العربیة
/چۆن تەدەبوری قورئان بکەین ؟/
#چۆن_تدبّر_ی_قورئان_بكەین: 5
: 351
2021-10-19
#چۆن_تدبّر_ی_قورئان_بكەین: 5 شارەزا بوون لە زمانی عەرەبی بنەمای (تدبر)ە الله تعالی قورئانی پیرۆزی بە زمانی عەرەبی كە دەوڵەمەندترین و پاراوترین زمانەكانی سەرزەوییە دابەزاندووەو فەرموویەتی: ﴿ إِنَّا جَعَلْنَاهُ قُرْآنًا عَرَبِيًّا لَعَلَّكُمْ تَعْقِلُونَ ﴾ ، بۆیە هەركێ ئەگەر زمانی عەرەبی نەزانێت نەك لە (تدبر) و تێگەیشتنی قووڵ و ورد بێبەش دەبێت، بەڵكو هەرناتوانێت لە ڕواڵەت و مەبەستی گشتیشی تێ بگات، بە كورتی زانینی زمانی عەرەبی كلیلی تێگەیشتنی قورئان و سوننەت و شەریعەتی ئیسلامە بە شێوەیەكی گشتی. لە ڕاستیدا شارەزا نەبوون لە زمانی عەرەبی دیوار و پەرژینێكە لە نێوان موسوڵمان و تێگەیشتنی قورئان و سوننەتدا كە ئەوانە سەرچاوەی زوڵاڵی تێگەیشتنی ئیسلامن، هەربۆیە نەیارانی ئیسلام هەر زوو دەركیان بەم راستییە كرد و بە جۆرەها شێواز و ڕێگە دژایەتی زمانی عەرەبیان كرد و سەرەتا لە میسرو دواتر لە وڵاتانی تر هەوڵی دوورخستنەوەی خەڵكیاندا لە زمانی پاراوی عەرەبی، لە ڕێگەی زۆر بیانووی درووستكراوەوە، توانییان خەڵكی لە زمانی عەرەبی دووربخەنەوە بەوەش ئامانجەكەیان پێكا و ئەوانیان لە بنەماكانی عەقیدەو شەریعەتی ئیسلام دوور خستنەوە. تەنانەت دەسەڵاتەكانی وڵاتە عەرەبییەكانیش كە پاشكۆ و ئەڵقە لەگوێی ڕۆژئاوای مەسیحی و جولەكەن، لەڕێگەی بایەخدانی زۆر بە زمانی ئینگلیزی و زمانە بیانییەكانی تر لەسەر حیسابی زمانی عەرەبی و ڕەنگدانەوەی ئەو بابەتە لە پرۆگرامی خوێندنی هەموو قۆناغەكاندا، توانیان مەودایەكی گەورە لە نێوان قورئان و لە نێوان گەلاندا درووست بكەن و ئێستەش بە هۆی ئەو دابڕانەوە لاوازترین پەیوەندی لە نێوان موسوڵمانان و قورئاندا درووست بووە كە لە درێژایی مێژوودا حاڵەتی هاوشیوە ڕووی نەداوە! سەیریش ئەوەیە خەڵكەكە قورئان دەخوێنن، بەڵام بەبێ ئەوەی لێی تێبگەن و بزانن داوای چییان دەكات و بەرنامەو پەیامەكەی بۆ مرۆڤایەتی چییە. دەسەڵاتەكان بۆ ئەم مەبەستە و لە هەموو وڵاتەكاندا ، گەورەترین هۆكاری سەركەوتنیان لەم پیلانەیاندا پشت بەستنیان بوو بە سوپایەكی لەبن نەهاتوو لەوانەی بەناو دینەوە قسەدەكەن و مزگەوتەكانیان بەدەستەوەیە و خۆیشیان لە ڕاستیدا پیاوی دەسەڵاتن و لە پێناو پارەیەكی كەمدا دینی خۆیان دەفرۆشن و بەئارەزووی نەیارانی ئیسلام فەتوا دەدەن و قسە بۆ خەلكی دەكەن و دەرەنجامیش سەر لە موسوڵمانان تێكدەدەن. سەبارەت بە بارودۆخی لای خۆیشمان ، سەرباری ئەوەی كە ئێمەش هەمان كێشەمان هەیە و بەداخەوە مەلایەكی زۆر هەن نەخۆیان لە ئیسلام