العربیة
/كتێب و سه‌رچاوه‌كان/
زنجیرەی کتێب و سەرچاوەکان ٣٦- شرح ديوان المتنبي
: 496
2018-04-10
ئه‌م شه‌رحه‌ى كه‌ لێره‌ مه‌به‌ستمه‌ باسى بكه‌م، شه‌رحى (عبدالرحمن البرقوقي) يه‌ له‌سه‌ر ديوانى گه‌وره‌ شاعيرى بێ وێنه‌ى عه‌ره‌ب (أبو الطيب المتنبي). شه‌رحه‌كه‌ى به‌رقوقى گه‌نجينه‌يه‌كى ئه‌ده‌بى به‌ نرخه‌، كه‌ تێيدا توانيوێتى سوود له‌ شه‌رحه‌كانى پێش خۆى به‌ شێوه‌يه‌كى گشتى وه‌ربگرێت، ديوانى (المتنبي) كه‌ له‌ مێژووى ئه‌دبى عه‌ره‌بيدا پێگه‌يه‌كى زۆر تايبه‌ت و به‌ هێزى خۆى هه‌يه‌، ژماره‌يه‌كى زۆر له‌ زانايان و زمانزانه‌كان شه‌رحيان كردووه‌وخزمه‌تى جۆراوجۆرى شيعره‌كانى ئه‌و كه‌ڵه‌ شاعيره‌يان كردووه‌، كه‌ به‌ تواناكانى خۆى له‌ بوارى هۆنراوه‌دا توانى دونيا به‌ خۆيه‌وه‌ سه‌رقاڵ بكات، هه‌روه‌كو خۆى ده‌ڵێت: أنام ملء جفوني عن شواردها *** ويسهر الخلق جراها ويختصم واته‌: من به‌ ئاسووده‌يى خه‌وێكى خۆش ده‌كه‌م و خه‌ڵكى به‌ شيعره‌ ناوازه‌كانمه‌وه‌ شه‌ونخوونى ده‌كه‌ن و مشت و مڕى له‌سه‌ر ده‌كه‌ن. شيعره‌كانى (المتنبي) هێنده‌ واتاكانى قوڵ و پڕ هێما و واتاى ناڕاسته‌وخۆى له‌ خۆ گرتووه‌، پێويستى به‌ شه‌رح و ڕوونكردنه‌وه‌ هه‌يه‌، به‌ بێ ئه‌وه‌ى وشكى و ئاڵۆزيشى پێوه‌ ديار بێت، ئه‌وانه‌ى تواناى باشيان له‌ تيگه‌يشتنى عه‌ره‌بى هه‌يه‌ و، به‌ تايبه‌ت خاوه‌ن هه‌سته‌ ئه‌ده‌بييه‌كان، چێژى زۆر له‌ شيعرى ئه‌و شاعيره‌ ده‌بينن، چونكه‌ هونه‌رمه‌ند و لێزان و به‌ توانا بووه‌ له‌ وێنا كردنى حاڵه‌ته‌ جياجياكانى مرۆڤ و توانيوێتى هۆنراوه‌كانى لێوان لێو بكات له‌ دانايى و فه‌لسه‌فه‌و واتاى كاريگه‌ر وده‌ربڕينى سه‌رسو‌ڕهێنه‌ر، بۆيه‌ هه‌ر له‌ كاتێكى دێرينه‌وه‌ زانايانى وه‌كو: (الواحدي و العكبري و ابن جني و المعري ) و چه‌ندين زانا وناودارى تر هه‌ڵساون به‌ شه‌رحى ئه‌و ديوانه‌. به‌رقوقى له‌به‌ر ئه‌وه‌ى شه‌رحه‌كه‌ى هاوچه‌رخه‌و نوێيه‌ به‌راورد به‌ ڕاڤه‌كاره‌ دێرينه‌كان، توانيوێتى سوود له‌ هه‌موو ئه‌و شه‌رحانه‌ ببينيت، بۆيه‌ به‌ شێوه‌يه‌كى ئاسان و ڕيك و پيك و پڕ له‌ سووده‌ ئه‌ژمار ده‌كرێت. (المتنبي) له‌ ساڵى 303ك له‌ كوفه‌ له‌ دايكبووه‌و له‌ ته‌مه‌نى په‌نجا ساڵيدا له‌ نزيك به‌غدا له‌ ساڵى 354 ك كوژراوه‌، شاعيرێكى ناودارو به‌ جێگاى شانازى دانراوه‌ بۆ هه‌موو ئه‌ده‌بى عه‌ره‌بى، سه‌رجه‌م شاعيرانى دواى خۆى ئيلهاميان له‌ شيعره‌كانى وه‌رگرتووه‌ و پێى كاريگه‌ر بوونه‌، ئه‌و وته‌يه‌ش ڕاست نييه‌ كه‌ گوايه‌ بانگه‌شه‌ى پێغه‌مبه‌رايه‌تى كردووه‌ و، محمود شاكر له‌ كتێبه‌كه‌ى ده‌رباره‌ى المتنبي به‌رپه‌رچى ئه‌و بيرۆكه‌ى داوه‌ته‌وه‌. عبدالرحمن البرقوقى ئه‌ديب ونووسه‌رو زمانزانێكى ناودارى ميسره‌، له‌ ساڵى 1876ز له‌ دايكبووه‌و له‌ ئه‌زهه‌ر خويندوويه‌تى و بۆ ماوه‌يه‌كى زۆريش وابه‌سته‌ى (محمد عبده ) بووه‌، جگه‌ له‌ شه‌رحه‌كه‌ى له‌سه‌ر ديوانى (المتنبي) شه‌رحێكى ترى نايابى له‌سه‌ر ديوانى (حسان بن ثابت) يش هه‌يه‌ و نووسينى تريش، له‌ ساڵى 1944ز وه‌فاتى كردووه‌. شه‌رحه‌كه‌ى به‌رقوقى له‌سه‌ر ديوانى المتنبي چاپێكى باشى هه‌يه‌ كه‌ له‌ ( دار الكتاب العربي) له‌ به‌يروت چاپكراوه‌.