/وانەکانی مێژوو/
كۆتا قۆناغی عوسمانییەكان ودەرەنجامەكانی لەناوچوونیان
: 365
2022-07-05
#وانەكانی_مێژوو: 8
كۆتا قۆناغی عوسمانییەكان ودەرەنجامەكانی لەناوچوونیان
ساڵی 1909ی میلادی بەرواری داڕوخانی راستەقینەی دەوڵەتی عوسمانی بوو، ئەگەرچی ساڵانێك دوای ئەو بەروارە بەناو هەر مانەوە، كاتێك بڕیاری لابردنی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم لەسەر حوكم لەلایەن 240 لە ئەندامانی ئەنجومەنی نیشتمانی گشتییەوە ئیمزا كراو موفتی ئەو سەردەمەش شێخ ( إلماليلي حمدي يازير) كە جیاوازی زۆری لەگەڵ موفتییەكانی ئێستادا نەبوو، بە فەتوایەك پشتگیری ئەو بڕیارەی كرد و سوڵتانیش سەرەڕای ئەوەی كە دڵنیابوو سەرچاوەی بڕیارەكە جولەكە و عەلمانی و لە خشتەچووەكانی لای خۆیانە، سەرەڕای ئەوەی كە سوپایەك هەبوو پشتگیری دەكرد و بەرگری لێ دەكرد، بەڵام بە بیانووی ئەوەی ئەو نەبێتە هۆكاری خوین ڕشتن، بەبێ هیچ بەرگری و كاردانەوەیەك جگە لە هەندێ گلەیی و گازندە نەبێت لەڕووی ئەوانەی كە بڕیارەكەیان پێ ڕاگەیاند بۆ بڕیاری لە كار لابردنی ملكەچ و رازی بوو. سەیریش ئەوەیە موفتی دەوڵەتی عوسمانی لە دوای ساڵانێك دانی بەوەدانا كە فەتواكەی لە پشتگیری لابردنی سوڵتان عەبدولحەمید هەڵەیەكی گەورە بووە ئەنجامی دا.
لە پاش پێدانی بڕیاری لابردنەكە بە عبدالحمید لە لایەن چوار ئەندامی ئەو ئەنجومەنەوە كە وەكو پەرلەمانی ئێستا بوو و یەكیك لەو چوار ئەندامەش جولەكە بوون، یەكسەر ڕێوشوێنی نەفی كردن و دوورخستنەوەی زۆر بە پەلە گیراوەبەر و لەگەڵ خانەوادەكەیدا بە شەوێكی درەنگ و بە قیتار بەرەو سالۆنێك بەڕێخران و تاكو ساڵی 1912 لە كۆشكێكدا زیندانی كرا و داوتر گەڕێنرایەوە بۆ كۆشكێكی تر لە ئەستەمبول تا كاتی وەفاتی لە 1918 ئەو چەند ساڵەی تەمەنی مابوو وەكو زیندانی و دەست بەسەرێك لەوێ بەسەری برد.
(محمد رشاد) لە كاتی لابردنی سوڵتان عبدالحمید ی برایدا تەمەنی 65 ساڵ بوو كاتێك بە ڕواڵەت و وەكو خۆڵ لەچاوكردن خرایە جێگەكەی بێ ئەوەی هیچی بەدەست بێت تەنها بەناو سوڵتان بوو و هەموو شتێك بە دەستی جەماعەتی (الاتحاد والترقي ) بوو ، بەو شێوە بەناو وەكو سوڵتانێك مایەوە تاكو لە ساڵی 1918 وەفاتی كرد و محمد وحیدالدین ی برای وەكو سوڵتانی جێگرەوەی دیاری كرا و تاكو ساڵی 1922 كە نەفی كرا ئەویش ئەو ناوەی هەڵگرت، لە دوای ئەویش و بەهەمان بێ دەسەڵاتی و تەنها بەناو عبدالمجید بەناوێكی گەورەوە كە خەلیفەی پێ دەوترا تاكو 1923 مایەوە و بەدوایدا كۆماری توركیا لە 29ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1923 ڕاگەیندرا و بەو شێوەش بەتەواوی كۆتاییان بە دەسەڵات و حوكمی عوسمانییەكان تەنانەت بەناویش هێنا.
ئەوەی جێگەی داخە سوڵتان عبدالحمید كاتێك ڕازی بوو بە لابردنی لەسەر دەستی جولەكە و عەلمانییەكان كە ئەتاتۆرك دواتر دەبێتە دیارترین كەسایەتی ئەو ڕەوتە، بە بیانووی ئەوە بوو كە ئەو نەبێتە هۆكاری خوێن ڕشتنی موسوڵمانان، بەڵام لە راستیدا ڕازی بوونەكەی بەو لەكار لابردنە بوو مایەی ڕژانی خوێنی سەدان هەزار و بەڵكو ملیۆنان موسوڵمان لە دوای خۆی، كە هەر هەمووی لێكەوتەی ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی بوو.
