/چۆن تەدەبوری قورئان بکەین ؟/
#چۆن_تدبّر_ی_قورئان_بكەین: 6
#چۆن_تدبّر_ی_قورئان_بكەین: 6
چەند ڕێگەیەك بۆ باش تێگەیشتنی قورئان
لێرەدا و لە ڕۆشنایی قسەی شارەزایاندا لەوانەی لەم بوارەدا وردبوونەتەوە، چەند ڕێگەیەكی تر بۆ تێگەیشتنی باش و لێوردبوونەوەی قورئانی پیرۆز دەخەینە ڕوو ، لەوانە:
- لە كاتی خوێندنەوەی قورئاندا هەوڵ بدەیت ئایەتەكان ببەستیتە ئەو واقیع و ژیانەی خۆت و دەوروبەرت و ئەوە بكەیتە هۆكارێك بۆ چاكسازی خۆت و بازنە نزیك و دوورەكانی دەوروبەرت، گرنگە بتوانیت قورئان بكەیتە تەرازوویەك بۆ زانینی حەقیقەتی هەموو شتێك كە لەم ژیانەدا دەیبینیت و بەسەرتدا دێت،
- هۆكارێكی تری (تدبر) و وردبوونەوە لە قورئانی پیرۆز ئەوەیە هەمیشە هەوڵ بدەیت ئایەتەكان پێكەوە ببەستیت، واتە تەماشای پێش و پاشی ئایەتەكە بكەیت، بۆ نموونە ئایەتی: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا لِمَ تَقُولُونَ مَا لَا تَفْعَلُونَ* كَبُرَ مَقْتاً عِنْدَ اللَّهِ أَنْ تَقُولُوا مَا لَا تَفْعَلُونَ ﴾ زانایان ئەوەیان بە (مناسبات السور) ناوبردووە و بە كارێكی باش و پێویستیان زانیوە بۆ جوان تێگەیشتنی قورئانی پیرۆز،
- هەروەها بیریش لەوە بكەیتەوە دەبێت بۆچی ئەم سوڕەتە بەمە دەستی پێكردووە و بەوە تەواو بووە، ئەبێت حیكمەتێكی تێدا بێت، بۆچی ئەم وشەی تێدا بەكار هات نەك وشەیەكی تر، چی بكەم بۆ ئەوەی واتای ئەو ئایەتە لە خۆمدا جێبەجێ بكەم.
- هەمیشە بتوانین بەراوردی حاڵی خۆمان بكەین لەگەڵ قورئاندا! كە باسی سیفەتی ئیمانداران دەكرێت بیربكەمەوە ئایا من ئەو سیفەتانەم لە خۆمدا بەرجەستە كردووە؟ بۆ نموونە:
كە ئەم ئایەتە ئەخوێنیتەوە: ((كَانُوا قَلِيلاً مِنَ اللَّيْلِ مَا يَهْجَعُونَ. وَبِالْأَسْحَارِ هُمْ يَسْتَغْفِرُونَ. وَفِي أَمْوَالِهِمْ حَقٌّ لِلسَّائِلِ وَالْمَحْرُومِ) ) ئایا عیبادەت و شەونوێژ و بەخشینم هەیە؟
یان كاتێك ئەو ئایەتانەی باسی تاوانباران و بێ باوەڕان دەكات بیربكەمەوە ئایا خۆمم لە ئاكار و خەسلەتەكانیان بەدوور گرتووە؟
- یان كە الله تعالی فەرمویەتی: ( (وَمَنْ لَمْ يَحْكُمْ بِمَا أَنزَلَ اللَّهُ فَأُوْلَئِكَ هُمُ الْكَافِرُونَ) ئایا لەسەر ئاستی خۆت و ماڵ و مناڵت حوكم بە قورئان دەكەیت؟ ئایا پێت خۆشە حوكم بە قورئان بكرێت و قورئان لە هەموو دونیادا باڵا دەست بێت؟ یان پێت خۆشە قورئان تەنها بەم شێوە بۆ خوێندنەوە بێت و لە واقیعی ژیانی خەڵكیدا حوكم نەكات. بە كورتی گرنگە لە زۆربەی ئایەتەكانی قورئاندا وێستگەیەكت هەبێت و پرسیار لە خۆت بكەیت و خۆت نمایش بكەیتە سەر واتاكانیدا!
- ئەگەر بمانەوێت توانای (تدبر) و تێگەیشتنی قورئانمان هەبێت پێویستە قورئانمان خۆش بوێت و حەز بكەین ژیانمان ڕەنگ و ئاكار و حوكم و بیروباوەڕی قورئان وەرگرێت، نەك وەكو ئێستە كە قورئان بووەتە هێمایەك بۆ پیرۆزی و خۆشەویستنی بێ بەڵگە و بۆ سوێندخواردن و هەلواسین و ناوێكی بێ ناوەڕۆك!
