العربیة
/سوننەت/
زانستى (الجرح والتعديل)..شانازییه‌كی گه‌وره‌یه‌
: 399
2018-04-12

ئه‌م زانسته‌ زانستێكی ئیسلامی ڕه‌سه‌نه‌ كه‌ هاوشێوه‌ی نییه‌ له‌ لای هیچ كه‌سانێك جگه‌ له‌ موسوڵمانان ، له‌ بنچینه‌دا به‌شێكه‌ له‌ گرنگترین به‌شه‌كانی زانستی فه‌رمووده‌ ، تایبه‌ته‌ به‌ لێكۆڵێنه‌وه‌ له‌ حاڵی گێڕه‌ره‌وانی فه‌رمووده‌كان له‌ ڕووی مه‌رجه‌كانی وه‌رگرتنی گێڕانه‌وه‌كه‌یان بۆ فه‌رمووده‌ یان ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ،به‌كورتی زانستێكه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ئه‌وانه‌ی فه‌رمووده‌كان ده‌گێڕنه‌وه‌ و له‌ زنجیره‌ی ئیسناده‌كاندا ناویان هاتووه‌ ، له‌ ڕووی ستاش كردن وزه‌م كردنیان ، یان باسی كه‌سایه‌تی و كار وباریان بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كۆتاییدا به‌وه‌ بگه‌ین ئایا فه‌رمووده‌ی لێ وه‌رده‌گیردرێت یان نا . سه‌رچاوه‌ی ئه‌م زانسته‌ له‌ هه‌ندێ ئایه‌ت و فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) وه‌رگیراوه‌ ، پوخته‌ی ئه‌و مه‌رجانه‌ش زانایان به‌ پێویستیان زانیوه‌ له‌ گێڕه‌ره‌وه‌كه‌دا هه‌بێت : له‌به‌ر كردنی ته‌واو بۆ فه‌رمووده‌كه‌و ڕاستگۆیی و دینداری و ئه‌نجام نه‌دانی تاوان و هه‌روه‌ها ئه‌نجام نه‌دانی بیدعه‌ و هۆگر بوونی به‌ مه‌نهه‌جی ئه‌هلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ته‌وه‌ ، سه‌باره‌ت به‌وزانایانه‌ش كه‌ مافی هه‌ڵسه‌نگاندنیان هه‌یه‌ به‌ پێویست زانراوه‌ : دیندار وخواپه‌رست بن و دوور بن له‌هه‌واو ئاره‌زوو له‌ كاتی حوكمدان به‌سه‌ر كه‌سه‌كاندا ،شاره‌زایی ته‌واوله‌ فه‌رمووده‌ (علل) و پیاوانی ناوزنجیره‌ی ئیسناده‌كان ،هه‌روه‌ها دڵنیابوون له‌و به‌ڵگه‌ی كه‌ كه‌سه‌كه‌ی پێ ڕه‌تده‌كرێته‌وه‌ له‌سه‌نه‌دی فه‌رمووده‌كه‌ ، له‌گه‌ڵ مه‌رجی تریش. ئه‌م زانسته‌ سه‌روه‌ری و شانازاییه‌كی زۆر گه‌وره‌یه‌ بۆ هه‌موو موسڵمانان چونكه‌ ئه‌م ڕێوشوێنه‌ تونده‌ گیراوه‌ته‌ به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ له‌ درۆ كردن بگیردرێت به‌دم پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم ، هه‌ركه‌سێكیش نه‌زانێ زانایانی فه‌رمووده‌ ( أحمد بن حنبل ، یحیی بن معین ، سفیان الثوري ،علي بن المديني ، شعبة بن الحجاج ، يحيى بن سعيد القطان ، عبد الرحمن بن مهدي ، شمس الدین الذهبي ، ابن حجر العسقلاني ، السیوطي ، المناوي ، السخاوي ،أحمد شاكر ، الألباني ، ...) و سه‌دان فه‌رمووده‌ناسی تر له‌دێرین وهاوچه‌رخه‌كان ،چی خزمه‌تی مه‌زن و كاری گه‌وره‌یان ئه‌نجام داوه‌ له‌ پێناو پاراستن و پاڵاوته‌ كردنی فه‌رمووده‌كان ئاساییه‌ به‌ لایه‌وه‌ به‌ بێ سێ و دوو بڵێ ئه‌م فه‌رموودانه‌ چۆن بزانین ڕاسته‌ و متمانه‌یان پێ بكه‌ین ، من لێره‌وه‌ داواده‌كه‌م هه‌ر كه‌سێ له‌وانه‌ی تووشی ئه‌ونه‌خۆشییه‌ بوون بچن كتێبه‌كانی ( الجرح والتعدیل ) یان ئه‌و كتێبانه‌ی باسی چۆنیه‌تی كاركردنی زانایانی ئه‌وبواره‌ ده‌كه‌ن بخوێننه‌وه‌ تاكو له‌ جیاتی گومان كردن شانازی به‌ زانستێكه‌وه‌ بكه‌ن له‌ سه‌ر زه‌وی وله‌ درێژایی ته‌مه‌نی دونیا شتی وانه‌بوو زانستێك له‌ وشه‌ به‌ شه‌ی هه‌زاران فه‌رمووده‌ بكۆڵێته‌وه‌و وردبێته‌وه‌و حوكمی كۆتایی له‌سه‌ر بدات.