العربیة
/وەڵامی پرسیارەکانتان/
گۆشتی قوربانی چۆن دابەش بکەم؟
: 279
2022-06-27
وەڵامی_پرسیارەكانتان:41 یەكێك لەو پرسیارانەی لەلای هەندێك لەوانە درووست دەبێت كە قوربانی دەكەن ئەوەیە: ئەو ئاژەڵەی كە دەیكەن بە قوربانی لەڕووی شەرعەوە چەندی بۆ خۆیان دابنەن و چەندی دابەش بكەن؟ منیش لە وەڵامدا و لە ڕۆشنایی قسەی زانایاندا دەڵێم: سەرەتا خیلاف لە نێوان زانایاندا هەیە كە ئایا قوربانی كردن واجبە یان سوننەتە، بەپێی بۆچوونی جومهوری زانایان واجب نییە و موستەحەببە و دروشمێكی ئیسلامە و سوننەتێكی پێغەمبەرە صلی الله علیه و سلم، باشترە هەركێ توانای هەبێت دوانەكەوێت لە جێبەجێكردنیدا و ئەگەر بۆی بكرێت و لە تاوانایدا هەبێت ساڵانە بیكات باشترە، چونكە قوربانی كردن دروشمێكە لە دروشمەكانی ئیسلام و لە قورئان و لە سوننەتدا باسی هاتووە و ئاماژەی بۆ كراوە. كاتەكەشی لە دوای نوێژی جەژنەوە دەست پێ دەكات تاكو سێیەم ڕۆژ، یان چوارەم ڕۆژی جەژن، بەپێی خیلافێك لەو بارەوە كە لە نێوان زانایاندا هەیە، سەبارەت بە دابەشكردنەكەی هیچ دەقێكی تایبەت نەهاتووە لە قورئان و لە سوننەتدا بڕەكەی دیاری بكات، كە گۆشتی قوربانییەكە چەندی بۆ خۆت بێت و چەندی لێ دابەش بكەیت، ئەو بڕانەش كە باس دەكرێن بەڵگەی قورئان و فەرموودەی لەسەر نییە، قسەی زانایانە و وایان بە گونجاو بینیوە، گرنگ ئەوەیە بەشی هەژار یان خزم و هاوڕێ یان دراوسێی یان هەموویان پێكەوە لێ بدرێت بە گوێرەی زۆر و كەمی گۆشتی ئەو قوربانییەی كە دەكرێت. شەرع هیچ سنوورێكی بۆ دیاری نەكردویت، بۆ نمونە دەتوانیت گۆشتەكە بكەیت بە سێ بەشەوە، بەشێكی بۆ خۆت و دوو بەشی دابەش بكەیت، یان دوو بەشی بۆ خۆت بێت و یەك بەشی ببەخشیت، یان نیوەی بۆ خۆت و نیوەی ببەخشیت، یان زۆربەی دابەش بكەیت بەسەر خەڵكیدا و كەمێكی بۆ خۆت بمێنێتەوە، یان بەهەر شێوەیەكی تر بێت، هەموو ئەوانە درووستن، گرنگ ئەوەیە پشكی خەلكی تری لێ دەربچێت. الله تعالی دەربارەی قوربانی فەرموویەتی: {فصلِّ لربك وانحر} [الكوثر:3]. هەروەها فەرموویەتی: (فَكُلُوا مِنْهَا وَأَطْعِمُوا الْبَائِسَ الْفَقِيرَ) الحج/28. هەروەها فەرمویەتی: (فَكُلُوا مِنْهَا وَأَطْعِمُوا الْقَانِعَ وَالْمُعْتَرَّ ۚ). الحج/ 36. واتای ئایەتەكان ئەوەیە قوربانی بۆ پەرورەدگارتان بكەن و خۆتان لە گۆشتی قوربانیەكانتان بخۆن و بەشی هەژارانیشی لێ بدەن. لە فەرموودەی سەحیحی موسلمیشدا هاتووە كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: (كلوا، وأطعموا، واحبسوا، أو ادخروا) واتە: لێی بخۆن و لێی ببەخشن بە خەڵكی و لێی هەڵگرن و پاشەكەوتی بكەن. إحسان برهان الدین 3 ذو الحجة 1442 13 تموز 2021