
(استكراد )مەعنای چییە؟
دەستەواژەیەك هەیە لە هەندێ وڵاتی عەرەبی بەكاری دەهێنن وبە شێویەكی تایبەتیش لە میسر بەكار دێت، ئەویش ئەوەیە كاتێك كەسێك هەست بكات كەسێكی تر لە شتێكدا دەیخەڵەتێنێت، یان دەیەوێت كڵاوی لەسەر بكات، پێی دەڵێت: (أنت بتستكردني) واتە تۆ من بە گێل دەزانیت؟ وەكو دیارە مەعنای ڕاستەوخۆی وشەكە لە وشەی كوردەوە وەرگیراوە، تاكو ئێستاش لە فیلم ودراماكانیاندا یان لەناو كۆڕو كۆمەڵی خەڵكی ولە بازاڕ و شوێنە شەعبیەكاندا بەتایبەتی بە هەمان مەعنا بەكاردێت و تەعبیرێكی زۆر بەناو بانگە لە میسر و لە چەند دەوڵەتێكی تری عەرەبیش بەكار دەبرێت، بۆ نموونە دەوترێت:
- (هو أنت بتستكردني). واتە چیە ئەوە دەتەوێت حسابی كوردم بۆ بكەیت وفریوم بدەیت؟
- (أنت عايز تستكردني ليه ) واتە بۆچی دەتەوێت هەر بە زۆر بمكەیت بە كورد بۆ نموونە كاتێك مافێكی پێشیل دەكرێت ئەو قسە دەكات؟
سەیریش ئەوەیە كەسەكان لە وەڵامدا زۆر جار ئەلێن: (مانّي كردي) واتە: نەخێر من كورد نیم! يان دەڵێن: (أنا مش كردی) واتە نەخێر هەڵەیت و من كورد نیم و بەو شێوە نیم كە تۆ گومان دەبەیت!
هەندێ جاریش كە كەسێك دەیەوێت بە فێڵ وتەڵەكە شتێك لەكەسێكی تر بسێنێت ئەو كەسە لە وەڵامدا دەلێت: (لا تستكردني، أنا لست كُردياً!) واتە وا مەزانە من كوردم ناتوانیت فریوم بدەیت.
هەندێك لەوانەی بەدواداچوونیان بۆ ئەسڵی سەرهەڵدانی ئەم دەستەواژەیە كردووە لە میسر كە جێگای سەرهەڵدانی یەكەم جاری ئەم دەستەواژەیە دەڵێن:
لەسەرەتا مەبەست پێی مەدح و ستایش بووە، بۆ نموونە كەسێك بیویستایە تكا لەبەرانبەرەكەی بكات یان لێی بپاڕێتەوە بۆ ئەوەی زوڵمی لێ نەكات، یان ئازاری نەدات، یان ماڵی نەخوات، پێی دەوت أنت كردي واتە مرۆڤێكی باشی، مەردو بە غیرەتی و ستەمم لێ مەكە، بەڵام دەڵێن لەگەڵ ڕۆژگاردا وەسف كردنەكە بوو بەزەم كردن و كەم كردنەوە لە پێگەی كەسی كورد بە شێویەكی گشتی وتاكو ئێستاش وەكو وتم لە ناو خەڵكیدا لەو وڵاتانە بەكار دێت .
بەڵام بە قەناعەتی من ئەو كەسەی لە ئێستادا ئەم دەستەواژەیە بەكار دەهێنێت، لە میسر و لوبنان و سوریا وهەندێك پێیان وایە لە باشوری عێراقیش بەكار دێت، كەسیان لەو ساتەی ئەو وشە بەدەمیاندا دێت نە كوردیان ئەسڵەن لەبیرە و نە مەبەستیشیان كەم كردنەوەیە لە هیچ كەسێك، بەڵكو هەندێكیان یان زۆرێك لەوانەی دەستەواژەكە بەكاردەهێنن، لەوانەیە هەر نەزانن میللەتێك هەیە بەناوی كورد ، یان زانیارییەكی سەرەتایی زۆر كرچ وكاڵ و نوقسانیان لەوانەیە لەسەر كورد هەبێت.
لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە لە كاتێكدا جێگای سەرهەڵدان و تەشەنە كردنی ئەم وشەیە یەكەم جار لە میسردا بووە ولەوێوە گەیشتووەتە وڵاتانی تر، میللەتی میسر سەردەمانێك صلاح الدین الأیوبي و دەوڵەتی ئەییوبی حوكمی كردوون و تاكو ئێستاش شانازی بە صلاح الدین دەكەن وناوی صلاح ناوێكی زۆر بڵاوە لە ناو میسرییەكاندا، بەڵام قەناعەم وایە ئەوان بە ئێستاشەوە صلاح الدین تەنها و تەنها وەكو سەركردەیەكی و سومبولێك و كەسایەتییەكی موسوڵمانی گەورە لە مێژوودا دەیناسن وشانازی پێوە دەكەم نەك وەكو سەركردەیەكی كورد، ئەگینا هیچ نەبێت لەبەر خاتری ئەویش بوایە دەستبەرداری ئەو دەستەواژەیە دەبوون.
پرسیارەكەش ئەوەیە: بۆچی لە سەرەتا ئەو دەستەواژەیە سەریهەڵدا ؟ ئەگەر یەكەم جاریش بە واتایەكی باش بەكارهاتووە بۆچی دواجار تەعبیرەكە لە زەم و سووكایەتی بە كورد سەری دەركرد، ئەی بۆچی تاكو ئێستاش بەكارهێنانی بەردەوامە؟ ئایا دەگونجێت ئەوان لەسەردەمێكدا كوردیان ناسیبێت و هەر بەمەبەست وشەی (استكراد) یان بەكارهێنابێت چونكە كوردەكانی ئەوێ بەو شێوە بووبێتن؟ چونكە لە ڕابردوودا ئەگەر بە ڕێژەیەكی كەمیش بێت كورد لەو وڵاتە ژیاون ونەوەیەك لە میسرییەكان بەركەوتنیان لەگەڵ كورد هەبووە
إحسان برهان الدین
9 ذو القعدة 1446
2025-5-7
ـــــــــــــــــــــــــــــــ




240502060037.jpg)