/وانەکانی مێژوو/
ئیخوان لە سەردەمی (حسن الهُضیبي) دا
: 308
2022-07-05
#وانەكانی_مێژوو: 11
ئیخوان لە سەردەمی (حسن الهُضیبي) دا
لەپاش داخستنی ناوەندی گشتی و هەموو بەش و بارەگاكانی ئیخوان لە میسر لە ساڵی 1948 و دەستگیركردنی هەزاران لە ئەندامانی ئەو كۆمەڵە و كوژرانی شێخ حسن البنا بەڕەحمەت بێت، ئەوانەی كە دەستگیر نەكرابوون لە ئەندامانی ئیخوان سەرگەردان و پەرتەوازە بوون و هیچ سەركردایەتییەك بوونی نەما كە لەو بارودۆخەدا ڕێنماییان بكات و لەگەڵیاندا پەیوەندی هەبێت، هاوكات - وەكو فرید عبدالخالق ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ئیخوان دەڵێت - قەناعەتێك لەلای زۆرێك لە ئیخوانەكان گەڵاڵە بوو كە كۆمەڵەكەیان بوو بە قوربانی كردەوەكانی دەزگای ڕێكخستنی تایبەت (التنظیم الخاص).
دوای ئەوەی لە 12-2-1949 شێخ حسن البنا كوژرا، ئیخوان بەبێ ڕابەری گشتی مانەوە تاكو ئەو كاتەی حسن الهضیبي لە 17-10-1951 وەكو ڕابەری گشتی الإخوان المسلمون دەست بەكاربوو.
لەم كاتانەدا كودەتایەك كە دواتر بە (شۆرشی 23ی یولیۆ)ناسرا لە 23-7-1952 دژ بە حوكمی مەلەكی لەلایەن ئەفسەرە ئازادەكان (الضباط الأحرار) ئەنجامدرا، كە بریتی بوون لەكۆمەڵێك ئەفسەری سەربازی لە سوپای میسری و ئیخوانیشیان تێدا بوو، ئەوانەش كە ئیخوان نەبوون لەو ئەفسەرانە لایەنگری ئەوان بوون وەكو محمد نجیب و تەنانەت بە ڕواڵەت جمال عبدالناصریش لەگەڵیان بوو و هەندێك پێیان وایە ئەندامی ئەوانیش بووە، كە سوودی لە جەماوەر و سەركردەكانی ئیخوان بینی بۆ دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتدا.
ئیخوان خاوەنی ڕۆڵ و بەشداری سەرەكی بوون لەو كۆدەتایەی 23ی تەمموزدا و وەكو لیوا صلاح شادي لە كتێبی (حصاد العمر)دا دەڵێت ئەركی مسۆگەركردنی لایەنی جەماوەر و هەروەها پاراستنی دامودەزگاكان خرابووە ئەستۆی ئیخوان و لایەنی سەربازی كودەتاكەش لەسەر ئەفسەرەكان بوو، بەڵام پێشمەرجی ئیخوان ئەوەبوو كە بنەماكانی ئیسلام بكرێتە بنچینەی حوكمڕانی لە میسر و هەر ئیسلامیش لە میسردا سەرەچاوەی چارەسەری كێشە سیاسی و كۆمەڵایەتی وئابورییەكان بن.
كاتێكیش سعاتی سفر بۆ دەستپێكردنی كودەتاكە نزیك بوویەوە، ئیخوانەكان بە ئەفسەرەكانیان وت دەبێت 48 سعات چاوەڕوان بن تاكو ڕای كۆتایی ڕابەری گشتی ئیخوان حسن الهضیبي لە ئیسكەندەرییە وەردەگرین و ئەویش بەو مەرجانەی سەرەوە ڕازی بوو و زۆریش جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئایا ئەفسەرەكان دواتر بۆ ئەو بەلێنانەی بە ئیخوانیان داوە بە ئەمەك دەبن! لە بەرانبەردا ئەوانیش بە جمال عبدالناصر یشەوە - وەكو گەورە سەركردەی ئیخوان لیوا صلاح شادي دەڵێت - بەڵێنی ئەوەیان پێیاندا، بەڵام عبدالناصر پێی وابوو ئەوە بەیەكجار نابێت وباش نییە لەسەرەتاوە ئاراستەی ئیسلامییان پێوە دیار بێت و پێویستە لەسەرەتاوە ئەو بانگەشەیە نەكرێت تاكو قۆناغ بە قۆناغ ئەو ئامانجانە جێبەجێ دەكەن.
