العربیة
/وانەکانی مێژوو/
سید قطب) لە مێژووی ئیخواندا)
#وانەكانی_مێژوو: 12 سید قطب) لە مێژووی ئیخواندا) لەبەر ئەوەی لە مێژووی ئیخوان و بزوتنەوەی ئیسلامی هاوچەرخدا (سید قطب) بەڕەحمەت بێت زۆرترین کێشەو مشتومڕی لەسەر درووست بووە وکتێبەکانیشی بە تایبەت کتێبی (معالم في الطریق) و تەفسیری (في ظلال القران) کاریگەری و ڕەنگدانەوەی زۆریان لەسەر واقیعی ئبسلامی وسیاسی لە میسر و لە جیهانی ئیسلامیدا بە جێهێشتووە، بۆیە تا ڕاددەیەک بە شیکراوەیی و بەتایبەت لەم زنجیرە مێژووییەدا قسەی لەسەر دەکەین و هەوڵ ئەدەین - بۆ ئاسان كردن لەسەر خوێنەر - باسەكە لە کۆمەڵە خاڵێكدا كۆ بكەینەوە: 1- سید قطب إبراهیم حسین شاذلي لە 9 ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1906 وەكو لە توێژینەوەیەكی ئەكادیمی بەڵگەداردا هاتووە كە دكتۆر صلاح عبدالفتاح الخالدي نووسیوێتی، لە گوندی (موشا)ی سەر بە پارێزگای أسیوط لە دایكبووە، سەردەمی مناڵی و خوێندنی سەرەتایی لە گوندەكەی خۆی بەسەر بردووە، باوكی پیاوێكی خانەدان ودەمسپی ناو خەڵكی دەبێت. لە ساڵی 1920 لە تەمەنی چواردە ساڵیدا دەچێتە قاهیرە و لە ماڵی خاڵێكی كە ڕۆژنامەنووس دەبێت دەمێنیتەوە، لەوێ ئاشنایی و دواتر پەیوەندی لەگەڵ حیزبی وەفد و كەسێكی ناوداری ئەو سەردەمەش پەیدا دەكات كە ئەویش (عباس محمود العقاد )ە. لە پاش بڕینی هەندێ قۆناغی خوێندن لە ساڵی 1929 دەچێتە كۆلێژی (دار العلوم) و لە ساڵی 1933 دەردەچێت و بڕوانامەی بەكالۆریۆس لە ئاداب بە دەست دەهێنیێت و وەكو مامۆستا دادەمەزرێت. 2- لە ساڵی 1944 یەكەم كتێبی ئیسلامی دەنووسێت بەناونیشانی:(التصویر الفني في القران). لە ساڵی 1946 لە العقاد ی مامۆستای دوور دەكەوێتەوە. 3- لە كانونی یەكەمی ساڵی 1948 لە نێو نیردەیەكدا دەچێت بۆ ئەمریكا و لە پاش نزیكەی دوو ساڵ دەگەڕێتەوە میسر و لە تشرینی دوومی ساڵی 1952 لە وەزارەتی مەعاریف دەست لە كارەكەی دەكێشێتەوە و داواكارییەكەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران بۆ لای جمال عبدالناصر بەرز دەكرێتەوە و ئەویش بە شێوەیەك ڕازی دەبێت كە مووچەی خانەنشینی پێ نەدرێت، 4- لە ساڵی 1953 بە فەرمی پەیوەندی بە جەماعەتی (الإخوان المسلمون) دەكات ودوای ماوەیەكی زۆر كورت بەهۆی ئەو شانۆگەرییەی عبدالناصر بۆ ئیخوانەكانی درووست كرد گوایە لە ئیسكەندەرییە ویستوویانە بیكوژن، سید قطب یش بە تۆمەتی ئەندام بوون لە دەزگای (التنظیم الخاص) ڕێكحستنی نهێنی ئیخوان لەگەڵ هەزارانی تردا دەستگیر كرا و بە پانزە ساڵ زیندان حوكم درا. زۆربەی ماوەی حوكمەشی لە نەخۆشخانەی زیندانی (لیمان طرة) بەسەر برد، چونكە چەند نەخۆشییەكی هەبوو لە سی و سنگ و گەدەو ڕیخۆڵەكانیدا. 5- سيد قطب وا دەردەكەوێت دڵنیابووە لەوەی سەرانی ئەو ڕژێمەی لە میسردا حوكم دەكەن وبەتایبەتی جمال عبدالناصر فڕیان بە سەر ئیسلامەوە نییە، ئینجا لەبەر ئەوەی ڕژێمێكی دیكتاتۆری ماركسییە و بە ئیسلام ڕازی نییە، كەواتە ڕژێمیكی جاهیلییە، بەڵكو بەشێكی زۆریش لەو خەڵكەی كە بە زمان شایەتمان دەهێنن و لەولاشەوە چەپڵە بۆ تاغوتێكی وەكو عبدالناصر لێدەدەن و پشتگیری دەكەن، ئیمانەكەیان هیچ ڕەنگدانەوەیەكی لەسەر كردار و گوفتاریانەوە نییە، كەواتە ئەوانیش كۆمەڵگایەكی جاهیلین و لە ئیسلام تێنەگەیشتوون، بەڵام وا دەرناكەوێت سەید ئەم واتایەی وەكو حوكمێك بەسەر خەڵكیدا دابەزاندبێت ئەوەندەی كە وەكو هاندەرێك تەماشای كردووە بۆ ئەوەی كۆمەڵگا لەسەر بنەمای عەقیدەو تەوحید پەروەردە بكرێت و ئامادە بكرێن بۆ ئەو كاتەی ئەگەر دەسەڵاتی میسر بوو بە دەسەڵاتێك لەسەر بنەمای شەریعەتی ئیسلام حوكم بكات. 6- سید پێش ئەوەی زیندان بكرێت لە كتێبەكانیدا بانگەشەی بۆ كۆمەڵگایەكی موسوڵمانی پێشكەوتوو دەكرد، بەڵام لە زینداندا و لە پاش ئەو مەینەتی و ئەشكەنجە دڕندانەی كە بەناحەق تووشی خۆی و هەزاران لە ئەندامانی ئیخوان هات كە بە نامرۆڤانەترین شێوە سووكایەتیان پێ دەكرا و دەكوژران و جاری وابوو زیاد لە بیست كەسیان لە ناو زینداندا بەدەستڕێژی گوللە لێ دەكوشتن، بۆیە سید قەناعەتی تەواوی بۆ درووست بوو ئەو ڕژێمە پێویستە بەچەك ڕووبەڕووی ببنەوە، هیچ نەبێت بۆ بەرگریكردن لە خۆیان کە بە بنەمای (رد الاعتداء) دەربڕینی لێکرد، لێرەشەوە ئاراستەیەكی نوێ لە بیركردنەوەیدا جیاواز لە تێگەیشتن و بیركردنەوەی ئیخوان لەناو زیندانەكانەوە و دواتر لە دەرەوەی زیندانەكان سەری هەڵدا و وەكو تەوژم و ڕەوتێكی نەیار و جیاواز لە ناو ئیخواندا پەیدا بوو. 7- سید قطب دەڵێت: كاتێك لە زیندان بووم لە نێوان ساڵەكانی 1954-1962 لە پاش وردبوونەوە و بەخۆداچوونەوەیەكی زۆر و بەراوردكردنی بزوتنەوەی ئیخوان لەگەڵ سەرەتاكانی سەرهەڵدانی ئیسلامدا، لە زەینمدا ئەوە ڕوون بوویەوە كە بزووتنەوەی ئیسلامی ئێستا ڕووبەڕووی حاڵەتێكی هاوشێوەی سەرەتاكانی ئیسلام بووەتەوە بەتایبەت لە ڕووی جەهل بە عەقیدەی ئیسلامی و دووركەوتنەوە لە ئاكار و ڕەوشتە جوانەكانی. 8- ئینجا لە دیدی سەییدەوە هەڵەكە لەوەدایە لە كاتێكدا بزوتنەوەی ئیسلامی سەرقاڵی داواكارییە لە حكومەتەكان كە شەریعەتی ئیسلام جێبەجی بكەن، لە هەمان كاتدا خودی ئەو خەڵكە لە بیروباوەڕی ئیسلامی دووركەوتوونەتەوە و هیچ غیرەتێكیان لەسەر دینەكەیان نەماوە، بۆیە دەبێت جارێكی تر واتاو ئاماژەكانی عەقیدەی ڕاست و درووستی ئیسلام لە دڵی موسوڵماناندا زیندوو بكرێتەوە و كار لەسەر ئەوانە بكرێت كە ڕازین لەسەر ئەو بنەمایە پەروەردە بكرێن . 9- بۆیە سید قطب دەیوت هەڵەیە پێش ئەوەی بنچینەیەكی تۆكمەی دینداری لەسەر بنەمای عەقیدە لەناو كۆمەڵگادا درووست بكرێت هەوڵ بۆ جێبەجێكردنی شەریعەتی ئیسلام بدرێت. 10- بەڵام خاڵێكی جیاكەرەوەی جەوهریی كە بۆ سید درووست بوو ئەوە بوو دەیوت لەگەڵ پێویستی ئەو پەروەردەكردنەدا پێویستە پاراستن و پارێزگاریش بۆ كاری ئیسلامی دەستەبەر بكرێت لەدژی ئەو دەستدرێژی و ستەم و هەوڵی ڕاگرتنەی كە بزوتنەوەی ئیسلامی تووشی دەبێت، ئەمەی كە دواتر بە بنەمای (رد الاعتداء) ناسرا و ئیخوان بەوە ڕازی نەبوون، چونكە ئیخوان بنەمایەكی نەگۆڕیان هەیە ئەویش ئەوەیە تۆ ئیش و كاركردنت بۆ ئیسلام لەسەرە، لەدوای ئەوە ئیتر هەرچیت بەسەردا بێت وەكو كوشتن و زیندان نابێت هیچ كاردانەوەو بەرگرییەكت لە خۆت هەبێت، مەبەستی سەیید ئەوە بوو دەستەوسان بەرانبەر نەیارەكانیان نەوەستن وەكو ئەوەی لە ساڵی 1948 و 1954 بەناحەق و بەزوڵم تووشی ئیخوان بوو و توانای هیچ بەرگرییەكیان لە خۆیان نەبوو، تەنانەت حسن الهضیبي كە بوو بەجێگرەوەی ڕابەری گشتی، بە دەسەڵاتدارانی ئەو كاتەی وت هەركات ویستتان لێمان بدەن، پێویست بەوە ناكات چونكە ئێمە هەموومان بۆ زیندان ئامادەین و من كلیلی دەرگای ناوەندی گشتی ئئیخوانتان ڕادەست دەكەم. بۆیە سید قطب بە ڕاشكاوی لە دانپێدانانەكانیدا هاتووە كە ئەو باوەڕی بەوە بووە كە پێویستە چەندین كۆمەڵی سەربازی مەشق پێكراو بۆ بەرگری كردن لە بانگەواز ئامادە بکرێن، بەڵام ئەوان دەستپێشخەر نەبن بۆ لێدانی نەیارەكانیان لە هێزە سەربازی و ئەمنییەكانی میسر، بەڵكو تەنها ڕۆڵی بەرگری ببینن، سید دەڵێت ئەم بیرۆكە تەواو لە زەینی من و محمد یوسف هواش دا ڕوون بوویەوە تا لە سالی 1962 ئیتر كارمان بۆ كرد بۆ ئەوەی ببێتە ڕەوتێكی بەهێز و پشتگیری لەناو زیندانەكانەوە بۆ درووست بكەین. 11- لێرەشەوە دوای بڵاوبوونەوەی ڕەوتەكەی سید قطب لە ناو زیندانەكاندا، كە ئیخوان لە چەندین زیندانی جیا جیا دەست بەسەر كرابوون، جۆرێك لە لەیەكترازان و لەتبوون لەناو ئیخواندا درووست بوو، هەندێك پێیان وابوو ئەو بیر كردنەوەی سید قطب لە گرنگیدان بە عەقیدە و پێكهینانی كۆمەڵێكی چەكدار لە كاتی پیویستدا بۆ بەرگریكردن لە بزوتنەوەكە ئەوە بیركردنەوەیەكی ڕاستە، هەندێكیش دەیانوت پێویستە لە ئاراستەو فەرمانی سەركردایەتی ئیخوان و مەكتەبی ئیرشاد لانەدەین چونكە ئەوان خاوەنی ئەزموون و بەرژەوەندی بانگەوازەكە باشتر دەزانن. 12- بەهەر حاڵ درووستبوونی كۆمەڵێكی تازە لە سەر ئەم بنەمایە بوو بە حەقیقەت و واقعێك كە لایەنگری زۆری بۆ پەیدا بوو و لە دەرەوەی زیندانەكانیشەوە بڵاوبوویەوە، بەڵام پێویست بوو كەسێك لە كەسایەتییە ناودارەكانی ناو ئیخوان خۆی بە خاوەنی بكات بۆ ئەوەی كارەكە سەربگرێت، ئەوانەی لەسەر ئەم بیروباوەڕە بوون بۆ ئەم مەبەستە داوایان لە چەندین لە سەرانی ئیخوان كرد كە ببنە بەرپرس و دەمسپییان، بەڵام كەس ڕازی نەبوو ئەو كارە بكات و دواجار سید قطب بە فەرمی لەناو ئەندامانی ئیخوان لە زیندانەكاندا خۆی كرد بە خاوەنی ئەو بیرۆكەیە كە بە كورتی بریتی بوو لەوەی ئەندامان و دواتر خەڵكی لەسەر عەقیدە و حاكمییەتی شەریعەت پەروەردە بكرێن و لە كاتی پێویستیشدا كۆمەڵێكی مەشق پیكراو ئامادە بكرێت بۆ بەرگری كردن لەو كۆمەڵەی كار بۆ درووستكردنی دەكرێت. 13- لەم كاتەدا وەكو بەرجەستە كردنێك بۆ بیروڕای ئەو ڕەوتە و وەكو نەخشە ڕێگایەك، سید قطب كتێبی (معالم في الطریق) ی نووسی و ئەوەشی كە مابوو وتەواوی نەكردبوو لە تەفسیری (في ظلال القرآن) تەواوی كرد، چونكە لە نەخۆشخانەی زیندانی (لیمان طرة) كە بەهۆی خراپی باری تەندرووستییەوە زۆربەی كات لەوێ بوو، ڕێگە بە سید قطب دەدرا خەریكی خوێندنەوەو نووسین بێت، بێگومان بیریان بۆ ئەوە نەدەچوو كتێبەكانی سید و بە تایبەتی ئەو دوو كتێبەی كە لە بۆمبێكی ئەتۆمی زیاتر لە دونیای فیكر وبانگەواز لە گۆڕەپانی ئیسلامی و سیاسیدا كاریگەری دەبێت. 14- بەڵكو لەناو سەرانی كۆمەڵەی ئیخوانیشدا لەو كاتەدا هەر دەركیان بە هەستیاری و گرنگی كتێبی (معالم) نەكرد، فرید عبدالخالق ئەندامی دامەزرێنەری ئیخوان لەو ماوە كەمەی لە نێوان 1964-1966 ئەوو سید و هەندێك لە ئەندامانی ئیخوان ئازاد كران، لە بەرنامەی (شاهد علی العصر)دا دەڵێت: سید لەگەڵ محمد قطب ی برای كتێبی (معالم في الطریق) ی بۆ ناردم بۆ ئەوەی ڕاوبۆچوونم سەبارەت بە چاپ كردنی بزانێت، دەڵێت منیش بە توندی ڕەتمكردەوە كە ئەوە كارێكی باش بیت و دواتریش لەماڵی سەید یەكترمان بینی و لەوێیش هەر هەمان بۆچوونم بۆ دووبارە كردەوە كە ئەو كتێبە چاپ نەكرێت باشە و بۆی هەیە كارەساتێك درووست بكات، تەنانەت دەڵێت سەید پێی وتم ئەتوانی ئەمشەو لەماڵمان بمینیتەوە بۆ ئەوەی قسەی زیاتر لەسەر ئەم پرسە بكەین؟ دەڵێت منیش وتم لەوە زیاترم نییە بۆ ئەوەی پێتی بڵێم. بەڵام سەیر ئەوەیە فرید عبدالخالق دەڵێت دواتر ئەم مەسەلەم بۆ حسن الهضیبي مورشیدی ئیخوان باس كرد و ئەو وتی: (وماذا عنه لو طُبع) واتە: چی تیایە ئەگەر چاپی بكات و بە ئاسایی زانی، بەڵام هەر حسن الهضیبي خۆی دواتر كە جەماعەتی شكري مصطفی بەناوی التكفیر و الهجرة سەرهەڵدەدەن و هەست دەكات ئەو بیرۆكەی لە كتێبی معالم دا هاتووە جۆرێك لە پۆلێن كردنی لەناو كۆمەڵگادا لێ كەوتەوە و ڕووداوی مەترسیداری بە دوای خۆیدا هێنا، هەڵسا بە نووسینی كتێبی (دعاة لا قضاة) وەكو رەددانەوەیەك بۆ ئەو فیكرە. 15- سید قطب بەڕوونی لە كتێبی مەعالیمدا ئەوە دووبارە دەكاتەوە كە جەهلی خەلكی بە عەقیدەی ئیسلامی گەیشتووەتە ئاستێك حاڵی كۆمەڵگای ئێستا زۆر لە حاڵی كۆمەڵگای سەردەمی جاهیلی پێش ئیسلام دەچێت، هەر بۆیە خاڵی یەكەم بۆ دەست پیكردن نابێت لە داوای جێبەجێكردنی شەریعەتەوە بێت چونكە خەڵكی لەبەر ئەو جەهلەی كە بەعەقیدە هەیانە ئامادەی ئەوە نین، بۆیە دەڵێت ئەو تێگەیشتنەی ئەو ئەوەندەی پەیوەندی بە مەنهەجی كۆمەڵەكەوە هەیە كە پێویستە بیگۆڕن و بایەخ بە ڕاستكردنەوەی عەقیدە بدەن، بەو ئەندازە پەیوەندی بە حوكمدانی خەڵكەوە نییە! 16- لە ساڵی 1964 بە تكاكردنی عبدالسلام عارف ی سەرۆكی ئەو كاتەی عێراق لەلای جمال عبدالناصر ، سید قطب لە زیندان ئازاد كرا، لەو ساڵەی كە لە دەرەوەی زیندان بوو بینی نزیك لەو بیروتێگەیشتنەی خۆی كە هەیەتی جەماعەتێك دەوری حەفتاكەس دەبن درووست بوونە و هەر خۆیشیان وەكو ڕێكخستنێكی نهێنی مەشقی سەربازییان كردووە، لەو ساڵەدا كتێبی (معالم في الطریق) ی چاپ كرد و بەرپرسیارێتی ئەو ڕێكخستنەشی گرتە ئەستۆ، بەڵام لە سالی 1965 لە ڕێی ئەندامێكی خۆیانەوە كە گیرا و ئیعتیرافی كرد هەموو شتێك ئاشكرا بوو ، جارێكی تر سید و هەزاران لە ئەندامانی ئیخوان ڕاپێچی زیندانەكان كراونەوە. 17- ئەمجارەیان زۆر بە زوویی سید قطب دادگایی كرا و حوكمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو و لە دوای یەك هەفتە لە دادگاییكردنەكە، حوكمەكە جێبەجێكرا و سید قطب بەرەحمەت بێت لە سێدارە درا. كامێراكانی ڕاگەیاندن لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەدا 13 جمادى الأولى 1386ی كۆچی بەرانبەر 29ی ئابی 1966 وێنەی سەیید قوتبیان بە خەندە و بەڕووخۆشیەوە تۆمار كرد لەو كاتەی بەرەو سێدارە دەچوو، بەوەش ئەگەرچی كۆتایی بەتەمەنە فیزیكییە كورتەكەی هات، بەڵام بێ ئەوەی بزانن بوون بە هۆكاری تەمەنێكی واتایی زۆر درێژ بۆ سید قطب كە راستەوخۆ لە دوای مردنی دەستی پێكرد و كتێب و فیكر وبیروبۆچوونەكانی وەكو ئاگر لە كادا بڵاوبوویەوە. كە الله أعلم ئەگەر ئەو لە سێدارەدانە نەبوایە ئەویش وەكو هەر سەركردەیەكی تری ئیخوان بە بێ دەنگی دەژیا و هەروایش دەمرد. 18- لەبەر هەر هۆكارێكیش بێت، جمال عبدالناصر مەبەستی بوو ئەگەر سید قطب كەمترین نەرمیی لە هەلوێستەكانیدا بنوینێت و داوای لێبوردن بكات حوكمەكەی بۆ دابگرێت و دواتر بە هۆكاری خراپی تەندروستی لێخۆشبوونی بۆ دەربكات، بەڵام سید قطب بەوە ڕازی نەبوو و وتی سەركردە نابێت كار بە روخسەت بكات و من لەوەی بۆ پەروەردگارم ئەنجامم داوە داوای لێبوردن ناكەم و لێی پەشیمان نیم. بەوەش دواتر هەندێک لە سەرانی عەلمانییەت لە جیهاندا عبدالناصر یان خستە هەڵەوە لەوەی كە نەدەبوو سید قطب لە سێدارە بدات و بیكات بە پالەوانێك تا دنیا دنیا بێت ناوی بە گەورەیی بمێنێتەوەو وەكو ستەم لێكراوێك تەماشا بكرێت و خۆی و كتێبەكانی ببن بە ئیلهام و مەشخەڵێك بۆ هەزاران و ملیۆنان خەڵك لەدوای خۆی. 19- تەفسیری (في ظلال القرآن) و هەروەها بە شێوەیەكی تایبەت كتێبی (معالم في الطریق) دوو كتێبی سەیید بوون كە ڕژێمی عبدالناصر یان زۆر جاڕس كردبوو، تەنانەت لە دوای چەندین دەیە شوێنەواری ئەو وەڕس بوونە هەر مایەوە و لەبەرنامەیەكی أحمد منصور لە كەناڵی (الجزیرة)دا، لیوا فؤاد علام كە یەكێك بووە لەسەرانی دەسەڵاتی ئەمنی لەسەردەمی ناسریدا دەڵێت ئەوەی سید قطب ی بەرەو پەتی لە سێدارەدان برد كتێبی (معالم في الطریق) بوو، ئەمەش لە كاتیكدایە ئەو كتێبە بەو شێوەش نییە كە دەوترێت تەكفیری كۆمەڵگاكانی تێدایە بەڵام لە دیدێکی ئیسلامی وعەقیدەو بیروباوەڕەوە کۆمەڵگا هەڵدەسەنگێنێت ولایەنەکانی لاوازی تێدا دەستنیشان دەکات، كە دەیخوێنیتەوە زیاتر هەست دەكەیت باسی هەندێ لە بنەما جێگیرەكانی ئیسلام دەكات لە عەقیدەدا و جەخت لە سەر ئەوە دەكاتەوە كە موسوڵمان دەبێت لە هەموو شتێكدا بۆ بنەماو حوكمەكانی ئیسلام بگەرێتەوە وپابەندی شەریعەت بێت و ئەو پرسانەش لە ڕۆشنایی ئایەتەكانی قورئان و فەرموودەكان و بنەماكانی شەریعەتی ئیسلامدا دەخاتە ڕوو. 20- شایانی باسە كە ئیمزا كۆكردنەوە و داواكارییەكی بەرفراوان لە سەر ئاستی دەوڵەتە عەرەبی و وڵاتانی جیهانەوە - تەنانەت لەم كوردستانەی خۆیشمانەوە - درووست بوو بۆ ئەوەی جمال عبدالناصر لە سید قطب خۆش بێت و لەسێدارەی نەدا، هەر بۆیە ئەویش بۆ ئەوەی ناچاری ملدان نەبێت بۆ ئەو فشارانە زۆر پەلەی كرد لە جێبەجێكردنی حوكمەكە بۆ ئەوەی لەلایەن سەرۆك و كەسایەتییە گەورەكانی جیهانەوە تەكلیفی لێخۆشبوونی لە سەیید لێ نەكرێت. بەتایبەتی كە ئەو ڕازی نەبوو داوای لێبوردن بكات و سوور بوو لەسەر هەڵوێستەكانی خۆی، تەنانەت پێش لە سێدارەدانی بە ماوەیەكی كەم فؤاد علام داوای لێكرد كە ئەگەر داوای لێبوردنیش لە بیروبۆچوونە ئیسلامییەكانی ناكات، با تەنها (استرحام) ێک بنووسێت، واتە داوای بەزەیی بكات لەبەر باری تەندروستی و سەركردادیەتی سەرەوە ئامادەن لێی خۆش ببن، بەڵام ئەو وتی ئەو پەنجەی كە شایەتمانم پێ هێناوە وشەیەكی پێ نانووسم بۆ ستەمكارێكی وەكو عبدالناصر دڵی پێی خۆش بێت. هەروەها وتی: "لماذا أسترحم؟ إن كنت محكوما بحق فأنا أرتضي حكم الحق وإن كنت محكوما بباطل فأنا أكبر من أن أسترحم الباطل" واتە: بۆچی داوای بەزەیی بكەم؟ ئەگەر ئەم حوكمەی لەسەرم دراوە حەقە ئەوا من بە حوكمی حەق ڕازیم، ئەگەریش ناحەقە من لەوە گەورەترم داوای بەزەیی لە خاوەنی ئەو ناحەقییە بكەم. 21- سەبارەت بەوەش ئایا سید قطب ئیخوان بووە یان لە كۆمەڵەی ئیخوان دەرچووە، بێگومان ئەو بە هۆی دوو مەسەلەوە كە خاڵی جەوهەری جیاكەرەوەی سید بووە لە ئیخوان، دەتوانین بڵێین كە هیچ پەیوەندییەكی فەرمی بە ڕێكخستنەكانیانەوە نەما، چونكە ڕێكحستنێكی نوێی جیاواز و دژواری لەگەڵ ئیخواندا درووست كرد و لەسەری گیرا و لەسێدارەش درا. 22- بەڵام شایانی ئاماژە بۆ كردنە كە ئیخوان لە دوای ئەوەی لە ساڵی 1954 ەوە تووشیان بوو تا ئەو كاتەش سید قطب ئیعدام كرا لە 1966 كۆمەڵێكی قەدەغەكراو بوون و سەرانیان لە زینداندا بوون و ئەوانەش كە لە دەرەوە بوون لە ئەوپەڕی نهێنیدا كاریان دەكرد، بۆیە بوار نەبوو بە ڕوونی و بەزەقی ئەو تێگەیشتن و بیروبۆچوونانەی سید و ڕێكخستنەكەی دەربكەوێت، تەنانەت سید خۆی دەگیڕێتەوە كە لەو ساڵەی ئازاد كرا لە ماڵی خۆیان چاوی بە خوێندكارێكی عێراقی كەوت لە قاهیرە خوێندنی تەواو كردبوو و دەگەڕایەوە بۆ عێراق پێی خۆش بووە پێش ڕۆیشتنەوەی چاوی بە سەیید بكەوێت، ئەو خوێندكارە كە ئیخوان بووە و پێشتر چاوی بە نوێنەری ئیخوان لە میسر فرید عبدالخالق كەوتبوو، سەرسوڕمانی خۆی لەلای سەیید نیشان دابوو كە بۆچی گوتار و شێوازی قسەكردنی سەیید و فەرید جیاوازن و بەو گۆڕانكارییە گەورەی نەزانیبوو كە لە فیكری سەیددا درووست بوو. واتە هەر وا تیگەیشتبوو سید قطب یش وەكو هەر سەركردەیەكی تری ئیخوان بیر دەكاتەوە. 23- هەروەها لە پاش خوێندنەوەی زۆرێك لە وتەكانی سید قطب و ئەوەش كە دەربارەی نووسراوە، ئەوەم بۆ دەرنەكەوت كە ئەو لەگەڵ سەرانی ئیخواندا ڕووبەڕوو بووەتەوە، یان لەسەر بیروڕاكانی ناكۆكی كەوتبێتە نێوانیانەوە، تەنانەت حسن الهضیبي كە مورشید و شەخسی یەكەمی ئیخوان بووە، لەسەر چاپكردنی كتێبی (معالم في الطریق) ڕازی بووە و ڕەخنەی لە فیكری سەیید بە ئاشكرا نەگرتووە، ئیتر ئایا هۆكاری ئەوە هەستیاری بارودۆخ وكاتەكە بووە كە ئەوان لە قۆناغێكی زۆر هەستیار و پڕ لە مەترسیدا بوونە و ئەو كاتەش كە لە دەرەوەی زیندان بوونە هەمیشە كەسێك بەبەردەوامی چاودێری و جاسوسی بەسەرەوە كردوون، یان هۆكاری تری هەیە. تەنانەت ئیخوانەكانی میسر و ئوردن و وڵاتانی تر گلەیی ئەوەیان بووە كە ئەوان خۆیان بە شوێنكەوتووی ئیخوانی میسر دەزانن بەڵام ئەوان هیچ ڕێنمایی و ئاراستەیەكی ئەو بەشانەی سەر بەخۆیان ناكەن لەو وڵاتانەو پەیوەندییان لەگەڵیاندا نییە. 24- بەڵام بڵاوبوونەوەی فیكری سەیید، هەروەها جیاوازی لێكدانەوەش بۆ وتەكانی لەبارەی حاكمییەت و پرسەكانی تری عەقیدە بە گشتی لە دوای لە سێدارەدانی پەرەی سەند و چووە قۆناغێكی ترەوە و ڕەهەندی جۆراوجۆری لێ كەوتەوە، پەروەردگار خۆی عەلیمترە بەڵام لەوانەیە ئەگەر عبدالناصر بەو شێوە سوور نەبوایە لەسەر كوشتنی سید قطب و لێی خۆش بوایە، ئێستا سەیید نووسەرێك دەبوو وەكو هەزاران نووسەری تر كە دوای ماوەیەك ناویان كاڵ دەبێتەوە و نە خۆی وەكو كەسایەتییەكی میحوەری و نە كتێبەكانیشی لە پاش خۆی دەبوون بە قوتابخانەیەك. چونكە بكوژانی سەیید ئەویان وەكو جەستە كوشت و وەكو فیكر هێشتەوە. 25- خاڵێكی تر كە جێگای تێڕامانە ئەوەیە جیاوازی فیكری سەیید لەگەڵ ئیخوان و جیابوونەوەی لێیان لە خۆیدا نەوەستا و هەموو بنەماڵە بەهرەمەنەكەیانی گرتەوە و هەموویشیان لەسەر هەمان بنەمای عەقیدەو بیروباوەڕ لەگەڵ ئیخواندا جیا بوونەوە، وەكو محمد قطب كە لە ڕێگەی نووسین و كتێبەكانی ئەو ڕاستییە دەردەكەویت كە لە كاتێكی زووەوە پاش ئازاد كردنی میسری بەجی هێشت و لە مەككە ژیا تا لە ساڵی 2014 لەوێ وەفاتی كرد، هەروەها ئەمینەی خوشكی كە بەڕوونی ڕەخنەكانی لە ئیخوان لە شێوازی سۆزێكی خوشكایەتی خۆی بۆ سەییدی برای دەردەخات لە قەسیدەیەكی درێژدا لاسایی قەسیدە بەناو بانگەكەی سەییدی برای (أخي أنت حر وراء السدود) دەكاتەوە و دەڵێت براكەم ئیخوان لە دوای تۆ و دوای ئەو ئەشكەنجە و ناخۆشییانەی لە زیندان تووشیان بوو، ئێستا سەریان بۆ بكوژەكانیان شۆڕ كردووە و پردیان لە نێوان خۆیان و ئەواندا درووست كردووە و ئەوە بەكارێكی باش دەزانن و بەوەش كەشتییەكەیان لەناو دەریادا لار بووەتەوە و خەریكە نوقم دەبێت و دەڵێت من دوعایان بۆ دەكەم پەروەرگار كەشتی و كەشتیوانەكەیان لەو لادان و نوقم بوونە بپارێزیت .....هتد: أخي إنه لحديث يطول * وفيه الأسى وعميق الشـــــــــــــجون رأيت تبدل خط الحداة * بما نالهم من عـــــــــــــناء السنين فمالوا إلى هدنة المستكين * ومدوا الجسور مع المجرمين رأوا أن ذلك عين الصواب * ومادونه عقبات الطـــــــــــــريق بتلك المشورة مال السفين * تأرجح في سيره كالـــــــغريق 26- لەو چەند مانگەی كە لە ساڵی 1966 دا مابوو كە سەییدی تێدا لە سیدارە درا، تەفسیر (في ظلال القرآن) چاپێكی زۆری لێ كرا و دواتریش هەر بەو شێوە بەردەوام چاپ دەكرا، چونكە خەڵكی لە هەموو لایەك دەیانویست بزانن ئەوە چۆن تەفسیرێكە كە خاوەنەكەی لەسەری لە سێدارە دراوە، هەروەها لە دیاردەكانی گرنگیدان بەو تەفسیرە ئەوە بوو بۆ زۆر لە زمانەكانی دونیا وەرگێڕدرا، وەكو زمانەكانی ئینگلیزی و فەرەنسی و ئەڵمانی و ئۆردی و توركی و ئەندەنووسی و فارسی و بەنگالی. 27- پێم وایە خالی هاوبەش لە نێوان ابن تیمیة و سید قطب دا هەیە، لەوانە هەردووكیان ژیانیان بۆ كۆشش كردن لە پێناو عەقیدەو بیروباوەڕدا بەسەر برد و لەسەریشی كوژران، هەردوكیان نەیار و ناحەزیان زۆرە و ئەو نەیار و ناحەزانەش كتێبەكانی ئەوانیان نەخوێندوەتەوە بەڵكو داوایان لێكراوە دژایەتییان بكەن و بە زۆر هەڵەیان لێ بدۆزنەوە و تاوانباریان بكەن. خاڵێكی تری هاوبەشیش ئەوەیە هەردووكیان كتیبەكانیان لە دوای مردنیان بە شێوەیەكی زۆر بەرفراوان بڵاوبوویەوە و لایەنگرو قوتابی زۆریان بۆ پەیدا بوو. خاڵێكی تر ئەوەیە تەفسیری هەڵە و جیاواز لە مەبەست و بەرنامەیان بۆ هەندێ لە نووسینەكانیان كراوە و بەو شێوەش مەغدور بوون و بەزۆر هەندێ چەمك و ئاراستە لەسەریان حیساب كرا. هەردوو ئەم كەسایەتیە بەناوبانگەش هاوسەرگیرییان نەكرد چونكە زۆرێكیان لە تەمەنیان لە زیندان بەسەر برد و هەر لەوێیش كۆتاییی بە ژیانیان هات. 28- لە كۆتاییشدا پێویستە ئاماژە بەوە بكەین وەكو چۆن الطبري و النووي و ابن تیمیة و زۆر لە زانایانی تر هەلی هاوسەرگیرییان بۆ نەڕەخسا، بەهەمان شێوە سید قطب یش نەیتوانی و هەلی بۆ نەڕەخسا هاوسەرگیری و زەواج بكات، پێش ئەوەی گەشت بۆ ئەمریكا بكات بەنیازی خوازبێنی كچێك بوو بەڵام تا گەڕایەوە شووی كردبوو، دواتر كچێكی مارە بڕی و دوای ماوەیەك لەبەر هەندێ هۆكار لێی سارد بوویەوە و جیابوونەوە و بوو بە مایەی خەم و ئازار بۆی و لە دیوانەكەیدا قەسیدەی (الكأس المسموم) و (روایة الأشواك) ی لەسەر ئەو كچە نووسیوە. دواتر داوای كچێكی كرد و پێش ئەوەی ڕێك بكەوێت گیرا و بە پانزە ساڵ زیندانی حوكم درا، كە لە ساڵی 1965 یش ئازاد كرا ، تەمەنی گەیشتبووە پەنجا و نۆ ساڵ و لەو كاتەش هەر ویستی هاوسەرگیری بكات بەڵام ساڵێكی پێنەچوو بۆ كۆتا جاری دەستگیر كرا و حوكمی لە سێدارەدانی لەسەر جێبەجێ كرا. 29- من لێرەدا زياتر وەكو چاودێر و نووسەرێك كە مەبەستێتی ڕاستییەكان وەكو خۆی باس بكات مامەڵەم كردووە، واتە هەوڵم داوە بێ لایەن بم و نووسینەكەم بریتییە لە بەدواداچوون و خوێندنەوەیەكی زۆر لەسەر ئەم ناودارە، جگە لەوەی خۆم پێشتر زانیاری و پاشخانێكی باشم لەسەری هەبووە، مەبەستم ئەوە بووە لە ڕووە مێژووییەكەی باسی ئەم پرسە بكەم زیاتر نەك ڕەهەندەكانی بیروبۆچوونی سەید لە دوای خۆی باس بكەم چونكە ئەوە مەسەلەیەكی ترە، هەر بۆیە زۆر تیشكم نەخستووەتە سەر بۆچوون و تێگەیشتنی خۆم لەسەر ئەو كەسایەتییە ئەوەندەی كە ڕووداوەكانم گواستووەتەوە، دواجاریش ئەو مرۆڤ بووە و لە هەڵە و نەپێكان بەدەر و بەری نەبووە، هەڵەكانیشی هەندێكی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەو لە بنچینەدا ئەدیب و شاعیر بووە دواتر لە بواری زانستە شەرعییەكاندا وەكو عەقیدە و شەریعە و تەفسیر ڕۆچووە و قووڵ بووەتەوە، بۆیە لە كتێبەكانیدا بە تەفسیری (ظلاڵ) یشەوە پاشماوەی ئەو ڕابردووەی هەر بەسەرەوە دیارە و جا ئیتر ئەوەی كە هەڵەی كردبێت و ڕاستی لە ڕۆشنایی قورئان و سونەتدا نەپێكابێت لە ئەو ولە هەر زانا و موفەسیر و ناودارێكی تر وەریناگرین و رەتیدەكەینەوە، ئەوەشی حەق بێت لە رۆشنایی ئەو دوو سەرچاوەدا - كە زۆرە و دیارە لە نووسینەكانیدا - وەریدەگرین و پۆزشیش بۆ هەڵەكانی دەهێنینەوە چونكە وەكو شێخ بكر بن عبدالله أبو زید دەڵێت، بەڕوونی دیارە كە مەبەستی نەبووە و زیاتر كێشەی لە دەربڕیندا هەبووە تێیدا و لە ڕووی زاراوەی شەرعییەوە هەندێ جار سەركەوتوو نەبووە . 30- زۆریش گرنگە ئەوە بزانرێت كە هەندێ لە كتێبەكانی سەیید بەڕەحمەت بێت وەكو كتێبی (كتب وشخصیات) و (العداڵة الاجتماعی في الاسلام) كە نەیارەكانی باسی دەكەن و قسەكانی لەو كتێبانەی دەدەن بە چاویدا، چونكە تێیاندا رەخنەی لە چەند هاوەڵێك گرتووە وەكو معاویة و عمرو بن العاص رضي الله عنهما، ئەوە نووسین و قسەی ئەو كاتەیە كە بە ئیسلامەوە وابەستە نەبووە و هێشتا كاریگەری عباس محمود العقاد و طه حسین ی بەسەرەوە مابوو، دواتر لە كۆتا چاپی ئەو كتێبانەشدا هەموو ئەو قسانەی سڕیوەتەوە ولێیان پاشگەز بووەتەوە، ئەو كەسانەش كە ڕەخنە لە سەیید دەگرن ئەو حەقیقەتە دەزانن بەڵام خۆیانی لێ بی ئاگا دەكەن چونكە بە هەر نرخێك بووە مەبەستیانە سەیید ناشیرین بكەن و خەڵكی لە كتێبەكانی دوور بخەنەوە، تەنانەت لە كتێبی (معالم في الطریق) دا یەك بەشی تایبەتی لەسەر هاوەڵان نووسیوە بەناونیشانی:(جیل قرآني فرید)، بۆ هەركەسێكیش كە وردبێتەوە، ئاشكرایە كە سید قطب لە ژیانیدا بە سێ قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوە: قۆناغی یەكەم: قۆناغی پێش ئیلتیزام و دەستگرتن بە ئیسلام و شارەزابوون لە عەقیدە و بیروباوەڕە كە چەندین لە كتێبەكانی لەو سەردەمەدا نووسیوە بە تایبەتی ئەوانەی نەیارەكانی قسەی لەسەر دەكەن و سەییدی پێ تاوانبار و ناشیرین دەكەن. قۆناغی دووەم: سەرەتای درووست بوونی ئاراستەی ئیسلامی بوو لەلای سیدقطب و هێشتا كاریگەری عباس العقاد و طه حسین ی بەسەرەوە مابوو چونكە ئەو وەكو شاعیر و ڕەخنەگرێك بەوان كاریگەر بوو، ئەگەرچی لەم قۆناغەدا لە قۆناغی پێشووتر باش تر بوو بەڵام هێشتا مەسەلەی عەقیدە و حاكمیەتی الله تعالی نەبووە كێشەیەك لەلای هەموو ژیانی بۆ تەرخان بكات. قۆناغی سێیەم: قۆناغی خۆ یەكلاكردنەوەیەتی بۆ خزمەتی ئیسلام وقوڵبوونەوەیەتی لە عەقیدە و لە مێژووی هاوەڵان و لە تەفسیر و لە زانستە شەرعییەكاندا، كە ئەو هەڵانەی پێشتر كردبووی لایدا و چاكی كرد و ستایشی زۆری هاوەڵانی كرد لە كتێبەكانی (معالم) و (هذا الدین) و (في طلال القرآن)دا، هەروەها ئەو ڕەخنانەش كە پێشتر شێخ محمود شاكر لێی گرتبوو ئەوانەشی چاك كرد. دوا جاریش لەبەر ئەوەی سید حاڵی حاڵی هەر مرۆڤ و زانایایەكی تر لە ئیسلامدا هەر قابییلی هەڵەیە و مەعسوم نەبووە، بەڵام قسەمان لێرە لەسەر ئەو جەنگەیە كە لە دژی ڕاگەیاندراوە كە بێگومان كارێكی مەبەستدار و بەرنامە بۆ داڕێژراوە و لایەن و دەوڵەتی لە پشتەوەیە. بۆیە كاتێك شێخ ربیع بن هادي المدخلي و قوتابییەكانی هەڵسان بە بێژان و كۆكردنەوەی هەرچی هەڵەی سید قطب هەیە لە كتێبەكانی و لە كتێبێكدا كۆیانكردەوە، پێش چاپكردنی بۆ شێخ (بكر بن عبدالله أبو زید) ی ئەندامی دەستەی گەورە زانایانی سعودیةیان نارد بۆ ئەوەی پێشەكی بۆ بنووسێت وكتێبەكە بایەخ و ئیعتیباری زیاتر وەرگرێت، بەڵام ئەو لە دوای بەدواداچوونێكی زۆر وەكو خۆی دەڵێت و خویندنەوەی هەموو كتێبەكانی سید قطب، نەك هەر ڕازی نەبوو دەستخۆشی وپێشەكی بۆ ئەو كتێبە بنووسێت، بەڵكو داوای لە شێخ ربیع المدخلي و تەلەبەكانی كرد تەوبە بكەن لە ناشیرینكردنی كەسێك كە لە پێناو عەقیدەی تەوحید و حاكمییەتی پەروەردگاردا گیانی خۆی فیدا كردووە وخۆی بە قوربانی دینەكەی كردووە، ئەوەشی بۆیان ڕوون كردەوە كە هەندێ لەو ڕەخنانەی باسیان كردووە قسەی سەردەمی پێش ئیلتیزام و دەستگرتنێتی بە ئیسلامەوە و لەسەری حیساب نییە، هەندێكیشی تەنها كێشەی لە تەعبیر و دەربڕیندا بووە بەو پییەی ئەو شاعیر و ئەدیب بووە و زاراوەو تەعبیری ئەدەبی زاڵ بووە بەسەریدا، شێخ بەكر ئەوەشی وت كە ئەو هەڵانەی سید قطب كردوویەتی زۆر لەوانەی زانایەكی وەكو هەرەوی بچووكتر و ئاسانترە كە ابن القیم لە (زاد المعاد)دا كاتێك شەرحی كتێبی (منازل السائرین) ی هەرەوی دەكات پۆزشیان بۆ دەهینێتەوە. 31- بەڵام خاڵێكی نەرێنی كە مەبەستمە لێرەدا ئاماژەی پێ بكەم ئەوەیە، نووسینەكانی سەیید لە پاش وەفاتی، لێكدانەوەی جۆراوجۆری بۆ كراو هەندێ ئیش و كار لەسەر بنەمای نووسینەكانی دامەزرا و ئەنجامدرا كە مەرج نییە ئەوە بەرجەستە كردنێكی راست بێت بۆ بیرو باوەڕ و قەناعەتەكانی كە لەو كتێبانەدا نووسیوێتی، ئینجا لەبەر ئەوەی خۆیشی لە ژیاندا نەماوە تا بڕیاربدا چ كەسانێك نزیكترن لە بانگەوازەكەی یان زیاتر بەرجەستەی فیكری ئەویان كردووە، بۆیە جەختكردنەوەكانی لەسەر بایەخی حاكمییەت و گرنگیدانی بە جێبەجێكردنی شەریعەت و پەروەردە كردنی موسوڵمانان لەسەر بنەمای تەوحید و بیروباوەڕ هەروا لە ئاستێكی بەرزدا دەمێننەوە كە شاییستەی ئەوەن موسوڵمانان سوودی لێ وەربگرن و وەكو قوتابخانەیەك بانگەوازی لێوە فێر ببن، بێ ئەوەی هیچ جەماعەت وحیزب و دەستەیەك هەر ئاراستەیەكیان هەبێت بتوانن مافی خاوەندارێتی سەیید و فیكرەكانی بۆ خۆیان قۆرخ بكەن، چونكە سەیید كاتێك لە سێدارەدرا پەیوەندی وەكو ڕیكخستن بە كەمتر لە سەد كەسەوە بوو و هەموویشیان گیران و زۆربەیان كوژران، سەبارەت بە بەرگری كردنیشیان لە خۆیان و لە بزوتنەوەی ئیسلامی لەو سەردەمەدا هەر لە چوارچێوەیەكی نەزەریدا مایەوە و بە چاوی خۆی هیچ بەروبوومێكی ئەو بانگەواز و قەناعەتانەی خۆی نەبینی. ( ئەم باسە مێژووییانە درێژەیان دەبێت إن شاء الله). إحسان برهان الدین 18 رجب 1443 2022-2-19  
ئیخوان لە سەردەمی (حسن الهُضیبي) دا
  #وانەكانی_مێژوو: 11 ئیخوان لە سەردەمی (حسن الهُضیبي) دا لەپاش داخستنی ناوەندی گشتی و هەموو بەش و بارەگاكانی ئیخوان لە میسر لە ساڵی 1948 و دەستگیركردنی هەزاران لە ئەندامانی ئەو كۆمەڵە و كوژرانی شێخ حسن البنا بەڕەحمەت بێت، ئەوانەی كە دەستگیر نەكرابوون لە ئەندامانی ئیخوان سەرگەردان و پەرتەوازە بوون و هیچ سەركردایەتییەك بوونی نەما كە لەو بارودۆخەدا ڕێنماییان بكات و لەگەڵیاندا پەیوەندی هەبێت، هاوكات - وەكو فرید عبدالخالق ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ئیخوان دەڵێت - قەناعەتێك لەلای زۆرێك لە ئیخوانەكان گەڵاڵە بوو كە كۆمەڵەكەیان بوو بە قوربانی كردەوەكانی دەزگای ڕێكخستنی تایبەت (التنظیم الخاص). دوای ئەوەی لە 12-2-1949 شێخ حسن البنا كوژرا، ئیخوان بەبێ ڕابەری گشتی مانەوە تاكو ئەو كاتەی حسن الهضیبي لە 17-10-1951 وەكو ڕابەری گشتی الإخوان المسلمون دەست بەكاربوو. لەم كاتانەدا كودەتایەك كە دواتر بە (شۆرشی 23ی یولیۆ)ناسرا لە 23-7-1952 دژ بە حوكمی مەلەكی لەلایەن ئەفسەرە ئازادەكان (الضباط الأحرار) ئەنجامدرا، كە بریتی بوون لەكۆمەڵێك ئەفسەری سەربازی لە سوپای میسری و ئیخوانیشیان تێدا بوو، ئەوانەش كە ئیخوان نەبوون لەو ئەفسەرانە لایەنگری ئەوان بوون وەكو محمد نجیب و تەنانەت بە ڕواڵەت جمال عبدالناصریش لەگەڵیان بوو و هەندێك پێیان وایە ئەندامی ئەوانیش بووە، كە سوودی لە جەماوەر و سەركردەكانی ئیخوان بینی بۆ دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتدا. ئیخوان خاوەنی ڕۆڵ و بەشداری سەرەكی بوون لەو كۆدەتایەی 23ی تەمموزدا و وەكو لیوا صلاح شادي لە كتێبی (حصاد العمر)دا دەڵێت ئەركی مسۆگەركردنی لایەنی جەماوەر و هەروەها پاراستنی دامودەزگاكان خرابووە ئەستۆی ئیخوان و لایەنی سەربازی كودەتاكەش لەسەر ئەفسەرەكان بوو، بەڵام پێشمەرجی ئیخوان ئەوەبوو كە بنەماكانی ئیسلام بكرێتە بنچینەی حوكمڕانی لە میسر و هەر ئیسلامیش لە میسردا سەرەچاوەی چارەسەری كێشە سیاسی و كۆمەڵایەتی وئابورییەكان بن. كاتێكیش سعاتی سفر بۆ دەستپێكردنی كودەتاكە نزیك بوویەوە، ئیخوانەكان بە ئەفسەرەكانیان وت دەبێت 48 سعات چاوەڕوان بن تاكو ڕای كۆتایی ڕابەری گشتی ئیخوان حسن الهضیبي لە ئیسكەندەرییە وەردەگرین و ئەویش بەو مەرجانەی سەرەوە ڕازی بوو و زۆریش جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئایا ئەفسەرەكان دواتر بۆ ئەو بەلێنانەی بە ئیخوانیان داوە بە ئەمەك دەبن! لە بەرانبەردا ئەوانیش بە جمال عبدالناصر یشەوە - وەكو گەورە سەركردەی ئیخوان لیوا صلاح شادي دەڵێت - بەڵێنی ئەوەیان پێیاندا، بەڵام عبدالناصر پێی وابوو ئەوە بەیەكجار نابێت وباش نییە لەسەرەتاوە ئاراستەی ئیسلامییان پێوە دیار بێت و پێویستە لەسەرەتاوە ئەو بانگەشەیە نەكرێت تاكو قۆناغ بە قۆناغ ئەو ئامانجانە جێبەجێ دەكەن. لە سەرەتای سەركەوتنی شۆڕشەكەدا و دەركردنی مەلیك فاروق لە میسر بۆ ئیتاڵیا، ئیخوانەكان وەكو بەشێك لەو سەركەوتنە دەركەوتن، ئەگەرچی لە ڕۆژانی سەرەتای كودەتاكەدا بەفەرمی بەیاننامەیان نەبوو بۆ پشتگیری سەرانی شۆڕشەكە چونكە پێشتر لەسەر ئەوە ڕێكەوتبوون كە لەبەر ئەوەی ڕۆژ ئاوا بەهانەی دەستێوەردان و دژایەتی شۆڕشەكەی نەبێت پێویستە ئیخوان لە شانۆی ڕووداوەكاندا دەرنەكەون. لەدوای شۆڕشەكەی 23ی یولیۆ بەچەند مانگێك كەسایەتییەكی ناوداری میسر كە دەوری دوو ساڵ بوو لە ڕێگەی نێردەیەوە لە ئەمریكا بوو گەرایەوە میسر، ئەویش نووسەر و بیرمەندی میسری بەناوبانگ سید قطب بوو بەرەحمەت بێت كە پەیوەندی شەخسی لەگەڵ سەرانی شۆڕشەكەدا هەبوو بەتایبەت لەگەڵ جمال عبدالناصر دا، تەنانەت كتێبی (العدالة الاجتماعیة)ی لەوی نووسیبوو و لە كاتی گەرانەوەیدا عبدالناصر دابەشی كرد بەسەر ئەفسەرەكاندا بۆ ئەوەی بیخوێننەوە، سید قطب شاعیر وكەسایەتییەكی ئەدەبی و رەخنەگرێكی ئەدەبی بەناوبانگ بوو، بەوەش نەناسرابوو كە پەیوەندی بە ئیخوان یان هیچ لایەنێكی ئیسلامییەوە هەبێت، بەڵكو ئەو بە شێوەیەكی گشتی سەرقاڵی دونیای ئەدەب و شیعر و فیكر بوو، بەڵام خۆی دەگێڕێتەوە كە ئەو كاتەی حسن البنا دەكوژرێت ئەو لە ئەمریكا دەبێت و دیاردەی خۆشحاڵی بەو بۆنەوە بەسەر خەڵكی ئەمریكاوە دەبینێت و نیشانەی پرسیاری لەلا درووست دەبێت ئەم حسن البنا كێیە كە ئەمریكا بە مردنی بەو شێوە خۆشحاڵی دەردەبڕێت! بۆیە كە گەڕایەوە بەداوداچوونی بۆ پرسەكە كرد و بە كورتی دەرەنجام بەوە گەیشت كە پەیوەندی بە ئیخوانەوە بكات. وەكو هاوهەڵوێستی ڕواڵەتی وڕێزگرتن لە ڕۆڵی ئیخوان لەو كردە سەربازییە گەورەیەدا، سەرانی شۆڕش لە ساڵی 1954 هەڵسان بەدادگایی كردنی بكوژەكانی شێخ حسن البنا و محمد نجیب ی سەرۆك كۆماری میسر بە خۆی سەردانی گۆڕی بەننای كرد و ستایشی ئەوی كرد، بەڵام ئەم دۆخە زۆری نەخایاند وبەتەواوی ئاوەژوو بوویەوە و عبدالناصر كە سەركردەی ڕاستەقینەی كودەتاكە بوو توانی محمد نجیب ناچاری دەست لە كاركێشانەوە بكات و خۆی ببێتە سەرۆك كۆمار و هەر لەو ساڵەشدا لە 1954 كە دوای سەركەوتنی كودەتاكە بە هاوكاری كارای ئیخوان ئیتر هیچ ئیشێكی پێیان نەما، بۆیە بڕیاریدا چیتر درێژە بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیخواندا نەدات و بە زووترین كات بەهانەیەك بدۆزێتەوە و لەناویان ببات وەكو چۆن كاتی خۆی محمد علي مەمالیكەكانی لەناو برد، بۆ ئەم مەبەستەش سیناریۆی (منشیة البكري) بۆیان درووست كرد، كە گوایە كۆمەڵێك چەكداری ئیخوان ویستوویانە عبدالناصر بكوژن لەو كاتەی لە گۆڕەپانی المنشیة لە ئیسكەندریەدا خەریكی وتاردان بووە بۆ خەڵكی، ئەمەش - وەكو محمد نجیب لە كتێبی (كنت رئیسا لمصر)دا دەڵێت - هەلێك بوو بۆ عبدالناصر تاكە هێزی مەترسیدار كە ئیخوان بوون لە ڕێگەی خۆیدا لا بدات و پاكتاویان بكات، بەو هۆیەوە سەرەتا كۆمەڵێك دەستگیر كران و حوكمی لە سێدارەدان بۆ شەشیان دەرچوو و حوكمی مؤبد یش بۆ هەزار كەسی تر لەگەڵ كاری قورسدا دەركرا ، جگە لەوەی تەقەكانی گۆڕەپانی المنشیة سەرەڕای ئەوەی كە كەسی تێدا نەكوژرا و عبدالناصر سەلامەت بوو، بەڵام ئەوە بریتی بوو لە وشەی نهێنی دەست پێكردنی ڕەشبگیرییەكی ڕەها لە ناو ئیخوانەكاندا كە لەو ڕووداوەدا وەكو سەرۆك كۆماری میسر لە كتیبەكەیدا دەڵێت نۆزدە هەزار لە ئیخوانەكان خرانە زیندانەوەو كارەساتێكی گەورەی تازە لە چاوەڕوانی كۆمەڵەكە و ماڵ و منداڵ و ژنەكانیاندا بوو. حسن الهضیبي وەكو أحمد عادل كمال لە كتێبی (النقط فوق الحروف)دا دەڵێت، كە ڕابەرایەتی گشتی ئیخوانی وەرگرت كەسێكی ئاشنا نەبوو بۆ ئیخوانەكان و هەموانیش پێی ڕازی نەبوون و جۆرێك لە دوو دڵی لە هەڵبژاردنیدا لەلای ئیخوانەكان هەبوو، تا ئێستەش كەسانێك لە ئەندام و لایەنگر و سەركردەكانیان ئەو هەنگاوە بە هەنگاوێكی هەلە دەزانن، چونكە الهضیبي پیاوی یاسا و دادگا و فەرمانگەی حكومی بوو زۆر لە كاروباری حیزبی و بەتایبەت كۆمەڵێكی پڕ لە كێشەی جۆراوجۆری وەكو ئیخوان دوور بوو، تەنانەت شێخ محمد الغزالي بە توندی رەخنەی ل دەگرت، چونكە لە پڕێكدا لە دوای كوژرانی بەننا سەری هەڵدا بۆیە هەموان لەسەری یەك دەنگ نەبوون، خۆیشی بە سروشتی وەكو دادوەرێك كەسێكی بێ دەنگ و كەمدوو بوو، وەكو حسن البنا توانای قسەكردن و قەناعەت پێكردنی بەرانبەر و وتاردانی نەبوو، بگرە وەكو وتمان خودی حسن البنا ش هەندێ جار دەزگای تایبەتی پێ كۆنترۆڵ نەدەكرا. حسن الهضیبي لە دوای كەمتر لە سێ ساڵ لە جێگرتنەوەی بۆ حسن البنا، خۆی و هەموو خیزانەكەی و زۆربەی زۆری سەركردەو ئەندامانی كۆمەڵەكەی ڕاپێچی زیندانەكانی الحربي و لیمان طرة و زیندانەكانی تر ی میسر كران، بەڵكو لەبەر زۆری ژمارەی دەستگیركراوەكان سەربازگە و تەلبەن و جێگای تایبەتیان لە شوێنە دوورەكان بۆ درووست دەكرن. سید قطب دوای ئەوەی كە بۆ جمال عبدالناصر دەركەوت لە دوای گەڕانەوەی لە ئەمریكا پەیوەندی بە ئیخوانەوە كردووە، لێی هەڵگەڕایەوە و ئەویشی ڕاپێچی زیندان كرد چونكە هەر لەو ماوە چەند بەرپرسیارێتییەكی بۆ پێشنیار كردبوو لە نێویاندا - وەكو عبدالله النفیسي دەڵێت - ئەوە بوو ببێتە وەزیری پەروەردە، بەڵام سید قطب بەڕەحمەت كەسێكی دووربین بوو و خۆی دەناسی چ ڕێبازیكی هەڵبژاردووە و حەقیقەتی عبدالناصر یشی دەزانی بۆیە ئامادە نەبوو هیچ بەرپرسیارێتییەك لە ڕێگەی ئەو وەربگرێت. ئەگەر لەم زنجیرەیەدا هەلمان بۆ ڕەخسا بە شیكراوەیی و تیشك خستنەسەری زیاترەوە لەسەر سەیید قسە دەكەین و بە پوختی فیكر و جیاوازی ئەو لەگەڵ ئیخواندا دەخەینەڕوو، هەروەها بۆچی لەسەرەتا پەیوەندی پێیانەوە كرد و دواتر لەبەرنامەی كاركردنی ئیخوان لایدا و ئەوانی بەجێهێشت. سەبارەت بە حسن الهضیبي، سەرەتای كارەكەی بە زیندانی دەست پێكرد و بۆ ماوەیەكی كەم ئازاد كرا و دووبارە دەستگیر كرا و حوكمی لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو بەڵام بە هۆی تەمەن و نەخۆشییەوە بۆ هەتاهەتایی داگیرا و ساڵانێكی دوورودرێژ بەڵكو ئەو تەمەنەی كە مایبوو لە زینداندا بەسەری برد تا لە ساڵی 1973 لە تەمەنی هەشتا و یەك ساڵیدا وەفاتی كرد،. بەڵام لە قۆناغی پەنجاكان و شەستەكاندا كە حسن الهضیبي مورشیدی ئیخوان بوو، كۆمەڵێك ڕووداوی تر لە كاروانی ئەم كۆمەڵەدا ڕوویانداوە، هەوڵ دەدەین لە بەشەكانی داهاتوودا ئەم زنجیرەیەدا بە پوختی ئاماژەیان پێ بكەین، بەرلەوەی بچینە سەر شیكردنەوەی فیكر و دیدی دینی و سیاسی ئەو جەماعەتە لەلایەكەوە لە ڕوانگەی سەركردە و لایەنگرانی خۆیانەوە، لەلایەكی تریشەوە لە ڕوانگەی ئەوانەی بەرپەرچی ئەو بنەمایانەی ئیخوان دەدەنەوە و ڕەخنەی توندیان ئاراستە دەكەن هەم لە ڕووی عەقیدەو بیروباوەڕ و هەم لە ڕووی سیاسەت و شێوازی كاركردنیان وەكو بزوتنەوەیەكی سیاسی. إحسان برهان الدین 15 رجب 1443 2022-2-16    
یەكەم وەرچەرخانی گەورە لە مێژووی ئیخواندا
  #وانەكانی_مێژوو: 10 یەكەم وەرچەرخانی گەورە لە مێژووی ئیخواندا هەر لە سەرەتای درووستبوونی كۆمەڵەی (الإخوان المسلمون) لە شاری الإسماعیلیةدا، شێخ حسن البنا وەكو جۆرێك لە بەرجەستە كردن بۆ بنەمای جیهاد لە ئیسلامدا، بەردی بناغەی تیمێكی گەڕۆكی دامەزراند بە ناوی (الجوالة) بەمەبەستی گەشت كردن و چالاكی وەرزشی، دواتریش چەندین تیمی دیكەی هاوشێوەی لە بەشەكانی تری ئیخوان لە قاهیرە و لە شارەكانی تردا درووستكرد، تاكو ژمارەیان لە كۆتایی چلەكاندا گەیشتە حەفتا و پێنج هەزار ئەندام. حسن البنا چەندین ئامانجی دوور و نزیكی لە درووستكردنی ئەو تیمانەدا هەبوو، وەكو ئامانجی پەروەردەیی و ئامادەكردنیان بۆ كاری ستراتیجی و گەورە لە داهاتووی كۆمەلەكەیاندا، مەرجی پەیوەندی كردن بەو تیمانەوە بریتی بوو لەوەی كەسەكە ئەندامی ئیخوان بێت و تەمەنی لە حەڤدە ساڵ كەمتر نەبێت و وابەستە بێت بە هەموو ڕێنماییەكانی ئەو ڕێكخراوە لە وەرگرتنی وانەوەكان و مەشقی سەربازی ، بەردەوامیش خێوەتگە و جێگای مەشق كردنیان هەبوو بۆ پێگەیاندنی ئەندامەكانیان. بەكورتی (جوالة) سوپایەكی ئامادەكراوی گەنجی یەدەكی ئیخوان بوون، ئەگەرچی هەوڵیان دەدا وەكو هێزێكی نیشتیمانی دەربكەون، بۆ نموونە هەندێ جار بە دەنگی بەرز دروشمی بژی پادشا و پشتگیرییان بۆ حكومەت وپادشاكانی میسر لێ دەبیسترا، بەڵام دواجار بە مەترسی دادەنران و بوونە بەهانە و بیانوویەكی باشیش بۆ لێدانی ئەو كۆمەڵە. گرنگی ئەم ڕێكخراوە ئەوە بوو كە قەبارە و توانا و فراوانبوونی كۆمەڵەی ئیخوانی دەردەخست و گوزارشی لە كاریگەری ئەوان زۆریی ژمارەی ئەندام و لایەنگرانیان دەكرد، بەتایبەتی كە ئەوان بە جلی تایبەتەوە ماوەی جارێك خۆنمایشكردنێكی نیمچە سەربازی گەورەی بەرچاویان هەبوو و دواجاریش ئەو كۆمەڵەی بە جۆرێك لە سام و شكۆدا وێنادەكرد كە هەموان لە ناوخۆ و لە دەرەوە بە بێ جیاوازی حیسابیان بۆیان دەكرد، لەوانەش گرنگتر - كە ئەمەیان بوو بە خاڵێكی وەرچەرخانی گەورە لە مێژووی ئیخواندا - ئەوە بوو، ئەندامە تایبەت و جیاواز و بەتواناكانیان لە نێویاندا هەڵدەبژارد بۆ درووستكردنی دەزگایەكی هەواڵگری سەربازی نهێنی تر كە دواتر ناوی لێنرا ڕێكخراوی تایبەت (التنظیم الخاص) بە مەبەستی بەرگری كردن لە فەلەستین كە ئەمەیان پەیوەندی بە هەندێ وتووێژ و ڕاوێژكردنی نێوان حسن البنا و شێخ أمین الحسیني بوو، هەروەها مەبەستێكی سەرەكی تر ئەویش بەرگریكردن بوو لەبەرژەوەندییەكانی ئیخوان و لێدانی نەیارەكانیان بە شێوەیەكی نهێنی لە كاتی پیێویستدا. بە كورتی ئەم دەزگایە كە عبدالرحمن السندي تا كوژرانی حسن البنا بەرپرسی بوو هەڵسان بە كۆمەڵێك چالاكی وكردەی ئەمنی و سەربازی كە دواتر بوونە مایەی دیاری كردنی چارەنووسی كۆمەڵەكەیان، لەوانە: 1 - لەدوای تەواوبوونی جەنگی جیهانی دووەمەوە ئیخوان بە گڕوتینێكی زۆرەوە چوونە ناو بازنەی كاری سیاسەتەوە، لەو دەمەدا أحمد ماهر سەرۆك وەزیرانی میسر بوو و لەسەر دەستی گەنجێك بەناوی محمود العیسوي كوژرا، ئەگەرچی ئەو گەنجە دانی بەوەدانا كە ئەو سەر بە (الحزب الوطني) بوو، بەڵام لە كتێبی (من قتل حسن البنا ص87) دا هاتووە كە سید سابق ی سەركردەی دیاری ئیخوان بە خالد محمد خالد ی وتووە عیسوي سەر بە ڕێكخراوی تایبەتی ئیخوان بووە، دواتریش لە ڕووداوێك كە بە (حادثة الجیب) دەناسرێت بەڵگەنامەیەكی زۆری ئەو دەزگایە دەستی حكومەتی میسری كەوت و بەڵگەی زیاتریش بەدەست كەوت كە عیسەوی سەر بە ئەوان بووە و ئەو ڕوداوە نهێنییەكانی ڕیكخستنی تایبەتی هەمووی ئاشكرا كرد، 2- لە ساڵی 1947 كۆمەڵێك لە ئەندامانی ئیخوان بە هەندێ تۆمەتی پەیوەندیدار بە كارو چالاكیی ئیسلامییەوە لە سەر دەستی دادوەرێكی گەورەی میسر بە ناوی (أحمد الخازندار) حوكمی زیندانی هەتاهەتاییان بۆ دەرچوو، ئەمەش بوو بە مایەی بێزاری نیگەرانی و هەست بە مەغدووری كردنێكی زۆر لە لایەن كۆمەڵەی ئیخوانەوە و لە دانیشتنێكی تایبەتیشدا لە دوای ئەو ڕوداوە، (عبدالرحمن السندي) بەرپرسی دەزگای تایبەتی ئیخوان گوێی لە حسن البنا بوو دەیوت: "ربنا يريحنا من الخازندار وأمثاله" واتە: خوا لە خازندار و هاوشێوەكانی ڕزگارمان بكات. جا هەندێ لە ئەندامانی دەزگاكەش ئەو قسەی بەننا بە ڕێگەپێدان یان هەڵكردنی ڕۆشنایی سەوز بۆ كوشتنی خازندار تیگەیشتن و لە 22ی ئاداری ساڵی 1948 هەڵسان بە كوشتنی ئەو دادوەرە و لەو كاتەشدا حسن البنا لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندنەوە ئیدانەی ئەو كارەیانی كرد و بەرائەتی خۆی لە ئەنجامدەرانی كوشتنەكە دەربڕی و وتی چۆن ئەبێت هەر دادوەرێك لە حوكمێكیدا هەڵەیەك بكات و بكوژرێت! بەڵام سەرەڕای حاشا كردنی ڕابەری گشتی لەو كارە و هەموو كاروچالاكییە هاوشێوەكانی تر و دەربڕینی ناڕەزایەتی لەلای مەلیك و حكومەتی میسری بەڵام پزش و بێبەری بوونی بەننا هیچ سوودێكی نەبوو. 3- شایانی باسە حسن البنا بەرپرسیارێتی دەزگای تایبەتی لە پاش عبدالحلیم محمود كە بۆ ماوەیەكی كەم بەرپرسی بوو، بە گەنجێكی ئیخوانی سپارد بەناوی عبدالرحمن السندي كە سەرەڕای ئەوەی نەخۆشی دڵی بوو، بەڵام لە كاروباری سەربازی و ئەمنی و هەواڵگریدا كەسێكی زۆر حەماسی و توندوتۆڵ بوو. بە ئەندام بوون لە ڕێكخستنی تایبەتدا وەكو بەئەندام نەبوو لە كۆمەڵەی ئیخواندا، چونكە ئەو دەزگایە تەنها كەسانی زۆر تایبەت و ئازا و دڵسۆزی بۆ ئیخوان وەردەگرت و بە ئەندام بوون كۆمەڵێك مەرجی هەبوو كە لە سەروویانەوە ئەوە بوو تەواو جێگای متمانە بێت و نهێنی پارێز بێت، ئینجا دەبوو عەهد و پەیمانی لێ بگیرێت، شێوەكەشی وەكو لە زۆربەی ئەو كتێبانەدا باسی ئەو دەزگایە دەكەن هاتووە ئەوە بوو، ئەندامەكە لە ژوورێكی تاریكدا بە ئامادەبوونی عبدالرحمن السندي دەستی بخاتە سەر موسحەفێك كە دەمانچەیەكی لە نزیك دانراوە وسویند بخوات لەسەر ئەوەی كە پێی دەوترێت. سەرەڕای ئەوەش كە عبدالرحمن السندي هەندێ جار لەقسەو فەرمانی ڕابەری گشتی دەردەچوو بەڵام تاكو ساتی وەفاتی بەننا ئەو هەر لەسەر كارەكەی مایەوە و دواتر ئاراستەی بەتەواوی گۆڕا و لە ئیخوان دووركەوتەوە و لە جمال عبدالناصر نزیك بوویەوە، بۆ وردەكاری زیاتر دەربارەی دەزگاكە و سەرۆكەكەی دەتوانیت كتێبی سەركردەكانی ئیخوان تایبەت بەو باسە بخوێنیتەوە وەكو. " النقط فوق الحروف " أحمد عادل كمال، "حقيقة النظام الخاص ودوره في دعوة الإخوان المسلمين" محمود الصباغ. 3- لە پاش ئاشكرابوونی چەندین كردەوەی سەربازی و كوشتن لە دژی ئینگلیزەكان و كوشتنی خازندار و سەرەك وەزیرانیش، لە 8-9-1948 ، محمود فهمي النقراشي كە سەرۆك وەزیرانی میسر بوو بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئیخوانی ئیمزا كرد و هەموو جۆرە كۆڕو كۆبوونەوەیەكیان لێ قەدەغەكرا و دەست بەسەر مولك و بارەگاو دام و دەزگانیاندا گیرا، بەمەش ئەوان ڕووبەڕووی یەكەم سەختترین كێشەی گەورە بوونەوە و حسن البنا لەم كاتەدا هەموو جۆرە ڕێگەیەكی گرتەبەر بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە بەڵام هیچی پێ نەكرا چونكە وەكو دەڵێن كار لە كار ترازا بوو، زۆرێك لە ئەندام و سەركردەكانی ئیخوان دەستگیر كران، بەڵام حسن البنا نەگیرا و بە ئازادی دەسوڕایەوە، بۆیە گومانی نەما كە ئەوە بێ هۆ نییە و هەنگاوی داهاتوویان كوشتنی خۆی دەبێت. 4- لەم سەروبەندەدا - وەكو سەركردەی دیاری ئیخوان یوسف القرضاوي دەڵێت - بارودۆخی میسر بە گشتی و ئیخوان بە تایبەتی وەكو ئەوە بوو تەزووی كارەباری بەركەوتبێت، چونكە شەقامی میسری دەكوڵا و رووداوەكان زۆر پڕ لە مەترسی بوون. لە ڕاستیدا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵەی ئیخوان لە پێش مەلیك فاروق و نەقراشی پاشا، خواستی سەفارەتی دەوڵەتە ڕۆژئاواییەكان بوو كە لە 9 /7 / 1948 داواكارییەكیان پێشكەشی سەفارەتی بریطانیا لە قاهیرە كرد و وتیان ژیان و كاروبارمان لە مەترسیدایە و هۆكاریش كۆمەلەی الإخوان المسلمون و داوایان كرد ئەو كێشەیان بۆ چارەسەر بكرێت. بەڵگەنامەكانیش تاكو ئێستا لەوبارەوە ماون بەڵام ئێرە جێگەی خستنەڕوویان نییە. 5- لە 28-9-1948 پاش ئەوەی نەقراشی سەرۆك وەزیرانی میسر كۆمەڵەی ئیخوانی هەڵوەشاندەوە و چالاكییانی بە هەموو شێوەیەك قەدەغەكرد، گەنجێكی سەر بە ڕێكخستنی تایبەتی ئیخوان، بە جلوبەرگی سەربازییەوە كە خۆی وەكو ئەفسەر نیشاندا، توانی بگاتە محمود فهمي النقراشي و بە سێ فیشەك لە دەمانچەكەیەوە بیكوژێت، عبد المجيد أحمد حسن كە ئەندامی ئەو دەزگایەی ئیخوان بوو، دەستگیر كرا و دانی بەوەدانا كە ئەوی لە تۆڵەی هەڵوەشاندنەوەی ئیخواندا كوشتووە، بەمەش هەستیاری و مەترسی بارودۆخەكە گەیشتە چڵەپۆپەی. مەلیك فاروق لە دوای كوژرانی النقراشي داوای لە إبراهیم عبدالهادي كرد وەكو سەرۆك وەزیرانی جێگرەوەی ئەو دەست بەكاربێت و وەزارەتەكەی پێكبهێنێت. 