العربیة
/مێژوو/
كۆرۆنا بەرەو كوێ؟
: 445
2020-03-18


كۆرۆنا بەرەو كوێ؟
ترس و بیم و تۆقین سەرتاپای زەوی لەم بوونەوەرە بچووك و نادیارە داگرتووە، مەزنی بۆ تۆ یا الله، ئەگەر بتەویت مرۆڤایەتی و سەرلەبەری ژیاریان بە ڤایرۆسێك دەسڕیتەوە و شوێنەواریان ناهێڵێت، ڤایرۆسێك كە ملیۆنان جار لە ئێمە بچووكترەو هەرگیز چاو توانای بینینی ئەوی نییە، هەرچی دەستكەوتەكانی شارستانییەتی ڕۆژئاوا و شارستانییەتی هاوچەرخ هەیە بە گشتی هەر هەمووی لە ژێر مەترسی و هەڕەشەی كۆرۆنایە، كۆرۆناش تەنها سەربازێكی الله یە، نە چەكی ئەتۆمی و نە ئابووری زەبەلاح و نە وسوپاو تۆپ و تەیارە و تەكنەلۆجیای پێشكەوتووی هەیە، ڤایرۆسێكەو بەچاو نابیینرێت، بەتەنها خۆی و سەرزەوی هەموویان پێكەوە!
پەیامنێرێك لە ڕۆماوە وەسفی چۆڵی ئیتاڵیای وەكو بیابانێكی بێ خۆڵ دەكرد، نەرویج و فەرەنساو ئیسپانیا و چین و وڵاتانی تری بەچۆكدا هێناوە، سەدان ترلیۆن دۆلار زیانی لێ داون، سەرۆكەكانی جیهان هاواریان لێ بەرز بووەتەوە و داوای یارمەتی و هاوكاری دەكەن، ئەمریكا كە خۆی بە خوای سەر زەوی دەزانێت باری لەناكاوی ڕاگەیاندووە و بەدەست ئەو ڤایرۆسەوە هەراسان بووە.
ئەم دوژمنە بچووكە چۆن بەو شێوە ژیانی لە خەڵكی سەر ئەم هەسارە تاڵ كردووە و جێگایەك نییە لە دەستی هەڵبێن وپەنای بۆ ببەن ، ملیۆنەها و ملیارەهای لە خەڵكی كردووەتە زیندانی ماڵەكانیان و بیر لە سەرئەنجامی ئەم جەنگە دەكەنەوە مەترسی هەرەس و بەزین دایاندەگرێتەوە.
خۆی بە كۆشك و تەلارە بەرز و تۆكمەكانی سەركردەكاندا دەكات وڕاپێچی مەرگیان دەكات یان مەرگیان پی نیشان دەات، هەرەشە دەكات و خۆی دەگۆڕێت و هێشتا دیار نییە كۆتایی ڕێگەكەی كوێیە و قەبارەی زیانەكانی لەگەڵ مرۆڤایەتیدا چەند دەبێت.
ئیمانداری ڕاستەقینە حەق وایە ئێستا لە هەموان ئاسوودەتر بێت و پشت بە پەروەردگاری ببەستێت و لەوە دڵنیابێت كە ئەم ڤایرۆسە بەبێ ئیزنی پەروەردگارو داهێنەری هیچ زیانیك ناتوانێت بەكەس بگەیەنێت و هەموو كەسێكیش لە ئێمە پێش ئەوەی لە دایك بێت شێوازی مردنەكەی لای خالق و دیهینەرەكەی دیاری كراوەو هەر بەو هۆكارەش دونیا بە جێدەهێڵێت و لێی لانادات، ئەمەش بەواتای خۆنەپاراستن و گوێنەدان نایەت، بەڵكو دینەكەمان فێری كردووین لەگەڵ پشت بەستن بە الله، خۆیشمان بپارێزین و ئەسباب و هۆكارەكان وەرگرین و بە پێی توانای خۆمان احتیاط و خۆپارستن ئەنجام بدەین.
إحسان برهان الدین
19 رجب 1441
2020/3/14