لە سەرەتای سەركەوتنی شۆڕشەكەدا و دەركردنی مەلیك فاروق لە میسر بۆ ئیتاڵیا، ئیخوانەكان وەكو بەشێك لەو سەركەوتنە دەركەوتن، ئەگەرچی لە ڕۆژانی سەرەتای كودەتاكەدا بەفەرمی بەیاننامەیان نەبوو بۆ پشتگیری سەرانی شۆڕشەكە چونكە پێشتر لەسەر ئەوە ڕێكەوتبوون كە لەبەر ئەوەی ڕۆژ ئاوا بەهانەی دەستێوەردان و دژایەتی شۆڕشەكەی نەبێت پێویستە ئیخوان لە شانۆی ڕووداوەكاندا دەرنەكەون.
لەدوای شۆڕشەكەی 23ی یولیۆ بەچەند مانگێك كەسایەتییەكی ناوداری میسر كە دەوری دوو ساڵ بوو لە ڕێگەی نێردەیەوە لە ئەمریكا بوو گەرایەوە میسر، ئەویش نووسەر و بیرمەندی میسری بەناوبانگ سید قطب بوو بەرەحمەت بێت كە پەیوەندی شەخسی لەگەڵ سەرانی شۆڕشەكەدا هەبوو بەتایبەت لەگەڵ جمال عبدالناصر دا، تەنانەت كتێبی (العدالة الاجتماعیة)ی لەوی نووسیبوو و لە كاتی گەرانەوەیدا عبدالناصر دابەشی كرد بەسەر ئەفسەرەكاندا بۆ ئەوەی بیخوێننەوە، سید قطب شاعیر وكەسایەتییەكی ئەدەبی و رەخنەگرێكی ئەدەبی بەناوبانگ بوو، بەوەش نەناسرابوو كە پەیوەندی بە ئیخوان یان هیچ لایەنێكی ئیسلامییەوە هەبێت، بەڵكو ئەو بە شێوەیەكی گشتی سەرقاڵی دونیای ئەدەب و شیعر و فیكر بوو، بەڵام خۆی دەگێڕێتەوە كە ئەو كاتەی حسن البنا دەكوژرێت ئەو لە ئەمریكا دەبێت و دیاردەی خۆشحاڵی بەو بۆنەوە بەسەر خەڵكی ئەمریكاوە دەبینێت و نیشانەی پرسیاری لەلا درووست دەبێت ئەم حسن البنا كێیە كە ئەمریكا بە مردنی بەو شێوە خۆشحاڵی دەردەبڕێت! بۆیە كە گەڕایەوە بەداوداچوونی بۆ پرسەكە كرد و بە كورتی دەرەنجام بەوە گەیشت كە پەیوەندی بە ئیخوانەوە بكات.