مرۆڤ كە شتێك یان كەسێكی خۆش بوێت ئیتر دڵی پێوەی دەبەستێتەوە و حەز دەكات هەمیشە لەگەڵی بێت، ئایا ئێمە لەگەڵ قورئاندا ئەو خۆشەویستیەمان هەیە؟ بۆیە ئەگەر ئەگەر ئەو خۆشەویستییە درووست نەبێت تێگەیشتنیش درووست نابێت، بێگومان لەدوای تیگەیشتن خۆشەویستیش زیاد دەكات.
- یەكێكی تر لە هۆكارەكانی (تدبر) و تێگەیشتنی قورئان ئەوەیە بەدەنگی بەرز و خۆش بیخوێنینەوە، نەك بە دەنگێكی نزم وەكو چپە،یان وەكو خویندنەوەی هەر بابەت و كتێبێكی ئاسایی تر. بەڵكو بەگوێرەی توانامان پێویستە بە تەرتیل و بە جوانخوێندنەوەی پیت و مەخاریجەكان بیخوێنینەوە .
- رەچاوكردنی ئەوەی كە لە زانستی تەجویددا بە (الوقف و الإبتداء) باس كراوە، مەسەلەیەكی گرنگە و یارمەتیدەرە بۆ تێگیەشتنی قورئانی پیرۆز، لە ڕاستیدا شارەزابوون لەوەی لە كوێوە دەست بە خوێندنەوە بكەیت و لە كوێ بوەستیت، مەسەلەیەكی زۆر گرنگە و كاریگەری باشی لەسەر تێگەیشتنی خوێنەر هەیە و زانایانی لەسەردەمی سەلەف تاكو ئێستا هەمیشە جەختی لەسەر دەكەنەوە، وەكو ابن عمر رضي الله عنه فەرموویەتی: (لقد عشنا برهة من الدهر وإنّ أحدنا ليؤتى الإيمان قبل القرآن،وتنزل السورة على محمد صلی الله علیه وسلم فنتعلم حلالها وحرامها وما ينبغي أن يوقف عنده منها..). بۆ نموونە هەندێ دەست پێكردن هەیە واتای ئایەتەكە تەواو تێكدەدات، وەكو دەستپێكردن لە” إِنَّ اللَّهَ فَقِيرٌ”لە ئایەتی: ”لَقَدْ سَمِعَ اللَّهُ قَوْلَ الَّذِينَ قَالُوا إِنَّ اللَّهَ فَقِيرٌ وَنَحْنُ أَغْنِيَاءُ”.
ئەم باسە درێژەی هەیە ان شاء الله.
إحسان برهان الدین
6 رمضان 1442
[caption id="attachment_4609" align="alignnone" width="235"] {"origin":"gallery","uid":"C8365C0B-CFD4-4EC6-B9C5-D2A6D035B442_1618367249102","source":"other"}[/caption]
#چۆن_تدبّر_ی_قورئان_بكەین: 5
#چۆن_تدبّر_ی_قورئان_بكەین: 5
شارەزا بوون لە زمانی عەرەبی بنەمای (تدبر)ە
الله تعالی قورئانی پیرۆزی بە زمانی عەرەبی كە دەوڵەمەندترین و پاراوترین زمانەكانی سەرزەوییە دابەزاندووەو فەرموویەتی: ﴿ إِنَّا جَعَلْنَاهُ قُرْآنًا عَرَبِيًّا لَعَلَّكُمْ تَعْقِلُونَ ﴾ ، بۆیە هەركێ ئەگەر زمانی عەرەبی نەزانێت نەك لە (تدبر) و تێگەیشتنی قووڵ و ورد بێبەش دەبێت، بەڵكو هەرناتوانێت لە ڕواڵەت و مەبەستی گشتیشی تێ بگات، بە كورتی زانینی زمانی عەرەبی كلیلی تێگەیشتنی قورئان و سوننەت و شەریعەتی ئیسلامە بە شێوەیەكی گشتی.
لە ڕاستیدا شارەزا نەبوون لە زمانی عەرەبی دیوار و پەرژینێكە لە نێوان موسوڵمان و تێگەیشتنی قورئان و سوننەتدا كە ئەوانە سەرچاوەی زوڵاڵی تێگەیشتنی ئیسلامن، هەربۆیە نەیارانی ئیسلام هەر زوو دەركیان بەم راستییە كرد و بە جۆرەها شێواز و ڕێگە دژایەتی زمانی عەرەبیان كرد و سەرەتا لە میسرو دواتر لە وڵاتانی تر هەوڵی دوورخستنەوەی خەڵكیاندا لە زمانی پاراوی عەرەبی، لە ڕێگەی زۆر بیانووی درووستكراوەوە، توانییان خەڵكی لە زمانی عەرەبی دووربخەنەوە بەوەش ئامانجەكەیان پێكا و ئەوانیان لە بنەماكانی عەقیدەو شەریعەتی ئیسلام دوور خستنەوە.
