العربیة
/وەڵامی پرسیارەکانتان/
ئایا بۆ چوونە ناو بازاڕ زیكرێكی تایبەت هەیە؟
: 368
2021-10-19
#وەڵامی_پرسیارەكانتان:29 ئایا بۆ چوونە ناو بازاڕ زیكرێكی تایبەت هەیە؟ بەرێزێك ئەو پرسیارەی لێ كردم ئایا زیكری چوونە ناو بازاڕ سەحیحە یان زەعیفە؟ منیش لە وەڵامدا و لە ڕۆشنایی قسەی زانایاندا وتم: دەقی فەرموودەكە بریتییە لە: ( مَنْ دَخَلَ السُّوقَ ، فَقَالَ : لاَ إِلَهَ إِلاَّ اللَّهُ ، وَحْدَهُ لاَ شَرِيكَ لَهُ ، لَهُ الْمُلْكُ وَلَهُ الحَمْدُ ، يُحْيِي وَيُمِيتُ ، وَهُوَ حَيٌّ لاَ يَمُوتُ ، بِيَدِهِ الخَيْرُ ، وَهُوَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ ، كَتَبَ اللَّهُ لَهُ أَلْفَ أَلْفِ حَسَنَةٍ ، وَمَحَا عَنْهُ أَلْفَ أَلْفِ سَيِّئَةٍ ، وَرَفَعَ لَهُ أَلْفَ أَلْفِ دَرَجَةٍ ) رواه الترمذي (3428) وقال : هَذَا حَدِيثٌ غَرِيبٌ . واتە: هەركێ كاتێك دەچێت ناو بازاڕ، بڵێت: لاَ إِلَهَ إِلاَّ اللَّهُ ، وَحْدَهُ لاَ شَرِيكَ لَهُ ، لَهُ الْمُلْكُ وَلَهُ الحَمْدُ ، يُحْيِي وَيُمِيتُ ، وَهُوَ حَيٌّ لاَ يَمُوتُ ، بِيَدِهِ الخَيْرُ ، وَهُوَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ ، الله تعالی هەزار هەزار چاكەی بۆ دەنووسێت و هەزار هەزار خراپەی لەسەر لادەبات و هەزار هەزار پلەی بەرز دەكاتەوە. ئەم فەرموودەیە وەكو فەرموودەناسان فەرموویانە ڕێگەی زۆرە بەڵام هیچ ڕێگەیەكی سەلامەت و بێ عەیب و بێ كێشە نییە كە پشتی پێ ببەسترێت ودل ئاسوودە بێت بۆ وەرگرتنی! ئەویش بە هۆی ئەوەی هەموو ڕێگەكانی دەگەڕێتەوە سەر كەسێك بەناوی (شهر بن حوشب) كە لاوازە و فەرموودەی وەرناگیرێت. هەرچەند هەندێ لە زانایانی وەكو الحاكم كە بە تساهل ناسراوە لە تەسحیحی فەرموودەدا ئەو فەرموودەیان بە هۆی فرەڕێگەییەوە تصحیح یان تەحسین كردووە، بەڵام زۆربەی زۆری فەرموودەناسان لە كۆن و هاوچەرخەكاندا وتوویانە فەرموودەیەكی زەعیفە و ناشێت بۆ كارپێكردن و وەرگرتن. شایانی باسە لە هاوچەرخەكاندا - وەكو شێخ محمد صالح المنجد دەڵێت - شێخی ئەلبانییش یەكێك بوو لەوانەی ئەو فەرموودەی تضعیف كردبوو لە "ضعيف الترمذي" (3474)، بەڵام دواتر لە "صحيح الترغيب" (474) و"السلسلة الصحيحة" (114) لە حوكمەكەی پاشگەز بوویەوەو دووبارە تصحیح ی كردەوە ، بەڵام وەكو وتم زۆربەی زۆری فەرموودەناسان ئەو فەرمووەیان رەتكردووەتەوە و تەنانەت لە هاوچەرخەكاندا شێخ أبو إسحق الحوینی دەڵێت هەرچەند مامۆستامان ئەلبانی تصحیح ی كردووە بەڵام راست ئەوەیە كە ئەو فەرموودە لاوازە و وەرناگیرێت. ئەوەش مەعنای ئەوە نییە نەتوانیت لەبازاڕدا زیكر بكەیت، بەڵام نەك وەكو زیكرێكی تایبەت بە چوونە بازاڕ بەڵكو وەكو زیكرێكی گشتی كە موسوڵمان لە هەر شوێنێكدا - جگە لە شوینە قەدەغەكراوەكاندا - دەتوانێت ئەنجامی بدات و بازاڕیش جیگای غەفلەت و بێ ئاگاییە و كارێكی باشە موسوڵمان لەو جیگەیە زمانی بە یادی پەروەردگاری تەر بێت. إحسان برهان الدین 1 ربيع الأول 1443 7 تشرینی یەكەم2021