العربیة
/زاراوەکانی عەقیدە/
ڕوونكردنه‌وه‌ی_زاراوه‌كانی_عه‌قیده‌:29 (المعتزلة العصریون) موعته‌زیله‌ هاوچه‌رخه‌كان
: 458
2018-04-09
#ڕوونكردنه‌وه‌ی_زاراوه‌كانی_عه‌قیده‌:29 (المعتزلة العصریون) موعته‌زیله‌ هاوچه‌رخه‌كان تاقمی موعته‌زیله‌ ئه‌گه‌ر چی وه‌كو فیرقه‌یه‌كی ئیسلامی لاده‌ر له‌ قۆناغێكی زه‌مه‌نی دیاریكراودا سه‌ریان هه‌ڵدا و وه‌كو قه‌واره‌ ته‌واو بوون ، به‌ڵام وه‌كو هزر و كاریگه‌ری فیكری و ڕێڕه‌و ، به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان هه‌ر مانه‌وه‌ ، له‌وانه‌شه‌ - به‌بۆچوونی خۆم - ئه‌وان زۆرترین گاریگه‌ری سه‌لبیان پاش نه‌مانیان له‌سه‌ر موسوڵمانان به‌جێ هێشتبێت ، به‌هۆی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ گومان وته‌مومژ نانه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ پرسه‌كانی قه‌ده‌ر وكرده‌وه‌ی به‌نده‌كان ومه‌سه‌له‌ی ئه‌سماوسیفات و پشت به‌ ستنی ڕه‌ها به‌ عه‌قڵ ،هاوكات ڕه‌تكردنه‌وه‌ی فه‌رمووده‌و تێگه‌یشتنی سه‌له‌ف بۆ ده‌قه‌شه‌رعییه‌كان . تاكو ئه‌م ڕۆژگاره‌ی خۆمان ڕێبازی موعته‌زیله‌كان ڕاكێشان وكاریگه‌رییه‌كی به‌رچاوی هه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌ندێ كه‌سایه‌تی و لایه‌نی ئیسلامی ، به‌ڵام به‌ بێ ئه‌وه‌ی دان به‌ ناوی موعته‌زیله‌ بنێن به‌ ڕاشكاوی ، ئه‌وه‌ش به‌ هۆی ئه‌و ناوبانگه‌ خراپه‌یه‌ له‌ مێژوودا وه‌كو فیرقه‌یه‌كی لاڕێ و گومڕا به‌ده‌ستیان هێنا ، بۆیه‌ وه‌كو خۆڵ له‌ چاوكردن وچه‌واشه‌كاری خۆیانیان وه‌كو ڕه‌وتیكی عه‌قلی نیشاندا. ئه‌گه‌ر بمانه‌ویت لایه‌نێك دیاری بكه‌ین وه‌كو میرات هه‌ڵگه‌ری موعته‌زیله‌كان له‌م سه‌رده‌مه‌دا ، ئه‌وا پێویسته‌ قوتابخانه‌ی عه‌قلانی دیاری بكه‌ین ، كه‌سه‌ره‌تا له‌سه‌ر ده‌ستی (جمال الدین الأفغاني) و ( محمد عبده) په‌ره‌ی سه‌ند و گه‌شه‌ی كرد ، دواتر تاكو ئێستاش به‌رده‌وامییان هه‌یه‌ له‌ ژێر ناوونیشانی جۆراوجۆر ، وه‌كو: تازه‌كردنه‌وه‌ی گوتاری ئایینی ، خوێندنه‌وه‌ی نوێ بۆ ده‌قه‌كان ، قوتابخانه‌ی چاكسازی ، ئیسلامی هاوچه‌رخ ، هه‌موو ئه‌م جۆره‌ بانگه‌شانه‌ش له‌ ئاستێكدا سه‌ر به‌ قوتابخانه‌ی ئیعتیزالن و ،كۆمه‌ڵێ ئامانجیان هه‌یه‌ كاری بۆ ده‌كه‌ن ، پێش هه‌موو شتێكیش به‌رنامه‌ڕێژی ده‌كه‌ن بۆ گونجاندن