6- حسن البنا دوای ئەو ڕووداوە، بەیاننامەیەكی دەركرد بەناونیشانی: (لیسوا إخوانا ولیسوا مسلمین) واتە نە لە برایانن و نە موسوڵمانیشن، گەنجە بكوژەكە بە لەسێدارەدان حوكم درا و هاوكارەكانیشی بە زیندانی هەتاهەتایی. ساڵانێكیش دوای ئەو ڕووداوە هەندێك لە سەركردەكانی ئیخوان وەكو محمود الصباغ لە كتێبی (حقیقة التنظیم الخاص) كوشتنی النقراشي یان بە كردەوەیەكی گیانبەخشكردن بووە لە پیناو خوا. چونكە نەقراشی جگە لە هەڵوەشاندنەوەی ئیخوان فەلەستینیشی ڕادەستی جولەكە كرد و داوای لە نەتەوە یەكگرتووەكان كرد كە سەرپەرشتی ئاگربەستێكی هەمیشەیی لە نێوان میسر و جولەكەدا بكەن، هاوكات نەقراشی ئەوەشی ڕاگەیاند كە میسر دوژمنێكی ناوخۆیی لە جولەكە مەترسیدارتری بۆ دەركەوتووە كە ئەویش ئیخوانە و حكومەتەكەی بەڵگەنامەی زۆری لە ناو ئەو سەیارە جێبەدا دەستكەوتووە سەبارەت بە ڕێكخستنی تایبەتی ئیخوان لەو كێشەی كە دواتر بە (حادثة سیارة الجیب ) ناوبانگی دەركرد. 7- ئێوارەی ڕۆژی 12 ی شوباتی ساڵی 1949 حسن البنا پاش سەردانێكی بۆ كۆمەڵەی لاوانی موسوڵمان (جمعیة الشبان المسلمین) كە پێشتر لە ئیخوان جیابووبوونەوە و لە قاهیرە بارەگایان لە شەقامی الملكة النازلة بوو، حسن البنا لە بارەگاكەیانەوە دابەزی و لەگەڵ زاواكەیدا سواری ئەو سەیارە بوون كە چاوەڕێیانی دەكرد، لەو كاتەدا كەسێكی دەمانچە بەدەست هات و حسن البنا ی دایەبەر دەستڕێژی گوللە، بەڵام وادیار نەبوو برینەكانی كە ژێر باڵی دابوو زۆر سەخت بن، چونكە بە خۆی هەوڵیدا بكەوێتە شوێن ئەو سەیارەی كە بكوژەكە سواری بوو و توانی ژمارەكەشی بنووسێت، دوای ئەوە خۆی هەوڵیدا پەیوەندی بە ئوتومبێلی فریاكەوتنەوە بكاتتەلەفون بۆ نەخۆشخانەش بكات بەڵام بورایەوە و نەیتوانی ژمارەكان لێبدات، كەسێكی تر پەیوەندی كرد و گەیەنرایە نەخۆشخانەی (القصر العیني) وبەڵام بەردەوام حسن البنا خوێن لە برینەكەی دەڕۆیشت، لەوێیش بۆ ماوەیەكی زۆر بەفەرمانی سەرەوە هیچ كەسێك نەچوو بەلایەوە بۆ چارەسەركردنی و ئەویش بەردەوام خوێنی لێ دەڕۆیشت و دوای چوار سعات و نیو بەو حاڵەوە ئیتر گیانی سپارد و وەفاتی كرد. 8- لە سعات یەك ونیوی شەو باوكی حسن البنا كە پیاوێكی بەتەمەن بوو، لە مردنی حەسەنی كوڕی ئاگادار كرایەوە، پێیشی وترا كە تەرمەكەی بەمەرجێك ڕادەستیان دەكەنەوە بە ئەو پەڕی بێ دەنگییەوە بەخاك بسپێردرێت و هیچ ڕێورەسمێكی بۆ ئەنجام نەدرێت، هەروایش بوو، تەرمی حسن البنا لەسەر داواكاری و تكای باوكی سەرەتا هێنرایە ماڵەوە، بەڵام هیچ كەس بۆی نەبوو نزیكی تەرمەكە بكەوێتەوە، جگە لە باوكی كە هەڵسا بە شۆردن و كفنكردنی و هەروەها ئەو ئافرەتانەی ماڵی خۆیان كە تابوتەكەیان بەرەو گۆڕستان هەڵگرت چونكە ڕێگە بە هیچ پیاوێك نەدرا تەرمەكە هەڵبگرێت، كاتێكیش ویستیان لە مزگەوت نوێژی لەسەر بكەن مزگەوتەكە بەتەوای چۆڵ كرابوو، بۆیە تەنها باوكی و ئافرەتەكان نوێژیان لەسەری كرد. جادە و سەرقەبران و تەنانەت گۆڕستانەكەش لە ژێر چاودێرییەكی توندی سەربازەكاندا بوو. ڕێگەش نەدرا پرسەی بۆ دابنرێت و هەركێ هەوڵی سەرەخۆشی لێیان بكردایە دەستگیر دەكرا. 9- ئیخوان جگە لەو بارودۆخە سەخت و ناهەموارەی كە بەهۆی لێكەوتەكانی هەڵوەشاندنی كۆمەڵەكەیانەوە تێیكەوتبوون ، كوژرانی ڕابەری گشتیشی هاتەسەر و ئەم لێدانەیان زۆر سەخت و كاریگەر بوو لەسەریان و دەركەوت بە نەمانی حسن البنا بۆشاییەكی زۆر گەورەیان بۆ درووست بوو كە پڕكردنەوەی زۆر ئەستەم بوو ، چونكە هەموو كەسایەتییەكانی ناو كۆمەڵەكە وابەستەی كەسایەتی ڕابەری گشتی بوون و بە مردنی بێ دەسەڵاتی و لاوازی خۆیانیان بۆ دەركەوت، هەندێكیش ئەوە بە جۆرێك لە لاوازی لە حسن البنا دەبینن كە نەیتوانی كۆمەڵە سەركردەیەكی بەهێز بۆ ڕۆژێكی وا ئامادە بكات. 10- لەم كاتانەدا حوكمی مەلیك فاروق یش تەواو لە كۆتایی و ڕوخانەوە نزیك دەبوویەوە ودڕەندەیەكی تری لەوان زیاتر دوژمنی ئیسلام و تینوو بە خوێنی موسوڵمان لە بۆسەدا بوو ئەویش جمال عبدالناصر بوو، كە ئیخوان لەسەرەتاوە پێی هەڵخەڵەتان و لە ئاستێكی بەرز لە شۆڕشەكەیدا بەشدارییان كرد و لە 23-7-1952 كۆمەڵە ئەفسەرێك كە بریتی بوون لە محمد نجیب و جمال عبدالناصر و چەند ئەفسەرێكی تری باڵا كە ئیخوانیشان تێدا بوو، توانییان حوكمی پادشایی لە میسر بە ئاسانی بڕوخێنن و سەردەمێكی نوێ لە حوكمڕانی میسردا دەست پێ بكات كە بە شێوەیەك لە شێوەكان تاكو ئێستا بەردەوامی هەیە. 11- حسن البنا لە 12 شباط 1949 بە پیلانی حكومەتەكەی إبراهیم عبدالهادي كوژرا، بەڵام جەماعەتەكەی لە بۆشاییەكی سەركردایەتیدا بوون بەبێ ڕابەر تاكو 17 تشرینی یەكەمی 1951 كە ئەو كات وتیان لە حسن البنا خۆی بیستراوە وتوویەتی ئەگەر شتێكم بەسەرهات بچن بۆ لای حسن الهضیبي با ئەو جێگەم بگرێتەوە، الهضیبي دادوەر بوو بە پلەی ڕاوێژكار لە (محكمة النقض ) لە قاهیرە و لە ساڵی 1942 لە ڕێگەی پەیوەندی كەسێتی لەگەڵ حسن البنا ئیخوانی ناسیبوو، بەڵام سەركردەكانی تر ئەویان نەدەناسی، سەرەتا ڕازی نەبوو و بۆ ماوەی شەش مانگ بە نهێنی ڕابەر ی گشتی ئیخوان بوو و دوای ئەوە دیسان ویستی واز بهێنیت و داوای كرد كەسێكی تر بۆ ئەو ئەركە هەڵبژێرن، بەڵام نوێنەری ئیخوانی هەموو شارەكان چوونە لای و تكایان لێ كرد و ئەویش قبوڵی كرد و دەست لە كاركێشانەوەی لە دادگا پێشكەش كرد و وازی لە ئیشی دادوەری هێنا و لە كاتێكی زۆر هەستیار و پڕ لە مەترسیدا ڕابەرایەتی كۆمەڵەی ئیخوانی لە ئەستۆ گرت. كە هەوڵ ئەدەین قۆناغی ئەویش بە پوختی باس بكەین. بە كوژرانی حسن البنا كۆتایی بە قۆناغێك لە ئیش و كارو كاروانی ئەو جەماعەتە هات كە چەندە خاڵی هاوبەشی لەگەڵ قۆناغەكانی دوای خۆیدا هەبوو، دوو ئەوەندە خاڵی ناكۆك و جیاوازی هەمەجۆریشی لە گەڵیاندا هەبوو. قۆناغەكانی كۆمەڵەی الإخوان المسلمین بە پێی ڕابەری گشتی كۆمەڵەكە و سەركردە و جۆری ڕووداوەكانی سەردەمی خۆیان دژواری و جیاوازی زۆریان لەگەڵ یەكتردا هەیە، بەڵام ئەوەی سەیرو سەرنجڕاكێشە ئەوەیە، سەرەڕای ئەو هەموو ئارام گرتن و قوربانیدان وبەرگەگرتنەیان بەرانبەر ئەوانەی كە بە هەموو جۆرێك ستەمیان لێ دەكردن ودەیكەن، سەرەڕای ژمارەی زۆر و توانای دارایی باشیان تاكە كاریگەری و ورەبەرزییەك كە تێیاندا درووستی كرد سەبری زیاتر و بەرگەگرتنی زیاتر بوو لەبەردەم داپڵۆسینی بكوژەكان و قامچی جەللادەكانیان، هەرگیز لە دوای سەردەمی بەننا ئیدی جارێكی تر بیریان لەوە نەكردەوە بەرگری لە خۆیان بكەن و ڕووبەڕووی هیچ ستەمكارێك ببنەوە ئەگەر ژمارەیان بگاتە ملیۆنانیش ، هەر ئەمەش بوو بە هۆكاری ئەوەی ئیخوان ببێتەكارگەیەك بۆ درووست كردنی دەیان جەماعەت و حیزب و ڕەوتی ئیسلامی كە هەمووی لە ئەنجامی جیابوونەوە لە فیكرو بیركردنەوەی ئەوان هاتنە گۆڕەپانی جیهانی و بە هەمان شێوەیەش ئەوە بوو بە هۆكاری جیابوونەوەی سید قطب و دەیان و سەدان لە سەركردەكانی خۆیان كە داوای بەردەوام بوون دەكەن لە ڕێكردن لەسەر ڕێبازی ڕابەری گشتی یەكەمیان. (ئەگەر هەل بڕەخسێت- إن شاء الله - ئەم باسە درێژەی دەبێت). إحسان برهان الدین 13 رجب 1443 202-2-14
دامەزراندنی كۆمەڵەی (الإخوان المسلمون)
  #9 وانەكانی_مێژوو: دامەزراندنی كۆمەڵەی (الإخوان المسلمون) لە پاش ڕاگەیاندنی كۆماری توركیا و ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانی و دەركردنی سەرانیان لە توركیا و كاركردن بۆ پچڕاندنی هەموو پەیوەندییەكی توركیا لەگەڵ ئیسلامدا و رەچاوكردنی بەرنامەیەكی ورد و درێژەخایەن بۆ شێواندنی دین و ڕەوشتی خەڵكی، بۆشاییەكی گەورە لە ژیانی موسوڵماناندا درووست بوو و خەمێكی زۆر گەورە و تاڵ باڵی بەسەر تەواوی ئوممەتی ئیسلامیدا كێشا، بۆیە خەمخۆرانی ئیسلام هەر یەكە و بە پێی تێگەیشتنی بۆ ئیسلام و كاركردن لە پێناویدا هەوڵی بینینی ڕۆڵێكیاندا بەرانبەر ئەو كۆستەی كە لەسەر دەستی ئەتاتۆرك بەسەر موسوڵماناندا هات. لەم كاتە ناهەموار و خراپەی بەسەر موسوڵماناندا تێدەپەڕی و وپاش چەند ساڵێكی كەم لە ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانی كە بۆشاییەكی دەروونی و عاتیفی گەورەی لە دڵ و ناخی موسوڵماناندا درووست كردبوو، گەنجێكی ميسری تەمەن بیست و دوو ساڵ كە مامۆستای سەرەتایی بوو، بەناوی حسن البنا لە ساڵی 1928 لە گەڵ چەند كەسێك لە هاوڕێكانیدا، هەڵسان بە دامەزراندنی كۆمەڵەیەكی ئیسلامی بەناوی برایانی موسوڵمان (الإخوان المسلمون). جا لەبەر هەستیاری كاتەكە و جیاوازی بارودۆخەكە لە مێژووی هاوچەرخدا، دامەزراندنی ئەو كۆمەڵە كاریگەری وكاردانەوەی زۆر گەورەی لێ كەوتەوە و خەڵكانێكی زۆر لە وڵاتە عەرەبییەكان و دواتر لە تەواوی جیهاندا پەیوەندییان بەم كۆمەڵەوە كرد و دەرەنجام و بە پێی گۆڕانكارییەكان ئەو بزوتنەوەیە بەچەند قۆناغێكی جیاوازدا تێپەڕ بوون كە هەوڵ دەدەین بە كورتی ئاماژەیان پێ بكەین، دواجاریش بەدەر لە دیدو تێڕوانینی یار و نەیاری ئەو كۆمەڵە، بوون بە خاڵێكی وەرچەرخانی گەورە كە هەندێك سەرەڕای هەموو تێبینی و هەڵەكانی بە كۆمەڵێكی ئیسلامی ئەرێنی وباشی دەزانن و بە پێچەوانەوە هەندێكی تریش بە هۆكاری هەموو نسكۆ و مەینەتی و لادانێكی فیکری ومەنهەجی دەزانن كە لەسەدەی بیستەم و تا ئێستا تووشی موسوڵمانان بوو. من لێرەدا بە گوێرەی توانا هەوڵ ئەدەم ڕووداوەكان وەكو چاودێرێك بگوازمەوە وبیانخەمەڕوو ، هاوکات ڕاوبۆچوونی خۆیشم ئەگەر باس بکەم بە شێوەیەكی زانستی و بە ویژدانەوە لە ڕۆشنایی بنەما سەرەکییەکانی ئیسلامدا باس بکەم، بە بێ گوێدان بەوەی كێ خستنەڕووەكەی پێی خۆشە و ستایشم دەكات لەسەری، یان كێ پێی ناخۆشە و ڕەخنەم لێ دەگرێت لەسەر ڕاستیگەلێك كە بەدڵی نییە، یان پێچەوانەی ئەو زانیاریانەیە كە ئەو لەسەر ئەو كۆمەڵە ودامەزرێنەرانی لەلای جێگیر بووە. سەرەتاش پێویستە کورتەیەک دەربارەی شێخ حەسەنولبەننا کەسایەتی دامەزرێنەری یەکەمی کۆمەڵەکە بەڕەحمەت بێت بخەینەڕوو: ناوی تەواوی (حسن أحمد عبد الرحمن محمد البنا الساعاتي)ە، لە ساڵی 1906ی میلادی لە بنەماڵەیەكی ناسراو بە دینداری لە شاری المحمودیة ی سەر بە پارێزگای البحیرة لە دایكبووە، لە سەرەتاكانی تەمەنییەوە قورئانی لەبەر كردووە و هەندێ لە زانستە شەرعییەكانی لەلای باوكی خوێندووە بەو پێیەی باوكی شارەزا بووە لە بواری فەرموودە و زانستە شەرعییەكاندا و کنێب ونووسینی لەو بوارەدا بووە، هەروەها پیشەی چاككردنی سعاتیشی لێ فێربووە چونكە باوكی سعاتچی بووە. حسن البنا لە قۆناغی خوێندكاریدا پەیوەندی لەگەڵ شیخ محب الدین الخطیب و كۆمەڵێك لە زانایانی ئەو سەردەمەی خۆیدا بووە. ساڵی 1927 كۆلێژی دار العلوم ی تەواو كردووە و دواتر وەكو مامۆستای قوتابخانەیەكی سەرەتایی دادەمەزرێت و زۆری پێناچێت لە ساڵی 1928دا لەگەڵ شەش لە هاوڕێكانی بزوتنەوەی (الإخوان المسلمون ) دادەمەزرێنن وخۆی دەبێتە یەكەم ڕابەری بزوتنەوەكە. شایانی باسە حسن البنا هەر لە سەرەتای گەنجێتییەوە مەیلێكی سۆفێتی تێدا بووە و نەیشاردووەتەوە كە ئەو بە تەریقەتی الحصافیة كە بەشێك بووە لە تەریقەتی الشاذلیة كاریگەر بووە و لە تەمەنی چواردە ساڵییەوە بە فەرمی پەیوەندی بە بازنەكانی ئەوانەوە كردووە وەكو لە كتێبی یادەروەرییەكانیدا (مذكرات الدعوة و الدعیة) دا دەڵێت: (فاجتذبتني حلقة الذكر بأصواتها المنسقة ونشيدها الجميل وروحانيتها الفياضة، وسماحة هؤلاء الذاكرين من شيوخ فضلاء وشباب صالحين، وتواضعهم لهؤلاء الصبية الصغار الذين اقتحموا عليهم مجلسهم ليشاركوهم ذكر الله تبارك وتعالى، فواظبتُ عليها هي الأخرى) لە چەندین جێگەی ئەو كتێبەیشدا باسی كاریگەربوونی خۆی بەو تەریقەتەوە دەكات و باسی زیارەتی قەبری پیاوچاكان و ئەولیاكان دەكات كە چۆن چەندین سعاتیان بە پێ بڕیوە لە پێناو زیارەتی قەبری ئەولیایەك، أنور الجندي لە كتێبەكەیدا دەربارەی ژیاننامەی حسن البنا دەڵێت پێش نوێژی بەیانیان كتێبی إحیاء علوم الدین ی غەزالی دەخوێندنەوە، كە بێگومان ئەمەش ئاماژەیەكە بۆ كاریگەری تصوف بەسەر ئیخوانەوە لە كاتێكی زووی دامەزراندنیانەوە، لەوانەشە جەختكردنەوە لە سەر هەندێ چەمك وەكو بەیعەت و أوراد و زیكر كردن لە تاریكی و تەنانەت خودی وشەی ئیخوانیش لە ناو كۆمەلەكەدا ڕەنگدانەوە بێت بۆ كاریگەر بوونی بە تەریقەتی الحصافیة كە وادیارە دواجار كە حسن البنا سەبارەت بە دامەزراندنی كۆمەڵەی ئیخوان كاتێك پرس بە عبدالوهاب الحصافي شەیخی دەكات ئەو ڕازی نابێت، بەڵام حەسەن بە قسەی ناكات و دەڵیت مامۆستاكەمان بۆچوونێكی هەیە و ئێمەش بۆچوونێكی ترمان هەیە و بزوتنەوەكەی ڕادەگەیەنێت و دەڵێت پەیوەندیم لەگەل شێخەكەم هەر بە تۆكمەیی مایەوە. تاكو ئێستاش سۆفێكانی میسر بەوە تۆمەتباری دەكەن كە موریدەكانی تەریقەتی الحصافیة ی دزیوە و كردوونێتی بە ئەندامی ئیخوان پاش دامەزراندنی. ئەوەش بووەتە هۆكاری دەركردنی حسن البنا لە تەریقەتەكە ئەگەرچی هەندێ لە سەركردەكانی ئیخوان ئەوە ڕەتدەكەنەوە و سەرقاڵبوونی بەننا بە كاروباری ئیخوانەوە لە تەریقەتەكە دووری خستەوە نەك ئەوەی دەركرا بێت. حسن البنا لە سەرەتای سییەكان لە 1932 دا پیشەكەی وەكو مامۆستایەك بۆ شاری قاهیرە دەگوازێتەوە و بەوەش بانگەوازی ئیخوان لە پایتەختەوە دەچێتە قۆناغێكی ترەوە و بەتەواوی ڕۆڵ و كاریگەرییان لەسەر گۆڕەپانی ئایینی و فیكری و سیاسی و بگرە سەربازیش دەردەكەوێت و دەبنە ژمارەیەك کە هەموان بە پادشای میسریشەوە حیسابیان بۆ دەكەن. حسن البنا ماوەیەك مامۆستای زمانی عەرەبی بوو و دواتر وازی لە پیشەكەی هێنا و بەتەواوی بۆ كۆمەڵەكەی خۆی یەكلا كردەوە و لە پێناو تۆکمە کردن و فراوان کردنی جەماعەتەکەی و بە بەکارهێنانی تواناکانی خۆی وەکو خاوەن کەسایەتییەکی بەهێز. وقسەزان سەردانی سەدان و هەزاران گوندو شارو شوێنی کرد و لە چاخانەو وکۆڕو کۆمەڵ و جێگای کۆبوونەوەکانی خەڵکی میسردا قسەی بۆ دەکردن وباسی ئیسلام و كۆمەلەی الاخوان المسلمون ی دەكرد. حسن البنا كاری بۆ بنەمایەك دەكرد كە بریتی بوو لەوەی ئیسلام دینێكی گشتگیرە و ڕێبازێكە بۆ ژیان، لە ساڵی 1936 بە شێوەیەكی فەرمی چووە نێو گۆڕەپانی كاری سیاسی و هەوڵی دەدا ئەو گشتگیرییەی مەبەستی بوو لە ڕیگەی ئیخوانەوە جێبەجێی بكات، ئینجا لەبەر ئەوەی ڕوخانی خیلافەت و دەوڵەتی عوسمانی چەند ساڵێكی كەمی بەسەردا تێپەڕیبوو، هەمیشە خولیای گێڕانەوەی ئەو حاڵەتە ئیسلامیە لەدەستدراوەی هەبوو، ئیخوانیش لەو سەردەمەدا ڕۆژ لە ڕۆژ بەهێزتر و فراوانتر دەبوون، بۆیە بۆ زۆرێك لەو گشتگیرییەی باسی دەكرد ئەوانی بەكارهێنا، لەو بارەشەوە ڕووبەڕووی هێرشی توندی عەلمانییەت بوویە لە میسر كە لە چڵەپۆپەی لەخۆباییبونیدا بوو بەهۆی پێشڕەوییەكانی ئەتاتۆرك لە دژی موسوڵمانان، هەروەها ڕووبەڕووی ماركسییەت و سۆشیالیزم بوونەوە كە دواتر لە میسردا تەشەنەی كرد،. هەروەها بە هەموو شێوەیەک لە دژی فەسادی ئەخلاقی وەستانەوەو هەزاران گەنجیان لە گومڕایی وسەرلێشێواوی ڕزگار کرد و لەناو مەیخانەكانەوە دەریان دەکردن و بەرەو مزگەوت و بەرەو ناوەندو بارەگاكانی ئیخوان دەیانبردن و بە ئیسلام ئاشنایان دەكردن. لە میسردا بە هۆی كاریگەری حوكمی خدێوییەكان كە سەر بەڕۆژئاوابوون و هیچ ڕێزێكیان لە ئیسلام نەدەگرت و بەهۆی ڕاگەیاندنی كۆماری توركیا كە ورەو دڵخۆشییەك بوو بۆ هەموو نەیارەكانی ئیسلام لەسەر زەویدا، ئیسلام لە غەریبییەكی تەواودا بوو، وەكو دكتۆر عبدالله عزام بەڕەحمەت بێت لە موحازەرەیەكیدا دەربارەی مێژووی ئیخوان دەڵێت گەنجی موسوڵمان كچێكی نیو سەرپۆشی دەست نەدەكەوت بیكاتە هاوسەری خۆی، نوێژی جەماعەت و حەج و عومرە تەنها ئەوانەی كە پیرو بەساڵاچووبوون مەگەر ئەنجامیان بدایە، دكتۆر و ئەندازیار و خاوەن بڕوانامە جێگای پرسیار وسەرسوڕمان بوو عارەقخۆر نەبوایەن، بەڵام حسن البنا و كۆمەلەكەی هاتن و ئەو هاوكێشەیان تێكدا و جارێكی تر خەڵكانێكی زۆر بە شانازییەوە دەیانوت ئێمە موسوڵمانین و شەعیرەكانی ئیسلامیان بە ئاشكرا و بە شانازییەوە جێبەجی دەكرد. بەكورتی حسن البنا توانی لە كۆتایی بیستەكان و بە درێژایی سییەكان و چەند ساڵێكی دواتریش لە سەدەی بیستەمدا و لەو تەمەنە کورتەی خۆیدا کە هەمووی لە پێناو بانگەوازەکەیدا بەسەر برد، گۆڕانكارییەكی گەورەی لە میسر ولەجیهاندا بەرهەم هێنا و توانی نەوەیەكی موسوڵمان درووست بكات كە ئامادە بێت لە پێناو ئیسلامدا هەموو جۆرە قوربانییەك بەماڵ و بەگیان پێشكەشی دینەكەی بكات. بەڵام بنەماكانی پەروەردەكردنی ئەو نەوەیە تا چەند لەگەڵ بنەماكانی مەنهەجی عەقیدە و بیروباوەڕی ئیسلامیدا كۆك بوون و ڕێژەی ناكۆكی ە تێكگیرانی