عوسمانییەكان لە كاتی ڕوخانی حوكمی عەبدولحەمیدی دوومدا سەرەڕای ئەوەی خۆیان تەواو لە ئیسلام دوور كەوتبوونەوە و دەستی دەرەكیش بە شێوەیەكی فراوان كاری تێیاندا دەكرد، بەڵام دواجار لە دیدی زۆرێك لە خەلكی موسوڵمانی ئەو سەردەمەوە ئەو دەوڵەتە هەر بە سایەیەك بۆ موسوڵمانان دادەنرا و بەنەمانیشان - بەتایبەت كە دوژمنێكی سەرسەختی ئیسلام وەكو ئەتاتۆرك حوكمی توركیای گرتە دەست - موسوڵمانان لە هەموو شوێنیكی دونیا هەستیان بە بێ خاوەنی و بێ كەسییەكی زۆر سەخت و ناخۆش دەكرد، بۆیە بە ڕوخان و نەمانی دەوڵەتی عوسمانی دەنگی گریانی موسوڵمانان لە هەموو لایەكی دونیاوە بەرز بوویەوە سەرەڕای هەموو ئەو لادان و كەم و كورتییانەی كە هەیانبوو بەرانبەر ئیسلام و موسوڵمانان، أحمد شوقي لە قەسیدەیەكی بەناوبانگیدا باس لە كاردانەوەو كاریگەری ئەو ڕوداوە دڵتەزێنە دەكات لەسەر موسوڵمانان و دەڵێت:
ضجّـتْ عليـكِ مـــــــــاذن ومنابـر *** وبكـــت عليـكِ ممـالـك ونـــــواحِ
الـــــــهنـد والِهـة ومصـر حـزيـنـة *** تبكـي عليـك بمــــــدمـع سحــــاحِ
والشـام تسال والعـراق وفــــــارس *** أمحـا من الارض الخـلافـة مـاحِ
واتت لك الجمع الجـــــــلائـل مـاتـما*** فـقعـدن فــــيـه مـقـاعـد الانـواحِ
يـا للــــــرجـال لحـرةٍ مــــــــــــوؤدةٍ*** قُتلـتْ بغيـــــرِ جـَريـرةٍ وجنـاح
لە پاش نەهێشتنی خیلافەتی ئیسلامی ئەگەرچی وەكو وتمان بەناو مابوو بەڵام موسوڵمانان دڵیان هەر پێی خۆش بوو، ئەتاتۆرك بە فەرمی پەیوەندی توركیای لەگەڵ ئیسلام بڕی وكۆماری توركیای لەسەر بنەمای رەفز كردنی ئیسلام ڕاگەیاند و خەلیفە و سەرانی حوكمی عوسمانی لە توركیا دەركرد و هەموو پەیوەندییەكی توركیای بە ئیسلامەوە پچڕاند كە ئەوە بریتی بوو لەو چوار مەرجەی لە پەیمانی لۆزاندا هاتبوو كە پێویستە توركیا جیبەجێیان بكات و لە راستیشدا كردی، بەڵكو لەوەش زیاتر دڕندانە وەكو گورگێك بەربدرێتە ناو ڕانە مەڕێك بەو شێوە لەگەڵ موسوڵماناندا مامەڵەی كرد، ئەمەش دیارترین تاوانەكانی مصطفی كمال ە بەرانبەر ئیسلام و موسوڵمان لە توركیا:
1- لە ساڵی 1925 مزگەوتەكانی داخست و بەتوندترین شێوە لە گەڵ موسوڵمانان و هەر ئاراستەیەكی ئیسلامیدا مامەڵەی كرد. لە ساڵی 1930 ڕێگەیدا بە كردنەوەی ژمارەیەكی دیاری كراو لە مزگەوتەكان و ژمارەیەكی كەم لە وتاربێژانی هەینی ئەویش بە مەرجێك باسی كشتوكاڵ و پیشەسازی و ئابوری و باسی تری لەو جۆرە باسانە بكەن و ستایشی ئەتاتۆرك و دەوڵەتەكەی بكەن. هەروەها مزگەوتی ئایا صۆفیا و الفاتح ی داخست و یەكەمیانی كرد بە مۆزەخانە و دووەمیانی كرد بە كۆگا.
2- كاركردنی بە شەریعەتی ئیسلام پەكخست و یاسای سویسری لە جێگەیدا جیگیر كرد و ڕۆژژمێری كۆچی قەدەغە كرد و گۆڕی بە میلادی. هەروەها لە ساڵی 1348هـ/1929م نووسینی بە پیتی عەرەبی قەدەغە كرد و پیتی لاتینی جێگای گرتەوە، ئیتر ڕێگە نەدرا لە قوتابخانە و ڕاگەیاندن و نووسینی كتێب و لە هەموو بوارەكاندا بە پیتی عەرەبی هیچ بنووسرێت و هەمووی بوو بە پیتی لاتینی. هەروەها پشووی فەرمی وڵاتی لە ڕۆژی هەینییەوە گۆڕی بۆ ڕۆژی یەك شەممە.
