العربیة
/دەمارگیری و تەقلیدی مەزهەبی لە تەرازووی ئیسلامدا/
5-وابەستەبون بە مەزهەبێكەوە بیدعەیە
: 36
2024-12-25


#دەمارگیری_و_تەقلیدی_مەزهەبی_لەتەرازووی_ئیسلامدا: 5
وابەستەبون بە مەزهەبێكەوە بیدعەیە

لە كاتێكدا موقەلید و شوینپێ هەڵگرانی مەزهەبەكان بەبێ بەڵگەی كیتاب و سوننەت، هەر خەریكی واجب كردنی تەقلید كردنن لەسەر موسوڵمانان و هەموو هەوڵێكیان ئەوەیە پێیان بڵێن مادام كتێبی مەزهەبەكان هەیە باش نییە و نابێت وهەندێكیان دەڵێن حەرامیشە لە خۆتەوە  بۆ زاهیری كیتاب و سونەت بگەڕێنەوە، حەقیقەت ئەوەیە كە تەقلید كردنی یەك مەزهەب و دەست پێوە گرتنی بۆ ئەوەی هەموو حوكمێكی دین لەوێوە وەربگریت وبەناڕاستەوخۆ وەكو معصوم تەماشای مەزهەب و سەرانی بكەیت، لە ڕاستیدا ئەوە كارێكی بیدعەیە و داهێنانێكە لەسەردەمی لاوازی ئوممەت و پەرتەوازەیی حاڵیاندا سەری هەڵدا.

لەوانەیە پێت سەیر بێت  و وابزانیت ئەو قسە زێدەڕەوی تێدایە كە  هەندێ لەسەرانی مەزهەبییەكان مەزهەبیان پەسەند كردووەتە سەر قورئان و سوننەتیشدا و گەرانەوەیان بۆ قورئان و سوننەت بەلاوە پێویست نییە بەڵكو لەلای هەندێكیان گەڕانەوە بۆ زاهیری قورئان و سوننەت بەلایانەوە كوفرە وئەمەش بەڵگەیەك وەكو نموونە:

أحمد الصاوي المالكي كە یەكێكە لە سەرانی ئەشاعیرە و مەزهەبییەكان لە پەراوێزەكەیدا لەسەر تەفسیری (الجلالین) لە ئایەتی  (وَلاَ تَقْولَنَّ لِشَيْءٍ إِنِّي فَاعِلٌ ذلك غَداً إلا أن يشاء الله) لە بەرگی سێیەم ولە لاپەڕەی 9 دەڵێت" الأخذ بظواهر الكتاب والسنة من أصول الكفر " واتە: وەرگرتنی ڕواڵەتی ئایەت و فەرموودەكان لە بنەماكانی كوفرە و واتە مرۆڤ بەرەو كوفر دەبات !؟ باشە ئەگەر زاهیری قورئان و سوننەت خەڵكی بەرەو كوفر دەبەن - وەكو زانایەكی گەورە فەرموویەتی - ئەی ئیتر چۆن هاوەڵان و تابیعی و شوێنكەوتوانی تابیعییەكان ڕێنوێنییان لە قورئان و سوننەت وەرگرت؟ 

بەڵام بۆچی  مەزهەبی بوون، واتە دەستگرتن بە یەك مەزهەبەوە ودینداری لەسەر یەك مەزهەب، بۆ نموونە لەسەر مەزهەبی شافیعی یان حەنەفی و مەزهەبی تر كارێكی بیدعە و خراپ و داهێنراوە، پوختەی قسەی  زانایانتان لەو بارەوە بۆ باس دەكەم:

1- لەبەر ئەوەی ئەسڵ لە دینداریدا مەزهەبی بوون نییە، بەڵكو لامەزهەبییە! كە ئەم دەستەواژە لەلایەن موقەللیدی مەزهەبەكانەوە وەكو توانج و  ناووناتۆرە بۆ شوێنكەوتوانی كیتاب و سوننەت باسی دەكەن، كاتێكیش الله تعالی فەرمان بە كەسی نەزان كرد بگەرێتەوە بۆ لای (أهل الذكر) بۆ ئەوەی پرسیاریان لێ بكات، نەیفەرموو بگەرێنەوە بۆ لای یەك زانا یان یەك مەزهەب، بەڵكو بە (مطلق)ی فەرمانی كرد و مطلق یش بەبێ بەڵگەی كیتاب و سوننەت كەس ناتوانێت (تقیید) وسنوورداری بكە و بەڵگەش نییە.