تەنانەت دەسەڵاتەكانی وڵاتە عەرەبییەكانیش كە پاشكۆ و ئەڵقە لەگوێی ڕۆژئاوای مەسیحی و جولەكەن، لەڕێگەی بایەخدانی زۆر بە زمانی ئینگلیزی و زمانە بیانییەكانی تر لەسەر حیسابی زمانی عەرەبی و ڕەنگدانەوەی ئەو بابەتە لە پرۆگرامی خوێندنی هەموو قۆناغەكاندا، توانیان مەودایەكی گەورە لە نێوان قورئان و لە نێوان گەلاندا درووست بكەن و ئێستەش بە هۆی ئەو دابڕانەوە لاوازترین پەیوەندی لە نێوان موسوڵمانان و قورئاندا درووست بووە كە لە درێژایی مێژوودا حاڵەتی هاوشیوە ڕووی نەداوە! سەیریش ئەوەیە خەڵكەكە قورئان دەخوێنن، بەڵام بەبێ ئەوەی لێی تێبگەن و بزانن داوای چییان دەكات و بەرنامەو پەیامەكەی بۆ مرۆڤایەتی چییە.
دەسەڵاتەكان بۆ ئەم مەبەستە و لە هەموو وڵاتەكاندا ، گەورەترین هۆكاری سەركەوتنیان لەم پیلانەیاندا پشت بەستنیان بوو بە سوپایەكی لەبن نەهاتوو لەوانەی بەناو دینەوە قسەدەكەن و مزگەوتەكانیان بەدەستەوەیە و خۆیشیان لە ڕاستیدا پیاوی دەسەڵاتن و لە پێناو پارەیەكی كەمدا دینی خۆیان دەفرۆشن و بەئارەزووی نەیارانی ئیسلام فەتوا دەدەن و قسە بۆ خەلكی دەكەن و دەرەنجامیش سەر لە موسوڵمانان تێكدەدەن.
سەبارەت بە بارودۆخی لای خۆیشمان ، سەرباری ئەوەی كە ئێمەش هەمان كێشەمان هەیە و بەداخەوە مەلایەكی زۆر هەن نەخۆیان لە ئیسلام تێگەیشتوون و بەردەوامیش سەرلە موسوڵمانان دەشێوێنن و ئیسلامێكی جیاوز لە ئیسلامی كیتاب و سوننەتیان پێشكەش دەكەن، ئاستەنگێكی گەورەی تریشمان بۆ زیاد بوو، ئەویش لاوازی كەسایەتی حیزبە ئیسلامییەكانی كوردستان بوو بەرانبەر بە عەلمانییەكان و بە ئێستاشەوە لە مەسەلەی كوردایەتیدا كە بە واتای دژایەتی و هیچ نەبێت پشتگوی خستنی زمانی عەرەبی دێت، ئەوان كێبڕكێیان لەگەڵدا دەكەن و بەزمانی حاڵ پێیان دەڵێن ئێمەش لەمەڕ پەراوێزخستنی زمانی عەرەبی هەمان هەلوێستی ئێوەمان هەیە و بەمەش بوونە هۆكارێكی یارمەتیدان بۆ پرۆسەی نامۆكردنی زمانی عەرەبی كە یەكسانە بە نامۆكردنی ئیسلام، بەدەر لەوەی ئەوان دەرك بەو ڕاستیە بكەن یان نەیكەن، بەڵام لە بەروبومەكانی ئەو پرۆسەی باسمان كرد ئەمڕۆ نەوەیەك سەریان هەڵداوە هیچ لە زمانی عەرەبی نازانن و دواجار لە قورئان و لە سوننەتیشەوە دوورن، تاكە ڕێگەی دیندارەكانیش بۆ فێربوونی زانستەكانی ئیسلام ئەوەیە كتێبی وەرگێڕدراو بخوێننەوە، كە ئەویش بۆ خۆی لەناو كورددا یەك دنیا قسەو تێبینی هەلدەگرێت.
هەر بۆیە لە دێر زەمانەوە زانایان فێربوونی زمانی عەرەبییان بە واجب زانیوەو خزمەت كردنیان بە خزمەت كردنی قورئان بینیوە و بەرگریكردنیشیان لەو زمانە بە نیشانەی غیرەت و دڵسۆزی لەسەر ئیسلام ئەژمار كردووە.
لە ڕاستیدا زیانی فێرنەبوونی زمانی عەرەبی وەكو زیانی فێرنەبوونی هیچ زمانێكی تر نییە! چونكە تێنەگەیشتن لەو زمانەدەبێتە مایەی لادان لە حوكم و سنوورەكانی قورئان و سەرهەڵدانی تێگەیشتنی نامۆ و هەڵە بۆ قورئان. بۆیە گرنگی زمانی عەرەبی لەوەدایە كە ئامرازی تێگەیشتنی قورئان و سوننەت و عەقیدەو شەریعەتی ئیسلامە.
