العربیة
/وانەکانی مێژوو/
دامەزراندنی كۆمەڵەی (الإخوان المسلمون)
: 331
2022-07-05
  #9 وانەكانی_مێژوو: دامەزراندنی كۆمەڵەی (الإخوان المسلمون) لە پاش ڕاگەیاندنی كۆماری توركیا و ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانی و دەركردنی سەرانیان لە توركیا و كاركردن بۆ پچڕاندنی هەموو پەیوەندییەكی توركیا لەگەڵ ئیسلامدا و رەچاوكردنی بەرنامەیەكی ورد و درێژەخایەن بۆ شێواندنی دین و ڕەوشتی خەڵكی، بۆشاییەكی گەورە لە ژیانی موسوڵماناندا درووست بوو و خەمێكی زۆر گەورە و تاڵ باڵی بەسەر تەواوی ئوممەتی ئیسلامیدا كێشا، بۆیە خەمخۆرانی ئیسلام هەر یەكە و بە پێی تێگەیشتنی بۆ ئیسلام و كاركردن لە پێناویدا هەوڵی بینینی ڕۆڵێكیاندا بەرانبەر ئەو كۆستەی كە لەسەر دەستی ئەتاتۆرك بەسەر موسوڵماناندا هات. لەم كاتە ناهەموار و خراپەی بەسەر موسوڵماناندا تێدەپەڕی و وپاش چەند ساڵێكی كەم لە ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانی كە بۆشاییەكی دەروونی و عاتیفی گەورەی لە دڵ و ناخی موسوڵماناندا درووست كردبوو، گەنجێكی ميسری تەمەن بیست و دوو ساڵ كە مامۆستای سەرەتایی بوو، بەناوی حسن البنا لە ساڵی 1928 لە گەڵ چەند كەسێك لە هاوڕێكانیدا، هەڵسان بە دامەزراندنی كۆمەڵەیەكی ئیسلامی بەناوی برایانی موسوڵمان (الإخوان المسلمون). جا لەبەر هەستیاری كاتەكە و جیاوازی بارودۆخەكە لە مێژووی هاوچەرخدا، دامەزراندنی ئەو كۆمەڵە كاریگەری وكاردانەوەی زۆر گەورەی لێ كەوتەوە و خەڵكانێكی زۆر لە وڵاتە عەرەبییەكان و دواتر لە تەواوی جیهاندا پەیوەندییان بەم كۆمەڵەوە كرد و دەرەنجام و بە پێی گۆڕانكارییەكان ئەو بزوتنەوەیە بەچەند قۆناغێكی جیاوازدا تێپەڕ بوون كە هەوڵ دەدەین بە كورتی ئاماژەیان پێ بكەین، دواجاریش بەدەر لە دیدو تێڕوانینی یار و نەیاری ئەو كۆمەڵە، بوون بە خاڵێكی وەرچەرخانی گەورە كە هەندێك سەرەڕای هەموو تێبینی و هەڵەكانی بە كۆمەڵێكی ئیسلامی ئەرێنی وباشی دەزانن و بە پێچەوانەوە هەندێكی تریش بە هۆكاری هەموو نسكۆ و مەینەتی و لادانێكی فیکری ومەنهەجی دەزانن كە لەسەدەی بیستەم و تا ئێستا تووشی موسوڵمانان بوو. من لێرەدا بە گوێرەی توانا هەوڵ ئەدەم ڕووداوەكان وەكو چاودێرێك بگوازمەوە وبیانخەمەڕوو ، هاوکات ڕاوبۆچوونی خۆیشم ئەگەر باس بکەم بە شێوەیەكی زانستی و بە ویژدانەوە لە ڕۆشنایی بنەما سەرەکییەکانی ئیسلامدا باس بکەم، بە بێ گوێدان بەوەی كێ خستنەڕووەكەی پێی خۆشە و ستایشم دەكات لەسەری، یان كێ پێی ناخۆشە و ڕەخنەم لێ دەگرێت لەسەر ڕاستیگەلێك كە بەدڵی نییە، یان پێچەوانەی ئەو زانیاریانەیە كە ئەو لەسەر ئەو كۆمەڵە ودامەزرێنەرانی لەلای جێگیر بووە. سەرەتاش پێویستە کورتەیەک دەربارەی شێخ حەسەنولبەننا کەسایەتی دامەزرێنەری یەکەمی کۆمەڵەکە بەڕەحمەت بێت بخەینەڕوو: ناوی تەواوی (حسن أحمد عبد الرحمن محمد البنا الساعاتي)ە، لە ساڵی 1906ی میلادی لە بنەماڵەیەكی ناسراو بە دینداری لە شاری المحمودیة ی سەر بە پارێزگای البحیرة لە دایكبووە، لە سەرەتاكانی تەمەنییەوە قورئانی لەبەر كردووە و هەندێ لە زانستە شەرعییەكانی لەلای باوكی خوێندووە بەو پێیەی باوكی شارەزا بووە لە بواری فەرموودە و زانستە شەرعییەكاندا و کنێب ونووسینی لەو بوارەدا بووە، هەروەها پیشەی چاككردنی سعاتیشی لێ فێربووە چونكە باوكی سعاتچی بووە. حسن البنا لە قۆناغی خوێندكاریدا پەیوەندی لەگەڵ شیخ محب الدین الخطیب و كۆمەڵێك لە زانایانی ئەو سەردەمەی خۆیدا بووە. ساڵی 1927 كۆلێژی دار العلوم ی تەواو كردووە و دواتر وەكو مامۆستای قوتابخانەیەكی سەرەتایی دادەمەزرێت و زۆری پێناچێت لە ساڵی 1928دا لەگەڵ شەش لە هاوڕێكانی بزوتنەوەی (الإخوان المسلمون ) دادەمەزرێنن وخۆی دەبێتە یەكەم ڕابەری بزوتنەوەكە. شایانی باسە حسن البنا هەر لە سەرەتای گەنجێتییەوە مەیلێكی سۆفێتی تێدا بووە و نەیشاردووەتەوە كە ئەو بە تەریقەتی الحصافیة كە بەشێك بووە لە تەریقەتی الشاذلیة كاریگەر بووە و لە تەمەنی چواردە ساڵییەوە بە فەرمی پەیوەندی بە بازنەكانی ئەوانەوە كردووە وەكو لە كتێبی یادەروەرییەكانیدا (مذكرات الدعوة و الدعیة) دا دەڵێت: (فاجتذبتني حلقة الذكر بأصواتها المنسقة ونشيدها الجميل وروحانيتها الفياضة، وسماحة هؤلاء الذاكرين من شيوخ فضلاء وشباب صالحين، وتواضعهم لهؤلاء الصبية الصغار الذين اقتحموا عليهم مجلسهم ليشاركوهم ذكر الله تبارك وتعالى، فواظبتُ عليها هي الأخرى) لە چەندین جێگەی ئەو كتێبەیشدا باسی كاریگەربوونی خۆی بەو تەریقەتەوە دەكات و باسی زیارەتی قەبری پیاوچاكان و ئەولیاكان دەكات كە چۆن چەندین سعاتیان بە پێ بڕیوە لە پێناو زیارەتی قەبری ئەولیایەك، أنور الجندي لە كتێبەكەیدا دەربارەی ژیاننامەی حسن البنا دەڵێت پێش نوێژی بەیانیان كتێبی إحیاء علوم الدین ی غەزالی دەخوێندنەوە، كە بێگومان ئەمەش ئاماژەیەكە بۆ كاریگەری تصوف بەسەر ئیخوانەوە لە كاتێكی زووی دامەزراندنیانەوە، لەوانەشە جەختكردنەوە لە سەر هەندێ چەمك وەكو بەیعەت و أوراد و زیكر كردن لە تاریكی و تەنانەت خودی وشەی ئیخوانیش لە ناو كۆمەلەكەدا ڕەنگدانەوە بێت بۆ كاریگەر بوونی بە تەریقەتی الحصافیة كە وادیارە دواجار كە حسن البنا سەبارەت بە دامەزراندنی كۆمەڵەی ئیخوان كاتێك پرس بە عبدالوهاب الحصافي شەیخی دەكات ئەو ڕازی نابێت، بەڵام حەسەن بە قسەی ناكات و دەڵیت مامۆستاكەمان بۆچوونێكی هەیە و ئێمەش بۆچوونێكی ترمان هەیە و بزوتنەوەكەی ڕادەگەیەنێت و دەڵێت پەیوەندیم