سیاسەت لە بنچینەدا پیس نییە، بەڵكو پێویستییەكی ژیانە و دەگونجێت رێگایەكیش بێت بۆ سەرفرازی دواڕۆژ ئەگەر سیاسەتێكی شەرعی بێت، بەڵام دوبارە دەپرسمەوە بۆچی سیاسەت بە پێناسەی ئەم ڕۆژگارە پیسە و دەبێت موسوڵمان لێی دوور بكەوێتەوە، وەڵامەكە بە كورتی:
1- ئەمڕۆ سەرزەوی لەلایەن چەند زلهێزێكی كەمەوە بەناراستەوخۆ حوكمڕانی دەكرێت وهیچ نەبێت ئاراستە دەكرێت، جگە لەوان هەموان بە بێ جیاوازی لەژێر ڕكێف وهەژموونی ئەواندان، بەڵكو هێزە لاوەكییەكان پێشبڕكی دەكەن بۆ ئەوەی سیاسەتیان هاوشێوەی سیاسەتی ئەوان بێت بەڵكو ڕازییان بكەن، هەركێ بیت و ئاراستە و بیركردنەوەت هەرچۆنێك بێت ناتوانیت لە دەرەوەی مەرج و ئیرادەی ئەواندا سیاسەت بكەیت، هیچ نەبێت لە هێڵە پانەكانی سیاسەتدا بۆت نییە لێێان لابدەیت، بەو پێیەش هیچ لایەنێك نییە بانگەشەی ئەوە بكات لە دەرەوەی ویست و مەرجەكانی ئەو زلهێزانە و پاشكۆكانیان سیاسەتی ئیسلامی شەرعی یان ئینسانی ئەكات و نەچووبێتە ژێر باری داواكاری مەرج و سیاسەتی ئەو زلهێزانە، ئەگەر كەسێك بانگەشەی لەو شێوەی كرد بەبێ سێ و دوو بزانە قسەكەی دوورە لە ڕاستی.
2- هەڵوێستی زلهێزەكان و پاشكۆكانیان هەر هەمووی بەبێ هیچ ڕاجیایی و ناكۆكییەك دژایەتی ئیسلامە و ڕەفز كردن و ڕەتكردنەوەی شەرع وڕێبازەكەیەتی وەكو بەرنامەی ژیان، بۆیە ئەوانەی بەناو ئیسلامەوە لە گۆڕەپانی سیاسیدا سیاسەت دەكەن جگە لە ناوی ئیسلام و هەندێ بنەماو بنچینەی گشتی لە ئاكار و عیبادەتدا بۆیان نییە لەو بەڕە بچووكەی خۆیان زیاتر قاچ ڕابكێشن، یان هیچ زێدە ڕەوییەك بكەن و خۆیشیان خوا هەڵناگرێت باسی حاكمیەتی شەرع و ئەو شتانە ناكەن بەڵكو بەردەوام ئەلێن ئێمە دەولەتی دینیمان ناوێت و دەوڵەتی مەدەنیمان دەوێت.
3- ئەمڕۆ سیاسەت لەسەر زەویدا سیاسەتێكە ڕەوشتی تێدا نییە، ئەوەش جێگای یەكدەنگی هەموانە و هەموان سنوورەكانی رەوشت بە واتا فراوانەكەی دەشكێنن و ئاساییە بەلایانەوە، بۆ نموونە درۆ كردن و پاشقولدان وفێڵ وتەنانەت پاكتاوكردنی یەكتری وئاكاری تری هاوشێوە ئەمانە بە بەزاندنی سنووری ڕەوشت و یاساو ڕێسای سیاسەت دانانرێت، بەڵكو جۆرێكن لە میكانیزم و هۆكاری سەركەوتن و جۆرێكیشە لە لێزانین و ئازایی لەو جیهانە جەنجاڵەدا.
