العربیة
/پوختەیەکی بەسوود دەربارەی قنوت/
چەند تێبینییەكی گرنگ سەبارەت بە دوعای قنوت
: 396
2023-02-18
  #پوختەیەكی_بەسوود_دەربارەی_دوعای_قنوت: 2 چەند تێبینییەكی گرنگ سەبارەت بە دوعای قنوت شێخ بكر عبد الله أبو زید لەو كتێبەیدا وریایی دەدات لە كۆمەڵێك هەڵە و سەرپێچی شەرعی موسوڵمانان، بەڵكو پێشنوێژان ووتارخوێنان لە كاتی ئەنجامدانی ئەو دوعایە، كە بە كورتی لێرەدا دەیانخەینە ڕوو: 1- ئەوەی كە لە زمانی عەرەبیدا پێی دەوترێت (التلحين، والتطريب، والتغني، والتقعر، والتمطيط) واتە: دوعاكردن بە ئاواز ولاواندنەوە وبەدەم گریان وزۆر درێژ كردنەوەی وشەكانەوە دوعاكان بخوێنرێن، لە ڕووی شەرعییەوە ئەوە كارێكی زۆر نابەجێ و ناپەسەندە و لە بنچینەوە لەگەڵ نیشاندانی بەندایەتی وملكەچی وكروزانەوەدا یەكناگرێتەوە وپێچەوانەیەتی، بەڵكو لەوەش خراپتر ڕەنگە ببێتە مایەی روپامایی وبەخۆسەرسام بوون وپەیداكردنی هەوادار و موعجیب بە دەنگەكە كە ئەوەش بۆ خۆی فیتنەیەكە، ئەهلی عیلمیش لە كۆن و هاوچەرخەكاندا وریاییان لەو جۆرە حاڵەتە داوە و فەرموویانە پێویستە دوعای قنوت بەبێ ئاواز ودەنگ لەراندنەوەو خۆ تێكدان بكرێت، لە جیاتی ئاواز و دەنگ خۆش كردنەوە وەكو سرود وگۆرانی بە شێوەیەكی ئاسایی كە خشوع و ترسی پێوە دیار بێت بخوێنرێتەوە، نەك هەر مەبەستی ئەوە بێت كاریگەری بخاتە سەر خەلكی و بیانهێنیتە گریان. 2- درووست نییە دوعای بێ ئەسڵ وبێ بنەمای شەرعی بخوێنرێت لە ناو قنوت دا، ئەو دوعایانەی كە ئێستا بووەتە باوو هۆكارێكن بۆ سەرنج راكێشان و جومهور زیادكردن بۆ خوێنەری دوعاكە، وشەكانی وەكو هۆنراوەیە و كۆتاییەكانی بەیەك پیت تەواو دەبێت و تەنانەت رەنگە ئەو كەسەش كە دەیخوێنیتەوە زۆر ماندوو بووبێت تا لەبەری كردبێت، ئەو زۆر لەخۆ كردن و تەكلیف لە خۆكردنە بەڕاستی كارێكی ناشەرعییە. 3- دەبێت پێشنوێژ و ئەو كەسانەی كە دوعای قنوت لە نوێژدا دەخوێنن، خۆیان بە دوور بگرن لەو دوعاو پاڕاناوانەی كە لە فەرموودەی سەحیحدا نەهاتوون، بەڵكو لە فەرموودەگەلێكدا هاتوون كە كەسێكی درۆزن لە زنجیرەی سەنەدەكەیدا هەیە، یان كەسێكی تۆمەتبار بە ناڕاستی و فەرموودەیەك كە سەنەدی لاواز بێت، هەموو ئەوانە ناشێن بۆ ئەوەی دوعای قنوت یان لێ وەربگیردرێت، بۆ نموونە: دوعای ( يا من لا تراه العيون، ولا تخالطه الظنون، ولا يصفه الواصفون، ولا تغيره الحوادث، ولا يخشى الدوائر، يعلم مثاقيل الجبال، ومكاييل البحار، وعدد قطر