لەگەل شێخەكەم هەر بە تۆكمەیی مایەوە. تاكو ئێستاش سۆفێكانی میسر بەوە تۆمەتباری دەكەن كە موریدەكانی تەریقەتی الحصافیة ی دزیوە و كردوونێتی بە ئەندامی ئیخوان پاش دامەزراندنی. ئەوەش بووەتە هۆكاری دەركردنی حسن البنا لە تەریقەتەكە ئەگەرچی هەندێ لە سەركردەكانی ئیخوان ئەوە ڕەتدەكەنەوە و سەرقاڵبوونی بەننا بە كاروباری ئیخوانەوە لە تەریقەتەكە دووری خستەوە نەك ئەوەی دەركرا بێت. حسن البنا لە سەرەتای سییەكان لە 1932 دا پیشەكەی وەكو مامۆستایەك بۆ شاری قاهیرە دەگوازێتەوە و بەوەش بانگەوازی ئیخوان لە پایتەختەوە دەچێتە قۆناغێكی ترەوە و بەتەواوی ڕۆڵ و كاریگەرییان لەسەر گۆڕەپانی ئایینی و فیكری و سیاسی و بگرە سەربازیش دەردەكەوێت و دەبنە ژمارەیەك کە هەموان بە پادشای میسریشەوە حیسابیان بۆ دەكەن. حسن البنا ماوەیەك مامۆستای زمانی عەرەبی بوو و دواتر وازی لە پیشەكەی هێنا و بەتەواوی بۆ كۆمەڵەكەی خۆی یەكلا كردەوە و لە پێناو تۆکمە کردن و فراوان کردنی جەماعەتەکەی و بە بەکارهێنانی تواناکانی خۆی وەکو خاوەن کەسایەتییەکی بەهێز. وقسەزان سەردانی سەدان و هەزاران گوندو شارو شوێنی کرد و لە چاخانەو وکۆڕو کۆمەڵ و جێگای کۆبوونەوەکانی خەڵکی میسردا قسەی بۆ دەکردن وباسی ئیسلام و كۆمەلەی الاخوان المسلمون ی دەكرد. حسن البنا كاری بۆ بنەمایەك دەكرد كە بریتی بوو لەوەی ئیسلام دینێكی گشتگیرە و ڕێبازێكە بۆ ژیان، لە ساڵی 1936 بە شێوەیەكی فەرمی چووە نێو گۆڕەپانی كاری سیاسی و هەوڵی دەدا ئەو گشتگیرییەی مەبەستی بوو لە ڕیگەی ئیخوانەوە جێبەجێی بكات، ئینجا لەبەر ئەوەی ڕوخانی خیلافەت و دەوڵەتی عوسمانی چەند ساڵێكی كەمی بەسەردا تێپەڕیبوو، هەمیشە خولیای گێڕانەوەی ئەو حاڵەتە ئیسلامیە لەدەستدراوەی هەبوو، ئیخوانیش لەو سەردەمەدا ڕۆژ لە ڕۆژ بەهێزتر و فراوانتر دەبوون، بۆیە بۆ زۆرێك لەو گشتگیرییەی باسی دەكرد ئەوانی بەكارهێنا، لەو بارەشەوە ڕووبەڕووی هێرشی توندی عەلمانییەت بوویە لە میسر كە لە چڵەپۆپەی لەخۆباییبونیدا بوو بەهۆی پێشڕەوییەكانی ئەتاتۆرك لە دژی موسوڵمانان، هەروەها ڕووبەڕووی ماركسییەت و سۆشیالیزم بوونەوە كە دواتر لە میسردا تەشەنەی كرد،. هەروەها بە هەموو شێوەیەک لە دژی فەسادی ئەخلاقی وەستانەوەو هەزاران گەنجیان لە گومڕایی وسەرلێشێواوی ڕزگار کرد و لەناو مەیخانەكانەوە دەریان دەکردن و بەرەو مزگەوت و بەرەو ناوەندو بارەگاكانی ئیخوان دەیانبردن و بە ئیسلام ئاشنایان دەكردن. لە میسردا بە هۆی كاریگەری حوكمی خدێوییەكان كە سەر بەڕۆژئاوابوون و هیچ ڕێزێكیان لە ئیسلام نەدەگرت و بەهۆی ڕاگەیاندنی كۆماری توركیا كە ورەو دڵخۆشییەك بوو بۆ هەموو نەیارەكانی ئیسلام لەسەر زەویدا، ئیسلام لە غەریبییەكی تەواودا