لە كۆتاییدا و بە كورتی دەڵێم: زمانی عەرەبی ڕێگەی تێگەیشتن و (تدبر) ی قورئان و سوننەتە، شارەزایی لەو زمانە وەكو هەبوونی بینایی و چاوساغییە، نەشارەزاییش لێی وەكو نابینایی وكڵۆڵییە! بەداخەوە دەشبێتە مایەی دووركەوتنەوە لە ڕوح و جەوهەری ئیسلام، لەڕووی ناچاریشەوە نەبێت تەرجەمە و وەرگێڕانی دەقە دینی و زانستە ئیسلامییەكان بۆ زمانی كوردی نابێتە قەرەبووی نەزانینی ئەو زمانە، ئینجا جگە لەوەی كە دین بە شێوەیەكی گشتی لەسەر شارەزابوونی ئەو زمانە وەستاوە، هاوكات سەرچاوەیەكی سەردەمیانەی دەوڵەمەندیشە بۆ زۆربەی زانستەكانی تر وڕێگایەكە بۆ سەربەرزی دونیا و دواڕۆژ، بەڵام بەهۆی ئەوەی ناحەزانی ئیسلام دەزانن شارەزابوونی خەڵكی لە زمانی عەرەبی ڕێگەی شارەزابوونیانە لە دینەكەیان بۆیە هەموو ڕێگەو هۆكارێك دەگرنە بەر بۆ دورخستنەوەیان لە فێربوونی و ناشیرین كردن ونامۆكردنی ئەو زمانە.
إحسان برهان الدین
5 رمضان 1442
#چۆن_تدبّر_ی_قورئان_بكەین: 4
#چۆن_تدبّر_ی_قورئان_بكەین: 4
پشت بە تەفسیری باش ببەستە بۆ تێگەیشتنی
یەكێك لە هۆكارەكانی تێگەیشتن و (تدبر) ی قورئانی پیرۆز ئەوەیە لە واتاكانی تێبگەیت، بیگومان ئەگەر بیخوێنیت و لێی تێنەگەیت ناشتوانیت فەرمانی (تدبر) لە خۆتدا جێبەجێ بكەیت!
زانا و موفەسسیری قورئان الطبري فەرموویەتی: (إنِّي لأعجب ممَّنْ قرأ القرآن ولم يعلم تأويله، كيف يلتذُّ بقراءته ؟!». معجم الأدباء، (5 /256). واتە: من سەیرم لە كەسێك دێت قورئان دەخوێنێت و لێی تێناگات چۆن چێژ لە خوێندنەوەكەی وەردەگرێت؟!
هەڵەیەكی گەوەرش لای خۆمان لە مەسەلەی تەجوید و جوان خوێندنەوەی قورئاندا هەیە، كە لە جیاتی ئەوەی ئەو مەسەلە گرنگە ببێتە مایەی تێگەیشتن و نزیكبوونبوووەی زیاتر لە ڕوح و جەوهەری قورئان، كەچی بووەتە مایەی دووركەوتنەوە لە واتا و تەفسیر و پەیامی قورئان! كێشەكەش لەوەدایە كە خراپ لەم فەرموودەی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم تێگەیشتوون: (خَيْرُكْمْ مَنْ تَعَلَّمَ القُرآنَ وَعَلَّمَهُ" رواه البخاري . كورد بە شێوەیەكی گشتی وەكو جۆرێك لەیەكدەنگی! وا تێگەیشتوون ئەم فەرموودەو ئایەت و فەرموودەكانی تری هاوشێوەی، تەنها واتای گرنگی و بایەخدان بە تەجوید دەگرێتەوە! لە كاتێكدا مەبەستی یەكەم لەو فەرموودەیە تیگەیشتی پەیام و بەرنامە و واتاو ئەحكامی قورئانە نەك تەجوید و جوان خوێندنەوە و مەخارجی پیتەكان، (ابن تیمیة) بە رەحمەت بێت دەفەرموێت: تێگەیشتنی واتاو مەعناكانی قورئان لە پێشترە لە فێربوونی چۆنێتی دەربڕینی پیتەكانی، چونكە موسوڵمان بە تێگەیشتنی واتاكانی ئیمانی زیاد دەكات نەك بە فێربوونی تەجوید و جوانخوێندنەوەی پیتەكانی. مجموع الفتاوى، (13 /403).
بێگومان ئەمەش بە واتای ئەوە نایەت كە بایەخ بە تەجویدی قورئان نەدەین نەخێر، بەڵكو مەبەست لە تێكدانی ئەولەویەت و دووركەوتنەوەیە لە مەبەستە گەورەكە كە تێگەیشتن و (تدبر) قورئانە، كە بەداخەوە كە ساڵانێكە خەریكە تەجوید ئەو ڕۆڵە دەبینێت لە كوردستاندا، مامۆستایەكی زۆری كورد ژیانی خۆیان و فێرخوازێكی زۆر لەگەڵ خۆیاندا بە ئەحكامی تەجوید و مەخاریجی یبتەكان و قیرائاتی قورئانی بەسەر دەبەن، لە ئەحكامی حروف ی قورئان شارەزان بەڵام لە ئەحكام و حدود ی قورئان بێ ئاگان، لە گەڵ پیتەكانی قورئان و چۆنێتی خویندنەوەی مامەڵە دەكەن بەڵام لەگەڵ لایەنی ئیمانی و عەقیدەو پەروەردەیی مامەلە ناكەن زۆر بەكەمی نەبێت، ئەمەش هەڵەیەكی گەورەیە و ڕێگرێكە لەبەردەم تێگەیشتن و (تدبر) قورئاندا .