3- فەرمانی كرد قورئان بە وەرگێڕانی توركییەوە بخوێنرێت و تەنانەت بانگدانیش لە مزگەوتەكانەوە بە زمانی توركی بوو. لە لابردن و قەدەغەكردنی هەر حوكمێكی ئیسلام هەرچەند لەلای موسوڵمانان پیرۆز بوایە و لە قورئان و سوننەتدا فەرز بوایە سێ و دووی لێ نەدەكرد وەكو قەدەغەكردنی سەرپۆش و زۆر شتی تر.
شایانی باسە یەكەمین پێشنوێژ كە قورئانی لە پێشنوێژیدا بە توركی خوێند لە ساڵی 1926 كەسێك بوو بەناوی "جمال الدين أفندي" و لەدوای ئەوەش لە شاری بورصة خۆپیشاندن لە دژی قورئان خوێندن بە زمانی توركی دەستی پێكرد و زۆرێكیان لێ دەستگیر كران و كوژران.
4 - بە هەموو شێوەیەك كاری لەسەر تێكدانی ڕەوشتی خەڵكی توركیا كرد و دەرگاری لەسەر پشت بۆ هەموو شتیكی خراپی ڕۆژئاوا كردەوە بە شێوەیەك لە هەموو جێگەیەك بایەخی زۆر بە وێنەو مۆسیقا و فێركردنی سەما و هەموو كارێكی خراپ دەدرا و هاوكات هەموو ڕێوشوێنێكی سەبارەت بە دژایەتی ئیسلام و نزیك بوونەوە لە ئەوروپا گرتە بەر و لە هیچ جۆرە دژایەتییەكی ئیسلام سڵی نەكردەوە و هەندێ جاریش لە خۆیەوە دەستی پێدەكرد بۆ نموونە ڕێوڕەسمی هاوسەرگیرییەكەی هەر لەوەی كە لە خێزانێكی نزیك لە جولەكە بوو ئەنجامی دا و لەڕووی جلوبەرگەی و تێكەڵبوونی لەگەل خەڵكیدا كە ئەو كات ئەوە شتێكی نامۆ بوو.
6- ئەتاتۆرك بە جۆرێك گرنگی و بایەخی بە گەورەكردنەوەی پرسی و نەتەواویەتی و قەومچێتی دا كە دەەرنجام ڕەهەندێكی پیرۆزی وەرگرت و وەكو بتێك وێنای دەكرد ودەپەرسترا ودواتریش ئەو بیركردنەوەی بۆ گەلانی تریش هەناردە كرد و تا ڕاددەیەك وەكو جێگرەوەی ئایین مامەڵەی لەگەڵ كرا.
7- لەبەر ئەوەی لە دوو سەدەی كۆتایی حوكمڕانی عوسمانییەكاندا جۆرێك لە بێ سەروبەری و لاوازی حوكمڕانی بەسەر دەڤەرەكاندا بەدی دەكرا كەسانێكی زۆر لە نەیارانی ئیسلام لە سایەی ئەو بێ سەروبەریەدا درووست بووبوون و چاوەڕوانی هەلێكی زێڕینی وەكو سەرهەڵدانی ئەتاتۆركیان دەكرد و لەدوای ئەو زنجیرە دژایەتییەی ئەتاتۆرك لە دژی ئیسلام و موسوڵمانان ئەنجامیدا ئەو كەسایەتییانەش لە میسر و لە زۆر وڵاتانی تر بوژانەوەو جورئەتی وەستانیان لە دژی ئیسلام و كۆمەڵگای ئیسلامی بۆ درووست بوو و گۆڕانكاری گەورەی خراپیان لە تێكدانی دین و ڕەوشتی میللەتەكانیاندا ئەنجامدا.
مصطفى كمال أتاتورك ئەمڕۆ پێشەواو پێشەنگی هەموو عەلمانییەكانی سەرزەوییە بە هۆی هەڵوێستەكانی لە پشتگیری كردنی عەلمانییەت و دژایەتی كردنی ئیسلام و موسوڵمانان لە ڕیگەی لەناوبردنی پاشماوەی ئیمپراتۆرییەتێكی گەورەو گران كە بەناو ئیسلامەوە حوكمیان دەكرد و لە پاش گۆڕین و گواستتەوەی توركیا لە حاڵێكەوە بۆ حاڵێكی تەواو پێچەوانە ودژوار، لە ساڵی 1938 بە نەخۆشی زوهری کە بەهۆی بێ ڕەوشتی زۆری خۆیەوە تووشی بوو بوو لە دونیا دەرچوو و بەو هەموو تاوان و خراپە زۆرانەوە بۆ لای پەروەردگاری گەڕایەوە و لە وەسێتەكەشیدا هاتبوو كە نوێژی لەسەر نەكرێت.
إحسان برهان الدین
9 رجب 1443
2022-2-10
2018-04-27
2023-10-28
2024-01-28
2024-02-05
2018-04-08
2024-01-28