بوو، وەكو دكتۆر عبدالله عزام بەڕەحمەت بێت لە موحازەرەیەكیدا دەربارەی مێژووی ئیخوان دەڵێت گەنجی موسوڵمان كچێكی نیو سەرپۆشی دەست نەدەكەوت بیكاتە هاوسەری خۆی، نوێژی جەماعەت و حەج و عومرە تەنها ئەوانەی كە پیرو بەساڵاچووبوون مەگەر ئەنجامیان بدایە، دكتۆر و ئەندازیار و خاوەن بڕوانامە جێگای پرسیار وسەرسوڕمان بوو عارەقخۆر نەبوایەن، بەڵام حسن البنا و كۆمەلەكەی هاتن و ئەو هاوكێشەیان تێكدا و جارێكی تر خەڵكانێكی زۆر بە شانازییەوە دەیانوت ئێمە موسوڵمانین و شەعیرەكانی ئیسلامیان بە ئاشكرا و بە شانازییەوە جێبەجی دەكرد. بەكورتی حسن البنا توانی لە كۆتایی بیستەكان و بە درێژایی سییەكان و چەند ساڵێكی دواتریش لە سەدەی بیستەمدا و لەو تەمەنە کورتەی خۆیدا کە هەمووی لە پێناو بانگەوازەکەیدا بەسەر برد، گۆڕانكارییەكی گەورەی لە میسر ولەجیهاندا بەرهەم هێنا و توانی نەوەیەكی موسوڵمان درووست بكات كە ئامادە بێت لە پێناو ئیسلامدا هەموو جۆرە قوربانییەك بەماڵ و بەگیان پێشكەشی دینەكەی بكات. بەڵام بنەماكانی پەروەردەكردنی ئەو نەوەیە تا چەند لەگەڵ بنەماكانی مەنهەجی عەقیدە و بیروباوەڕی ئیسلامیدا كۆك بوون و ڕێژەی ناكۆكی ە تێكگیرانی چەند بوو ئەوەش بۆ خۆی مەسەلەیەكی ترە پێویستە لە كاتی رەخنەكان لە فیكرو مەنهەجی ئیخواندا باس بكرێت، بەڵام ئێمە لەم بەشەی باسەكەدا جەخت لەسەر چاكی و لایەنە ئەرێنییەكانی ئەم جەماعەتە دەكەینەوە و ڕۆڵیان لە بەرگریكردن لە ئیسلام لە میسردا دەخەینەڕوو. حسن البنا وا دەردەكەوت كە جیهاد و كۆششكردن لە پێناو دینەكەیدا كاری لەپێشینەی بووە و هەوڵیشیدا كە ڕاستی ئەو بانگەشەیە بسەلمێنێت لە ڕیگەی بەشداری كردنی بە كەتیبە شەڕكەرەكانی ئیخوانەوە لە شەڕی فەلەستین کە ئازاییەکی بێ وێنەیان نیشاندا لە شەڕی دژ بە جولەکە و هەروەها لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی ئینگلیزدا لە قەناتی سوێس. بەڵام بە هۆی گەورەبوونی خێرای كۆمەڵەكەی و ئەنجامدانی چەندین كاری گەورە وەكو کوشتن و هەوڵی كوشتنی هەندێ لەسەرانی سیاسەت و دەسەڵات لەو سەردەمەدا لە لایەن کەسانێکی ناو ئیخوان کە ڕابەری گشتی دەسەڵاتی تەواوی بە سەریانەوە نەبوو و بێبەری بوونی خۆی لێ نیشان دەدا، حسن البنا ناچار بوو ئاراستەی گوتار و سیاسەتی بەڕێوەبردنی حیزبەكەی بگۆڕێت و لێرەشەوە كەوتە بەر هێرشی توندی نەیارانی و بەڵكو لەناو خودی ئیخواندا باڵێك بەناوی (الصقور) واتە هەڵۆكان درووست بوو باوەڕیان بە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەر هیزو لایەنێكدا هەبوو كە تەگەرە بۆ ئیش و كارەكانیان درووست بكات و لەڕاستیشدا ئەو تەوژم و شێوازی بیركردنەوە لەناو ئیخواندا لە ژێر كۆنترۆڵی حسن البنا