وەكو هاوهەڵوێستی ڕواڵەتی وڕێزگرتن لە ڕۆڵی ئیخوان لەو كردە سەربازییە گەورەیەدا، سەرانی شۆڕش لە ساڵی 1954 هەڵسان بەدادگایی كردنی بكوژەكانی شێخ حسن البنا و محمد نجیب ی سەرۆك كۆماری میسر بە خۆی سەردانی گۆڕی بەننای كرد و ستایشی ئەوی كرد، بەڵام ئەم دۆخە زۆری نەخایاند وبەتەواوی ئاوەژوو بوویەوە و عبدالناصر كە سەركردەی ڕاستەقینەی كودەتاكە بوو توانی محمد نجیب ناچاری دەست لە كاركێشانەوە بكات و خۆی ببێتە سەرۆك كۆمار و هەر لەو ساڵەشدا لە 1954 كە دوای سەركەوتنی كودەتاكە بە هاوكاری كارای ئیخوان ئیتر هیچ ئیشێكی پێیان نەما، بۆیە بڕیاریدا چیتر درێژە بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیخواندا نەدات و بە زووترین كات بەهانەیەك بدۆزێتەوە و لەناویان ببات وەكو چۆن كاتی خۆی محمد علي مەمالیكەكانی لەناو برد، بۆ ئەم مەبەستەش سیناریۆی (منشیة البكري) بۆیان درووست كرد، كە گوایە كۆمەڵێك چەكداری ئیخوان ویستوویانە عبدالناصر بكوژن لەو كاتەی لە گۆڕەپانی المنشیة لە ئیسكەندریەدا خەریكی وتاردان بووە بۆ خەڵكی، ئەمەش - وەكو محمد نجیب لە كتێبی (كنت رئیسا لمصر)دا دەڵێت - هەلێك بوو بۆ عبدالناصر تاكە هێزی مەترسیدار كە ئیخوان بوون لە ڕێگەی خۆیدا لا بدات و پاكتاویان بكات، بەو هۆیەوە سەرەتا كۆمەڵێك دەستگیر كران و حوكمی لە سێدارەدان بۆ شەشیان دەرچوو و حوكمی مؤبد یش بۆ هەزار كەسی تر لەگەڵ كاری قورسدا دەركرا ، جگە لەوەی تەقەكانی گۆڕەپانی المنشیة سەرەڕای ئەوەی كە كەسی تێدا نەكوژرا و عبدالناصر سەلامەت بوو، بەڵام ئەوە بریتی بوو لە وشەی نهێنی دەست پێكردنی ڕەشبگیرییەكی ڕەها لە ناو ئیخوانەكاندا كە لەو ڕووداوەدا وەكو سەرۆك كۆماری میسر لە كتیبەكەیدا دەڵێت نۆزدە هەزار لە ئیخوانەكان خرانە زیندانەوەو كارەساتێكی گەورەی تازە لە چاوەڕوانی كۆمەڵەكە و ماڵ و منداڵ و ژنەكانیاندا بوو.
حسن الهضیبي وەكو أحمد عادل كمال لە كتێبی (النقط فوق الحروف)دا دەڵێت، كە ڕابەرایەتی گشتی ئیخوانی وەرگرت كەسێكی ئاشنا نەبوو بۆ ئیخوانەكان و هەموانیش پێی ڕازی نەبوون و جۆرێك لە دوو دڵی لە هەڵبژاردنیدا لەلای ئیخوانەكان هەبوو، تا ئێستەش كەسانێك لە ئەندام و لایەنگر و سەركردەكانیان ئەو هەنگاوە بە هەنگاوێكی هەلە دەزانن، چونكە الهضیبي پیاوی یاسا و دادگا و فەرمانگەی حكومی بوو زۆر لە كاروباری حیزبی و بەتایبەت كۆمەڵێكی پڕ لە كێشەی جۆراوجۆری وەكو ئیخوان دوور بوو، تەنانەت شێخ محمد الغزالي بە توندی رەخنەی ل دەگرت، چونكە لە پڕێكدا لە دوای كوژرانی بەننا سەری هەڵدا بۆیە هەموان لەسەری یەك دەنگ نەبوون، خۆیشی بە سروشتی وەكو دادوەرێك كەسێكی بێ دەنگ و كەمدوو بوو، وەكو حسن البنا توانای قسەكردن و قەناعەت پێكردنی بەرانبەر و وتاردانی نەبوو، بگرە وەكو وتمان خودی حسن البنا ش هەندێ جار دەزگای تایبەتی پێ كۆنترۆڵ نەدەكرا.