چەند بوو ئەوەش بۆ خۆی مەسەلەیەكی ترە پێویستە لە كاتی رەخنەكان لە فیكرو مەنهەجی ئیخواندا باس بكرێت، بەڵام ئێمە لەم بەشەی باسەكەدا جەخت لەسەر چاكی و لایەنە ئەرێنییەكانی ئەم جەماعەتە دەكەینەوە و ڕۆڵیان لە بەرگریكردن لە ئیسلام لە میسردا دەخەینەڕوو. حسن البنا وا دەردەكەوت كە جیهاد و كۆششكردن لە پێناو دینەكەیدا كاری لەپێشینەی بووە و هەوڵیشیدا كە ڕاستی ئەو بانگەشەیە بسەلمێنێت لە ڕیگەی بەشداری كردنی بە كەتیبە شەڕكەرەكانی ئیخوانەوە لە شەڕی فەلەستین کە ئازاییەکی بێ وێنەیان نیشاندا لە شەڕی دژ بە جولەکە و هەروەها لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی ئینگلیزدا لە قەناتی سوێس. بەڵام بە هۆی گەورەبوونی خێرای كۆمەڵەكەی و ئەنجامدانی چەندین كاری گەورە وەكو کوشتن و هەوڵی كوشتنی هەندێ لەسەرانی سیاسەت و دەسەڵات لەو سەردەمەدا لە لایەن کەسانێکی ناو ئیخوان کە ڕابەری گشتی دەسەڵاتی تەواوی بە سەریانەوە نەبوو و بێبەری بوونی خۆی لێ نیشان دەدا، حسن البنا ناچار بوو ئاراستەی گوتار و سیاسەتی بەڕێوەبردنی حیزبەكەی بگۆڕێت و لێرەشەوە كەوتە بەر هێرشی توندی نەیارانی و بەڵكو لەناو خودی ئیخواندا باڵێك بەناوی (الصقور) واتە هەڵۆكان درووست بوو باوەڕیان بە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەر هیزو لایەنێكدا هەبوو كە تەگەرە بۆ ئیش و كارەكانیان درووست بكات و لەڕاستیشدا ئەو تەوژم و شێوازی بیركردنەوە لەناو ئیخواندا لە ژێر كۆنترۆڵی حسن البنا دەرچووبوون و تاراددەیەك سەربەخۆ كاریان دەكرد و دواجاریش حسن البنا بەرپرس بوو لە كارەكانیان بەو سیفەتەی كە ئەو ڕابەری گشتی ئەو كۆمەلە بوو. بۆ ڕوون کردنەوە ئەم بابەتە پێویستە دواتر تیشک بخەینە سەر دەزگایەکی هەستیاری ناو ئیخوان کە پێی دەوترا التتظیم الخاص ڕۆڵی باڵی سەربازی نهێنی لە ناو ئەو کۆمەڵەدا دەبینی وکاربکەری لەسەر ئاراستەو سیاسەت و چارەنووسی ئیخوان درووست کرد. لە ساڵی 1942 حسن البنا خۆی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی میسر كاندید كرد، بەڵام ئینگلیزەكان بەوە ڕازی نەبوون و فشاریان خستە سەر النحاس پاشای سەرۆك وەزیرانی میسری ئەوکاتە و ئەویش داوای خۆكشانەوەی لە بەننا كرد و لەپاش هەندێك سازش وڕێکەوتن حەسەنولبەننا ڕازی بوو بکشێتەوە و لەبەرانبەر هەندێ گۆڕانكاری كە حكومەتەكەی نەححاس پاشا لە میسردا ئەنجامی بدات وەكو زیندوو كردنەوەی جەژنە ئایینییەكان بەتایبەتی ئەوەی تایبەت بوو بە لەدایكبوونی پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم و داخستنی جێگاكانی لەشفرۆشی و مەیخانەكان، بەڵام دواتر ڕێكەوتنەكە بەو شێوەی كە لەسەری ڕێككەوتبوون جێبەجێ نەكرا و داخستنی ئەو شوێنانە تەنها لەكاتی جەژنە ئاینییەكاندا چووە بواری جێبەجێكردنەوە! لە ساڵانی چلەكاندا حسن البنا بەتەواوی بوو بە سەرچاوەیەكی نیگەرانی و مەترسی بۆ زۆر لایەن، بەڵكو مەلیك فاروقی نەوەی محمد علي پاشا كە لە چڵەپۆپەی دەسەڵاتی میسردا بوو، زۆر لە بەننا و كۆمەڵەكەی قەڵس بوو و ئەو هەواڵانەی كە پێی دەگەیشت باسی لەوە دەكرد نەك ئیخوانەكان بە تەنها مەترسییەكی گەورەن لە سەر سیستمی حوكمڕانی میسر، بەڵكو خودی حەسەنولبەننا ئەگەری هەیە ببێتە مەلیكی داهاتووی میسر. ئەم هەواڵانە و هەڵوێست و نیگرانییەکانی پادشاو حکومەتی میسری لە ئیخوان كە دواجار دەگەشتەوە بە بە حسن البنا، زەنگی مەترسی بوو بۆ لێدانێكی چاوەڕوانكراوی زۆر گەورە كە لە كاتێكی نزیكدا ئاراستەی ئیخوان دەكرێت و ئەمەش وای كرد ڕابەری گشتی كۆمەڵێک تەنازولی زیاتر بكات و چەندین لێدوانی نەرم و دابەزین ئامێز و بەڵکو ناكۆکیش لەکەڵ هەندێ بنەمای شەرعی لە ڕاگەیاندنەكاندا بڵاوبكاتەوە و بەرائەتی خۆیشی لەو كەسانە دەردەبڕی كە بە هەندی كاروچالاكی لە دژی حكومەتی میسر هەڵدەسان و بەلێنی لابردنی هەندێ ئەندامانی ئیخوانیشی دەا بۆ ڕازیكردنی پادشا و حكومەتی ئەو كاتەی میسر، بەڵکو كاتێك دڵنیابوو جەماعەتەكەی هەلدەوەشێنرێتەوە بەڵێنی ئەوەشیدا كە دەستبەرداری سیاسەت ببن و تەنها وەكو ڕێكخراویكی دینی كار بكەن بە مەرجێك كۆمەلەی ئیخوان هەڵنەوەشێننەوە. لە پێناو كپكردنەوەی ئەو گەردەلوولەی كە بەننا دەیزانی بەرەوڕووی خۆی و كۆمەڵەكەی دێت، هەوڵێكی زۆری دا بۆ چاوپێكەوتنی مەلیك فاروق، بەڵام ئەو هەرگیز ئامادە نەبوو بەننا ببینێت و چاوپێكەوتن لەگەڵدا بكات، بە بۆچوونی خۆیشم ئەو ڕازی نەبوونە لە دوو هۆكاردا خۆی ئەبینێتەوە: یەكەم چونكە ئەو ڕقی لە حسن البنا بوو و بە شایانی ئەوەی نەدەزانی چاوی پێ بكەوێت و لێیشی بیسترابوو كە وەکو سوکایەتی وبەکەم تەماشا کردن بەناوی معلم الصبیان مامۆستای مناڵان ناوی بردبوو، دووەمیش لەبەر ئەوەی ئەو لە ڕاستیدا بڕیاری كوشتنی بەننای دابوو و پرسەکە تەنها لەسەر شێوازی جێبەجێكردنەكەی مابوو، بۆیە چاوپێكەوتنی ئەوی بە هەموو شێوەیەك رەت دەكردەوە. هەموو بەڵگەكانیش بە ئاراستەی ئەوەدا ئاماژە دەكەن كە بڕیاری كوژرانی حسن البنا تەنها لە ڕێگەی حكومەت و پادشای میسرەوە سەرچاوەیان نەگرتبوو بەڵكو بڕیارەكە پێشتر لە ئەمریكا و ڕۆژئاواوە دەرچووبوو و ئەمانیش هەر دەبوو جێبەجێی بكەن. بەداخەوە بەڵگەنامەكانیش ئەوە دەردەخەن كە حسن البنا تووشی كۆمەڵێك هەڵە و دابەزین و هەنگاوی ناچاری بوو بە مەبەستی چارەسەر كردنی ئەو دۆخە نەخوازراوەی كە تووشی جەماعەتەكەی بوو، بۆیە تاكو ئێستا كۆمەڵێك زۆر بەڵگەنامەو دیكیۆمێنتاری لە بڵاوكراوەكانی ئیخوان لەو سەردەمەدا ماوەتەوە كە ئەگەر بە تەرازووی شەرع و عەقیدە بیپێویت لە لادان لە مەنهەج و عەقیدەی ئەهلی سوننەت زیاتر ناتوانرێت ناوێكی تری لێ بنرێت، كە من نامەوێت لێرەدا بیانخەمەڕوو یان بە شیكراوەیی ئاماژەیان پێ بكەم. حسن البنا لەبەر ئەوەی سەرقاڵی كارێكی زۆر گەورە بوو لەسەر ئاستی میسر بە ڕواڵەت و لەسەر ئاستی جیهان و ئوممەتی ئیسلامی لە حەقیقەتدا، سەرەڕای كۆمەڵێك كاری ناوازە و گەورە گران كە لە پێناو ئیسلامدا ئەنجامیدا، بەڵام مەخابن هاوكات بە سەختی كەوتە ناو كۆمەڵێك هەڵەی گەورە كە ڕاستەوخۆ لەگەڵ عەقیدەی الولاء والبراء و هەندێ تەوەرەكانی تری بیروباوەڕدا تێكدەگیرا، بەڵام ئەوانەی دوای خۆی لەجیاتی ئەوەی بەرائەتی خۆیان لەو هەڵانەی بەننا دەربڕن یان پۆزش و پاساوی بۆ بهێننەوە بەوەی ئەویش مرۆڤ بووە وهەڵەی لێ وەشاوەتەوە و ئەمان ئەو هەڵانە ئەو دووبارە ناكەنەوە، بە پێچەوانەوە ئەوانەی دوای خۆی زیاتر چاویان لەو هەڵانە بڕی وكردیان بە هێڵی پانی كاركردنیان و لەوەدا زیاتر شوێن پێی ڕابەرەكەیان هەڵگرت و بەو شێوەش ئیخوان لە دوای حسن البنا بوو بە ئیخوانێكی تر و دوای ئەوانیش ئیخوانێكی لەوان جیاوازتر و قۆناغێكی لەوان نامۆتریان دەست پێكرد كە تەنها هەندێ خاڵی هاوبەش نەبێت هیچی لەسەردەمی بەننا نەدەچوو. (بەشی داهاتووی ئەم زنجیرەیە- إن شاء الله - تایبەت دەبێت بە بەسەرهاتی كوژرانی شێخ حسن البنا و ئەو ڕووداوانەی بوون بە ڕێخۆشكەر بۆ كوژرانەكەی). إحسان برهان الدین 11 رجب 1443 2022-2-12  
كۆتا قۆناغی عوسمانییەكان ودەرەنجامەكانی لەناوچوونیان
  #وانەكانی_مێژوو: 8 كۆتا قۆناغی عوسمانییەكان ودەرەنجامەكانی لەناوچوونیان ساڵی 1909ی میلادی بەرواری داڕوخانی راستەقینەی دەوڵەتی عوسمانی بوو، ئەگەرچی ساڵانێك دوای ئەو بەروارە بەناو هەر مانەوە، كاتێك بڕیاری لابردنی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم لەسەر حوكم لەلایەن 240 لە ئەندامانی ئەنجومەنی نیشتمانی گشتییەوە ئیمزا كراو موفتی ئەو سەردەمەش شێخ ( إلماليلي حمدي يازير) كە جیاوازی زۆری لەگەڵ موفتییەكانی ئێستادا نەبوو، بە فەتوایەك پشتگیری ئەو بڕیارەی كرد و سوڵتانیش سەرەڕای ئەوەی كە دڵنیابوو سەرچاوەی بڕیارەكە جولەكە و عەلمانی و لە خشتەچووەكانی لای خۆیانە، سەرەڕای ئەوەی كە سوپایەك هەبوو پشتگیری دەكرد و بەرگری لێ دەكرد، بەڵام بە بیانووی ئەوەی ئەو نەبێتە هۆكاری خوین ڕشتن، بەبێ هیچ بەرگری و كاردانەوەیەك جگە لە هەندێ گلەیی و گازندە نەبێت لەڕووی ئەوانەی كە بڕیارەكەیان پێ ڕاگەیاند بۆ بڕیاری لە كار لابردنی ملكەچ و رازی بوو. سەیریش ئەوەیە موفتی دەوڵەتی عوسمانی لە دوای ساڵانێك دانی بەوەدانا كە فەتواكەی لە پشتگیری لابردنی سوڵتان عەبدولحەمید هەڵەیەكی گەورە بووە ئەنجامی دا. لە پاش پێدانی بڕیاری لابردنەكە بە عبدالحمید لە لایەن چوار ئەندامی ئەو ئەنجومەنەوە كە وەكو پەرلەمانی ئێستا بوو و یەكیك لەو چوار ئەندامەش جولەكە بوون، یەكسەر ڕێوشوێنی نەفی كردن و دوورخستنەوەی زۆر بە پەلە گیراوەبەر و لەگەڵ خانەوادەكەیدا بە شەوێكی درەنگ و بە قیتار بەرەو سالۆنێك بەڕێخران و تاكو ساڵی 1912 لە كۆشكێكدا زیندانی كرا و داوتر گەڕێنرایەوە بۆ كۆشكێكی تر لە ئەستەمبول تا كاتی وەفاتی لە 1918 ئەو چەند ساڵەی تەمەنی مابوو وەكو زیندانی و دەست بەسەرێك لەوێ بەسەری برد. (محمد رشاد) لە كاتی لابردنی سوڵتان عبدالحمید ی برایدا تەمەنی 65 ساڵ بوو كاتێك بە ڕواڵەت و وەكو خۆڵ لەچاوكردن خرایە جێگەكەی بێ ئەوەی هیچی بەدەست بێت تەنها بەناو سوڵتان بوو و هەموو شتێك بە دەستی جەماعەتی (الاتحاد والترقي ) بوو ، بەو شێوە بەناو وەكو سوڵتانێك مایەوە تاكو لە ساڵی 1918 وەفاتی كرد و محمد وحیدالدین ی برای وەكو سوڵتانی جێگرەوەی دیاری كرا و تاكو ساڵی 1922 كە نەفی كرا ئەویش ئەو ناوەی هەڵگرت، لە دوای ئەویش و بەهەمان بێ دەسەڵاتی و تەنها بەناو عبدالمجید بەناوێكی گەورەوە كە خەلیفەی پێ دەوترا تاكو 1923 مایەوە و بەدوایدا كۆماری توركیا لە 29ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1923 ڕاگەیندرا و بەو شێوەش بەتەواوی كۆتاییان بە دەسەڵات و حوكمی عوسمانییەكان تەنانەت بەناویش هێنا. ئەوەی جێگەی داخە سوڵتان عبدالحمید كاتێك ڕازی بوو بە لابردنی لەسەر دەستی جولەكە و عەلمانییەكان كە ئەتاتۆرك دواتر دەبێتە دیارترین كەسایەتی ئەو ڕەوتە، بە بیانووی ئەوە بوو كە ئەو نەبێتە هۆكاری خوێن ڕشتنی موسوڵمانان، بەڵام لە راستیدا ڕازی بوونەكەی بەو لەكار لابردنە بوو مایەی ڕژانی خوێنی سەدان هەزار و بەڵكو ملیۆنان موسوڵمان لە دوای خۆی، كە هەر هەمووی لێكەوتەی ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی بوو. عوسمانییەكان لە كاتی ڕوخانی حوكمی عەبدولحەمیدی دوومدا سەرەڕای ئەوەی خۆیان تەواو لە ئیسلام دوور كەوتبوونەوە و دەستی دەرەكیش بە شێوەیەكی فراوان كاری تێیاندا دەكرد، بەڵام دواجار لە دیدی زۆرێك لە خەلكی موسوڵمانی ئەو سەردەمەوە ئەو دەوڵەتە هەر بە سایەیەك بۆ موسوڵمانان دادەنرا و بەنەمانیشان - بەتایبەت كە دوژمنێكی سەرسەختی ئیسلام وەكو ئەتاتۆرك حوكمی توركیای گرتە دەست - موسوڵمانان لە هەموو شوێنیكی دونیا هەستیان بە بێ خاوەنی و بێ كەسییەكی زۆر سەخت و ناخۆش دەكرد، بۆیە بە ڕوخان و نەمانی دەوڵەتی عوسمانی دەنگی گریانی موسوڵمانان لە هەموو لایەكی دونیاوە بەرز بوویەوە سەرەڕای هەموو ئەو لادان و كەم و كورتییانەی كە هەیانبوو بەرانبەر ئیسلام و موسوڵمانان، أحمد شوقي لە قەسیدەیەكی بەناوبانگیدا باس لە كاردانەوەو كاریگەری ئەو ڕوداوە دڵتەزێنە دەكات لەسەر موسوڵمانان و دەڵێت: ضجّـتْ عليـكِ مـــــــــاذن ومنابـر *** وبكـــت عليـكِ ممـالـك ونـــــواحِ الـــــــهنـد والِهـة ومصـر حـزيـنـة *** تبكـي عليـك بمــــــدمـع سحــــاحِ والشـام تسال والعـراق وفــــــارس *** أمحـا من الارض الخـلافـة مـاحِ واتت لك الجمع الجـــــــلائـل مـاتـما*** فـقعـدن فــــيـه مـقـاعـد الانـواحِ يـا للــــــرجـال لحـرةٍ مــــــــــــوؤدةٍ*** قُتلـتْ بغيـــــرِ جـَريـرةٍ وجنـاح لە پاش نەهێشتنی خیلافەتی ئیسلامی ئەگەرچی وەكو وتمان بەناو مابوو بەڵام موسوڵمانان دڵیان هەر پێی خۆش بوو، ئەتاتۆرك بە فەرمی پەیوەندی توركیای لەگەڵ ئیسلام بڕی وكۆماری توركیای لەسەر بنەمای رەفز كردنی ئیسلام ڕاگەیاند و خەلیفە و سەرانی حوكمی عوسمانی لە توركیا دەركرد و هەموو پەیوەندییەكی توركیای بە ئیسلامەوە پچڕاند كە ئەوە بریتی بوو لەو چوار مەرجەی لە پەیمانی لۆزاندا هاتبوو كە پێویستە توركیا جیبەجێیان بكات و لە راستیشدا كردی، بەڵكو لەوەش زیاتر دڕندانە وەكو گورگێك بەربدرێتە ناو ڕانە مەڕێك بەو شێوە لەگەڵ موسوڵماناندا مامەڵەی كرد، ئەمەش دیارترین تاوانەكانی مصطفی كمال ە بەرانبەر ئیسلام و موسوڵمان لە توركیا: 1- لە ساڵی 1925 مزگەوتەكانی داخست و بەتوندترین شێوە لە گەڵ موسوڵمانان و هەر ئاراستەیەكی ئیسلامیدا مامەڵەی كرد. لە ساڵی 1930 ڕێگەیدا بە كردنەوەی ژمارەیەكی دیاری كراو لە مزگەوتەكان و ژمارەیەكی كەم لە وتاربێژانی هەینی ئەویش بە مەرجێك باسی كشتوكاڵ و پیشەسازی و ئابوری و باسی تری لەو جۆرە باسانە بكەن و ستایشی ئەتاتۆرك و دەوڵەتەكەی بكەن. هەروەها مزگەوتی ئایا صۆفیا و الفاتح ی داخست و یەكەمیانی كرد بە مۆزەخانە و دووەمیانی كرد بە كۆگا. 2- كاركردنی بە شەریعەتی ئیسلام پەكخست و یاسای سویسری لە جێگەیدا جیگیر كرد و ڕۆژژمێری كۆچی قەدەغە كرد و گۆڕی بە میلادی. هەروەها لە ساڵی 1348هـ/1929م نووسینی بە پیتی عەرەبی قەدەغە كرد و پیتی لاتینی جێگای گرتەوە، ئیتر ڕێگە نەدرا لە قوتابخانە و ڕاگەیاندن و نووسینی كتێب و لە هەموو بوارەكاندا بە پیتی عەرەبی هیچ بنووسرێت و هەمووی بوو بە پیتی لاتینی. هەروەها پشووی فەرمی وڵاتی لە ڕۆژی هەینییەوە گۆڕی بۆ ڕۆژی یەك شەممە. 3- فەرمانی كرد قورئان بە وەرگێڕانی توركییەوە بخوێنرێت و تەنانەت بانگدانیش لە مزگەوتەكانەوە بە زمانی توركی بوو. لە لابردن و قەدەغەكردنی هەر حوكمێكی ئیسلام هەرچەند لەلای موسوڵمانان پیرۆز بوایە و لە قورئان و سوننەتدا فەرز بوایە سێ و دووی لێ نەدەكرد وەكو قەدەغەكردنی سەرپۆش و زۆر شتی تر. شایانی باسە یەكەمین پێشنوێژ كە قورئانی لە پێشنوێژیدا بە توركی خوێند لە ساڵی 1926 كەسێك بوو بەناوی "جمال الدين أفندي" و لەدوای ئەوەش لە شاری بورصة خۆپیشاندن لە دژی قورئان خوێندن بە زمانی توركی دەستی پێكرد و زۆرێكیان لێ دەستگیر كران و كوژران. 4 - بە هەموو شێوەیەك كاری لەسەر تێكدانی ڕەوشتی خەڵكی توركیا كرد و دەرگاری لەسەر پشت بۆ هەموو شتیكی خراپی ڕۆژئاوا كردەوە بە شێوەیەك لە هەموو جێگەیەك بایەخی زۆر بە وێنەو مۆسیقا و فێركردنی سەما و هەموو كارێكی خراپ دەدرا و هاوكات هەموو ڕێوشوێنێكی سەبارەت بە دژایەتی ئیسلام و نزیك بوونەوە لە ئەوروپا گرتە بەر و لە هیچ جۆرە دژایەتییەكی ئیسلام سڵی نەكردەوە و هەندێ جاریش لە خۆیەوە دەستی پێدەكرد بۆ نموونە ڕێوڕەسمی هاوسەرگیرییەكەی هەر لەوەی كە لە خێزانێكی نزیك لە جولەكە بوو ئەنجامی دا و لەڕووی جلوبەرگەی و تێكەڵبوونی لەگەل خەڵكیدا كە ئەو كات ئەوە شتێكی نامۆ بوو. 6- ئەتاتۆرك بە جۆرێك گرنگی و بایەخی بە گەورەكردنەوەی پرسی و نەتەواویەتی و قەومچێتی دا كە دەەرنجام ڕەهەندێكی پیرۆزی وەرگرت و وەكو بتێك وێنای دەكرد ودەپەرسترا ودواتریش ئەو بیركردنەوەی بۆ گەلانی تریش هەناردە كرد و تا ڕاددەیەك وەكو جێگرەوەی ئایین مامەڵەی لەگەڵ كرا. 7- لەبەر ئەوەی لە دوو سەدەی كۆتایی حوكمڕانی عوسمانییەكاندا جۆرێك لە بێ سەروبەری و لاوازی حوكمڕانی بەسەر دەڤەرەكاندا بەدی دەكرا كەسانێكی زۆر لە نەیارانی ئیسلام لە سایەی ئەو بێ سەروبەریەدا درووست بووبوون و چاوەڕوانی هەلێكی زێڕینی وەكو سەرهەڵدانی ئەتاتۆركیان دەكرد و لەدوای ئەو زنجیرە دژایەتییەی ئەتاتۆرك لە دژی ئیسلام و موسوڵمانان ئەنجامیدا ئەو كەسایەتییانەش لە میسر و لە زۆر وڵاتانی تر بوژانەوەو جورئەتی وەستانیان لە دژی ئیسلام و كۆمەڵگای ئیسلامی بۆ درووست بوو و گۆڕانكاری گەورەی خراپیان لە تێكدانی دین و ڕەوشتی میللەتەكانیاندا ئەنجامدا. مصطفى كمال أتاتورك ئەمڕۆ پێشەواو پێشەنگی هەموو عەلمانییەكانی سەرزەوییە بە هۆی هەڵوێستەكانی لە پشتگیری كردنی عەلمانییەت و دژایەتی كردنی ئیسلام و موسوڵمانان لە ڕیگەی لەناوبردنی پاشماوەی ئیمپراتۆرییەتێكی گەورەو گران كە بەناو ئیسلامەوە حوكمیان دەكرد و لە پاش گۆڕین و گواستتەوەی توركیا لە حاڵێكەوە بۆ حاڵێكی تەواو پێچەوانە ودژوار، لە ساڵی 1938 بە نەخۆشی زوهری کە بەهۆی بێ ڕەوشتی زۆری خۆیەوە تووشی بوو بوو لە دونیا دەرچوو و بەو هەموو تاوان و خراپە زۆرانەوە بۆ لای پەروەردگاری گەڕایەوە و لە وەسێتەكەشیدا هاتبوو كە نوێژی لەسەر نەكرێت. إحسان برهان الدین 9 رجب 1443 2022-2-10    
أحمد زینی دحلان و هەڵوێستێكی!