ونزیكبوونه‌وه‌ له‌نێوان فیكری ئیسلامی و فیكری ڕۆژئاوادا ، ئه‌وه‌ش له‌ ڕێگه‌ی كۆمه‌ڵێك ئامڕازو هۆكاری دیاری كراو ،له‌وانه‌ : ته‌سك كردنه‌وه‌ی ڕوبه‌ری غه‌یبیات و ته‌ئویل كردنی زۆرێك له‌و هه‌واڵ ڕوداوانه‌ی له‌قورئاندا هاتووه‌ به‌شێوه‌یه‌ك عه‌قلی هاوچه‌رخ بۆی قوت بدرێت ،بۆ نموونه‌ (محمد عبده‌) (حجارة من سجیل) ی ته‌ئویل ده‌كرد به‌نه‌خۆشی ئاوڵه‌ ، مه‌سه‌له‌ی فره‌ژنی ئه‌وه‌نده‌ سنووردار كردبوویه‌وه‌ نزیك بوو له‌ قه‌ده‌غه‌ كردن ، ئینجا ته‌ڵاقیش به‌هه‌مان شێوه‌ به‌ شێوازێك باسی ده‌كرد ڕۆژئای پێ ڕازی بكات! به‌ كورتی وه‌كو پیاوچاكێك ده‌فه‌رموێت: ئه‌م عه‌قلانییانه‌(موعته‌زیله‌ تازه‌كان) وه‌كو كۆمه‌ڵێك عه‌یب و عار ته‌ماشای ئیسلامییان ده‌كرد و خۆیشیان كردبووه‌ پینه‌چی بۆ ئیسلام! بۆیه‌ بێگومان ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ درێژه‌دانێك بوو به‌ ڕێڕه‌وی ئه‌و فیرقه‌یه‌. موعته‌زیله‌كانی دوێنێ و ئه‌مڕۆیش چه‌ند خاڵێكی هاوبه‌شی جه‌وهه‌ری كۆیان ده‌كاته‌وه‌: 1- عه‌قڵ ده‌كه‌نه‌ ركابه‌ری وه‌حی وجاری واهه‌یه‌ ده‌یكه‌نه‌ داوه‌ر به‌سه‌ریدا. 2- پاشكۆیی بۆ فه‌لسه‌فه‌و ڕێڕه‌وی بێگانه‌ ،ئه‌وان كاریگه‌ر بوون به‌ یۆنانییه‌كان وئه‌مانیش به‌ ئه‌وروپا وشارستانی ڕۆژئاوا. 3- به‌ ڕه‌وا بینینی خۆ هه‌ڵقورتان له‌ باسه‌ غه‌یبیه‌كان و ته‌ئویل كردنیان به‌و شێوه‌ی كه‌ به‌ باشی ده‌زانن. 3- به‌ گومان ته‌ماشاكردنی فه‌رمووده‌كان و سوننه‌ت به‌ گشتی ، ئیتر به‌ ڕه‌تكرنه‌وه‌ی بێت به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ، یان ڕه‌تكردنه‌وه‌ی فه‌رمووده‌ی ئاحاد ، واته: ته‌نها وه‌رگرتنی متواتر. 4- شه‌یدا بوون به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی گومان و قسه‌ی سه‌یرو بێ سه‌رو به‌ر ده‌رباره‌ی شه‌ریعه‌تی ئیسلام. 5- هه‌روه‌ها هه‌ردوو لایان هاوبه‌شن له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی دروشمی لێبورده‌یی ئایینی و ئازادی بیرو ڕاكه‌ جێگای زۆر شتی دژ به‌ ئیسلامی تێدا ده‌بێته‌وه‌. موعته‌زیله‌ تازه‌كان هه‌میشه‌ به‌ ئه‌هلی سوننه‌ت ده‌ڵین: ئوصوڵی ، یان توندڕه‌وه‌كان و، وزۆر ستایشی قوتابخانه‌ی موعته‌زیله‌ ده‌كه‌ن:وه‌كو زه‌مه‌خشه‌ری و هاوشێوه‌كانی ، ئێستاش به‌شێوه‌یه‌كی گشتی چه‌ند