ئەوانەی كە توانای گەڕانەوەیان بۆ سەرچاوەكان هەیە واجبە لەسەریان هیچ نەبێت بە ئەندازەیەكی كەم و سنووردار و ئەوەندی كە تێگەیشتنی واتاكانی قورئانیان بۆ دەستەبەر بكات، بگەڕێنەوە بۆ تەفسیر و ئەو كتێبانەی كە باس لە بەرنامەو عەقیدە و لایەنی ئیمانی قورئانی پیرۆز دەكات لە قسەی زانایاندا، وەكو یارمەتیدەری سەرەتاییش لەم بارەوە بۆ (تدبر) باشترە:
1- بەلای كەمەوە كتێبێكی تایبەت بە تەفسیری وشەكانی قورئانت هەبێت، كتێب لەو بارەوە زۆرن، من لێرەدا كتێبێكی بەسوود و ئاسان و بەردەست لە ئێنتەرنیت پێشنیار دەكەم كە بەشێوەیەكی سەرەتایی و ئاسان واتای وشەكانی قورئانت پی ئەدات ئەویش كتێبی ( وجه النهار الكاشف عن معاني كلام الواحد القهار) عبدالعزیز الحربي، بێگومان كتێبی تریش زۆرن وەكو: (مفردات القرآن) للراغب الأصفهاني . شارەزایی تەفسیرە كوردییەكانم نییە و نەمخوێندوونەتەوە، بۆیە ناتوانم ئاماژە بۆ هیچ تەفسیرێكی كوردی بكەم، تەنانەت وەرگێڕاونەكانیش چونكە نازانم چۆنیان وەرگێڕاوە، وەكو خوێشم چەند ساڵیكە نزیكەی بیست جوزئی قورئانم لە ڕووی ڕوونكردنەوەی وشەكانی بە كوردی و بە كورتی تەفسیر كردووە بەڵام بە هیوای ئەوەی بتوانم تەواوی بكەم هێشتا چاپم نەكردووە.
2- دواى ئەوەی واتای وشەكانی قورئانت زانی كتێبێكی پوخت و زانستی وەكو: (التفسير الميسر) بخوینەرەوەو با هەمیشە نزیكت بیت بۆ ڕاڤەو تەفسیری ئایەتەكان، ئەم تەفسیرە لەیەك بەرگدایەو زۆر بە سوودە، هەروەها تەفسیرێكی تری پوخت هەیە بەناوی"المختصر في تفسير القرآن الكريم"ئەویش پوخت و بە سوودە ئەوەندەی من لێیم خویندووەتەوە و لێی تێگەیشتووم، لە دوای ئەوەش ئەتوانیت بچیتە سەر تەفسیرەكانی الطبري و ابن كثیر و البغوي بە گوێرەی ئاست و توانای زانستی خۆت و هەموو تەفسیرانەو تەفسیرەكانی تریش پێویستە وریای ئەو هەڵانە بیت كە نووسەرەكانیان لێیان تێپەڕبووە بۆ نموونە وەكو مەسەلەی ئیسرائیلیات لە تەفسیری (ابن كثیر) دا.
دەشكرێت سوود لە هەندێ كتێبی تایبەت بە ئاسانكردنی تیگەیشتن و (تدبر) لە قورئاندا ببینێت وەكو: (قواعد التدبر الأمثل لكتاب الله عزوجل) عبدالرحمن حبنكة الميداني، (تعليم تدبر القرآن الكريم) هاشم علي اﻷهدل.
لە كۆتاییدا:
لە مەسەلەی تێگەیشتن و (تدبر) ی قورئاندا، بەردەوام قورئان خوێندن بەبێ هەبوونی كەرەستەكانی تێگەیشتنی سوودی باش و چاوەڕوانكراوی نابێت، من باسم لە ئەجرو پاداشتەكەی نییە ئەوەیان لەسەر نیەت و عەقیدەی خوێنەرەكەی دەمێنیتەوە ، ئەگەر خوێنەرەكە عەقیدەی قورئانی پیرۆزی لە خۆیدا بەرجەستەكردبێت و لە سنوورەكانیدا ڕابوەستێت، با تێیشنەگات لە واتاكانی، الله تعالی هەر پاداشتی بۆ دەنووسێت إن شاء الله! بەڵام وەكو زانایەك دەڵێت: ئەو كەسەی قورئان بخوێنیت و لێی تێنەگات، وەكو كەسێكە لە تاریكیدا بێت و نامەیەكی زۆر گرنگی لە كەسێكی زۆر مەزنەوە بۆ هاتبێت و لەو تاریكیەدا چرایەكی پێ نەبێت بتوانێت نامەكەی بخوێنیتەوە بزانێت چی تیێدایە!