  #وانەكانی_مێژوو: 7   أحمد زینی دحلان و هەڵوێستێكی! سەبارەت بە ڕۆڵی ئەم زانایە لە دژایەتی بانگەوازی تەوحید وناشیرینكردنی بە ئەنقەست بۆ بانگخوازانی و خستنەرووی هەندێ باس و خواسی ئەو سەردەمەی كۆتایی دەولەتی عوسمانی، هەوڵ دەدەین بە گەڕانەوە بۆ چەندین سەرچاوەی متمانە پێ كراو، ئەم باسەمان لە چەند خاڵێكی كورتدا بخەینە ڕوو: 1- أحمد بن زَيْني دَحْلان (١٢٣٢ - ١٣٠٤ هـ = ١٨١٧ - ١٨٨٦ م) زاناو مێژوونووسە لە مەككە لە دایكبووە و لە مەدینە وەفاتی كردووە، لە كۆتایی سەردەمی عوسمانییەكاندا موفتی شافیعییەكان بووە لە مەككە و هەر لەو كاتانەدا یەكەم چاپخانە هێنراوەتە شاری مەككە أحمد دحلان یش هەندێ لە كتێبەكانی خۆی تێیدا چاپ كردووە، جا یەكێك لەو كتێبانەی بریتی بووە لە : (الدرر السنیة في الرد علی الوهابیة). 2- ئەحمەد زێنی دەحلان ، هەموو ژیانی زانستی خۆی بۆ بەرپەرچدانەوەو ناشیرینكردن و ڕووبەڕووبوونەوەی بانگەوای شێخ محمد بن عبدالوهاب تەرخان كرد و ناویشی لە سەرووی هەموو ئەوانەوە دێت كە لە دژی ئەو بانگەوازە وەستاونەتەوە و كتێبیان نووسیوە، دیارترین كتێبی ئەوەیە كە ئاماژەی پێكرا و هەلی هێنانی یەكەم چاپخانەی بۆ مەككە قۆستەوەو ئەو كتێبە كە پڕی كردبوو لە درۆ و بوختان لە دژی شێخ محمد بن عبدالوهاب لەسەر ئەركی هەندێ لە ئەمیرەكانی مەككە چاپی كرد و لە ڕێگەی حاجییەكانەوە بە هەموو لایەكدا ژمارەیەكی زۆری لێ بڵاو بوویەوە و بەهۆی جەهلی خەڵكی لەو سەردەمەدا و هەڵوێستی عوسمانییەكان لەو بانگەوازە كە پێشتر جەنگیان لەدژیان كردبوو و قەتڵ و عامی زانایان و خەڵكی نەجد و ئەو شوێنانەیان كردبوو كە شوێنكەوتووی شێخ محمد بن عبدالوهاب ی تێدا بوو، بۆیە ناوەڕۆكی كتێبەكە كە زیاد لە بیست بوختان و هەلەی زانستی لە دژی شێخ محمد تێدا بوو بە تەواوی لەلای خەڵكی چەسپا، تەنانەت تاكو ئێستاش لە لای خەڵكانێكی زۆر ئەو بوختانانە هەر دەستاودەستی پێدەكرێت و وەكو حەقیقەت باس دەكرێت. 3- یەكێك لەوانەی كە بەرپەرچی ئەو كتێبەی دەحلانی داوەتەوە شێخ محمد بشیر السهسواني الهندي یە، كە بەخۆی لەگەڵ أحمد دحلان دا لە مەككە دانیشتووە و دەربارەی كتێبەكەی قسەی لەگەڵدا كردووە و پاش گەڕانەوەی بۆ هندستان هەڵساوە بە نووسینی كتێبی: (صیانة الإنسان عن وسوسة الشیخ دحلان) و ڕەددی داوەتەوە لە هەموو ئەو خاڵانەی كە شێخ محمد ی پێ تۆمەتبار كردووە. 4- لە ڕاستیدا وەكو شێخ محمد رشید رضا دەڵێت كتێبەكەی دەحلان لە دوو تەوەر پێكدێت: یەكەمیان بریتییە لە درۆ و بوختان و قسە هەڵبەستن بۆ شێخ محمد بن عبدالوهاب و شوێنكەوتووانی، دووەمیش برتییە لە تێنەگەیشتن و جەهل و دەمارگیری، بە كورتی ئەو ناوبراوە هەموو تواناكانی كۆكردەوە بۆ كوژاندنەوەی ڕوناكی ئەو بانگەوازە، بەڵام لەو كارەیدا وەكو ئەو كەڵە كێوییە بوو كە بە شاخەكانی دەیویست تاوێرێكی گەورە بشكینی، بەڵام ئەوەی كە شكا شاخەكانی بوو. 5- سەبارەت بە كتێبەكەی شێخ محمد بشیر (صیانة الإنسان)، لە ڕاستیدا ئەوە هەر كتێبێك نەبوو بۆ وەڵامدانەوەی دەحلان، بەڵكو لەبەر ئەوەی هەمووی لەسەر بنەمای بەڵگەو ڕەددانەوەی زانستی نووسراوە بوو بە كتێبێكی سەرەكی بۆ وەڵامدانەوەی گومانەكانی هەموو لادەر و گۆڕپەست وبیدعەكارەكان لە دوای خۆی و من بە حوكمی ئەوەی ئەو كتێبەم بە وردی خوێندووەتەوە، ئامۆژگاری هەموو موسوڵمانێكی بەرێز دەكەم بیخوێنیتەوە چونكە لە بواری عەقیدە و سوننەت و سەنەد و رجال یشدا دا زۆر كتێبێكی بە سوودە. 6- أحمد دحلان - وەكو نووسەری كتێبی (الانحرافات العقدیة و العلمیة في القرنین الثالث عشر و الرابع عشر) دەڵێت تۆمەتێكی زۆری دابوویە پاڵی شێخ محمد تەنانەت لەو كتێبەیدا هاتووە كە گوایە شیخ محمد بە نیازی بانگەشەی پێغەمبەرایەتی بووە بەڵام لە ترسی خەڵكیدا نەیتوانیوە ئەوە دەربخات، یەكێكی تریش لە بوختانەكانی دەڵێت شێخ محمد بە شوێنكەوتووانی وتووە من ئاینێكی نوێم بۆتان هێناوە و هەرچی ئەو خەڵكەی لە ژێر ئاسماندان هەموویان كافر بوونەتەوە، جگە لەوانەش دەحلان وتوویەتی شێخ محمد لە نەوەی ذي الخویصرة التمیمي بووە كە لە ڕووی پێغەمبەر دا صلی الله علیه و سلم وەستاوەتەوە و زۆر بوختانی تری بۆی كردووە كە هەمووی درووستكراوی خۆی و ناحەزانی ئەو بانگەوازە بووە بە مەبەستی ناشیرینكردنی و لەبەرچاوخستنی لەلای خەڵكی لە ڕێگەی ئەو حاجیانەی كە ساڵانە دەهاتنە مەككە و مەدینە و بۆ وڵاتەكانیان دەگەڕانەوە و ئەو هەواڵ و كتێب و نامیلكانەیان لە دژی شیخ محمد و بانگەوازەكەی بڵاو دەكردەوە. 7- ئەوەشی جێگای داخ و سەرسوڕمان بوو ئەوە بوو، كە هەموو ئەو بوختان و تۆمەتانەی كە دەحلان بۆ شیخ محمد و شوێنكەوتوانی هەڵیبەستبوو، هەمووی لە وڵاتەكاندا وەكو حەقیقەت و ڕاستی وەرگیرا و لە لای خەلكی چەسپا، زانایان پێش عەوامی خەڵكی دەستاودەستیان پی دەكرد و بیدعەكارانیش كاریان لەسەر گەورەكردنەوە و بڵاوكردنەوەیان دەكرد، بەشێوەیەك زۆرینەی خەلكی لەو سەردەمە باوەڕیان بەوە كردبوو كە ئەو كۆمەڵە بۆ دژایەتی كردنی ئیسلام هاتوون و ئایینێكی تریان هێناوە. 8- هەموو ئەو بوختان و تۆمەتانەش كە باسمان كرد لە كاتێكدا بوو كە ئەوان جگە لە دژایەتی كردنی شیرك و بیدعە و بەرزكردنەوەی تەوحید و عەقیدەی ڕاست و درووست هیچ بەرنامەیەكی تریان نەبوو، تەنانەت كتێبی التوحید كە بەناوبانگترین كتێبی شێخ محمد بن عبدالوهاب بوو، هەموو باس و بابەتێكی بریتیە لە ئایەت و فەرموودەیەك و ڕوونكردنەوەیەكی كورت بۆ وشەكانی و هەروەها ئەو حوكم و وانانەی كە لێیان وەردەگیرێت، كتێبەكانی تریشی بەهەمان شیوەیە. 9- بەڵام لەبەر ئەوەی دەوڵەتی عوسمانی بە شێوەیەكی فەرمی ئەركی جەنگ و دژایەتی كردنی ئەوانی لە هەموو ڕوویەكەوە لە ئەستۆ گرتبوو، لە ڕووی ڕاگەیاندن و وروژاندنی ڕای گشتی لە دژیان و تەنانەت لە ڕووی سەربازی و لەناوبردنیان، كە لە ڕێگەی سوپاكەی ئیبراهیمی كوری محمد عەلی پاشاوە كوشتارگەیەكی گەورەو دڕەندانەیان بۆ كردن و زۆرێك لە زاناكانیان كوشت و هەڵواسی و هەندێكیشیان كە زۆر داخ لە دڵ بوون بەرانبەریان لە كورەزاكانی شێخ محمد بن عبدالوهاب خرانە بەر لوولەی تۆپ و بە گوللەكەی پارچە پارچە كران. 10- هەروەها لەبەر ئەوەی خەڵكی لەو سەردەمەدا وەكو بە شیكراوەیی لە نووسینیكی تردا دەربارەی هۆكارەكانی ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی ئاماژەمان پێكردووە، بەتەواوی لە عەقیدەی ئیسلامی دور كەوتبوونەوە و بە ڕاستی ئەو سەردەمە سەردەمی غەریبی مەنهەج و بیروباوەڕی ئیسلام بوو، بۆیە زۆر بە ئاسانی پڕوپاگەندەكان لە دژیان تەشنەی دەكرد و ڕق و كینەو دژایەتی بەرانبەریان لە زۆربووندا بوو. 11- دەشتوانم بڵێم كتێبەكەی دەحلان لەو كاتەدا گەورەترین هۆكار و كاریگەری خراپی لە دژی ئەو بانگەوازە درووست كرد، كە تەنها بانگەوازی خەڵك بانگكردن بوو بۆ لای كیتاب و سوننەت و عەقیدەی پاك ودژایەتی كردنی شیرك و بیدعە، چونكە وەكو وتم یەكەم جار بوو چاپخانە بێتە شاری مەككە و ئەو كتێبەی أحمد زیني دحلان وەكو نۆبەرە تێیدا چاپكرا و بە هەموو وڵاتانی دونیادا لە ڕیگەی حاجیانەوە بڵاو بوویەوە و پێناسەیەكی نادروست و ناشیرینی لە هەموو وڵاتەكاندا بۆ بانگەوازی شێخ محمد درووست كرد. ئەگەر هەندێ زانای گەورەی وەكو پێشەوا النووي، بۆ نموونە كتێبێكی وەكو (ریاض الصالحین)ی نووسیوە و خزمەتێكی گەورەی بە ئیسلام و بە موسوڵمانان لە هەمو سەدەكاندا كردووە و ڕەنگە تا ڕۆژی قیامەتیش پاداشتی بۆ دانەرەكەی و بەرچاوڕوونی بۆ تەواوی موسوڵمانان بەردەوام بیت، ئەوا ئەحمەد زەینی دەحلان بە پێچەوانەوە كتێبێكی لێوان لێو لە بوختان و جەهل وكینە لە دژی عەقیدەو بیروباوەڕی ڕاست و هەڵگرانی ئاڵای تەوحید نووسی و خەڵكانێكی زۆری - بە ئێستاشەوە- لە ڕێگەی ڕاست لادا و نە خۆی و نە ئەوانەش كە پێی هەڵدەخەڵەتێن لە بەروبووم و كاریگەرییە خراپەكانی بە دوور نابن. إحسان برهان الدین 28 جمادى الآخر 1443 2022/1/31  
بۆچی دەوڵەتی عوسمانی ڕووخا؟
  #وانەكانی_مێژوو: 6 بۆچی دەوڵەتی عوسمانی ڕووخا؟ لە سەردەمانێكدا دەوڵەتی عوسمانی زلهێزێكی جیهانی بوو ،دەسەڵاتی جگە لە ناوچە بەرفراوانەكانی خۆی لە ئاسیای بچووكدا سەپاندبوو، بە هەمان شێوە دەسەڵاتەكانی زۆرێكی لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقاشی گرتبوویەوە، بەڵام دواجار لەبەر كۆمەڵێك هۆكار كە هەوڵ ئەدەین بە كورتی ئاماژەیان پێ بكەین، لە پاش تێپەڕبوونی شەش سەد ساڵ لە حوكمڕانی ئەو ئیمپراتۆرییەتە بەرفراوان و بەهیزە، وردە وردە عوسمانییەكان لاواز بوون تاكو بەتەواوەتی لەسەر دەستی مصطفی كمال أتاتورك ڕوخان. لەناوچوونی دەوڵەتی عوسمانی هەروا مەسەلەیەكی ئاسان نەبوو، بەڵكو كاریگەری وگۆڕانكاری ئایینی و جوگرافی و سیاسی زۆر گەورەی لە ناوچەكە و لە جیهاندا درووست كرد، توێژەران و چاودێران لە ڕوانگەی جیاجیاوە باسی زۆر هۆكاریان كردووە بۆ ڕوخانی ئەو دەوڵەتە، بۆ نموونە: - وتوویانە دەوڵەتی عوسمانی دەوڵەتێك بووە پشتی بە كشتوكاڵ بەستووە، بۆیە كاتێك جەنگی جیهانی یەكەم هەڵگیرسا، ئەوان شارەزایی پیشەسازی پێویستیان نەبوو بۆ بەرهەمهێنانی چەكی قورس و تەقەمەنی و ئاسن بۆ درووستكردنی هێڵی ئاسنین بە مەبەستی پشتیوانی جەنگەكان كە دواجار بوو بە یەكێك لە هۆكارەكانی لەناوچوونی دەوڵەتەكەیان. - یەكێكی تر لە هۆكارەكان جیاوازی و هەمەجۆری ئەو میللەتانە بوو كە عوسمانییەكان حوكمیان دەكردن و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و شۆڕش و هاندانی هیزە دەرەكییەكان و پەرەپێدانیان بۆ ئەو ئاژاوانەی لە دژی دەوڵەتی عوسمانی لێرەو لەوێ سەری هەڵدەدا. ئەو والی و بەرپرسانەش كە لە سەر ئەو ولایەت و هەرێم و ناوچاوانە دادەنران زۆر جار - بەتایبەت لە كۆتایی دەسەڵاتی عوسمانییەكاندا - تەنها بە ناو سەر بە ئەوان بوون ئەگینا جۆرێك لە سەربەخۆییان هەبوو. - ئاماژە بۆ هۆكارێكی تریش دەكەن ئەویش دواكەوتنی دەوڵەتی عوسمانی بووە لە بواری تەكنەلۆجیاو زانستی هاوچەرخدا و دەستەوسان بوونی ئەوان لە بەربەرەكانی كردنی وڵاتە ڕۆژئاواییەكاندا لە بواری نەهێشتنی نەخوێندەواری (محو الأمیة) و دواجاریش دواكەوتن لە كاروانی زانستی و پیشەسازی و سەربازی ئەواندا. - هەروەها زۆربوونی ئەو شۆرش و بزوتنەوە و حیزب و كۆمەڵانەی كە لەبەر هۆكاری جیاواز كە سەرەكیترینیان هۆكاری نەژاردی و رەگەزپەرستی و ئایینی بوو ئەوەش ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانی خێراتر كردەوە. - هۆكارێكی تریش ئەوە بوو ڕووبەری دەوڵەتی عوسمانی زۆر فراوان بوو بە شێوەیەك سەركردایەتی سیاسی ئەو وڵاتە دەسەڵاتی تەواوی نەبوو بەسەر هەموو ئەو ڕووبەرە زۆرانەدا و پەیوەندی نێوان هەرێمەكان تەواو لاواز بوو، دوا جاریش ئەو فراوانبوونە بێ بەربەست و قەیدو شەرتە بوو بە یەكێك لە هۆكارەكانی ڕوخانی دەوڵەتەكە. - هۆكاری سەرەكیش كە زۆرێك لە توێژەران بە هۆكاری سەرەكی ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی دەزانن، بەشداری كردنیان بوو لە جەنگی جیهانی یەكەمدا لە گەڵ ئەڵمانیادا چونكە جەنگەكە ڕێككەوتننامەیەكی نهێنیان لەو بارەوە ئیمزا كردبوو، كە ئەوەش بڕیارێكی كەمەر شكێن و هەڵەیەكی مێژوویی هەرە گەورە بوو لەناوچوون و توانەوەی ئەو ئیمپراتۆرییەتەی لێ كەوتەوە كە شەش سەدە حوكمڕانییان كرد. بەڵام لە ڕاستیدا ئەگەر لە دیدێكی ئیسلامی و بە تایبەتی ئەگەر لە ڕوانگەی عەقیدەو بیروباوەڕەوە سەیری مەسەلەكە بكەین جگە لەو هۆكارانە هەندێك هۆكاری كاریگەری تر هەیە كە ڕوخانی ئەو دەوڵەتەی خێراتر كردەوە كە بە پێی بەدواداچوونی چەندین توێژەری ئەم بوارە كە دیارترینیان خاوەنی كتێبی (الانحرافات العقدیە والعلمیة في القرنین الثالث عشر والرابع عشر) ، هەروەها علي الصلابي ش لە كتێبی (الدولة العثمانیة عوامل النهوض والسقوط)دا ئاماژەی بە هەندێكی تری كردووە كە دەكرێت بە كورتی لەو بارەوە بلێین: لە ڕاستیدا زۆر هۆكار لە پشتی ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانییەوە دەوەستن، ئاماژەمان بە هەندێكیان كرد، بەڵام كۆكەرەوەی هەموو ئەو هۆكارانە بریتین لە حوكم نەكردنی عوسمانییەكان بە شەریعەتی ئیسلامی لە واقیعی ژیانی خەڵكی و لە دەوڵەتەكەیاندا جگە لە سنوورێكی تەسك و دیاری كراو دا نەبێت، سوڵتانە عوسمانییەكان بەتایبەتی لە چەند سەدەی كۆتاییی حوكمرانیاندا زۆر لە شەرعی ئیسلام دوور كەوتبوونەوە، هەندێكیان بووبوونە پاشكۆیی وڵاتانی ڕۆژئاوا، هیچ ئینتیمایەكیان بۆ ئیسلام نەبوو وەكو عەقیدەو بیروباوەڕ! ئەوەش كاریگەری خراپی خۆی لەسەر تەواوی ئەو گەلانە درووست بوو كە عوسمانییەكان حوكمیان دەكردن و هەستیان بە شوناسی ئیسلامی خۆیان نەدەكرد و فەرمان بە چاكە و نەهی لە خراپە بوونی نەمابوو، بەوەش تووشی هەمان ئەو دەرەنجامە بوون كە بەنی ئیسڕائیل تووشی بوون: ( لُعِنَ الَّذِينَ كَفَرُوا مِن بَنِي إِسْرَائِيلَ عَلَى لِسَانِ دَاوُودَ وَعِيسَى ابْنِ مَرْيَمَ ذَلِكَ بِمَا عَصَوا وَّكَانُوا يَعْتَدُونَ كَانُوا لَا يَتَنَاهَوْنَ عَن مُّنكَرٍ فَعَلُوهُ ۚ لَبِئْسَ مَا كَانُوا يَفْعَلُونَ) المائدة) 78-79. 1- دەوڵەتی عوسمانی بەتایبەتی لە قۆناغی كۆتاییاندا لە مەنهەجی بیروباوەڕی ئیسلامی بەتەواوی لایاندابوو، بۆ نموونە، لە هەردوو سەدەی سیانزە و چواردەی كۆچیدا و لە ئەنجامی نەفامی و جەهل بە ئیسلام و كەم بوون و دەگمەنی زانای ڕەببانی وابەستە بە كیتاب و سوننەتەوە چەمكی الولاء و البراء بە شێوەیەكی مەترسیدار تێكچووبوو، سوڵتانە عوسمانییەكان لە ژێر كاریگەری دوژمنانی ئیسلامدا بوون لە جولەكە و لە گاورەكان، چونكە ئەوان لە ڕووی مادی و سەربازییەوە زۆر بە هێز بوون، تەنانەت بە هۆی پشتگیری و بایەخدانی هەندێك لە سوڵتانەكان بە شێوەیەكی زۆر بەرفراون خوێندنگەی یۆنانی و ئەرمەنی و كاسۆلۆكی لەناو دەوڵەتی عوسمانیدا تەشەنەی كردبوو، جگە لە زۆر هەنگاوی مەترسیدار لە ڕووی عەقیدەو بیروباوەڕەوە كە سوڵتانە عوسمانییەكان ئەنجامیان دەدا و هەمووی نیشانەی ئەوە بوو حوكمرانی عوسمانی بە شێوەیەكی گشتی لە ڕاستیدا لە جەوهەر و حەقیقەتی ئیسلام دوور كەوتبوونەوە و زیاتر ناوەكەیان مابوو. 2- بەڵگەیەكی زەق و دیاریش لەسەر لاوازی دەستگرتنی عوسمانییەكان بە ئیسلامەوە، محمد علي پاشا بوو كە لەلایەن ئەوانەوە والی میسر بوو، بۆ لێدانی بانگەوازی شێخ محمد بن عبدالوهاب كە بانگەوازی تەوحید بوو پشتیان پێی بەست، ئەو هەموو هەوڵەكانی چڕ كردبوویەوە بۆ دژایەتی ئیسلام و موسوڵمانان و بەهێزكردنی پێگەی جولەكە و گاورەكان وڕۆژئاوا لە میسر و لەو شوێنانەی كە لە ژێر دەسەڵاتیاندا بوو. 3- دەوڵەتی عوسمانی لە سەرەتای درووست بوونییەوە لەسەر دەستی عثمان أرطغرل هەمیشە بایەخی بە تەریقەتە سۆفییەكان داوە بەوانەشەوە كە لە دیدی هەندێك لە خودی سۆفییەكانەوە بەتەواوی لە دینی ئیسلام لایانداوە، لە دەوڵەتی عوسمانیدا لە هەموو شار و شوێن و ناوچەیەكدا گۆڕ و مەزارگەی تێدابوو كە خەڵكی ڕوویان تێدەكرد و باوەڕیان بە سوود و زیانی خاوەنی ئەو گۆرە هەبوو، هەروەها لەو دەڤەرانەش كە حوكمیان دەكرد بایەخی زۆر بەو جۆرە گۆڕ و مەزارگانە دەدرا و خەڵكی زۆر لە عەقیدەی راستی كیتاب و سوننەت دوور كەوتبوونەوە ئەو كارانەیان بە دین دەزانی، هەر ئەوەش هۆكاری لەناوبردنی عوسمانییەكان بوو بۆ بانگەوازی شیخ محمد عبدالوهاب كە لەسەر دەستی إبراهیم پاشای كوڕی محمد علي بە دڕندانەترین شیوە لەناوبران. 4- هەروەها خورافە و ئەفسانە بە شێوەیەكی بەربڵاو لەناو دەوڵەتی عوسمانیدا تەشەنەی كردبوو، سوننەت لە چڵەپۆپەی نامۆیی و غەریبیدا بوو ، یەكێك لە خەمە گەورەكانی ئەو دەولەتە بڵاوكردنەوەی خورافە و گرنگیدان بوو بە تەریقەت و بایەخدان بە گۆڕ و گڵكۆ ودرووستكردنی مەزارگا بۆ پیاوچاكان و زانا و كەسایەتییە ئایینییەكان. كتێبەكانی فەرموودەش زیاتر بۆ بەرەكەت دەخوێنرانەوە نەك بۆ ئیش پێكردن! دەگێرنەوە سەحیحی بوخاری لە كەشتییەكانی دەوڵەتی عوسمانیدا دەخوێنرایەوە بۆ ئەوەی كەشتییەكە پارێزراو بێت! یان لە میسر و شوێنانی تر وەكو عبدالرحمن الجبرتي لە (عجائب الآثار) دا دەگێڕێتەوە لە كاتی درووست بوونی گرانی و بارودۆخی ناخۆشدا لە مزگەوتەكان و هەندێ شوێنی تردا بە مەبەستی نەمانی گرانی دەخوێنرایەوە، لە كاتێكدا سەحیحی بوخاری سەرچاوەیەكە بۆ وەرگرتنی عەقیدەی ڕاست و درووستی ئیسلام و بەرپەرچدانەوەی ئەو هەموو لادانانەی دەوڵەتی عوسمانی كە لەو سەردەمانەی كۆتاییاندا بە ڕونی تەشەنەی كردبوو. 