4- سیاسەتی ئەم ڕۆژگارە یەك لۆژیك زیاتر نازانێت و لە یەك زمان زیاتر تێناگات، ئەویش لۆژیكی هێز وپارەیە، وەكو دوو باڵی باڵندەكەن كە بەبێ ئەو دوو لایەنە توانای هەڵفڕینی نییە، هێزی سەربازی و دارایی لەیەكتر جیانابنەوە وبنەمای سیاسەتی ئەم سەردەمە پێك دەهێنن، جا هەر كەس و لایەنێك هێزی سەربازی و پارەی هەبوو بڕیاریش هەر لای ئەوە، ئەگەر ئەو دوەی نەبوو تەنها بۆ پاشكۆبوون و بەكارهێنان وەكو كاریكتەری لاوەكی و بۆ پڕ كردنەوی هەندێ كەلێن و بۆ سازشی هێزە گەورەكان مەگەر بەكاریان بهێنن، ئەگینا ئەوەی حیساب بێت بۆیان ناكرێت، بەوەش دەردەكەوێت سیاسەتەكە لە خۆ خەڵەتاندن زیاتر نییە.
5- سیاسەت لە ئیسلامدا چەمكێكی پیرۆزی هەیە و مەعناكەی ئاسمان و ڕێسمانی لەگەڵ ئەوەی لەم ڕۆژگارەدا دەگوزەرێت فەرقە، واتای سیاسەت لە ئیسلامدا ئەوەیە كە میللەت بە ئەوپەڕی دادگەری و دڵسۆزی و راستگۆییەوە بەڕێوە ببرێن و كاروبارەكانیان ئاسان بكرێت، لە سەحیحی بوخاریدا هاتووە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: ( كَانَتْ بَنُو إِسْرَائِيلَ تَسُوسُهُمْ الْأَنْبِيَاءُ ، كُلَّمَا هَلَكَ نَبِيٌّ خَلَفَهُ نَبِيٌّ ) واتە نەوەی ئیسڕائیل لەلایەن پێغەمبەرانەوە كاروباریان بەڕێوەدەبرا، كە پێغەمبەرێك وەفاتی دەكرد پێغەمبەرێك جێگاكەی دەگرتەوە.و بە سیاسەتی شەرعی ئەو خەڵكەی بەرێوەدەبرد.
ئایا ئەمڕۆ سیاسەتی لەو شێوە لەسەر زەویدا بوونی هەیە؟ اللهم نەخێر.
إحسان برهان الدین
1- شوال -1445
یەكێكە لە مەزنترین پێغەمبەران و گەورەترین ڕەوانەكراوەكانی الله بۆ مرۆڤایەتی، خاوەن پلەو پایەی قسەكردنە لەگەڵ پەروەردگاری، بەوەش بوو بە خاوەن مەقام وپێگەی (كلیم الرحمن).
شەریعەت و پەیامێكی تێروتەسەلی لەلای الله وە بە بەنی ئیسڕائیل گەیاند، بەڵام زۆربەی زۆری ئەوان نەتەوەیەكی لادەر و لاسار و حەق نەویست بوون، ڕێزیان لە موساو لە شەریعەتەكەی نەگرت و پەیامەكەیان ڕەتكردەوە، بۆیە شاییستەیی هەڵگرتنی سیفەتی مرۆڤیان لە دەستدا و بوون بە بەراز و مەیمون و تاكو ئێستەش ئوممەتەكەی نموونەی كوفر و لادان و ستەمكردن و كاری ناشاییستەن.
موسی علیه السلام مامۆستا و پێشەوای هەموو موسوڵمانێكی موەحیدە تا ڕۆژی دوایی، پێغەمبەرێكی خۆشەویست و مەزنە وپێشەنگێكی بە توانایە بۆ هەموو موسوڵمانێك لە تۆكمەیی كەسایەتی و پتەوی ئیمان و ڕووبەڕووبوونەوەی زاڵم و ستەمكاراندا.