تێگەیشتوون و بەردەوامیش سەرلە موسوڵمانان دەشێوێنن و ئیسلامێكی جیاوز لە ئیسلامی كیتاب و سوننەتیان پێشكەش دەكەن، ئاستەنگێكی گەورەی تریشمان بۆ زیاد بوو، ئەویش لاوازی كەسایەتی حیزبە ئیسلامییەكانی كوردستان بوو بەرانبەر بە عەلمانییەكان و بە ئێستاشەوە لە مەسەلەی كوردایەتیدا كە بە واتای دژایەتی و هیچ نەبێت پشتگوی خستنی زمانی عەرەبی دێت، ئەوان كێبڕكێیان لەگەڵدا دەكەن و بەزمانی حاڵ پێیان دەڵێن ئێمەش لەمەڕ پەراوێزخستنی زمانی عەرەبی هەمان هەلوێستی ئێوەمان هەیە و بەمەش بوونە هۆكارێكی یارمەتیدان بۆ پرۆسەی نامۆكردنی زمانی عەرەبی كە یەكسانە بە نامۆكردنی ئیسلام، بەدەر لەوەی ئەوان دەرك بەو ڕاستیە بكەن یان نەیكەن، بەڵام لە بەروبومەكانی ئەو پرۆسەی باسمان كرد ئەمڕۆ نەوەیەك سەریان هەڵداوە هیچ لە زمانی عەرەبی نازانن و دواجار لە قورئان و لە سوننەتیشەوە دوورن، تاكە ڕێگەی دیندارەكانیش بۆ فێربوونی زانستەكانی ئیسلام ئەوەیە كتێبی وەرگێڕدراو بخوێننەوە، كە ئەویش بۆ خۆی لەناو كورددا یەك دنیا قسەو تێبینی هەلدەگرێت. هەر بۆیە لە دێر زەمانەوە زانایان فێربوونی زمانی عەرەبییان بە واجب زانیوەو خزمەت كردنیان بە خزمەت كردنی قورئان بینیوە و بەرگریكردنیشیان لەو زمانە بە نیشانەی غیرەت و دڵسۆزی لەسەر ئیسلام ئەژمار كردووە. لە ڕاستیدا زیانی فێرنەبوونی زمانی عەرەبی وەكو زیانی فێرنەبوونی هیچ زمانێكی تر نییە! چونكە تێنەگەیشتن لەو زمانەدەبێتە مایەی لادان لە حوكم و سنوورەكانی قورئان و سەرهەڵدانی تێگەیشتنی نامۆ و هەڵە بۆ قورئان. بۆیە گرنگی زمانی عەرەبی لەوەدایە كە ئامرازی تێگەیشتنی قورئان و سوننەت و عەقیدەو شەریعەتی ئیسلامە. لە كۆتاییدا و بە كورتی دەڵێم: زمانی عەرەبی ڕێگەی تێگەیشتن و (تدبر) ی قورئان و سوننەتە، شارەزایی لەو زمانە وەكو هەبوونی بینایی و چاوساغییە، نەشارەزاییش لێی وەكو نابینایی وكڵۆڵییە! بەداخەوە دەشبێتە مایەی دووركەوتنەوە لە ڕوح و جەوهەری ئیسلام، لەڕووی ناچاریشەوە نەبێت تەرجەمە و وەرگێڕانی دەقە دینی و زانستە ئیسلامییەكان بۆ زمانی كوردی نابێتە قەرەبووی نەزانینی ئەو زمانە، ئینجا جگە لەوەی كە دین بە شێوەیەكی گشتی لەسەر شارەزابوونی ئەو زمانە وەستاوە، هاوكات سەرچاوەیەكی سەردەمیانەی دەوڵەمەندیشە بۆ زۆربەی زانستەكانی تر وڕێگایەكە بۆ سەربەرزی دونیا و دواڕۆژ، بەڵام بەهۆی ئەوەی ناحەزانی ئیسلام دەزانن شارەزابوونی خەڵكی لە زمانی عەرەبی ڕێگەی شارەزابوونیانە لە دینەكەیان بۆیە هەموو ڕێگەو هۆكارێك دەگرنە بەر بۆ دورخستنەوەیان لە فێربوونی و ناشیرین كردن ونامۆكردنی ئەو زمانە. إحسان برهان الدین 5 رمضان 1442