5- دیاردەیەكی تر لە دوو سەدەی كۆتایی حوكمی عوسمانییەكاندا كە لە هەموو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیاندا تەشەنەی كردبوو درووستكردنی مزگەوت و گومەز بوو لەسەر گۆڕی ئەوانەی كە بە پیاوچاكان دەناسران و هەروەها شێخی تەریقەتە سۆفییەكان، بێگومان ئەوەش بوو بوو بە ناوەندێكی بیدعەو شیرك لە درێژی وپانی ئەو دەوڵەتەدا. زۆر جاریش درووستكردنی ئەو مزگەوت وبینا و گومەز و مەزارگایانە لەسەر ئەو گۆڕانە بە فەرمانی خودی سوڵتان دەبوو، یان جاری وابوو، كەسانی تری نزیك لە سوڵتان ئەو كارەیان دەكرد بۆ نموونە دایكی سوڵتان عبدالعزیز هەڵسا بە نوێژەنكردنەوەی گومەزەكانی سەر گۆڕی الزبیر بن العوام رضي الله عنه لە بەسڕە و ئەو مزگەوتەشی فراوان كردەوە كە لەسەری درووست كرابوو. عوسمانییەكان بایەخیان بە هەموو شتێك ئەدا كە لەلای خەڵكی پیرۆز و ڕێزدار بوایە بەداخەوە خەڵكیش لە ئەوپەڕی جەهلدا بوون و زانای ئەهلی سوننەش هەر زۆر كەم و دەگمەن بوون سەبارەت بەو حاڵەتە ناكۆكە لە گەڵ عەقیدەی تەوحیددا جۆرێك لە یەك دەنگی درووست بوو لەناو دەوڵەتی عوسمانیدا. 6- سەبارەت بە ئەو ئەفسانەو خورافە زۆرانەی لە ناو دەوڵەتی عوسمانیدا بڵاوەی كردبوو حاڵەتێكی سەرسوڕهینەر بوو، بۆ نموونە وەكو خاوەنی كتێبی (الانحرافات العقدیة و العلمیة) دەگێڕێتەوە، لە ئاستانە (اسطنبول ی ئێستا) كە پایتەختی خیلافەتی پێ دەوترا، مزگەوتێك هەبوو بەناوی (جامع خوجة مصطفی پاشا) بە زنجیرێك دەورە درابوو سەرێكی زنجیرەكەش بە دارێكی كۆنی ناو مزگەوتەكەوە بەسترابوویەوە، باوەڕیان وابوو هەركێ نكۆڵی لە حەقیقەتێك بكات و لە ژێر ئەو زنجیرە دانیشێت زنجیرەكە بەسەریدا دەكەوێت، ئەگەریش لەسەر حەق بێت زنجیرەكە لە جێگای خۆی ناجۆڵێتەوە! لەو دوو سەدەی كۆتایی حوكمڕانی عوسمانییەكاندا بەتایبەتی ئەولیا لە دیدی خەڵكەوە بریتی بوون لە دێوانە و كەسانی ناتەواو و شڕو شێت وگێل و وێل! هەموو ئەوانە لە خەلكی بوو بوون بە ئەولیا و پیاوچاك! كە بێگومان هەندی لەوانە زیاتر نەبوون لە كەسانێكی قۆڵبڕ و لێزان گاڵتەیان بەعەقڵی ئەو خەڵكە جاهیلە دەكرد و پارەیان لێ كۆ دەكردنەوە. 7- لەو چەند سەد ساڵەی كۆتایی حوكمی عوسمانییەكاندا، شیرك و بیدعە و گومرایی و دژایەتی تەوحید بە شێوەیەك زۆر بوو كار لەوە دەرچوو خەڵكی تەنها پەیوەست بن بە مردوو و بە زیندووەكانەوە، بەڵكو شیركی خەڵكی گەیشتە ئەوەی داروبەردیشیان دەكردە هاوبەش بۆ الله تعالی، تەنانەت خەڵكی لە گۆڕەپانی مەیدان لە شاری بەغدا عەقیدەو باوەڕیان بە تۆپێك هەبوو لە پاشماوەی تۆپخانەی سوڵتان مورادی عوسمانی پێی دەوترا (طوب أبي خزام) كە كاتی خۆی ئەو سوڵتانە بە مەبەستی دەركردنی سەفەوییەكان لە بەغدا بەكاری هێنابوو، جا دەچوون نەزر و قوربانییان پێشكەش دەكرد و داوای چاككردنی نەخۆش و چارەسەركردنی كێشەكانیان لەو مەدفەعە دەكرد! كە ئەوەش بوو بە هۆكاری نووسینی كتێبی (القول الأنفع في الردع عن زیارة المدفع) لەلایەن شێخ محمود شكري الآلوسی بەڕەحمەت بێت. 8- دووركەوتنەوەی خەڵكی و زۆربەی ئەوانەش كە پێیان دەوترا زانا لەو سەردەمەدا لە كیتاب و سوننەت گەیشتبوویە ئاستێك زۆر بە ئاسایی كتێگەلی وەكو (فصوص الحكم) و(الفتوحات المكیة) ی ابن عربي بە دەرس دەوترانەوە و جێگای متمانە بوون، كە ئەو كتێبانە لە ڕاستیاد لێوان لێون لە شیرك و فەلسەفە و بیدعە عەقیدی و قسەی نابەجێ لە سەر زاتی الله و دینی ئیسلام بە گشتی. 9- هەروەها وەكو دەرەنجامێك بۆ ئەو لادانە گەورەی عوسمانییەكان لە مەنهەجی قورئان و سوننەت، چالاكی و جوڵەی فیرقە و تاقمە گومراكان بە شێوەیەكی بەرچاو گەشەی كردبوو، وەكو دروز و نوسەیری و ئیسماعیلی و قادیانی و بەهائی كە لەو سەردەمە خۆیان لەسەر ئیسلامیش حیساب دەكرد و ئەوەندەی تر خەڵكییان لە ئیسلام دووردەخستەوە. 10- لە بەڵگە دیار و ئازار بەخشەكان لەسەر ئاستی لادان و گومڕابوونی نەك تەنها خەڵكی، بەڵكو زانایانی ئەو سەردەمەش ئەوە بوو، زانایان كۆبوونەوەو هەڵسان بە هەڵبژاردنی ستەمكار و دوژمنێكی سەرسەختی ئیسلام وەكو محمد علي پاشا بۆ ئەوەی حوكمڕانی میسر بگرێتە دەست. 11- ئینجا لە ڕووی زانستی شەرعیشەوە وەكو علي الصلابي بە دواداچوونی كردووە، دەوڵەتی عوسمانی لە دواكەوتن و پاشەكشەیەكی سەرسوڕهێنەردا بوو، هەموو گرنگیدانیان بە زانست كورتكردنەوەی هەندێك سەرچاوە بوو، بەبێ لێكۆڵینەوەو لێوردبوونەوە، تەنانەت ئەزهەر لەو سەردەمەدا بوو بوو بە ناوەندێكی دیار بۆ وتنەوەی زانستەكانی علم الكلام ی دوور لە كیتاب و سوننەت، بە كورتی زانستی شەرعی تەواو لاواز بوو لەو سەردەمەدا و تووشی سڕ بوونێك بوو كە هیچ گۆڕانكارییەكی لە توانادا نەمابوو. 12- ئیجازەی زانستی (الإجازات العلمیة) كە بەرانبەر بە بڕوانامەی ئێستای خۆمان دێت، هەروا بە خۆرایی و بەبێ هیچ شاییستە بوونێك دابەش دەكرا! زۆرێك لە فێرخوازانی زانستیش هەموو خەم و كۆششێكیان لە كۆكردنەوەی زۆرترین ئیجازەی زانستیدا خۆی دەبینییەوە بێ ئەوەی بە ڕێك و پێكی لەو بوار و پسپۆڕییەی ئیجازەكەدا لێهاتوو بن. 13- كارەساتێكی تری زانستی لە دوو سەدەی كۆتایى حوكمی عوسمانیيەكاندا ئەوە بوو دەرگای ئیجتیهادیان بەتەواوی داخست و تەنها لەسەر قسەی زانایانی كۆن و هەندێ كتێب دەڕۆیشتن، بەڵكو ئەوەی باوەڕی بە كرانەوەی دەرگای ئیجتیهاد و ڕای تازە هەبوایە ئەوە بە تۆمەتێكی گەورە لەسەری تۆمار دەكرا، وەكو دەرەنجامێكیش بۆ ئەم هەڵە گەورەیە، دەمارگیرییەكی مەزهەبی سەخت و نالەبار درووست بوو، شوێنكەوتووی هەر مەزهەبێك وەكو دوژمن لە گەڵ شوێنكەوتوانی مەزهەبێكی تردا ڕەفتاریان دەكرد، ئەم مەزهەبیەتەش كە تەواو لەگەڵ كیتاب و سوننەتدا دژوار بوو، هەموو جومگەكانی دەوڵەتی عوسمانی گرتبوویەوە، نوێژیان لە پشتی یەكترەوە نەدەكرد و هەر مەزهەبێك زاناو موفتی خۆی هەبوو، تەنانەت هەندێ جار بە فەتوا و وەكو حوكمێكی شەرعی ژن و ژنخوازیشیان لە شوێنكەوتووی دوو مەزهەبی وەكو شافیعی و حەنەفی حەرام دەكرد و بە شێوەیەكی گشتی ئەحكامی دین لە مەسەلەی نوێژو ڕۆژوو زەكات و حەج و ژن مارەبڕین و زۆر شتی تر لە نێوان مەزهەبەكاندا جیاوازی هەبوو، وەكو ئەوەی شوێنكەوتووی دوو ئایین بن نەك دوو مەزهەبی فیقهی! بەڵكو حاڵ گەشتە ئەوەی لە زۆرێك - یان لە هەندێك - لە مزگەوتەكاندا چوار میحرابی تێدا درووست دەكرا بۆ شوێنكەوتوانی چوار مەزهەبەكە! من بە خۆم هەندێ مزگەوتی كۆنی سەردەمانی دێرینم لە كوردستاندا بینیوە كە بەڕیزدا چەند میحرابێكی تێدا درووست كرابوو. 14- زوڵم و ستەم لەناو دەوڵەتی عوسمانیدا تەشەنەی كردبوو، سەركردەو پاشا و والییەكانی دەوڵەتی عوسمانی زۆر كرداری ناشیرین و ناشەرعی و دوور لە ڕەوشتیان ئەنجام دەدا، كوشتن و دەست درێژی و داوین پیسی و ستەمیان لێ بەدی دەكرا و سوڵتانیش ئەگەر خۆیشی بەو شێوە نەبوایە یان لێپرسینەوەی لەگەڵ ئەو بەرپرسانەدا نەدەكرد، یان توانای لێپرسینەوەی نەبوو لەگەڵیاندا چونكە كەسانێكی بۆ نموونە وەكو محمد علي هەر بەناو شوێنكەوتووی دەوڵەتی عوسمانی بوون ئەگینا خۆیان دەسەڵاتی ڕەهایان هەبوو. 15- هەندێ لە سوڵتانەكان و زۆربەی دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی عوسمانی نگرۆی گەندەڵییەكی زۆر بوون و بەهۆی حەزو ئارەزووەكانی خۆیانەوە ئاگایان لە هیچی تر نەمابوو، تەنها بۆ نموونە لە كتێبی (المختار المصون من أعلام القرون) دا هاتووە، كە هەندێك لە پاشا عوسمانییەكان هەموو زوڵم و گەندەڵێ و بێ ڕەوشتییەكیان ئەنجام دەدا، خۆ ئەوەی كە محمد علي لە میسر بە موسولمانانی دەكرد و سەدان و هەزارانی تریش لە بەرپرسانی دەوڵەتی عوسمانی نموونەیەكی زەق و ئاشكرایە و لە ژێر سایەی ئەواندا دەكرا! بەڵكو هەر لەو كتێبەدا باسی سوڵتان موراد دەكات كاتێك محمد ی كوڕی لەدایك دەبێت، ئاهەنگێك دەگیڕێت لە سەردەمی هیچ سوڵتانێكی پێش خۆیدا نەكرابێت، خۆشی و شادی و ڕابواردن ومۆسیقا چل و پێنج ڕۆژ بەردەوام بوو، دیاری و بەخششی زۆریش بەسەر خەڵكیدا بەو بۆنەوە دابەش كرا. بەم شێوەش كاتێك دەوڵەتی عوسمانی لە كاروانی زانستی مادی دونیاییەوە بە جێما و دواكەوت، هاوكات لە بنەماكانی دینەكەشی بەتایبەتی لە عەقیدەو بیروباوەڕەكەی لایدا و زانستی شەرعی بوو بە كۆمەڵێك شەڕو ململانێی مەزهەبی و بابەتی خیلافی و ناكۆكی و پەرتەوازەیی و ستەمی دەسەڵاتدارانی زۆر بوو، ئیتر هیچ هەیبەت و ڕێز و هیزێكی نەما و لە پاش شەش سەد ساڵ حوكمڕانی بەكرێگرتەیەكی ڕۆژئاوا وەكو مصطفی كمال هات و زۆر بە ئاسانی ئەو ئیمپراتۆرییەتەی ڕوخاند كە لە دوو سەدەی كۆتاییاندا بەتایبەت تەنها بەناو سەر بە ئیسلام بوون، ئەگینا بە كردەوەكانیان زۆر لە ئیسلامەوە دوور كەوتبوونەوە. إحسان برهان الدین 26 جمادى الآخر 1443 2022/1/29  
محمد علي پاشا و كوشتارگەی قەلعە
    #وانەكانی_مێژوو: 5 محمد علي پاشا و كوشتارگەی قەلعە لە سەروبەندی ئامادەكاری محمد علي پاشادا بۆ ئامادە كردنی هێزێكی دەریایی گەورە لە شاری سویسی میسرییەوە و جوڵاندنی بۆ ناوچەی نەجد بە مەبەستی لەناوبردنی دەسەڵات و حكومەتی یەكەمی سعودیە كە بریتی بوو لە هاوپەیمانییەك لەسەر بنەمای سەرخستنی عەقیدەو تەوحید لە نێوان ئەوان و شێخ محمد بن عبدالوهاب دا ، ئەمەش ترسی زۆری خستبوویە دڵی دەوڵەتی عوسمانییەوە، بۆیە فەرمانیان بە محمد علي كرد ئەو دەوڵەتەی محمد بن سعود و شێخ محمد بن عبدالوهاب بەهەر نرخێك بووە لەناو بدەن. محمد علي پاشا سەرقاڵی درووست كردنی (أسطول) گەلەگەشتییەكی گەورە بوو بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام ترسی مەمالیك هەرچەند لە حوكمدا نەمابوون هەمیشە لە دڵیدا بوو، بەتایبەتی لەو كاتەدا، چونكە سەران و سەكردە سەربازییەكانی مەمالیك ئەگەرچی ڕۆڵیان نەمابوو، بەڵام لە ژیاندا بوون و خاوەنی كەسایەتی كاریگەر بوون و لەهەر هەلێكدا بۆی بوو هەڵسنەوە، بۆیە ئەمەی بە هەلێكی زێڕین زانی لەناویان ببات و قەتڵوعامیان بكات، چونكە مەمالیك كە پێش ئەو ساڵانیكی دوورودرێژ حوكمی میسریان كردبوو و بەوەش ناسرابوون كە لە سەر ئیسلام بە غیرەتن، ئەمە هەمیشە ئەوانی وەكو كۆسپێك وێنا دەكرد بۆ محمد علي. كێشەی مەمالیك ئەوە بوو ئەوان بریتی نەبوون لە ماڵباتێك بۆ محمد علي یان بۆ عوسمانییەكان لەناوبردنیان ئاسان بێت، بەڵكو ئەوان كۆمەڵانێكی جەنگاوەر و سەركردەی ئازا بوون پێشتر لەسەر دەستی فاتمییەكان و دواتر ئەیوبییەكان هێنرابوون بۆ میسر و نیشتەجی كرابوون، لە دوای نەمانی حوكمی ئەیوبییەكانیش توانیان دەسەڵات لە میسردا بگرنە دەست، بۆیە حوكم لە باوكەوە بۆ كوڕ و برا بەجێ نەدەما، بەڵكو مەمالیكەكان خۆیان ڕێكدەكەوتن لەسەر سەركردەیەكی سەربازی و سیاسی بەتوانا و دەیانكردە سوڵتانی میسر، هەر بۆیە لەناوبردنیان لەو كاتەش كە سوڵتەیان نەمابوو كارێكی ئاسان نەبوو، ئەمەش وای كرد كە عوسمانییەكان ئەم كارە گەورەیە بخەنە ئەستۆی ئەو دوژمنە سەرسەختەی ئیسلام لە میسر كە محمد علي بوو ولە راستیدا پیاوی ئەوانیش نەبوو، بەڵكو بەرژەوەندی و دوژمنەكەیان یەك بوون. محمد علي پاشا لە پێناو ڕزگار بوونی لە مەترسی مەمالیكەكان و تۆكمەكردنی بنەماكانی دەسەڵاتەكەی لە میسردا ئامادە بوو هەموو كارێك ئەنجام بدات بەدەر لە ڕەوشتی سەربازی و ئاكاری سیاسی و دین و ویژدان، بۆیە لەو كاتەی كە سوپاكەی ئامادە دەكرد بۆ ڕەوانە كردنیان بۆ نیوەدورگەی عەرەب بە سەركردایەتی طۆسۆنی كوڕی و بەمەبەستی لەناو بردنی بانگەوازی محمد بن عبدالوهاب كە بە وەهابێكان ناویان دەبردن، لەو كاتەدا بیرۆكەیەكی شەیتانی بۆ هات و بە هەلی زانی مەمالیكەكان لەناو بدات، چونكە ئەو سوپای كە ڕووی دەكردە نەجد بۆ لەناو بردنی دەعوەكەی شێخ محمد بن عبدالوهاب كاریگەری دەبوو لەسەر دەسەڵاتی محمد علي و ترسی مەمالیكەكانی هەبوو لەو كاتەدا، بۆیە لە سویسەوە كە سەرقاڵی ئامادەكردنی سوپاكە بوو گەڕایەوە بۆ قاهیرە و وەكو خۆڵ لە چاوكردنیش دواتر وای نیشاندا كە مەمالیكەكان بەنیاز بوونە كرداری سەربازی لە دژی دەسەڵاتی محمد علي بكەن، بۆیە ئەویش وەكو ئەوەی هیچی لەگەڵیاندا نەبێت هەڵسا بە بانگهێشتكردنی نزیكەی پێنج سەد كەس لە سەركردەو كەسایەتی وسەرانی مەمالیك بۆ خوانێكی گەورە بە بۆنەی سپاردنی سەركردایەتی ئەو سوپایەی ئاماژەی پێكرا بە طۆسۆنی كوڕی، هەندێكیش دەڵێن بە بیانووی ئەوە بانگهێشتی ئەو خوانە كراون گوایە محمد علي دەوێت ڕاوێژ بە مەمالیك بكات سەبارەت بە ئامانجی سوپاكەی بۆ لەناوبردنی بزوتنەوەكەی شێخ محمد بن عبدالوهاب لە نەجد و دەشوترێت كە ئەركی پلان داڕشتنی ئەو كوشتارگەیە بە وەزیری بەناوبانگی ئەوكاتە (محمد لاظوغلي) سپێردراوە كە ئێستا لە گۆڕەپانێكی ناو شاری قاهیرەدا پەیكەرێكی بۆ كراوە. لە پاش تەواو بوونی نان خواردن دەروازەكانی كۆشكەكەی هەمووی داخست و فەرمانی بە سەربازەكانی كرد هەموو مەمالیكەكان گوللەباران بكرێن ، جگە لە یەك سەركردەیان نەبێت كە توانی هەڵبێت بەناوی ئەمین بەگ و خۆی بگەینێتە شام، ئیتر هەموویان لە دەعوەتەكەی ڕۆژی هەینی پێنجی مانگی سەفەری ساڵی 1226ی كۆچی بەرانبەر 1811 ی میلادی كوژران، ئەم ڕووداوەش لە كتێبەكانی مێژوودا بە كوشتارگەی قەلعە دەناسرێت وگەڕەكێكی نزیك ئەو كۆشكە ئێستەش لە قاهیرە بە الدرب الأحمر دەناسرێت بەهۆی خوێنیكی زۆری كوژراوەكان كە گەیشتبوویە ئەوێ! مەبەست لە قەلعەش قەڵای صلاح الدین ە لە قاهیرە كە ئەو كوشتارگەی تێدا ئەنجام درا . سەیریش ئەوەیە تاكو ئێستا هەندێك لە مێژوونووسەكان ڕووداوی قەلعە وەكو ڕووداوێكی ئاسایی تەماشا دەكەن بەو پێیەی كە محمد علي پاشا سەركردەی یەكەمی میسر بووە و مافی خۆی بووە كە نەیارەكانی پاكتاو بكات و لەناویان ببات، ئیتر بەهەر سیناریۆ و شێوازێك بێت، بەڵام ڕاستییەكەی ئەوە بوو كە ئەو ڕووداوە غەدرێكی گەورە و كارێكی ترسنۆكانەی دوور لە هەموو ڕەوشت ئاكار و ویژدان و ئایینێك بوو، وەكو پاشكۆی ئەو قەتڵوعامەش و لەدوای ئەو كوشتارگەیە، فەرمان درا بە هێزەكانی محمد علي هەموو كەسێكی كاریگەری مەمالیك لە میسردا بكوژرێت و چەندین هەزاری تریان لێ كوژرا و بەو شێوەش بەتەواوی لەناو بران و ماڵەكانیان تاڵان كرا و كوشتن و تاڵانكردنیش هەر بەردەوام بوو لەلایەن هێزەكانەوە تاكو محمد علي ناچار بوو بەخۆی دابەزیتە ناو شارو شوێنەكان و ئەو دۆخە بوەستێنیت. بەم شێوەش كاتێك سوپاكەی بۆ لەناو بردنی دەعوەی تەوحید بەرەو نەجد بەرێكەوتن هیچ مەترسی و تەگەرەیەك نەمابوو كە محمد علي لێی بترسێت یان حیسابی بۆ بكات. ئەگەرچی ڕووداوی قەلعە خاڵێكی رەشە بەنێوچەوانی محمد علي و دەسەڵاتی عەلمانی میسر لەو كاتەدا و تەنانەت مێژوونوسە ڕۆژئاواییەكانیش كە باسیان كردووە نەیانتوانیوە بەرگری لێ بكەن یان هیچ پاساوێكی بۆ بهێننەوە، بەڵام لەو كاتەوە تاكو ێئستا زۆر مێژوونووسی بەكرێگیراو هەن پاساوی بۆ دەهێننەوە و دەڵێن مافی خۆی بووە دەوڵەتەكەی لە مەترسی مەمالیكەكان ڕزگار بكات كە لەگەڵ خورشید بەگدا پێشتر هاوپەیمانێتیان لە دژی و لە صعید ی میسریش لەسەردەمی محمد علي دا تاكو ماوەیەك دەسەڵاتیان هەبووە و بە هێزی سەربازی لابراون لەوێ. ڕاستە محمد علي پاشا سەركردەیەكی ستەمكار و دیكتاتۆر بوو و هەڵوێستیشی لە ئیسلام ڕوون و ئاشكرا بوو، بەڵام نە لەناوبردنی بۆ مەمالیكەكان بەو شێوە دڕەندانە و نە ڕوخاندنی بۆ بزوتنەوەكەی محمد ی كوری عبدالوهاب بە بێ هەڵكردنی ڕۆشنایی سەوزو ڕەزامەندی و پشتگیریكردنی عوسمانییەكان نەبوو، كە خودی ئەوانیش لە قۆناغی كۆتایی حوكمڕانیاندا باوەڕی تەواویان بە ستەم و سەركوتكردن و پاكتاوكردنی نەیارەكانی خۆیان هەبوو و ئەوانیش چەندین حاڵەتی هاوشێوەی غەدرەكەی محمد علي یان هەیە بەرانبەر نەیارەكانیان ئەنجامیان داوە، چونكە بەڕاستی دەوڵەتی عوسمانی لە كۆتاییەكانیدا زۆر لە ئیسلام دووركەوتبوونەوە و بەرپرس و دارودەستەكانیان لە ویلایەتەكانی ژێر دەسەڵاتیاندا هەموو ستەم و فەساد و خراپەیەكیان دەكرد و ئیسلام تەنها بوو بوو بە ئامرازێك بۆ داپۆشینی ئەو ستەم و فەساد و گەندەڵییە زۆرانەی كە بەرپرسەكانیان لەسەری بوون، كە ئەوەش دواجار بەتەواوی لاوازی كردن و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا تەماحیان لە حوكمەكەیاندا پەیدا كرد ودواجار میراتی دەوڵەتی عوسمانی هەر لە ژیانی دوا سوڵتانیاندا كە بە پیاوە نەخۆشەكە دەناسرا لە نێوان هێزو دەوڵەتەكاندا دابەش كرا و دەولەتەكەیان وەكو داهۆڵێك بوو، یان وەكو شێرەبەفرینەیەك هەر ئەوەندی دەویست پاڵێكی پێوەبنرێت و هەرەس بهێنیت ، كە بەداخەوە هەر واش بوو. إحسان برهان الدین 18 جمادى الآخر 1443 2022-1-21
رفاعة الطهطاوي خاڵێكی وەرچەرخان بوو!