بەسەرهاتی موسی علیه السلام كە قورئانی پیرۆز زۆر جەختی لەسەر دەكاتەوە و لە سوڕەتەكاندا دوبارە دەبێتەوە، بۆ هەموو موسوڵمانێك پڕ لە پەند و وانەو عیبرەتە، خۆشویستنی و بە پێشەوا تەماشاكردنی ئەركی هەموو موسوڵمانانە و فەرزیشە لەسەریان.
موسی علیه السلام خاوەنی داواكارییەكە لە پەرورەدگاری كە هیچ پێغەمبەرێكی تر ئەو داواكارییەی نەكردووە، فەرمووی: پەروەردگارم دەمەوێت بتبینم، (وَلَمَّا جَاءَ مُوسَىٰ لِمِيقَاتِنَا وَكَلَّمَهُ رَبُّهُ قَالَ رَبِّ أَرِنِي أَنظُرْ إِلَيْكَ ۚ) دەیەویست بەهەر حالێك بووە هەموو بەنی ئیسڕائیل بێنێتە سەر ڕێگای ڕاست و گومانەكانیان بڕەوێنیتەوە و بیانهێنێتە سەر ڕاستە شەقامی ئیمان و تەوحید، بەڵام ئەوان لە گومراییدا ڕۆچووبوون.
موسی علیه السلام ناخی لە پێناو پەیامی تەوحید و پەروەردگاریدا توندی و شیددەتی زۆری تێدا بوو، كە بینی لەو ماوەی قەومەكەی بەجێ هێشتووە لە دینی تەوحید ویەك الله پەرستی لایان داوە خەم دایدەگرێت و لە هارونی برای توڕە دەبێت: (وَأَلْقَى الْأَلْوَاحَ وَأَخَذَ بِرَأْسِ أَخِيهِ يَجُرُّهُ إِلَيْهِ).
موسی علیه السلام ئەو شەفاعەتكار و كەسە سەنگینەیە كە لەشەوی میعراجدا پێغەمبەرمانی صلی الله علیه و سلم چەندین جار گێڕایەوە بۆ لای پەروەردگاری بۆ ئەوەی تەكلیفی نوێژمان لەسەر كەم بكاتەوە، پێغەمبەری ئێمە نەبوو بەڵام دڵی پێغەمبەران بەو شێوە پڕ لە سۆز و بەزەیی بۆ هەموو موسوڵمانێك.
موسی علیه السلام ئەو پێغەمبەرە نازدار و مەزنەیە كە سەرەڕای ئەوەی یەكێكە لە پێغەمبەرانی (أولو العزم) علیهم السلام و بەسەرهاتەكانی لە ئایەت و سوڕەتەكانی قورئاندا بڵاوبووەتەوە، بەڵام الله تێماندەگەیەنێت كەوا دواجار موسی مرۆڤ بووە و زۆرێك لەو حاڵەتانەی بەسەر ئێمەی خەڵكی ئاساییدا دێت بەسەر ئەویشدا هەر هاتوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو باری مەزنی پێغەمبەرایەتی بەسەردا درابوو و لەئاستێكی زۆر بەرز و باڵایشدا بوو لە تواناكانیدا، بۆیە ئەو پێشەنگ و مامۆستای ئێمەیە و ئەركی سەرشانمانە ژیاننامەكەی بكەین بە مەشخەڵێك و ڕێگای ئیمان و تەوحیدی خۆمانی پێ ڕوناك بكەینەوە.
موسی علیه السلام برای پێغەمبەرەكەمانە و ڕێبواری یەك ڕێگان كە ڕێگای تەوحید و تێكۆشانە لە پێناو هیدایەتدانی مرۆڤایەتی بۆ ڕووناكی ئیسلام، یەكێكیش لە مافەكانی ئەو پێغەمبەرە بەسەرمانەوە، جگە لەبەرز ڕاگرتنی ژیاننامەی و بە پێشەنگ تەماشاكردنی و فێربوونی وانە لە كەسایەتییە ناوازەكەی، پێویستە نەهێڵێن ناوی لەناوماندا بزر بیت و جێگای خۆیەتی هاوشێوەی باوو باپیرانمان ناوی مناڵەكانمان بە ناوی ئەو پێغەمبەرەوە بنێین و شانازی پێوە بكەین.