إحسان برهان الدین
3 رمضان 1442
#چۆن_تدبّر_ی_قورئان_بكەین: 3
#چۆن_تدبّر_ی_قورئان_بكەین: 3
لە واتاكانی زیاتر وردبەرەوە
كاتێك قورئان دەخوێنیت، تا پێت دەكرێت بە شێوەیەكی ورد و بە تێرامانەوە بیخوێنەرەوە، بەڵكو هەندێ جار باشتر وایە چەندین جار ئایەتەكە دووبارە بكەیتەوە بۆ ئەوەی باشتر لێی تێبگەیت و واتاكەی لە دڵ و دەروونتدا بچەسپێت! نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت الله تعالی كە ئەم قورئانەی دابەزاندووە بۆ ئەوەیە لێی وردبینەوە و بیر لە ئایەت و واتاكانی بكەینەوە: {كَذَلِكَ يُبَيِّنُ اللَّهُ لَكُمُ الآيَاتِ لَعَلَّكُمْ تَتَفَكَّرُونَ} .
قورئان زانستی بە سوود و سەرسوڕهینەری زۆری تێدایە، زانستەكانی نە تەواو دەبن و نەكۆتاییشیان دێت، بەڵكو هەمیشە وەكو ئەوەی نوێ ببێتەوە، بۆ هەموو كات و سەردەمێك ئاسۆی زانستی فراوانتری لێ دەكرێتەوە، بۆیە تا زیاتر بە تێڕامانەوە بیخوێنیتەوەو لە واتاكانی ورد ببینەوە، دەرگاری تێگەیشتنی زیاتر مان بۆ دەكرێتەوە.
بۆ نموونە ئایەتی: (خُذِ الْعَفْوَ وَأْمُرْ بِالْعُرْفِ وَأَعْرِضْ عَنِ الْجَاهِلِينَ) بە كەمێك تێڕامان و لێوردبوونەوە بیخوێنینەوە دەردەكەوێت، الله تعالی بەم چەند وشە پوخت و كورتە بنەماكانی ڕەوشتی بەرزو جوانی هەمووی بۆ كۆكردینەتەوە!
یان ئەگەر وردبینەوە لە ئایەتی: (إِنَّ اللَّهَ يَأْمُرُ بِالْعَدْلِ وَالْإِحْسَانِ وَإِيتَاءِ ذِي الْقُرْبَى وَيَنْهَى عَنِ الْفَحْشَاءِ وَالْمُنْكَرِ وَالْبَغْيِ يَعِظُكُمْ لَعَلَّكُمْ تَذَكَّرُونَ) دەبینین بنەمای هەموو فەرمان و قەدەغەكراوەكانی لە خۆگرتووە.
یان ئەگەر بیر لەم ئایەتە بكەینەوە: (فَمَنْ يَعْمَلْ مِثْقَالَ ذَرَّةٍ خَيْرًا يَرَهُ وَمَنْ يَعْمَلْ مِثْقَالَ ذَرَّةٍ شَرًّا يَرَهُ ) بۆمان دەردەكەوێت ئاماژەی بۆ هەموو چاكەو خراپەیەك تێدایە و هاندانیشی بۆ هەموو چاكەیەك تێدایە و و ترساندنی لە هەموو خراپەیەك لە خۆگرتووە .
یان ئەگەر لێكؤڵینەوە لە پیتی سەرەتای سوڕەتەكان بكەین و
بەوردی لە ڕۆشنایی تەفسیرە باش و شایەتی بۆ دراوەكاندا دیراسەی بكەین، دەبینین چەندین زانست و زانیاری سەرسوڕهێنەری تێدایە و بەهەمان شێوە زۆر مەسەلەی تر كە بەڕاهاتن لەگەڵ وردبوونەوەو تێڕاماندا مەزنی كەلامی الله مان بۆ دەردەكەوێت.
ئەگەر بتەوێت پەند و وانە و زانستەكانی ئایەتی (وَلَكُمْ فِي الْقِصَاصِ حَيَاةٌ) وەرگریت و فێری بیت، سەرسام دەبیت كە چەند زانستی سەرسوڕهێنەری تێدایە. قورئانیش لەگەل پەلە نەكردن و لێوردبوونەوەو دووبارە كردنەوەدا هەمووی بەو چەشنەیە.
لە قورئاندا هەموو وشەیەك لە جێگای گونجاوی خۆیدا دانراوە، بە شێوەیەك كە وشە بەكارهاتووەكە گونجاوترینە.
لە قورئاندا كۆتایی ئایەتەكان بە جوانترین شێوە لەگەڵ باس و ناوەڕۆكی ئایەتەكەدا گونجاوە و ڕێك و پێكییان لە نێواندا ەهەیە.
لە قورئاندا بە ڕاستی و بەبەڵگەی عەقڵ و نەقڵەوە بەسەرهاتی ڕابردوو و هەواڵی داهاتووی تێدایە. ئەمە جگە لە دەیان ئایەت كە زانستی لەئاسابەرو موعجیزەی زانستی تێدایە كە بەر لە هەزارو چوار سەد ساڵرپێشی زانستی هاوچەرخی داوەتەوە.
پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم وا هاوەڵانی فێردەكرد،لە كاتی قورئانخوێندندا ، لە گەل ئایەتەكاندا بوەستن و سبحان الله بكەن و نزای چاكە بكەن و پەنای لە خراپە پی بگرن: (إِذَا مَرَّ بِآيَةٍ فِيهَا تَسْبِيحٌ سَبَّحَ وَإِذَا مَرَّ بِسُؤَالٍ سَأَلَ وَإِذَا مَرَّ بِتَعَوُّذٍ تَعَوَّذَ).
پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم شەوی وا بووه لە ئایەتێكی وەكو ( إِنْ تُعَذِّبْهُمْ فَإِنَّهُمْ عِبَادُكَ وَإِنْ تَغْفِرْ لَهُمْ فَإِنَّكَ أَنْتَ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ )ڕادەوەستا و بیری لە واتاكانی دەكردەوە ودووبارەی دەكردەوە تا ڕۆژ دەبوویەوە.
لە دیاردە خراپەكانی ئەم سەردەمەش كە موسوڵمانان لە هەموو لایەك پێوەی دەناڵێنن و كوردیش بەتایبەتی ئەوەیە، قورئان لە ئەنجامی تێنەگەیشت لە پەیامەكەی لە لایەن موسوڵمانانەوە و بەهۆی چەواشەكاری پلان بۆ داڕێژراو بۆ دوورخستنەوەیان لە بەرنامەكەی، تەنها وەكو كتێبێكی حەڵاڵ و حەرام و سەرچاوەی پیت و بەرەكەت و پاداشت وەرگرتن تەماشا دەكرێت، لە كاتێكدا قورئان بەرنامەیەكی تێروتەسەلی عەقیدەیە و ڕێبازە بۆ ژیان و دەبێت موسوڵمان پەیڕەوی بكات و حوكمی پێ بكات و لە هەموو شتێكدا بۆی بگەڕێتەوە، ئەوەش گەورەترین زیان و لێكەوتەكانی وردنەبوونەوەو پەلەكردنە لە خوێندنەوەیدا !
كاتێك قورئان بەو شێوەی داوامان لێكراوە بیخوێنینەوە، واتە بە (تدبر) و تێگەیشتنی باش لە ئایەتەكانی ، كاریگەری باش و خۆشی لەسەر دڵەكانمان دەبێت و ئاسوودەییمان پێ دەبەخشێت و زمانیشمان پاراو دەكات، بەڵام ئەگەر بێ وردبوونەوە و ڕاوەستان لەگەڵ واتاو مەبەست و داواكاری و قەدەغەكراوەكانیدا، هەر پەلە پەلی تەواوكردنیمان بێت و بەبێ كۆشش كردن بۆ بەدەستهێنانی هۆكار و كەرەستەكانی تێگەیشتنی كە ان شاء الله لەم زنجیرەدا هەندیكی دەخەینە ڕوو، ئەوا ناتوانین لە زانستە بەسوود و سەرسوڕهێنەرەكانی، یان لەوەی كە قورئان بەرنامەی ژیانە و ڕێگای سەرفرازی دوا ڕۆژە بەهرەمەند بین.
إحسان برهان الدین
3 رمضان 1442
#چۆن_تدبّر_ی_قورئان_بكەین:2
#چۆن_تدبّر_ی_قورئان_بكەین:2
وا بزانە قورئان ئاراستەی تۆ كراوە!
زۆرێك لە زانایان لە كۆن و لە هاوچەرخەكاندا، فەرموویانە بۆ ئەوەی بتوانیت (تدبر) ی قورئان بكەیت و فەرمانەكەی الله لە ئایەتی (أَفَلَا يَتَدَبَّرُونَ الْقُرْآنَ) و ئایەتەكانی تری هاوشێوەی لە خۆتدا بەرجەستە بكەیت، پێویستە لە كاتی قورئان خوێندندا وا هەست بكەیت ئەم قورئانە بە تایبەت ئاراستەی تۆ كراوە و هەموو فەرمانەكانی و قەدەغەكراوەكانی مەبەست پێیان تۆیت، جا بزانە گوێڕایەڵی ئەبیت یان پشت گوێی ئەخەیت و كەمتەرخەم ئەبیت؟
پێشینانی چاكی ئەم ئوممەتە، مامەڵەو ڕەفتاریان لەگەڵ قورئاندا بەو شێوە دەكرد كە ئایەتەكانی بریتین لە كۆمەڵە پەیامێك لە لایەن پەروەردگارەوە ئاراستەیان كراوە، واتە ئاراستەی خودی خۆیان كراوە! بۆیە بە شەوان دەیانخوێندەوەو لێی ورد دەبوونەوە و بە باشترین شێوە هەوڵی تێگەیشتنیان دەدا، بەڕۆژیش لە ژیانی ڕۆژانەیاندا بە دوای جێبەجێكردنی واتاكانی ، گوێڕایەڵی فەرمانەكانی، خۆبەدوور گرتن لە قەدەغەكراوەكانی بوون.