  #وانەكانی_مێژوو: 4 رفاعة الطهطاوي خاڵێكی وەرچەرخان بوو! مێژوو دوو دەرگای بەرینی بەناوبانگی هەیە، زۆر بە سادەیی یەكێكیان دەرگایەكی باشە و ئەوی تریان دەرگایەكی خراپە، ئیتر ناودارەكان لە پاش مردنیان لە یەكێك لەو دوو دەرگاوە داخڵی مێژوو دەبن، جا رفاعة الطهطاوي( لەدیدی ئیسلامەوە) بە ئەوپەڕی شاییستەییەوە لە دەرگای دووەمەوە چووەتە ژوورەوە. رفاعة الطهطاوي لە ساڵی 1801ز لە صعید ی میسر لە دایكبووە و بەڕەچەڵەك دەگەڕێتەوە سەر حوسەینی كوڕی عەلی الله لێیان ڕازی بێت واتە بە تەعبیری خۆمان شێخ یان سەید بووە! ئەم زاتە هەر لە تەمەنی منداڵییەوە هەموو قورئانی لەبەر كرد و لە تەمەنی شانزە ساڵیدا بوو بە خوحندكاری ئەزهەر و زانستەكانی فقهو فەرموودە و تەفسیر و نەحو سەرفی وەرگرت و دوای تەواوكردنی خوێندنیش دەستی كرد بە وانە وتنەوە. لەوكاتەدا محمد عەلی پادشای میسر، بەرنامەی وابوو ماوەی جارێك كۆمەڵێك گەنجی تازە پێگەیشتووی دەناردە ئەوروپا بەتایبەتی لەوانەی كە هەلوێستیان لە دژی ئیسلام هەبوو، بۆ ئەوەی پاش گەڕانەوەیان بۆ مەبەستەكانی خۆی بەكاریان بهێنیت و لە شوێنی هەستیاری وڵاتدا دایانبمەزرێنیت، جا رفاعة الطهطاوي مامۆستایەكی هەبوو بەناوی شیخ حسن العطار لە محمد علي پاشاوە نزیك بوو، بۆیە پێشنیاری ئەو خوێندكارەی خۆی كرد ببێتە مامۆستا و پێشنوێژی ئەو خوێندكارانەی كە ژمارەیان زیاتر لە چل كەس دەبوون و بەمەبەستی خوێندن بۆ فەرەنسا دەچوون. ئەم گەشتەی فەرەنسا بۆ طهطاوي وبگرە بۆ میسر و جیهانی ئیسلامیش خاڵێكی وەرچەرخان بوو، چونكە وەكو پێشنوێژێك ڕۆیشت و وەكو دوژمنێكی كاریگەری ئیسلام گەڕایەوە میسر. لە پاش گەڕانەوەی و ئەو گۆڕانكارییە گەورەی بەسەریدا هات كە زۆر سەرسام بوو بە ئەوروپا و زۆریش ڕەخنە و گازندەی لەئیسلام بۆ درووست بوو، ئەوە بووە مایەی ڕازی بوونی محمد علي و كوڕەكانی لە طهطاوي و لەبەرزترین پلەو پۆستەكاندا دایاننا و لەڕووی مادیشەوە بوو بە یەكێك لە دەوڵەمەندترین كەسایەتییەكانی ئەو سەردەمە لە میسردا. رفاعة الطهطاوي هەوڵەكانی بۆ دژایەتی كردنی ئیسلام جۆراوجۆر بوو، لەوانە: - دامەزراندنی كۆلێژی زمانەكان كە لە ڕاستیدا ئەوە وەكو بەهانەیەك بوو بۆ بڵاوكردنەوەی بیری ڕۆژئاواو لە بنچینەشدا بە ئاراستە كردنی فەرەنسییەكان بوو، لەو كۆلێژەدا بانگەشە بۆ شارستانی ڕۆژئاوا دەكراو بە هەموو شێوەیەكیش شارستانی و فیكر و مەنهەجی ئیسلامی لێدەدرا و ناشیرین دەكرا و دەیان كەسایەتی ناودار لە سەر ڕێچكەی الطهطاوي دوای ئەو درووست بوون. - رفاعة الطهطاوي هەڵسا بە نووسینی كتێبی: "تخليص الإبريز في تلخيص باريز" لەم كتێبەیدا جوانكارییەكی زۆری بۆ شارستانی ڕۆژئاواو بەتایبەتی بۆ فەرەنسا كرد و هەموو شتێكی ئەوانی بۆ میسررییەكان -بەدەر لە حوكمی ئیسلام لەو شتانەدا- وەكو كارێكی چاك نیشاندا كە پێویستە شوێنی بكەون، بۆ نموونە دەڵێت: سەماكردن لە پاریسدا بەشێكە لە ژیانی خەڵكی و وەكو لای خۆمان نییە تەنها بۆ وروژاندنی حەزو شەهوە بێت، پیاوێك زۆر بە شێوەیەكی ئاسایی ئافرەتێك بۆ سەمایەك بانگ دەكات و دوای تەواو بوونی پیاوێكی تر بیناسێت یان نەیناسێت بۆ سەمایەكی تر بانگی دەكات و ئافرەتەكەش بەخۆشحاڵییەوە دەڕوات! ئینجا بە وردی باسی ئەو شێوە سەمایانە دەكات كە خۆی لەو كاتەی لە پاریس بووە بینیوێتی. وەكو ئەوەی ڕەوشت پەیوەندی بە دینەوە نەبێت و مەسەلەیەكی جیاواز بێت، بە كورتی كتێبەكەی الطهطاوي لەیەكیك لە ئامانجەكانیدا جۆرێك بوو لە ڕەواجدان بە گەوادی و بانگەشەیەك بوو بۆ بڵاوبوونەوەی بێڕەوشتی لە كۆمەڵگای میسریدا كە دواتر قاسم أمین زیاتر ئەویش هەر بەناو دینەوە برەوی بەو لادانە ڕەوشتییەدا و بانگەشەی فرەدانی سەرپۆش و زۆر شتی تریشی بۆ زیاد . - رفاعة الطهطاوي و هاوڕێكانی بە پێی پلانێكی ورد و بەرنامە بۆ داڕێژراو، هەڵسان بە وەرگێڕانی زۆرێك لە شانۆگەڕی و چیرۆك و بەرهەم و كتێبەكانی ڕۆژئاوا و هەموویشی لە بازنەیەكی مەبەستداردا خۆی دەبینیەوە كە بە ئاراستەی تێكدانی كۆمەڵگای موسوڵمانان سەرەتا لە میسر و دواتر لە وڵاتانی تری جیهانی ئیسلامیدا كاریگەری خۆی هەبوو. - یەكێك لەو دروشمانەی رفاعة الطهطاوي پێوە گەڕایەوە لە فەرەنسا ئەمەبوو كە دەیوت: (إن السفور والاختلاط ليس داعيًا إلى الفساد) واتە سفور و تێكەڵبوونی پیاوان و ژنان نابێتە مایەی بڵاوبوونەوەی خراپە و بەڵكو زۆر مەسەلەیەكی ئاساییە. - لە دەرەنجامی هەوڵەكانی رفاعة الطهطاوي و هاوەڵەكانی دەرگا لەسەر پشت كرایەوە بۆ ڕۆژهەڵاتناسەكان بۆ ئەوەی بانگەشە بۆ بیروبۆچوونەكانی خۆیان بكەن كە هەر هەمووی لە دژی عەقیدە و شەریعەتی ئیسلام و زمانی عەرەبی بوون. - الطهطاوي پاش پەنجا ساڵ لە هەوڵ و كۆشش بەو ئاراستەدا كە باسمان كرد كە لەو ماوەیەدا دەیان كتێبی بە مەبەستی تێكدانی كۆمەڵگای میسری و دوورخستنەوەیان لە ئیسلام وەرگێڕاو و دوای ئەوەی بە باشترین شێوە كە داوای لێ كرابوو هەڵسا بە ڕۆڵی خۆی لە ساڵی 1873ز مرد و ئیتر كاروانی شێواندنی ئیسلام و سەرلێتێكدانی موسوڵمانی كۆتایی پێ هات، بەڵام دەیان و سەدان نووسەر و مامۆستای زانكۆ و ڕۆشنبیر! و وەرگێڕی لەدوای خۆی بەجێهیشت كە هەموویان قوتابی ئەو و بەرهەم و دەرەنجامی هەوڵ و كۆششەكانی بوون لە پێناو دامەزراندنی دەوڵەتێكی عەلمانی كە دەوڵەتی میسری ئێستا بە بەرهەم و پاشماوەی ئەو دادەنرێت. شایانی باسە ئەم ناودارە لە ژیانیدا زۆر بەرپرسیارێتی زانستی وئیداری وەرگرتووە كە یەكەمینیان وەرگێڕ بوو لە قوتابخانەی پزیشكی و كتێبی زۆر نووسیوە و وەرگێڕاوە و بە خۆیشی كەسێكی كردەیی بووە و لەسەر زەمینەی واقعدا كاریگەری هەبووە و بە شێوەیەكی گشتی لە سەردەمی خۆیدا ڕۆڵی زۆری هەبووە و ناكرێت هەموو كارەكانی بە خراپ وەسف بكرێت، چونكە لە بواری زانستی پەتی وەكو زانستی پزیشكی و جوگرافیا و مێژوو و فەلەك و ئەدەب و بواری تردا كتێبی وەرگێڕاوە و خزمەتی زانستی كردووە، بەڵام لە لایەنە ئایینییەكەیەوە محمد علي ئەوی بۆ بەرنامەیەكی دژ بە ئیسلام و موسوڵمانان بە كارهێنا و تەماحی زۆری خستەبەری، ئەوەش بۆ ئەو كە لە قۆناغێكی گەنجی هەستیاردا بوو، تاقیكردنەوەیەكی قورس بوو، بەڵام بەداخەوە لەو تاقیكردنەوە دەرنەچوو. إحسان برهان الدين 8 جمادى الآخر 1443 2022-1-11
هەڵوێستی محمد علي پاشا لە ئیسلام و لە ڕۆژئاوا
  #وانەكانی_مێژوو: 3 هەڵوێستی محمد علي پاشا لە ئیسلام و لە ڕۆژئاوا 1- لە سەردەمی پاشایەتی خۆیدا لە میسر، محمد علي پاشا دەوروبەری خۆی بە كاربەدەست ودارودەستەی گاور و جولەكە تەنیبوو، پلەو پایە وپۆستە هەستیارەكانی لە دەوڵەتی میسردا زياتر بەوان سپاردبوو، وەكو وەزارەتی دەرەوە و دارایی و زۆرێكی تریش لە جومگەكانی ژیان لەو وڵاتەدا، جگە لەوەش میسر لە سەردەمی ئەودا، جێگایەكی ئاسوودە بوو بۆ هەموو بێ باوەڕ و نەیارێكی ئیسلام، بانگهێشت دەكران بۆ ئەوەی لە میسر وەبەرهێنان بكەن، تەنانەت ژمارەی گاور و جولەكە و دروز وینەكانی تر ئەوەندە زۆربوو بوون، جێگایان بە موسوڵمانان سەغڵەت كردبوو، چونكە قاهیرە لەو كاتەدا شارێكی بچووك بوو درێژییەكەی لە پینج كیلۆمەتر بەدەر نەبوو. 2- هەروەها لەسەردەمی خۆیدا محمد علي پاشا دەرگای وڵاتی لەسەر پشت بوو بۆ خاچپەرستان بۆ مەبەستی گەڕان بە دوای شوێنەواردا، شێخ محمد قطب بە رەحمەت بێت دەگێڕێتەوە كە فەرەنسا باوەشی بۆ محمد علي كردبوویەوە و هەموو ئاسانكارییەكی لە بواری سەربازیدا پێشكەش دەكرد بۆی ، بەو شێوەیەش محمد علي بە باشترین شێوە بە ڕۆڵی خۆی هەڵسا سەبارەت بە بەوەی كە لەسەری بوو لە دژایەتی دوڵەتی عوسمانی و نامۆكردنی ئیسلام و نەهیشتنی ڕۆڵی ئەزهەر. 3- لە ڕاستیدا بەهێزكردنی ڕۆژئاوا بۆ محمد علي لە ڕووی سەربازییەوە تەنها و تەنها بە مەبەستی لێدانی ئیسلام و جیابوونەوە بوو لە دەوڵەتی عوسمانی، بۆیە كاتێك محمد علي زۆر بەهیز بوو وخەریك بوو خۆی لەبیربچێتەوە و ڕووبەڕووی دەوڵەتێكی خاچپەرستی وەكو یۆنان وەستایەوە، هەموو ئەوروپا لە جەنگی نافارین بەیەك دەنگ لە ڕوویدا وەستانەوە و لە ئاستی خۆیدا ڕایانگرت. 4- جگە لەوەش ئەركێكی تری گەورەی پێ سپێردرابوو ئەویش لێدانی دەعوەی شێخ محمد بن عبدالوهاب بوو لە نیوەدورگەی عەرەبدا كە لەمەشدا بەڕواڵەت گوێڕایەڵی سوڵتانی عوسمانی بوو، كە دەسەڵاتی لە نەجد و حیجازدا لە دەستدابوو، هاوكات جێبەجێكردنیش بوو بۆ پلانەكانی بریتانیا و فەرەنسا، دواتریش ئەو دوو وڵاتە لەسەر لێدانی محمد علي بۆ بانگەوازی تەوحید لە جەزیرەدا سوپاسیان كرد و پاداشتیان دایەوە. 5- محمد علي سوور بوو لەسەر ئەوەی لە هەموو شتێكدا شوێنپێی ڕۆژئاوا هەڵبگرێت،كوێرانە لاسایی ئەوانی دەكردەوە، بۆیە یەكەمین هەنگاوی ئەوە بوو سیستمێكی خوێندنی گشتگیری لە ميسر دامەزراند لە قۆناغی سەرەتاییەوە بۆ قۆناغی خوێندنی باڵا لەسەر شێوازی خوێندن لە ڕۆژئاوادا و بەو شێوەش ڕۆڵی ئەزهەری بەجارێ پەكخست، كە ئەوەش كاریگەری خراپی هەبوو لەسەر موسوڵمانان. سیاسەتیشی لەم بارەوە ئەوە بوو بەردەوام گەنجانی دەنارد بۆ خوێندن بۆ ئەوروپا كە ئەمە كاریگەرییەكی قوڵی لەسەر كۆمەڵگای میسری بەجێهێشت چونكە ئەوە سەرەتای هاتنی عەلمانیەت بوو بۆ ناو موسوڵمانان و گۆڕەپانی خوێندن و كۆمەڵگای میسری بە شێوەیەكی گشتی بەوە ڕەنگكرد. بۆ جێبەجیكردنی ئەو سیاسەتەش یەكێك لەوانەی ڕۆڵی زۆر گەورەی هەبوو رفاعة الطهطاوي بوو، كە لەپاش گەڕانەوەی لە فەرەنسا هەڵسا بە نووسینی كتیبی (تخلیص الإبریز فی تلخیص باریز) وكتێبەكەی بە محمد علي پێشكەش كرد و هەمووی بریتی بوو لە وەسفی كۆمەڵگای فەرەنسا و هەر لەوێیشەوە بانگەشەی ئازادی ئافرەت و فڕەدانی سەرپۆش دەستی پێكرد و بوو بە سەرەتایەك بۆ بانگەوازەكەی قاسم أمین و كەسانی تر. 6- سەبارەت بە حوجرەی فەقێ و مناڵان بۆ لەبەركردنی قورئانی پیرۆز وفێربوونی زانستە شەرعییەكان كە لەناو میسردا لەو سەردەمەدا بەربڵاوبوو، ئەوەش دەستی تێكدانی محمد علي پێ گەیشت، وەكو مێژوونووسی بەناوبانگ عبدالرحمن الجبرتي بە رەحمەت بێت دەڵێت: زۆربەی ئەو خوێندنگا و حوجرانە داخران بە هۆی ئەوەی محمد علي بودجەی لێ بڕێن و نەیانتوانی بەردەوام بن. 7- محمد علي بە شایەتی مێژوونووسی ئینگلیزی بەناوبانگ توینبی سەركردەیەكی ستەمكار و دیكتاتۆر بوو، ئەو دەربارەی دەڵێت: محمد علي دیكتاتۆ بوو، توانی بۆچوونەكانی ناپلیۆن بكاتە ڕاستییەكی بەرجەستكراو لە میسردا. بۆیە هیچ گومانێكی تیدا نییە كە محمد علي درووستكراوی دەستی ڕۆژئاوا بوو و بەكرێگرتەیەكی ئەوان بوو. 8- محمد علي لە درێژایی ساڵانی حوكمڕانی خۆیدا بۆ میسر هەمیشە كاری بۆ لەناوبردنی عەقیدەی (الولاء والبراء) دەكرد لە دڵی موسوڵماناندا و لەو پێناوەشدا لە دژی موسولمانانی میسر هەموو ڕێگەیەكی دەگرتەبەر. سەبارەت بە حوكمڕانی كوڕو كوڕەزاكانی محمد علي لەپاش خۆی، لە ڕاستیدا ئەوان كەسانێكی تا بلێی بە ئەمەك بوون بۆ ڕێبازی باوك و باپیرەیان و هەرگیز ئەو ڕێگەی ئەویان ون نەكرد ولێی لایان نەدا و لەپەرەپێدانی فیكری عەلمانی لە میسر و سەركوتكردنی هەر گەڕانەوەیەكی راستەقینە بۆ دينى ئيسلام وبيروباوەڕەكەی درێغییان نەكرد و بەردەوامیش كێبڕكێی بە دەستهێنانی ڕەزامەندی ڕۆژئاوا بوون. 9- ئەڵبەتە ئەم كورتەی باسم كرد لێرە تایبەت بوو بە هەوڵەكانی محمد علي پاشای میسر لە دژایەتی كردنى ئیسلامدا لە میسر، بەڵام لە ڕاستیدا خەڵكیش لەبەرانبەردا كە هێشتا لەو سەردەمەدا گوڕوتینی دینداری و عەقیدەی راستەقینەی كیتاب و سوننەت هێشتا لە دڵیاندا مابوو، دەستەوسان نەبوون و ئەوەی لە دەستیان بهاتایە بۆ دینەكەیان دەیانكرد، بەڵام محمد علي پشتی بە ڕۆژئاوا قایم بوو، هەروەها بە ئاگرو بە ئاسنیش ڕەفتاری دەكرد و بێ وچان كاری لەسەر لاوازكردنی موسولمانان دەكرد. 10- جێگای داخیشە كە هەوڵەكانی محمد علي لە دژی ئیسلام وموسوڵمانان لە میسردا، بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ لە كەمتەرخەمی وبێ هەلوێستی دەسەڵاتی عوسمانییەكاندا خۆی دەبینێتەوە بۆ بەرگری لە ئیسلام، هەروەها بەهۆی ئەوەوە بوو كە خودی عوسمانییەكان بەتایبەتی لەو چەند سەدەی پێش ڕوخانیاندا شیرك و بیدعە و خورافیات بەناویاندا تەشەنەی كردبوو، وەكو تەشەنە كردنی ئاگر لەناو كادا، بۆیە بەداخەوە عوسمانییەكانیش بەتەواوی بە ڕۆژئاواو یاساكانی و شارستانییەتی ئەوان سەرسام بوون و ئیسلام لەلایان بوو بووە بە كۆمەڵێك كەش و هەواو وزیكر و هەڵپەڕكێ وبەپیرۆز تەماشاكردنی مەزارگە و تەنانەت دەقەكانی قورئان و سوننەتیش لە جیاتی حوكم پێكردنیان بوو بوونە هۆكاری هێنانی بەرەكەت و زۆركردنى ڕزق و ڕۆزی و خوێندنەوەیان بۆ نەهیشتنی گرانی شتومەك و پاراستنی كەشتییەكانی دەولەتی عوسمانی لە گەشتەكانیاندا، بۆیە وەكو لە كتیبەكانی مێژوودا هاتووە سەحیحی بوخاری بۆ بەرەكەت و بە شیوەیەكی فەرمی لەناو كەشتییەكانی دەولەتی عوسمانیدا دەخوینران و هەروەها لە كاتی گرانیدا فەرمان دەكرا لە بازنەی خویندنەوەی لە شوێناندا بۆ دروست بكرێت! 11- لەڕاستیدا بە هۆی حوكم نەكردنی عوسمانییەكان بە شەریعەتی ئیسلام و سەرسام بوونیان بە شارستانی ڕۆژئاوا؛ خۆری حوكمڕانیان بە خێرایی بەرەو ئاوابوون دەچوو و هەر ئەوەندەیان مابوو كە كەسێكی وەكو مصطفی كمال أتاتورك بێت و دوا فیشەك بنیت بەكەلەی سەریانەوە، كە مەخابن هەرواش بوو، كۆمەڵەی الإتحاد و الترقي زۆر بە ئاسانی ئەو ئیمبراتۆرییەتەی سەدان ساڵ حوكمی نیوەی دونیایان دەكرد زۆر بە ئاسانی و بەیەك فەرمان كە درا بەدەستی سوڵتان عبدالحمید سەرلەبەری ئەو حوكمڕانییە دێرینە بەرینەی سەدان ساڵە هەڵوەشايەوە و بەجارێك هەرچی شوێنەواری ئیسلام هەبوو لە توركیا ڕیشەكێشیان كرد وكینەی چەند ساڵەی خۆیان و ڕۆژئایان بەو شێوە دەربڕی. * هەندێ لە زانیارییەكانی ئەم پۆستەم لە كتێبی (الإنحراقات العقدیة في القرنین الثالث عشر و الرابع عشر) وەرگرتووە. إحسان برهان الدین 8 جمادى الآخر 1443 2022-1-10
سەرەتای بەزینی گەورە لێرەوە بوو!
    #وانەكانی_مێژوو: 2 سەرەتای بەزینی گەورە لێرەوە بوو! یەكەمین تێكشكانی سەختی موسوڵمانان و بەزینیان لە ڕووی هێزو فیكرو عەقیدەشەوە، لەو ساتەوە دەستی پێكرد كە ناپلیۆن بە سوپایەكی دەریایی گەورەو بە كەرەستەی شەڕو بە تۆپ و تەقەمەنی نوێی زۆر پێشكەوتووتر لەوەی لای موسوڵمانانی میسر و دەوڵەتی مەمالیك هەبوو لەو سەردەمەدا و لە كەناری دەریای سپی ناوەڕاستەوە لە ئیسكەندەرییە لە ساڵی1798م میسری بە زەبری هیز داگیر كرد. موسولمانانی میسر بەرگرییەكی سەرسوڕهێنەریان كرد و ئازایەتییەكی زۆریان نیشاندا، بەڵام لەبەر ئەوەی هێزەكە نابەرانبەر بوو، لەلایەكی تریشەوە لەبەر ئەوەی جەهل تەشەنەی كردبوو لە میسر و بنچینەی عەقیدەو بیروناوەڕ لەناویاندا وەكو پێویست پتەونەبوو، بۆیە دواجار دوو جۆر شكستی تاڵ و مێژوویی سەختیان تووش بوو، یەكەمیان لە ڕووی سەربازییەوە تیكشكان و دووەمیش لە ڕووی دینەكەشیانەوە نەیانتوانی لە ئاستی پێویستدا بن و بەرگەی فیتنەی ئەو پەلامارەی ناپلیۆن بگرن كە بە هەموو واتایەك شۆرشێك بوو لە نوێگەری و هێنانی چاپخانە و كتێب و داهێنانی شانۆ و دەرخستنی جەستەی ئافرەت لە شوێنە گشتییەكان و بە كورتی سیستمێكی نەبیستراو و نەبینراوی هێنایە میسرەوە و لە پاش دەرچوونیشی هەمووی بۆیان بەجێ هێشت و توانی بە تەواوی سەر لە بە شێكی زۆر لە موسوڵمانان تێكبدات و چەمكەكانیان لەلا بشێوێنێت و زۆرێك لە بابەتە جێگیرەكانی ئیسلام لە دیدیاندا تێكبدات! بەو شێوەش میسر وەكو چۆن پێشەنگی موسوڵمانێتی بوو، بەهەمان شێوە بوو بە پێشەنگی بلاوكردنەوەی بێ دینی و بێ ڕەوشتی و بۆ وڵاتە عەرەبییەكانی تر. ناپلیۆن ئەگەرچی زۆر لە میسر نەمایەو و دوای سێ ساڵ شكستی لە جەنگی ئەبوقیردا، پاشەكەشەی پێكرا و لەناو میسردا وەكو هیز بوونیان نەما، بەڵام خراپترین كاریگەری لەپاش خۆی بەسەر موسوڵمانان و دینی ئەوانەوە بە جێ هێشت، چونكە ناپلیۆن یاسایەكی بە زۆر سەپاندە سەر موسوڵمانانی میسردا كە زۆربەی لە یاسای فەرەنسی عەلمانی وەرگیرابوو، جگە لە هەندێ بواری باری كەسایەتی نەبێت كە لە شەریعەتی ئیسلامەوە وەرگیرابوو، ئینجا بەو چاپخانەش كە لەگەڵ خۆی بردی ودوای خۆیشی لە میسر بەجێما، هەروەها بە هۆی زانا و شارەزایەكی زۆر كە لەو حەملەدا لەگەڵی بوون، هەموو ئەوانە بووە مایەی جۆرێك لە كرانەوەی میسرییەكان لەسەر شارستانی ڕۆژئاوا، جا هەندێ لەو كرانەوە بە سوود بوو بۆ دونیایان و زۆربەشی زیانێكی گەورە و سەرلێ تێكدانێكی خراپ بوو بۆ خەلكی میسر . چونكە ئەو گۆڕانكارییە گەورانە شۆڕشێكی فیكری سەیری لەلای خەڵكی میسر و دواتر جیهانی ئیسلامی دروست كرد، بەتایبەتی - كە ئەمەیان لە هەمووی ترسناكتر بوو - ناپلیۆن توانی لە پاش خۆی كەسانێك دروست بكات و بەجێبهێڵێت هەر لە خودی میسرییەكان لە ناپلیۆن زیاتر دژایەتی ئیسلام بكەن هەر لە محمد علي وكوڕەكانی كە پێشەنگی دژایەتی ئیسلام بوون و كەسانی وەكو رفاعة الطهطاوي كە ئەویش گەورەترین شوێنەروای خراپی بوو لەو بارەوە و تا دەگاتە دكتۆر طه حسین و سلامة موسی مصطفی عبدالرازق و زۆرێك لەمانەی ئیستاش كە بەرهەمی ئەوانن و لە كاسەی سەری ئیسلامدا ئاودەخۆنەوە لە نەوەكانی ئەوانن. ئێستاشی پێوە بێت هەموو هەوڵ و كۆششێكیان بۆ نامۆكردنی ئیسلام و دورخستنەوەی موسوڵمانانە لە دینەكەیان. لە شتە سەیر و سەرنج راكێشەكان ئەوەیە ناپلیۆن لەو ماوەی كە لە میسردا مایەوە سوور بوو لەسەر ئەنجامدانی هەموو شتێك زیانی بۆ دینی ئیسلام و موسوڵمانان هەبێت لەوانە زیندوو كردنەوەی بیدعە، لە كتێبەكانی مێژووی ئەو سەردەمەدا هاتووە كە نابلپیۆن پرسیاری كردووە لە خەڵكی بۆچی وازتان لە زیندوو كردنەوەی یادی لە دایكبوونی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم هیناوە چونكە لە دوای داگیكردنی میسر ئەو مەڕاسیمە لە میسر نەما، ئەوانیش وتیان لەبەر ئەو بارودۆخەیە، ئەویش بودجەی بۆ ئەوە مەبەستە دیاری كرد و هانیدان ساڵانە لە كاتی خۆیدا ئەو یادە بكرێتەوە و سەربازە فەرەنسییەكانیش بەشدارییان دەكرد لەگەڵ خەڵكیدا. إحسان برهان الدین 6 جمادى الآخر 1443 2022-1-9
محمد علي پاشای چاكساز و...ستەمكار
  #وانەكانی_مێژوو:1 محمد علي پاشای چاكساز و...ستەمكار محمد علی سەرەتا سەركردەیەك بوو لە سوپای عوسمانیدا و دواتر خۆی وەكو پاشای میسر ڕاگەیاند و لە كاتی لاوازی دەوڵەتی عوسمانیدا لێیان هەلگەڕایەوە و بۆ ماوەی زیاتر لە چل ساڵ لە 1805 بۆ 1848ز، پادشای میسر بوو، لە دوای خۆیشی نەوەكانی حوكمی میسریان كرد تاكو سەردەمی دوا حوكمڕانیان كە مەلیك فاروق بو كە لە ساڵی 1952 لەسەر دەستی جمال عبدالناصر و هاوڕێكانی لەسەر حوكمی میسر لابرا. محمد علي خۆی ناوی لە خۆی نابوو دامەزرێنەری میسری نوێ، توانی هەرچی ئەوەی ناپلیۆن لە كاتی پەلامارەكەیدا بۆ سەر میسر دژ بە ئیسلام فریا نەكەوت بیكات، ئەو بە زیادەوە ئەنجامی بدات، ئەڵبەتە نكۆڵی لەوە ناكرێت چاكسازی زۆری لە ڕێگەوبان و پێشەسازی و كشتوكاڵدا لە میسر كردووە لەو سەردەمەدا، من قسەم لەسەر ئەوە نییە، بەڵام سەبارەت بە شوێنپێ هەڵگرتن ولاساییكردنەوەی ڕەهای بۆ ڕۆژئاواو بەردەوام ناردنی گەنجانی ڕۆشنبیر بە واتای ئەو سەردەمە بۆ ئەوروپا و گەڕانەوەیان لەوێیەوە بە بەرنامە و بیرۆكەی زۆرەوە بۆ لێدانی ئیسلام و لە خشتەبردنی موسوڵمانان ئەوە كاریگەری زۆری هەبوو لە بەعەلمانی كردنی میسر وكە دواتر طه حسین و سلامة موسی ولویس عوض وسەدان ئەكادیمی و نووسەر و ئەكتەر وخەڵكی تر لەسەر ئەو چەمكانە درووست بوون هەمووی دەرچووی قوتابخانەكەی ئەو بوون. لە ڕاستیدا محمد علي باپیرەگەورەی عەلمانیەتە لە میسردا لە دوای ناپلیۆن ، هەرچی ئەوانەش كە دواتر وەكو بیرمەند و ڕوناكبیر و نووسەر ناسران و لە ڕاستیدا خۆیان دوژمنی داخ لە دڵی ئیسلام بوون، هەموویان لەبەرهەم و هەوڵەكانی ئەو درووست بوون هەر ئەوانیش بوون كە درێژەیاندا بە دوورخستنەوەی سەدا هەشتای شەریعەتی ئیسلامی لە واقیعی ژیانی خەڵكی و لە جیاتی ئەوە كاركردن بە یاسای فەرەنسی لە میسردا. ئەڵبەتە من لێرەدا لە باسی ژیاننامە و باشی و خراپییەكانی ئەو ناودارەدا نیم ئەوە باسێكی دوورودرێژە و عەرەب واتەنی له ماله وعلیه ما علیه، بەڵام تەنها مەبەستم بوو چەند وێستگەیەكم لەگەڵی هەبێت بۆ خوێنەرانم و دوا وێستەگەش ئەوەیە، محمد علي نموونەی دەسەڵاتداری ستەمكارو خوانەناس بوو، لێرەشدا ئاماژە بە یەك نموونە دەكەم: دەگێڕنەوە محمد علي داوای لە (عبدالرحمن الجبرتي) كردبوو كە ئەو مێژوونووسێكی ناوداری ئەو سەردەمەی میسر بووە، كتێبێك لە وەسف و ستایشیدا بنووسێت، بەڵام جەبەرتی ڕازی نەبووە هیچ ستایشێكی محمد علي بكات، كە من پێم وایە هۆكارەكەش هەڵوێستەكانی محمد علي بووە لە عوسمانییەكان كە لێیان جیابوویەوە وجەبەرتیش وەلائی بۆ ئەوان بووە! هەروەها هەڵوێستی محمد علي لە شەریعەتی ئیسلام كە زۆربەی لابرد و كاری پی نەدەكرد لە میسردا، دواتر بەهەڕەشەوە داواكەی لێ دووبارە دەكاتەوە بەڵام ئەو هەر ڕازی نابێت، جەبەرتی دوای نووسینی كتێبی (عجائب الآثار ) لە مێژووی هاوچەرخی میسردا ناوی پەیدا كردبوو وكتێبەكەشی لەلایەن سوڵتانی عوسمانی ئەو سەردەمەوە بۆ توركی وەرگێڕدرا و ناوبانگی پەیدا كردبوو، بەڵام محمد علي پاشا وەكو هەر ستەمكارێكی تری عەلمانی كە لە كاتی سەخڵەتبوون و پێویستیدا هیچ هێڵێكی سووری ئایین و ڕەوەشت نامێنیت نەیبەزێنیت، بۆیە دەستی چووە خوێنی كوڕی ئەو مێژوونووسەو بۆ ئەوەی جەرگی باوكی بسوتێنێ و بە كوشتنی كورەكەی تۆلەی لێ بكاتەوە. عبدالرحمن الجبرتي لەدوای كوژرانی كوڕەكەی لەسەر دەستی محمد علي ئارامی نەما و كەوتە دۆخێكی زۆر خراپەوە و ژیانی لێ تاڵ بوو، ئەو سێ ساڵەش كە دوای مردنی كوڕەكەی تەمەنی كرد، هەمووی بە گریان بەسەر برد تاكو چاوەكانی لە دەستدا و لەماڵی خۆی دەرنەچوو تا وەفاتی كرد. إحسان برهان الدین 5 جمادى الآخر 1443 2022-1-8