الأمطار، وعدد ورق الأشجار، وعدد ما أظلم عليه الليل وأشرق عليه النهار، ولا تواري منه سماء سماء، ولا أرض أرضاً، ولا بحر ما في قعره، ولا جبل ما في وعره، اجعل خير عمري آخره، وخير عملي خواتيمه، وخير أيامي يوم ألقاك فيه) ئەمە لە فەرموودەیەكدا هاتووە الطبراني لە (الاوسط) ڕێوایەتی كردووە وفەرموودەیەكی لاوازە وەكو فەرموودەناسان دەفەرموون وشێخ بكر عبدالله أبو زید دەڵێت كەسێكی نەناسراو لە زنجیرەی سەنەدەكەیدا هەیە كە شەیخی گێڕەرەوەكەیە و كەسێكی تریشی تێدایە (مدلس)ە. هەروەها بۆ نموونە دوعای: (يا من أظهر الجميل وستر القبيح، يا من لم يؤاخذ بالجريرة ولم يهتك الستر، يا عظيم العفو، يا حسن التجاوز، يا واسع المغفرة، يا باسط اليدين بالرحمة، يا صاحب كل نجوى، و يا منتهى كل شكوى، يا كريم الصفح، يا عظيم المن، يا مبتدئا بالنعم قبل استحقاقها، يا سيدنا، يا ربنا، يا مولانا، يا غايه رغبتنا، أسألك يا الله، أن لا تشوه خلقي بالنار) ئەم دوعا لە فەرموودەیەكدا هاتووە كە الحاكم لە كتێبی ( المستدرك)دا ڕیوایەتی كردووە و وتوویەتی (حدیث صحیح) بەڵام لەبەر شلڕەوی الحاكم لە تەسحیح كردنی فەرموودەدا، پێشەوا الذهبي بەدواداچوونی بۆ فەرموودەكە كردووەو بە الحاكم ی وتووە «أتى بخبر لا يُحتمل، ثم ذكره» واتە فەرموودەیەكی هێناوە ئارامی لەسەر ناگیریت ئەگەر بەرپەرچ نەدرێتەوە! مەبەستی ئەم دوعایەیە! الحاكم وتوویەتی: صحيح الإسناد! الذهبي فەرموویەتی: قلت: كلا. واتە نەخێر صحیح نییە. الحاكم وتوویەتی: گێڕەرەوەكانی فەرموودەكە هەموویان خەڵكی مەدینە بوون، الذهبي فەرموویەتی نەخێر وا نییە! الحاكم وتوویەتی: جێگای متمانەن الذهبي فەرموویەتی نەخێر وا نییە وهەڵەیت. بۆیە فەرموودەكە جێگیر نییە و ڕەتكراوەتەوە ونابێت فەرموودەی لەو جۆرە بكرێتە بەڵگە بۆ دوعای قنوت. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ لە پێش نوێژو بانگخوازەكان دەچن ئەو هەموو دوعایەی كە لە قورئان و فەرموودە سەحیحەكاندا هاتووە پشتگوێی دەخەن و دەچن ئەو جۆرە دوعایانە بۆ نموونە وەكو ئەوەی لە ناو ئەم فەرموودەدا هاتووە دەخوێننەوە كە لە هەموو ڕوویەكەوە زەعیفە. یان ئەم دوعا كە دوعایەكی بەناوبانگەو زۆربەی پێشنوێژان دەیخوێننەوە: «اللهم لا تدع لنا ذنباً إِلا غفرته، وَلاَ هماً إِلاَّ فَرَّجْتَه، ولا ديناً إِلاَّ قَضَيْتَه، ولا حاجة من حوائج الدُّنيا والآخرة إلا قضيتها برحمتك يا أَرحم الراحمين» كە مەعناكەی