2- مەبەستێكی تریش هەیە لە پشت ئەوەی مەزهەبی بوون بیدعەیە، ئەویش جیاوازی كردنە لە نێوان شوێنكەوتنی پێشەوایەك و لە نێوان شوێنكەوتنی پێغەمبەردا صلی الله علیه و سلم، چونكە ئەو كەسەی شوێنكەوتووی مەزهەبێك بێت، لە راستیدا شوێكەوتنی خاوەن مەزهەبەكە و شوێنكەوتنی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم ی یەكسان كردووە، بۆ نموونە دەڵێت من شوێنی ئەبو حەنیفە دەكەوم جیاوازی نییە وەكو ئەوەیە شوێنی پێغەمبەر صلی الله علیه  وسلم كەوتبم. الله تعالی لە قوراندا فەرموویەتی: ( فبشر عباد الذين يستمعون القول فيتبعون أحسنه ) الزمر:18. واتە الله تعالی ستایشی ئەوانەی نەكردووە كە بە ڕەهایی گوێبیست و گوێڕایەڵی هەموو قسەیەك دەبن، بەڵكو  تەنها ستاشی ئەوانەی كردووە كە گوێڕایەڵی تەنها قسەباشەكان دەبن، چونكە جگە لە پێغەمبەر صلی الله لعیه و سلم كەس نییە هەموو قسەكانی ڕاست و باش بێت.

 پێشەوا مالك بە ڕحمەت بێت دەیفەرموو: (لیس كلما قال رجل قولا وإن كان له فضل یتبع علیه ) واتە مەسەلەكە وا نییە هەركێ قسەیەكی باشی كرد وخەڵكی شوینی بكەون! هەروەها لە مالك و لە أحمد یش بەرەحمەت بن دەگیڕنەوە فەرموویانە: هیچ كەسێك نییە جگە لە رسول الله صلی الله علیه و سلم ئیللا قسەی لێی وەردەگیریت و لێیشی دەدرێتەوە بەسەریدا و وەرناگیرێت.

3- هۆكاری سێیەم لەسەر خراپی تەقلید و شوێنكەوتنی مەزهەبێك ئەوەیە لەسەردەمی سەلەفی چاكی ئەم ئوممەتە و لە سەردەمی سەدە خەیرییەكاندا هاوەڵان دابەش نەبووبوونە سەر هاوەڵە گەورەكاندا بۆ نموونە كۆمەڵێكیان بەكری بن و كۆمەڵێكی تریان عومەری بن و دەستەیەكیان عوسمانی بن و جەماعەتێكی تریان مەسعودی بن!! ئەگەریش تەقلید كارێكی درووست و باش بوایە ئەوان ئەو خێرەیان لەدەستی خۆیان نەدەدا.
زانای گەورە ابن عبدالبر لە كتێبی( جامع بيان العلم وفضله) زۆر  بە جوانی وبەشێوەیەكی زانستی و بەبەڵگەی  كپكەرەوە بەرپەرچی موقەلید و شوێنكەوتووی مەزهەرەبەكانی داوەتەوە، إن شاء الله لە بەشێكی سەربەخۆدا باسی گفتۆگۆ و بەرپەرچدانەوەكانی بۆ ئەوان دەخەینەڕوو.


لە ڕاستیدا دابەش بوونی خەڵكی لەسەر چوار پێشەوا ، هەندێكیان شافیعی و هەندێكیان حەنەفی و ئەوانی تر مالیكی و حەنبەلی و چەق بەستنیان لەسەر بیروڕاو تێگەیشتنەكانی ئەوان دینداری بكەن و هەر كۆمەڵێكیش دەمارگیری بۆ پێشەواكەی خۆی هەبێت،  ئەوە وەكو  ڕۆژی ڕوناك دیارە كە بیدعەیەكی ئاشكرایە ونامۆیە بەڕوحی ئیسلام، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی:  ( أما بعدُ، فإن خيرَ الحديثِ كتابُ اللهِ وخيرَ الهديِ هديُ محمدٍ صلَّى اللهُ عليهِ وسلَّمَ وشرَّ الأمورِ محدثاتُها وكلَّ بدعةٍ ضلالةٌ) هەروەها فەرموویەتی: (مَن أَحْدَثَ في أَمْرِنَا هذا ما ليسَ فِيهِ، فَهو رَدٌّ ) البخاري (2697)، ومسلم (1718).