حسن الهضیبي لە دوای كەمتر لە سێ ساڵ لە جێگرتنەوەی بۆ حسن البنا، خۆی و هەموو خیزانەكەی و زۆربەی زۆری سەركردەو ئەندامانی كۆمەڵەكەی ڕاپێچی زیندانەكانی الحربي و لیمان طرة و زیندانەكانی تر ی میسر كران، بەڵكو لەبەر زۆری ژمارەی دەستگیركراوەكان سەربازگە و تەلبەن و جێگای تایبەتیان لە شوێنە دوورەكان بۆ درووست دەكرن.
سید قطب دوای ئەوەی كە بۆ جمال عبدالناصر دەركەوت لە دوای گەڕانەوەی لە ئەمریكا پەیوەندی بە ئیخوانەوە كردووە، لێی هەڵگەڕایەوە و ئەویشی ڕاپێچی زیندان كرد چونكە هەر لەو ماوە چەند بەرپرسیارێتییەكی بۆ پێشنیار كردبوو لە نێویاندا - وەكو عبدالله النفیسي دەڵێت - ئەوە بوو ببێتە وەزیری پەروەردە، بەڵام سید قطب بەڕەحمەت كەسێكی دووربین بوو و خۆی دەناسی چ ڕێبازیكی هەڵبژاردووە و حەقیقەتی عبدالناصر یشی دەزانی بۆیە ئامادە نەبوو هیچ بەرپرسیارێتییەك لە ڕێگەی ئەو وەربگرێت. ئەگەر لەم زنجیرەیەدا هەلمان بۆ ڕەخسا بە شیكراوەیی و تیشك خستنەسەری زیاترەوە لەسەر سەیید قسە دەكەین و بە پوختی فیكر و جیاوازی ئەو لەگەڵ ئیخواندا دەخەینەڕوو، هەروەها بۆچی لەسەرەتا پەیوەندی پێیانەوە كرد و دواتر لەبەرنامەی كاركردنی ئیخوان لایدا و ئەوانی بەجێهێشت.
سەبارەت بە حسن الهضیبي، سەرەتای كارەكەی بە زیندانی دەست پێكرد و بۆ ماوەیەكی كەم ئازاد كرا و دووبارە دەستگیر كرا و حوكمی لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو بەڵام بە هۆی تەمەن و نەخۆشییەوە بۆ هەتاهەتایی داگیرا و ساڵانێكی دوورودرێژ بەڵكو ئەو تەمەنەی كە مایبوو لە زینداندا بەسەری برد تا لە ساڵی 1973 لە تەمەنی هەشتا و یەك ساڵیدا وەفاتی كرد،.
بەڵام لە قۆناغی پەنجاكان و شەستەكاندا كە حسن الهضیبي مورشیدی ئیخوان بوو، كۆمەڵێك ڕووداوی تر لە كاروانی ئەم كۆمەڵەدا ڕوویانداوە، هەوڵ دەدەین لە بەشەكانی داهاتوودا ئەم زنجیرەیەدا بە پوختی ئاماژەیان پێ بكەین، بەرلەوەی بچینە سەر شیكردنەوەی فیكر و دیدی دینی و سیاسی ئەو جەماعەتە لەلایەكەوە لە ڕوانگەی سەركردە و لایەنگرانی خۆیانەوە، لەلایەكی تریشەوە لە ڕوانگەی ئەوانەی بەرپەرچی ئەو بنەمایانەی ئیخوان دەدەنەوە و ڕەخنەی توندیان ئاراستە دەكەن هەم لە ڕووی عەقیدەو بیروباوەڕ و هەم لە ڕووی سیاسەت و شێوازی كاركردنیان وەكو بزوتنەوەیەكی سیاسی.
إحسان برهان الدین
15 رجب 1443
2022-2-16
2023-10-27
2023-11-22
2023-11-08
2023-10-28
2024-03-08
2023-05-04