راستەو عەیبی نییە جگە لە بڕگەی (في مقامنا هذا )نەبێت كە لە درێژایی فەرموودەكەدا هاتووە درووست نییە و دەبێتە جۆرێك لە مەرج دانان لەسەر الله تعالی، بەڵام جگە لەوەش كێشەی گەوەتری ئەو جۆرە دوعایانە ئەوەیە بەردەوام بوون لەسەر ئەو جۆرە دوعایانە لە سەر حیسابی ئەو هەموو نزاو پارانەوانایە كە لە قورئاندا هاتوە هەروەها لەسەر حیسابی فەرامۆش كردنی ئەو هەموو دوعا سەحیحانەیە كە لەسوننەتدا هاتووە، ئەمە جگە لەوەی تكلف و خۆتێكدانێكی زۆری پێوە دیارە كە لە نزیكەی بیست بڕگەدا هەوڵ دراوە وەكو هۆنراوە كۆتاییەكانی هاوشێوەی یەكتر بێت! یان ئەو فەرموودەی كە فُرَات لە علي الله لێی ڕازی بێت دەگێڕێتەوە كە فەرموویەتی :قال لي علي (( ألا يقوم أحد فيصلي أَربع ركعات,فَهَدَيْتَ فَلَكَ الحَمْدُ ,عَظُمَ حِلْمُكَ فَعَفَوْتَ فَلَكَ الحَمْدُ ... إلى قوله: وَلاَ يَبْلُغُ مِدْحَتَكَ قَوْلُ قَائِلٍ )). ئەم دوعای كە لەم فەرموودەدا هاتوە أَبو يعلى بەسەنەدیكی ضعيف دەیگێڕێتەوەأ وچەندین عیللەی تێدایە یەكێك لەوانە أفُرَاتَ بن سلمان چاوی بە علي نەكەوتووە بۆیە بە (منقطع الإِسناد) وەسفیان كردووە. سەرەڕای ئەوەش دەبینین مەلاو پێشنوێژ و بانگخواز هەر خەریكی بایەخدانن بەو جۆرە پاڕانەوانەو ئەو هەموو دوعاو پاڕانەوانەی لە قورئان و سەحیحی سوننەتدا هاتوون فەرامۆشیان دەكەن! دوعایەكی تریش كە ئەو جۆرە كەسانە هۆگرن پیوەی وخەڵكیش حەزی لێ دەكەن و ئەسڵی نییە باش نییە بكرێتە دوعای ناو قنوت ئەم دوعایەیە:(اللهم ارحمنا فوق الأرض,وارحمنا تحت الأرض,وارحمنا يوم العرض). ئەو بەهانەش بایەخی نییە كە دەڵێن لە هەندی فەرموودەدا دوعای لەو جۆرە هاتووە وەكو هۆنراوەیە، چونكە ئەوە بەمەبەست نەبووە و بەبێ زۆر لەخۆ كردن وا دەرچووە. بەداخەوە لەم ڕۆژگارەدا كێشەی خەڵكی لای خۆمان و شوێنانی تریش ئەوەیە بەدوای دوعای سەیر و هۆنراوە ئاسا و بەدوای كەسانی دەنگ خۆش و ئەوانەی دوعایان زۆر لەبەرە دەگەڕێن ئەوەش عادەتیكی باش نییە، بەڵكو ئەوەی شەرعییە و چاكترە لە مەسەلەی دوعای قنوت بكرێت ئەوەیە ئەو دوعایانە بخوێنرێت كە لە قورئاندا هاتووەو زۆرن، هەروەها ئەو دوعایانەی كە لە سەحیحی سوننەتدا هاتوون و ئەوانەش زۆرن الحمدلله، نەك بەدوای دوعای نامۆ و هۆنراوە ئاسا ومەرج دانان لەسەر الله بگەرێن، هەموو خێرێك لەوەدایە لە بابەتەكانی عیبادەت شوێنكەوتوو بین و دوور بین لە داهێنان و بیدعە. ئەم باسە ان شاء الله درێژەی دەبێت