ بكات. كە بە ئاماژەی ناڕاستەوخۆ ئەم بوارە ترسناكە لە قسەكانی الذهبي دا ئەویش لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی جیاوازی سەردەمەكاندا هەستی پێدەكرێت.
هەروەها قورئانخوێنانی سەردەمی خۆمان زۆرێكیان دەبینین دەبتە پیاوی زالمان و دارودەستەی دوژمنانی ئیسلام، ڕێگەی مەشهوربوونیشیان زۆر جار بەسەر پردی ئەو سەرۆك و حكومەتانەدا تێدەپەڕێت كە هەلی دونیاویستی ئەو قورئانخوێنانە دەقۆزنەوەو لەڕێگەی ئەوانەوە زۆر بەرنامەی دژ بە ئیسلام تێدەپەڕێنن.
بە كورتی قورئان ئێستا زیاتر لەسەردەمی الذهبي تەنها بووەتە تەرتیل و تەجوید و جوانخوێندنەوەو خوێندنەوەیەكی بێ روح و تەواو، بەڵكو لە جوانخوێندنەوەشدا زۆر كەموكورتی و هەڵەیان هەیە و بڕوانامە و ئیجازە بەبێ شاییستەبوون و بە ئیعتیباری نازانستی دابەش دەكرێت.
مایەی گریانە كە دەبینیت ژمارەیەكی بەرچاو لە خوێنەران و فێرخوازان و ئەندامی سەنتەر و قوتابخانەكانی قورئان لە كوردستاندا بەسەر ئایەتەكانی تەوحید و عەقیدەدا تێدەپەڕن تەنها بیریان لەلای تەجوید و مەخاریج و سیفاتە، خەتمە لە دوای خەتمە بە فێرخوازان تەواو دەكات بێ ئەوەی لە دە جێگای قورئاندا لەسەر بابەتەكانی عەقیدەو تەوحید بوەستێت لە كاتێكدا قورئان لە بنچینەدا بۆ ئەو مەبەستە دابەزیوە.
تەنانەت ئەو مامۆستایانەی بۆ وتاردان لەو جۆرە ئاهەنگانە بانگهێشت دەكرێن، تەنها و تەنها جەخت لەسەر جوانخوێندنەوەی قورئان دەكەنەوە و باسی ئەوە ناكەن ئەگەر لەگەڵ ئەوەدا تەوحیدت تەواو نەبێت هەمو تەمەنت بۆ تەجوید و جوان خوێندنەوەی قورئان و قیرائات تەرخان بكەیت سوودی نییە.
8- بێ گومان شمس الدین الذهبي لەو كتێبەیدا زیاتر مەبەستی بووە كە دیاردە پێچەوانەكان لەگەڵ شەرعدا دیاری بكات و زانستی ئیسلامی لەوەی ناوی ناوە زەغەل و فێڵ وهەڵە پاك بكرێتەوە و زیاتر مەبەستی ئەو جۆرانە بووە نەوەك حوكمێكی گشتی بەسەر قورئانخوێنان و زانایانی قیرائاتدا دابێت. هەر وەكو چۆن ئەم دیاردە نامۆ و ناشەرعییانەی ئێمەش ئاماژەمان پیكرد لە كوردستاندا حاڵی زۆرینەیە نەك ئەوەی هەموو ئەوانەی كە گرنگی بە تەجوید و زانستی قیرائات دەدەن لە كوردستاندا لەو جۆرە بن. ئەوە بێ ئینسافییەكە من لێی بەریم ئەو قسە بكەم، بەڵكو تێیاندا هەیە زۆر بایەخ بەڕاسكردنەوەی عەقیدەی خۆیان و عەقیدەی ئەوانەش دەدەن كە قورئانیان لەلا دەخوێنن و بەشێك نین لەم بەلاڕێبردنەی كە ئەمڕۆ لە كورستاندا دەگوزەرێت.
إحسان برهان الدین
13 شوّال 1443
2022-5-14
2018-04-07
2023-10-28
2023-11-01
2023-10-28
2024-03-26
2024-03-04