بیروباوه‌ڕیكی موعته‌زیله‌ هاوچه‌رخه‌كان ده‌خه‌ینه‌ڕوو: * نه‌هێشتنی بیروباوه‌ڕی (الولاء والبراء) له‌ ڕێگه‌ی بانگه‌شه‌ كردن بۆ یه‌كگرتنی ئایینه‌كان و، نزیكبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ شیعه‌ وشتی له‌شێوه‌. * سڕینه‌وه‌ی جیهاد به‌ته‌واوه‌تی و گۆڕینی به‌ دفاع وبه‌رگریكردن ئه‌ویش له‌ كاتی پێویستیدا. * نكۆڵی كردن له‌ زۆرێك له‌سزا شه‌رعییه‌كان به‌ تایبه‌تی ڕه‌جمی زانی و حه‌ددی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ له‌ ئیسلام ، چونكه‌ ئه‌وه‌ تیكده‌گیرێ له‌گه‌ڵ ئازادی بیروباوه‌ڕ و ڕا ده‌ربڕیندا. * ڕیگه‌دان به‌ تێكه‌ڵاوی ژنان وپیاوان به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر به‌رفراوان و گوماندرووست كردن سه‌باره‌ت به‌ شه‌رعیه‌تی سه‌رپۆشی ئافره‌ت وڕێگه‌دان به‌ته‌وقه‌كردنی پیاو له‌ گه‌ڵ ژنی نامه‌حره‌م و حه‌ڵاڵ كردنی چه‌ند جۆرێك له‌جۆره‌كانی سوو وشتی تر. * ڕه‌تكردنه‌وه‌ی فه‌رمووده‌ی ئاحاد له‌ بواری عه‌قیده‌ یان لای هه‌ندێكیشیانه‌وه‌ به‌ ڕه‌هایی. * نكۆڵی كردن له‌هه‌ندێ له‌ موعجیزه‌كانی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم )،هه‌روه‌ها كه‌راماتی ئه‌ولیا وشتی تر. قوتابخانه‌ی عه‌قلانی یان موعته‌زیله‌ تازه‌كان ، له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌وه‌ به‌ گه‌رمی كارده‌كه‌ن و به‌رهه‌میان هه‌یه‌ ، ئه‌مه‌ش ناوی هه‌ندێكه‌ له‌ناوداره‌كانیان ، به‌ڵام هه‌موویان وه‌كویه‌ك نین سه‌باره‌ت به‌ ڕێژه‌ی كاریگه‌ری بوونیان به‌و ڕێڕه‌وه‌ ، به‌ڵكو جیاوازیان هه‌یه‌ له‌ڕووی زۆری وكه‌میه‌وه‌: (جمال الدين الأفغانى ومحمد عبده ، أحمد خان الهندي وأحمد أمين، زهدي جار الله، زكي نجيب محمود ،معروف الدواليبي ، محمد البهي ،حسن الترابى ،سليم العوا ، طارق السويدان ، عمرو خالد ومحمود شلتوت ،محمود ابو ريه ، طه حسين ،عبد الرحمن الكواكبى ، محمد حسين هيكل نووسه‌ری كتێبی (حياة محمد) ،أحمد زكى أبو شادى ، توفيق الحكيم ومحمد فريد وجدى ،أبو زيد الدمنهورى وفرج فوده ورشاد خليفة وأحمد صبحى منصور ، عبد الله عنان ، مصطفى محمود ، مصطفى كمال المهدوى ،معمر القذافى ، روجيه جارودى ، محمد عمارة، مصطفى المراغى ،حسن حنفي ، و نصر حامد أبي زيد ، و هشام جعيط ) زۆری تریش. پرسیارێك ده‌مێنێنه‌وه‌ بیكه‌ین: ئایا موعته‌زیله‌ی هاوچه‌رخ له‌ كوردستان بوونیان هه‌یه‌؟ به‌ڵێ بێ گومان بوونیان هه‌یه‌ ، به‌ ئاسانی ده‌توانین له‌ ڕۆشنایی ئه‌وه‌ی باسمان كرد بیانناسین ، ئه‌وان چالاكن بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕه‌وته‌ له‌ بیركردنه‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی نووسین و كاركردنیان له‌ ناو هه‌ندێ له‌حیزبه‌ ئیسلامییه‌كان وهه‌روه‌ها وه‌كو چالاكوان له‌ ڕێكخراوی ناحكومیه‌كان و ، هه‌ندێكیش له‌وانه‌ به‌ڕاشكاوی له‌سه‌ر ته‌له‌فزیون و له‌ ڕۆژنامه‌وگۆڤار و ئێنته‌رنێت بیروباوه‌ڕی خۆیان ده‌خه‌نه‌ ڕوو وبه‌رگری لێ ده‌كه‌ن ولۆمه‌ی موسوڵمانان ده‌كه‌ن سه‌باره‌ت به‌ باوه‌ڕ هه‌بوونیان به‌ هه‌ندی باس وخواست كه‌ ئه‌وان به‌ دواكه‌وتنی ده‌زانن ، به‌ڵام ئه‌وان له‌ ژێر ناوونیشانی بیرۆكه‌ی ئیعتیزالدا كار ناكه‌ن له‌وانه‌شه‌ ئه‌و پرسه‌ ڕه‌تكه‌ته‌وه‌، له‌ نیشانه‌ دیاره‌كانیان ئه‌وه‌یه‌ زۆر به‌ بیری عه‌لمانییه‌ت كاریگه‌رن و به‌رده‌وام ڕه‌خنه‌ له‌ مه‌نهه‌جی سه‌له‌ف ده‌گرن و له‌ ڕووی زانستی شه‌رعییه‌وه‌ هیچیان پێ نییه‌ و به‌ قسه‌ی زل و درووشمی بێ ناوه‌ڕۆك و ناڕاست خه‌ڵكی و تایبه‌تی گه‌نجان فریو ده‌ده‌ن، بۆ زیاتر شاره‌زابوون له‌مانه‌ی باسمان ده‌كرد، بڕوانه‌: - مذاهب فكرية معاصرة، محمد قطب. - تاريخ الفلسفة الحديثة، يوسف كرم. - درء تعارض العقل والنقل، ابن تيمية بتحقيق د. محمد رشاد سالم. – المعتزلة بين القديم والحديث لمحمد العبده وطارق عبد الحليم والعصريون لمحمد حسين رحمه الله. والفكر الإسلامي المعاصر لغازي التوبة. غزو من الداخل لجمال سلطان. مقال "المدرسة العقلية الحديثة وصلتها بالقديمة" للشيخ ناصر العقل. كتاب دعوة جمال الدين الأفغاني في ميزان الإسلام لمصطفى غزال. كتاب العصريون معتزلة اليوم ليوسف كمال حوار هادئ مع الغزالي .سلمان العودة العصرانيون و مزاعم التجديد - محمد حامد الناصر. موقف المدرسة العقلية من السنة النبوية - الأمين الصادق الأمين مفهوم تجديد الدين - بسطامي سعيد مفهوم التجديد بين السنة النبوية وبين أدعياء التجديد المعاصرين - د.محمود الطحان العصرانية في حياتنا الاجتماعية - د.عبدالرحمن الزنيدي. العصرانية قنطرة العلمانية - سليمان الخراشي. نووسینی:إحسان برهان الدین