كاتێك بە میوانی دەچیتە جێگایەك و لەوێ بەدیداری كەسانێك دەگەیت، چاك دەزانیت كە مانەوەت لەو شوێنەدا مانەوەیەكی كاتییە و بۆ نیشتەجێبوونی یەكجاری نییە، بۆیە هەڵسان و بەجێهێشتنی ئەو جێگایە مسۆگەرە و حەقیقەتێكە زوو یان درەنگ دەبێت ڕوو بدات چونكە ئەوە ماڵ و جێگای حەوانەوەی ڕاستەقینەی تۆ نییە.
لە ڕاستیدا ئێمە لەم دونیایەدا بەهەمان شێوە میوانین ومیوانیش دەبێت لە كۆتایی هاتنی میواندارییەكە دڵنیا بێت و یەقینی هەبێت لە بەجێهێشتنی ئەو هەوارە و جیابوونەوە لە خانەخوێكانی.
تەمەنمان لەم دنیایەدا هەرچەند درێژ بێت هەر كورتە، چونكە ماوەی ژیانی دنیا بەماوەی ژیانی دواڕۆژ بەراورد ناكرێت، ئەگەر سەدەیەكیش تەمەن بكەین بە سروشتمان وەكو مرۆڤ تەنها وەكو ئەوەیە ڕۆژێك ، یان كۆتا ساتەكانی ئەو ڕۆژە تەمەنمان بەسەر بردبێت، جگە لەوە وەكو خەوێكە وزۆربەیشیمان لەبیرچووبێت.
مادام تەمەنیشمان هەرچەند درێژ بێت هەروەكو یەك ڕۆژە وهاكا پێمان دەوترێت ژیان كۆتایی هات، كەواتە دین و عەقڵیش پێمان دەڵێن لەو ڕۆژەدا هەوڵ بدەیت بەڕۆژوو بیت وخۆت لە هەموو خراپەیەك بپارێزێت و بەگوێرەی توانا هەموو چاكەیەك ئەنجام بدەیت و خۆت لە هەموو ئەوەی لەگەڵ ڕەوشت و هەڵسوكەوتی میوانی ئاكاربەرز و بەڕێزدا نەگونجاوە بەدوور بگریت.
ڕەحمەتی الله لەو زانا بەرێزە بێت كە فەرموویەتی:
وصُم يومَكَ الأدنى لعلكَ في غدٍ ... تًفوزُ بعيدِ الفِطرِ والنّاسُ صُوَّمُ
واتە ژیانی دونیا خۆی ڕۆژێكە تۆیش تێیدا بەڕۆژووبە، بەلكو بەربانگ وجەژنی ڕەمەزانت بحەیتە ڕۆژی دواتر كە ڕۆژی قیامەتە.
گرنگە لەو حەقیقەتە تێبگەین كە ئێمە لەم دنیایەدا میوانین ودەبێت وەكو میوانیش - نەك خاوەن ماڵ - ڕەفتار بكەین، واتە دڵنیابین لە تەواوبوونی میواندارییەكە وئەو شوێنە بە موڵكی خۆمان نەزانین، ڕێزی خۆمان بگرین و بە پێی ئەو بەرنامەو ڕێنماییانە بڕۆین كە بۆ میوانەكان دیاری كراون، بە بێ مۆڵەت وەرگرتن هیچ كارێك لەو جێگەی كە میوانین تێیدا ئەنجام نەدەین، چاكەی خاوەن ماڵیش بەچاكە نەك بە خراپە و ناپاكی وەڵام بدەینەوە، بەڵكو ئەركی سەرشانمانە چاكەو ڕەوشتی جوان نیشان بدەین و هەوڵیش بدەین شوێنەوار و ناوبانگێكی جوان لە دوای خۆمان بەجێ بهێڵێن و هیچ كار و ڕەفتارێكی نەشیاوو ناپەسەندمان لێ دەنەكەوێت لە كاتی میواندارییەكەدا