دەرچووبوون و تاراددەیەك سەربەخۆ كاریان دەكرد و دواجاریش حسن البنا بەرپرس بوو لە كارەكانیان بەو سیفەتەی كە ئەو ڕابەری گشتی ئەو كۆمەلە بوو. بۆ ڕوون کردنەوە ئەم بابەتە پێویستە دواتر تیشک بخەینە سەر دەزگایەکی هەستیاری ناو ئیخوان کە پێی دەوترا التتظیم الخاص ڕۆڵی باڵی سەربازی نهێنی لە ناو ئەو کۆمەڵەدا دەبینی وکاربکەری لەسەر ئاراستەو سیاسەت و چارەنووسی ئیخوان درووست کرد. لە ساڵی 1942 حسن البنا خۆی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی میسر كاندید كرد، بەڵام ئینگلیزەكان بەوە ڕازی نەبوون و فشاریان خستە سەر النحاس پاشای سەرۆك وەزیرانی میسری ئەوکاتە و ئەویش داوای خۆكشانەوەی لە بەننا كرد و لەپاش هەندێك سازش وڕێکەوتن حەسەنولبەننا ڕازی بوو بکشێتەوە و لەبەرانبەر هەندێ گۆڕانكاری كە حكومەتەكەی نەححاس پاشا لە میسردا ئەنجامی بدات وەكو زیندوو كردنەوەی جەژنە ئایینییەكان بەتایبەتی ئەوەی تایبەت بوو بە لەدایكبوونی پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم و داخستنی جێگاكانی لەشفرۆشی و مەیخانەكان، بەڵام دواتر ڕێكەوتنەكە بەو شێوەی كە لەسەری ڕێككەوتبوون جێبەجێ نەكرا و داخستنی ئەو شوێنانە تەنها لەكاتی جەژنە ئاینییەكاندا چووە بواری جێبەجێكردنەوە! لە ساڵانی چلەكاندا حسن البنا بەتەواوی بوو بە سەرچاوەیەكی نیگەرانی و مەترسی بۆ زۆر لایەن، بەڵكو مەلیك فاروقی نەوەی محمد علي پاشا كە لە چڵەپۆپەی دەسەڵاتی میسردا بوو، زۆر لە بەننا و كۆمەڵەكەی قەڵس بوو و ئەو هەواڵانەی كە پێی دەگەیشت باسی لەوە دەكرد نەك ئیخوانەكان بە تەنها مەترسییەكی گەورەن لە سەر سیستمی حوكمڕانی میسر، بەڵكو خودی حەسەنولبەننا ئەگەری هەیە ببێتە مەلیكی داهاتووی میسر. ئەم هەواڵانە و هەڵوێست و نیگرانییەکانی پادشاو حکومەتی میسری لە ئیخوان كە دواجار دەگەشتەوە بە بە حسن البنا، زەنگی مەترسی بوو بۆ لێدانێكی چاوەڕوانكراوی زۆر گەورە كە لە كاتێكی نزیكدا ئاراستەی ئیخوان دەكرێت و ئەمەش وای كرد ڕابەری گشتی كۆمەڵێک تەنازولی زیاتر بكات و چەندین لێدوانی نەرم و دابەزین ئامێز و بەڵکو ناكۆکیش لەکەڵ هەندێ بنەمای شەرعی لە ڕاگەیاندنەكاندا بڵاوبكاتەوە و بەرائەتی خۆیشی لەو كەسانە دەردەبڕی كە بە هەندی كاروچالاكی لە دژی حكومەتی میسر هەڵدەسان و بەلێنی لابردنی هەندێ ئەندامانی ئیخوانیشی دەا بۆ ڕازیكردنی پادشا و حكومەتی ئەو كاتەی میسر، بەڵکو كاتێك دڵنیابوو جەماعەتەكەی هەلدەوەشێنرێتەوە بەڵێنی ئەوەشیدا كە دەستبەرداری سیاسەت ببن و تەنها وەكو ڕێكخراویكی دینی كار بكەن بە مەرجێك كۆمەلەی ئیخوان هەڵنەوەشێننەوە. لە پێناو كپكردنەوەی ئەو گەردەلوولەی كە بەننا دەیزانی بەرەوڕووی خۆی و كۆمەڵەكەی دێت، هەوڵێكی