#دەمارگیری_و_تەقلیدی_مەزهەبی_لەتەرازووی_ئیسلامدا: 4
تەقلید كردنی مەزهەب چۆن و بۆ كێ ڕێگەپێدراوە؟
هەموو كەسێك كە جاهیل بێت بە حوكمەكانی شەریعەت و ڕێگای بۆ گەیشتن بە بەڵگەكانی كیتاب و سوننەت نەزانێت، الله فەرمانی پێ كردووە پرسیار لە ئەهلی عیلم بكات، (فَاسْأَلُوا أَهْلَ الذِّكْرِ إِنْ كُنْتُمْ لَا تَعْلَمُونَ) النحل:43. لەم ئایەتەو كۆمەڵێك بەڵگەی تر زانایان بەوە گەیشتوون كە كەسی جاهیل دەتوانێت تەقلیدی پێشەوایەك لە پێشەوایانی مەزهەبەكان بكات بەبێ ئەوەی بزانێت دەلیلی ئەوان لە حوكمەكەدا چی بووە، چونكە ئەسڵەن ئەو ناتوانێت لە دەلیل تێبگات، بۆیە چارەسەری هەر ئەوەیە كەسێكی تر واتا زانایەك ڕێگای حەقی پێ نیشان بدات، ئەمەیان كەس لاری لەسەری نییە كە كەسی جاهیل بۆی هەیە تەقلید بكات، بەڵام لێرەدا چەند تێبنییەكی گرنگ هەیە:
1- ئەو كەسەی كە بەشەریعەت جاهیلە ، مەرج نییە ئیللا لەسەر مەزهەبی شافیعی یان أحمد بێت، یان ناچار بێت لە چوار چێوەی پێشەوایانی چوار مەزهەبەكە دەرنەچێت، ئەوە (لزوم ما لا یلزم)ی پێ دەوترێت، واتە خۆی وابەستە شتێ: كردووە كە شەرع ئەوەی پێوەی وابەستە نەكردووە، بەڵكو هەر زانایەكی موعتەبەر كە بەوە ناسرابێت بە بەڵگەی كیتاب و سوننەت فەتوا دەدات و وەڵامی پرسیار دەداتەوە، ئەوە مەبەستی ئایەتەكەی پێ جێبەجێ دەبێت بۆ ئەو كەسەی بە حوكمەكانی شەریعەت نەزانە.
2- (فَاسْأَلُوا أَهْلَ الذِّكْرِ) مەعنای ئەوەیە پرسیاری بەڵگەكانی كیتاب و سوننەت لەو زانایانە بكرێت، نەك پرسیاری ڕاوبۆچوون و تیگەیشتنی خۆیان. لە هەبوونی بەڵگەی كیتاب و سونەتدا ڕای زانا چ گرنگییەكی هەیە؟ بەڵام ئەگەر بەڵگەكە زیاتر لە مەعنایەكی هەڵدەگرت، یان دەقێكی راستەوخۆ لەسەر حوكمی ئەو مەسەلە نەبوو، لەو حاڵەتەدا پرسیار لە ئەهلی ذكر دەكرێت.
3- تەقلید كردنی مەزهەبێك یان زانایەكی دیاری كراو نابێت وەكو واجب و فەرز سەیر بكرێت، چونكە ئەو واجب بوونە بەڵگەی شەرعی دەوێت و بەڵگەشی لەسەر نییە، پرسەكە هەر ئەوەندەیە كە حوكمی مەسەلەیەكت نەزانی پرسیار لە زانایان دەكەیت بۆ زانینی، نەك یەك مەزهەب بگریت و وابزانیت حەق وڕاستی تێدا كورت هەڵهاتووە.
مەزهەبە فیقهییەكان خێروچاكەیان زۆر تێدایە، زانستی شەرعی باشیشیان تێدایە، بەڵام ئەو مەزهەبانە دواجار هەوڵ وكۆششی مرۆڤەكانە و وەحی نییە لە ئاسمانەوە دابەزیبێت، ڕاست و پێكانی تێدایە، هەڵە و نەپێكانیشی تێدایە، ئەوەش دەرخەری ئەو حیكمەتەیە كە نابێت موسوڵمان دەست بەتەنها مەزهەبێكەوە بگرێت، چونكە ئەوە فێری دەمارگیری دەكات وئەم زنجیرە باسەش هەمووی جەختكردنەوەیە لەسەر وریاكردنەوەی موسوڵمانان لەو مەترسییە.
