العربیة
/دەمارگیری و تەقلیدی مەزهەبی لە تەرازووی ئیسلامدا/
3-هەڵوێستی موسوڵمان لە پێشەوایانی مەزهەبەكان
: 33
2024-12-25

#دەمارگیری_و_تەقلیدی_مەزهەبی_لەتەرازووی_ئیسلامدا: 3
هەڵوێستی موسوڵمان لە پێشەوایانی مەزهەبەكان

لە كاتێكدا ئێمە باسی خراپییەكانی دەمارگیری بۆ مەزاهیبەكان دەكەین و تەقلیدكردنی كوێرانە وڕەها بۆ بیروبۆچوون وفەتواكانی ئەوان بە كارێكی ناشەرعی وخراپ دەزانین، یەكێك لەسەرچاوەكانی ئەم بیروباوەڕەمان لە خودی ئەو پێشەوایانەوە بۆ درووست بووە و لەوانمان وەرگرتووە، بۆیە كەس مەبەستی باسەكانمان بەلاڕێدا نەبات و وابزانێت ئێمە لە پێگە وبایەخی ئەو زانایانە كەم دەكەینەوە، نەخێر هەركێ وا تێگەیشتووە زۆر بەهەڵەدا چووە چونكە ئەو زانایانە بەلامانەوە بەرزو بەرێزن هاوكات بە معصوم و بێ هەڵە و كەموكوتریش نایانبینین.

پێشەوایانی مەزهەبەكان لە باشترین زاناكانی ئوممەتن و خزمەتی موسوڵمانانیان بە زانستەكەیان زۆر كردووە، زانستەكەشیان بووەتە مەشخەلێك بۆ موسوڵمانان وسەرچاوەیەك بۆ فێركردنی زانستی شەرعی، قسەی ئێمە كە ڕەنگدانەوەی قسەی زانا ڕەببانییەكانی ئوممەتە ئەوەیە، ئەوان  لەبەر ئەوەی مرۆڤ بوونە و معصوم نەبوونە،  نابێت فەتوا وبۆچوونەكانیان وەكو دەقی قورئان و سونەت پیرۆز تەماشا بكەین وبەبێ تەحقیق و لێوردبوونەوە ورەیان بگرین، نابێت ئەوان ببنە فلتەرێك دینی ئیسلام بە كتێب و بەفەتواكانی ئەواندا بۆ موسوڵمانان  ڕەت ببێت، چونكە زانستی ئەوان دەبێت لە چوار چێوەی زانستی مرۆڤەكان و زاناكانی تردا پۆلێن بكرێت و هەمووی لە ڕۆشنایی كیتاب و سوننەتی صحیح دا وەربگیرێن یان ڕەتبكرێنەوە، دەمارگیری و تەقلید كردنی ئەوان بە ڕەهایی، موقەللید بەخۆی بزانێت یان نەزانێت، تەقدیس كردنە و بە معصوم دانانە بۆ ئەوان وئەوەش لەگەڵ بنەمای اعتصام كردن بە كیتاب و سوننەت و تەماشاكردنیان بە تاكە دووسەرچاوەی سەرەكی ڕەها بۆ تەشریع تێكدەگیرێت.

لەلایەك ترەوە هەركەسێك لە پێگەی زانست و دڵسۆزی ئەوان بۆ ئیسلام كەم بكاتەوە، یان تۆمەتباریان بكات و هەر بێ ئەدەبییەك بەرانبەر ئەوان بكات، یان وەكو ئەو فیتنەی ماوەیەكە لەناو كورددا سەری هەڵداوە كە هەندێك جاهیل وخەڵكی نەكیرە تەكفیری ئەوان دەكەن! ئێمە لە هەموو ئەوانە بەرین وحاشا دەكەین و بە جۆرێك لە گومڕایی و بە فیكرێكی مونحەریف وترسناك تەماشای دەكەین، مەحاڵە لە پێگەی زانایانی ئوممەت كەم بكەینەوە چجای تەكفیریان بكەین،  ئەوە لادن و گومراییەكە الله ئێمەی لێ پاراستووە، بەڵكو ئەو پێشەوایانە بە زانای گەورەی ئیسلام دەزانین وڕێزو حورمەتیان لەلامان هەیە وخۆشمان دەوێن، بەڵام وەكو پێشتر وتم نە بە زمانی سەر و نە بەزمانی حاڵ ئەوان بە معصوم و بێ هەڵە وپەڵە نازانین، بەواجبیشی نازانین كەسێك تەقلیدی ئەوان بكات و لە سەر قسەكانی یەكێك لەوان چەق ببەستێت وبۆ قسەی ئیمامێكی تر نەتوانێت دەربچێت ودین لەمەزهەبێكدا یان لە چەند مەزهەبێكدا بچووك بكاتەوە، ئەوە بە واجب كردنی شتێكە كە شەرع بەواجبی دانەناوە، ، بەڵكو وەكو ئەو پێشەوایانە خۆیان فەرموویانە، لە قسەو فەتواكانیان سوودمەند دەبین تا ئەو كاتەی موافیقی كیتاب و سوننەت بێت، هەركاتیكیش موخالەفەی كرد بەبەڵگە ڕاستەكە كار دەكەین و قسەكەی ئەوان ڕەتدەكەینەوە، زانایانی ئوممەتی ئیسلام تەنها لەسەر چوار زاناو پێشەوای مەزهەبەكان كوۆت هەڵنەهاتوون تاكو تەنها لەوان یان لە یەكێك لەوان دین وەربگرین، دین لە هاوەڵان و لە تابییعین و لەئەوان و لە هەر زانایەكی تر وەردەگرین كە بزانین وابەستەی كیتاب و سوننەتە.

بۆچوونمان دەربارەی چوار پێشەواكە وەكو بۆچوونی ابن قیم الجوزیة یە بەڕەحمەت بێت كە دەربارەیان دەفەرموێ: (معرفةُ فضل أئمةِ الإسلام ومقاديرِهم  وحقوِقِهم ومراتبِهِم، وأن فضلهُم وعلمَهُم ونُصحَهُم لله ورسوله لا يوجَبُ قبول كلِّ ما قالوه، وما وقع في فتاويهم من المسائل التي خفي علىهم فيها ما جاء به الرسول، فقالوا بمبلغ علمهم، والحقُّ في خلافها لا يوجبُ اطِّراحَ أقوالهم جملةً، وتنقُّصَهم والوقيعة فيهم...) إعلام الموقعین: (3/ 294-295).
پوختەی وتە جوانەكەی ابن القیم ئەوەیە: پێویستە فەزڵ وپێگەی ئەو پێشەوایانە بزانین ، بەڵام ئەوەی كە ئەوان زانا و خاوەن فەزڵ وچاكە بوونە وامان لێ نەكات هەموو ئەوەی كە وتوویانە یان ئەو قەولانەیان كە حەقیان تێدا بۆ ڕوون نەبووەتەوە وەربگرین، لەبەر هەڵەكانیشیان درووست نییە زانستە ڕاستەكشیان ڕەتبكرێتەوە، ئەوان ئەوەی لەزانست و توانایاندا بووە كردوویانە هەڵەكانیان پاساو نییە بۆ كەم كردنەوە لە پێگەیان.