العربیة
/نیشانەی تاقمەکان/
تاقمە گومڕاكان خۆیان نوێ دەكەنەوە!
: 398
2021-11-07
  تاقمە گومڕاكان خۆیان نوێ دەكەنەوە! ڕاست نییە كە فیرقەو تاقمەگومڕاكانی وەكو خەواریج و مورجیئەو موعتەزیلە و ئەوانەش لەوانەوە سەرچاوەیان گرتووە، لە قۆناغێكی زەمەنیدا سەریان هەڵداوە و كۆتاییان پێ هاتووە! بەڵكو تاكو ئەمڕۆیش - بەڵام بە هەندێ گۆڕانكاری و خۆ گونجاندن و جیاوازییەوە - ڕەگ و ڕیشەو بیریان بەڕوونی لە ناو موسوڵماناندا ماوەتەوە و بۆچوونەكانیان پەیڕەو دەكرێت، نەك تەنها لەسەر ئاستی تاكەكان، بەڵكو لە سەر ئاستی لایەن و كەسانی دیار و ناوداریشەوە، هەڵگرانی بیری ئەوان لەم سەردەمەدا بوونیان هەیە و هاوكات نكۆڵیش لەوە دەكەن شوێن پێی ئەوانیان هەڵگرتبێت و بەردەوامی بەڕێبازی ئەوان بدەن. لە ڕاستیشدا عیبرەت و پەند بە ناوەڕۆكە نەك بە ناو! بۆیە حاشا كردنی ئەوانەی كە ئەمڕۆ بە زمانی حاڵ هەڵگری بیرۆكە و بیروباوەڕی ئەوانن هیچ دادیان نادات ئەگەر بە زمانی گوفتار نكۆڵی لە بیری ئەو تاقمە گومڕایانە بكەن! دەربڕینی بەرائەت و حاشا كردن چەند پێویست بێت لە فیرقەو تاقمە گومڕاكان وەكو قەوارەیەكی مێژوویی كە لە دوای سەردەمی هاوەڵانەوە سەریان هەڵدا، بە هەمان شێوە ئەركێكی بیروباوەڕ و عەقیدەییە كە ئێستاش حاشا لە هەموو كەس و لایەنێك بكرێت كە بە شێوەیەك لە شێوەكان هەڵگر و درێژە پێدەری ڕێبازی ئەوان، یان بەرجەستەكاری بە شێك لە ڕێباز و بیروباوەری ئەوانن، بنەما و بنچینە عەقیدەیی و فیكرییەكانی ئەوانیش بە ڕوونی دیارە چین و ئەوانەش كە پەیرەوییان لێ دەكەن دیارە كێن! مەسەلەیەكی حاشا هەڵنەگریشە ئەو سێ جۆرە لە بیركردنەوە ئەمڕۆ بە ڕوونی لە ناو موسوڵماناندا - پێی بزانن یان پێی نەزانن - ڕووبەرێكی زۆری داگیر كردووە و ململانێ فیكریەكەش هاوشێوەی ڕابوردوو ئێستا لە نێوانیاندا نوێ بووەتەوە ، ڕەنگدانەوەشیان لە سەر ئاستی كەسانێك كە پێیان دەوترێت زانا، یان لایەن و گروپ و كۆمەڵگەلێك كە لافی هەوڵ و دەستكەوتی گەورە بۆ ئیسلام و موسوڵمانان لێ دەدەن، هەروەها لە نێو ئەوانەی كە خەریكی تازە خوێندنەوەی ئیسلام ن و ئەوانەی كە نكۆڵی لە بە بەڵگەبوونی سونەت دەكەن و هەر وەها بەرجەستە بووە لە زۆر لە نووسەر و كەسایەتی و گروپ و تاقم و حیزبدا، ئەوەش هۆكارێكی گەورە و دیارە بۆ غەریبی ئایینی ئیسلام لەم سەردەمەدا، كە ئێستا وای لێهاتووە هەركێ باسی ئەو ئیسلامە بكات كە لە هەردو سەرچاوەكەدا هاتووە و لە بیری ئیرجائی و خەواریجی و ئیعتیزالەوە دوور بێت، چەندین ناوو ناتۆرەی لێ دەنرێت و رەنگە جۆرەها سزا و ئەشكەنجەش چاوەڕوانی بێت ئەگەر وەكو زۆرینە بیر نەكاتەوە و لە شاری كوێراندا دەست بە هەردوو چاوییەوە نەگرێت، بۆیە قسەی حەق و شایانی پەیڕەویكردن ئەوەیە بوترێت: ڕزگاری تەنها لە پەیڕەویكردنی كیتاب و سوننەت و باوەڕ هێنانە بە ئیسلام بەو شێوەی كە لەو دووو سەرچاوەدا پێناسە كراوە، كە ئەوەش بۆ خۆی مەنهەجێكی ڕوون و ئاسان و ئاشكرایە و بە كەمترین وردبوونەوەش دەردەكەوێت كە جێگای هیچ بیروبۆچوون وباوەرێكی ئەو تاقم و فیڕقە گومڕایانە و هەر جۆرە تازە خوێندنەوەیەك بۆ مەنهەج و بیروباوەڕی ئیسلامی تێدا نابێتەوە. إحسان برهان الدین 25 ربيع الأول 1442 11 تشرینی یەكەم 2020