مەزهەبەكان - وەكو هەندێك لە زانایان فەرموویانە - وەكو ئەوەیە كەسێك بۆ نموونە نەخۆش بێت وبچێتە لای پزیشكێك، یان ئیشی بكەوێتە لای خاوەن پیشەیەك، ئیشەكەی خۆی لەلای تەواو دەكات و مەرج نییە پەیوەندییەكی بەردەوام بەو پزیشك و پیشەوەرەوە بیبەستێتەوە، ئەگەر جارێك چووە لای پزیشكێك ودوایی دەركەوت سوودی لێی نەبینی و نەیتوانی نەخۆشییەكەی بدۆزیتەوە دەچێتە لای پزیشكێكی تر مەرج نییە تاكو ماوە تەنها سەردانی ئەو بكات!
هەر لەو ڕوانگەشەوە بیدعەبوونی دەست گرتن بەیەك مەزهەبی فیقهییەوە سەرچاوە دەگرێت، چونكە تۆ بەو كارەت شتێك لەسەر خۆت فەرز دەكەیت الله عزوجل لەسەرتی فەرز نەكردووە وفراوانی ئیسلام بە خۆڕایی لەخۆت تەسك دەكەیتەوە.
باوەڕیشمان وایە زۆربەی زۆری ئەو زانایانەی لە درێژایی مێژوودا نازناوی شافیعی و حەنەفی و مالیكی و حەنبەلی یان هەڵگرتووە -جگە لە دەمارگیرەكانیان نەبێت كە لەوانەیە كەم بن وناسراویشن ولەم زنجیرەدا ئاماژەیان بۆ دەكرێت إن شاء الله - هیچ زانایەك ئەوانە چەقی تەنها لەسەر ڕاوبۆچوونی سەرمەزهەب و زانایانی مەزهەبەكەی خۆی نەبەستووە وتەنها ئەوان بەحەق بزانێت، بەڵكو هەركاتێك بەڵگەی لە مەزهەبێكی تر و لەلای زانایەكی تر بۆ ڕاست بووبێتەوە كاری پێكردووە، ئینجا ئەو زانایانەش كە بە شافیعی و بە حەنەفی و مالیكی ناسراون، ئەوانە ڕۆڵی دادوەر و كەسایەتی زانستی و كۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسیشیان لەسەردەمی خۆیاندا گێڕاوە، كێشەو قەزاوەت و پرسی گەورەیان هاتووەتە بەردەست كە بەڕاستەوخۆ لە دەقەكاندا باس نەكراون، بۆیە لەسەر مەزهەبێكی دیاریكراو لەو مەسەلانەدا فەتوایان داوە، نەك بڵێی لەهەموو شتێكدا خۆیان لەو بازنەیەدا قەتیس كردبێت.
نموونەش لەو بارەوە گەلێك زۆرە، كتێبی (المجموع) ی نەوەوی و (المغني) ابن قدامة ودەیان و سەدان كتێبی تر هەیە خاوەنەكەی بە شوێنكەوتوی مەزهەبێك ناسراوە، بەڵام هەركاتێك بەڵگەی لەمەزهەبێكی تر و لەلای زانایەكی تر بینیبێت، دوو دڵ نەبووە لەوەی مەزهەبەكەی خۆی بەجێ بهێڵێت وكار بە بۆچوونە ڕاستەكە بكات.
ئالێرەشەوە وبەم واتایەی كە دەمارگیری لەگەڵ نەبێت، ئینتیساب خۆی بۆ خۆی بۆ هەر مەزهە.بێك لە چوار مەزهەبە بەناوبانگەكان، یان هەر مەزهەب و ڕیباز و قوتابخانەیەكی زانستی تر، یان وەرگرتنی فیقهی ئیسلامی بە پێی مەزهەبێك لە مەزهەبەكان بەمەرجێك ڕەچاوی دەلیلی كیتاب و سوننەتی تێدا بكرێت، هیچ گرفتێكی شەرعی تێدا نییە، بەڵكو ئەوەی گرفتە ولەگەڵ دەقەكانی كیتاب و سوننەتدا یەكناگرنەوە دەمارگیرییە و بچوك كردنەوەی شەریعەتە ئەوەیە، لە ڕاوبۆچوون و تێگەیشتنی پێشەوایەك و زانایانانی تری شوێن كەوتووی ئەودا قەتیس ببن و وا بزانن ئیسلام هەمووی هەر ئەوەیە و بە بەهانەی ئەوەی ئەوان زانا و موجتەهید بوونە ودەرگای ئیجتیهاد تاكو ڕۆژی قیامەت داخراوەو قوفڵی لێ دراوە و بەهیچ شێوەیەك تەحقیق لە بەڵگەی قسەو فەتواكانیان وبەو شێوەش و بەبەهانەی شوێنكەوتنی مەزهەب ، زۆرێك لە حوكمەكانی كیتاب و سوننەت ڕەتدەكرێتەوە وئەمەیش ێگای مەترسییە لەلای هەموو دڵسۆزێكی ئیسلام.