پێشینان خۆشەویستی قورئانیان بە بەڵگەی خۆشەویستی الله و پێغەمبەرەكەی صلی الله علیه و سلم دەزانی، بۆیە دەگێڕنەوە هەندێ لە هاوەڵان فەرموویانە: هەركێ دەیەوێت الله و پێغەمبەرەكەی صلی الله علیه و سلم خۆشیان بوێت، با تەماشای حاڵی خۆی لەگەڵ قورئاندا بكات، ئەگەر قورئانی خۆش دەوێت، ئەوا خۆیشی لەلای الله و پێغەمبەرەكەی صلی الله علیه و سلم خۆشەویستە!
إحسان برهان الدین
2 رمضان 1442
#چۆن_تدبّر_ی_قورئان_بكەین:1
#چۆن_تدبّر_ی_قورئان_بكەین:1
تەقوا پردی (تدبر) ە
موسوڵمان بە دەقی ئایەتی قورئان فەرمانی پێكراوە قورئان بە تێگەیشتن و بە (تدبر) بخوێنێتەوە، وەكو الله تعالی فەرموویەتی: (أَفَلَا يَتَدَبَّرُونَ الْقُرْآنَ أَمْ عَلَىٰ قُلُوبٍ أَقْفَالُهَا) چەندین ئایەتی تریش لە سەر هەمان واتا و مەبەست هەیە، جا بۆ تێگەیشتن لە واتاكانی وشەی (تدبر) لە ڕوناكی قسەی زانا و شارەزایاندا، هەر جارەو بە كورتی هۆكارێك یان چەند هۆكارێك بەمەبەستی چاك تێگەیشتن و لێوردبوونەوە لە قورئانی پیرۆز دەخەینەڕوو إن شاء الله.
تدبر واتە: بیركردنەوەو تێڕامان وباش تیگەیشتن لە ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز بەمەبەستی پەی بردن بە واتا و بە مەبەست و حیكمەتەكانی، ئەگەر موسوڵمان بگاتە ئەو تێگەیشتنە، كە قورئان بە تدبر دەربڕینی لێ كردووە، ئیمانی زیاد دەكات و دەگاتە بڕوای بەهێز و یەقین، چێژو سوودیش لە قورئانی پیرۆز وەردەگرێت.
یەكەم هۆكار بۆ گەیشتن بە (تدبر) ئەوەیە موسوڵمان گوێڕایەڵی فەرمانەكانی قورئان بێت و خۆی لە قەدەغەكراو وحەرامەكانی بپارێزێت، ئەگینا واتای چی ئەگەیەنێت قورئان بخوێنیت و پێچەوانەی كار بكەیت؟ یان بەبەرنامە و پەیڕەو و فەرمانی غەیری قورئان هەڵسوكەوت و كار بكەیت! بەو شێوە خوێندنەوەی قورئان كاریگەری لەسەر لایەنی روحی و ئیمانی خوێنەرەكەی نابێت و هەر دەبێتە جۆرێك لە ڕاهاتن و خوێندنەوەیەكی ساردوسڕی بێ گیان.
الله تعالی فەرمویەتی: (وَاتَّقُوا اللَّهَ وَيُعَلِّمُكُمُ اللَّهُ) واتە: پەروەردگار تەقوای كردووەتە هۆكار بۆ فێربوون و بۆ وەرگرتنی بۆ زانست، ئێوە تەقواتان هەبێت، الله تعالی فێرتان دەكات و (تدبر) تان پی دەبەخشێت! تەقوا پردی تیگەیشتنە لە قورئان! بە پێچەوانەشەوە واتە بەبێ تەقواو و ڕاوەستان لە سنوورەكانی پەروەردگار، زانستی بەسوود فێر نابن، ئەوە هاوكێشەیەكە لە خودی ئەو قورئانەدا كە دەیخوێنینەوە هاتووە و چەندین ئایەتی تریش هەمان ئەو واتای لێ وەردەگیرێت.
هەروەها بۆ ئەوەی بگەین بە پلەوپایە و ئاستی (تدبر)، پێویستە هەست بە گەورەیی و مەزنیی ئەو قورئانە بكەین كە دەیخوێنینەوە، ئەبێ - وەكو هەندێ لە زانایان فەرموویانە - باوەڕمان وابێت:
لەگەڵ قورئاندا زیندووین و بەبێ قورئان مردووین!
لەگەڵ قورئاندا چاوساغ وبیناین و بەبێ قورئان سەرلێشێواو و نابیناین!
لەگەڵ قورئاندا لەسەر ڕێگای ڕاستین و بەبێ قورئان گومڕاو وێڵین...
دەبێت قورئان بە بەرنامەی ژیانمان بزانین، هەم بە گوفتارمان هەم بە كردارمان ئەوە بسەلمێنین، ئەگینا ئێمە لە كوێ و (تدبر ) و پەی بردن بە واتاكانی لە كوێ!
إحسان برهان الدین
1 رمضان 1442
2023-11-22
2024-03-26
2021-10-18
2018-06-18
2020-02-22
2018-04-28
2023-10-28
2018-05-03