زۆری دا بۆ چاوپێكەوتنی مەلیك فاروق، بەڵام ئەو هەرگیز ئامادە نەبوو بەننا ببینێت و چاوپێكەوتن لەگەڵدا بكات، بە بۆچوونی خۆیشم ئەو ڕازی نەبوونە لە دوو هۆكاردا خۆی ئەبینێتەوە: یەكەم چونكە ئەو ڕقی لە حسن البنا بوو و بە شایانی ئەوەی نەدەزانی چاوی پێ بكەوێت و لێیشی بیسترابوو كە وەکو سوکایەتی وبەکەم تەماشا کردن بەناوی معلم الصبیان مامۆستای مناڵان ناوی بردبوو، دووەمیش لەبەر ئەوەی ئەو لە ڕاستیدا بڕیاری كوشتنی بەننای دابوو و پرسەکە تەنها لەسەر شێوازی جێبەجێكردنەكەی مابوو، بۆیە چاوپێكەوتنی ئەوی بە هەموو شێوەیەك رەت دەكردەوە. هەموو بەڵگەكانیش بە ئاراستەی ئەوەدا ئاماژە دەكەن كە بڕیاری كوژرانی حسن البنا تەنها لە ڕێگەی حكومەت و پادشای میسرەوە سەرچاوەیان نەگرتبوو بەڵكو بڕیارەكە پێشتر لە ئەمریكا و ڕۆژئاواوە دەرچووبوو و ئەمانیش هەر دەبوو جێبەجێی بكەن. بەداخەوە بەڵگەنامەكانیش ئەوە دەردەخەن كە حسن البنا تووشی كۆمەڵێك هەڵە و دابەزین و هەنگاوی ناچاری بوو بە مەبەستی چارەسەر كردنی ئەو دۆخە نەخوازراوەی كە تووشی جەماعەتەكەی بوو، بۆیە تاكو ئێستا كۆمەڵێك زۆر بەڵگەنامەو دیكیۆمێنتاری لە بڵاوكراوەكانی ئیخوان لەو سەردەمەدا ماوەتەوە كە ئەگەر بە تەرازووی شەرع و عەقیدە بیپێویت لە لادان لە مەنهەج و عەقیدەی ئەهلی سوننەت زیاتر ناتوانرێت ناوێكی تری لێ بنرێت، كە من نامەوێت لێرەدا بیانخەمەڕوو یان بە شیكراوەیی ئاماژەیان پێ بكەم. حسن البنا لەبەر ئەوەی سەرقاڵی كارێكی زۆر گەورە بوو لەسەر ئاستی میسر بە ڕواڵەت و لەسەر ئاستی جیهان و ئوممەتی ئیسلامی لە حەقیقەتدا، سەرەڕای كۆمەڵێك كاری ناوازە و گەورە گران كە لە پێناو ئیسلامدا ئەنجامیدا، بەڵام مەخابن هاوكات بە سەختی كەوتە ناو كۆمەڵێك هەڵەی گەورە كە ڕاستەوخۆ لەگەڵ عەقیدەی الولاء والبراء و هەندێ تەوەرەكانی تری بیروباوەڕدا تێكدەگیرا، بەڵام ئەوانەی دوای خۆی لەجیاتی ئەوەی بەرائەتی خۆیان لەو هەڵانەی بەننا دەربڕن یان پۆزش و پاساوی بۆ بهێننەوە بەوەی ئەویش مرۆڤ بووە وهەڵەی لێ وەشاوەتەوە و ئەمان ئەو هەڵانە ئەو دووبارە ناكەنەوە، بە پێچەوانەوە ئەوانەی دوای خۆی زیاتر چاویان لەو هەڵانە بڕی وكردیان بە هێڵی پانی كاركردنیان و لەوەدا زیاتر شوێن پێی ڕابەرەكەیان هەڵگرت و بەو شێوەش ئیخوان لە دوای حسن البنا بوو بە ئیخوانێكی تر و دوای ئەوانیش ئیخوانێكی لەوان جیاوازتر و قۆناغێكی لەوان نامۆتریان دەست پێكرد كە تەنها هەندێ خاڵی هاوبەش نەبێت هیچی لەسەردەمی بەننا نەدەچوو. (بەشی داهاتووی ئەم زنجیرەیە- إن شاء الله - تایبەت دەبێت بە بەسەرهاتی كوژرانی شێخ حسن البنا و ئەو ڕووداوانەی بوون بە ڕێخۆشكەر بۆ كوژرانەكەی). إحسان برهان الدین 11 رجب 1443 2022-2-12