العربیة
/چۆن تەدەبوری قورئان بکەین ؟/
#چۆن_تدبّر_ی_قورئان_بكەین: 4
: 412
2021-10-19
  #چۆن_تدبّر_ی_قورئان_بكەین: 4 پشت بە تەفسیری باش ببەستە بۆ تێگەیشتنی یەكێك لە هۆكارەكانی تێگەیشتن و (تدبر) ی قورئانی پیرۆز ئەوەیە لە واتاكانی تێبگەیت، بیگومان ئەگەر بیخوێنیت و لێی تێنەگەیت ناشتوانیت فەرمانی (تدبر) لە خۆتدا جێبەجێ بكەیت! زانا و موفەسسیری قورئان الطبري فەرموویەتی: (إنِّي لأعجب ممَّنْ قرأ القرآن ولم يعلم تأويله، كيف يلتذُّ بقراءته ؟!». معجم الأدباء، (5 /256). واتە: من سەیرم لە كەسێك دێت قورئان دەخوێنێت و لێی تێناگات چۆن چێژ لە خوێندنەوەكەی وەردەگرێت؟! هەڵەیەكی گەوەرش لای خۆمان لە مەسەلەی تەجوید و جوان خوێندنەوەی قورئاندا هەیە، كە لە جیاتی ئەوەی ئەو مەسەلە گرنگە ببێتە مایەی تێگەیشتن و نزیكبوونبوووەی زیاتر لە ڕوح و جەوهەری قورئان، كەچی بووەتە مایەی دووركەوتنەوە لە واتا و تەفسیر و پەیامی قورئان! كێشەكەش لەوەدایە كە خراپ لەم فەرموودەی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم تێگەیشتوون: (خَيْرُكْمْ مَنْ تَعَلَّمَ القُرآنَ وَعَلَّمَهُ" رواه البخاري . كورد بە شێوەیەكی گشتی وەكو جۆرێك لەیەكدەنگی! وا تێگەیشتوون ئەم فەرموودەو ئایەت و فەرموودەكانی تری هاوشێوەی، تەنها واتای گرنگی و بایەخدان بە تەجوید دەگرێتەوە! لە كاتێكدا مەبەستی یەكەم لەو فەرموودەیە تیگەیشتی پەیام و بەرنامە و واتاو ئەحكامی قورئانە نەك تەجوید و جوان خوێندنەوە و مەخارجی پیتەكان، (ابن تیمیة) بە رەحمەت بێت دەفەرموێت: تێگەیشتنی واتاو مەعناكانی قورئان لە پێشترە لە فێربوونی چۆنێتی دەربڕینی پیتەكانی، چونكە موسوڵمان بە تێگەیشتنی واتاكانی ئیمانی زیاد دەكات نەك بە فێربوونی تەجوید و جوانخوێندنەوەی پیتەكانی. مجموع الفتاوى، (13 /403). بێگومان ئەمەش بە واتای ئەوە نایەت كە بایەخ بە تەجویدی قورئان نەدەین نەخێر، بەڵكو مەبەست لە تێكدانی ئەولەویەت و دووركەوتنەوەیە لە مەبەستە گەورەكە كە تێگەیشتن و (تدبر) قورئانە، كە بەداخەوە كە ساڵانێكە خەریكە تەجوید ئەو ڕۆڵە دەبینێت لە كوردستاندا، مامۆستایەكی زۆری كورد ژیانی خۆیان و فێرخوازێكی زۆر لەگەڵ خۆیاندا بە ئەحكامی تەجوید و مەخاریجی یبتەكان و قیرائاتی قورئانی بەسەر دەبەن، لە ئەحكامی حروف ی قورئان شارەزان بەڵام لە ئەحكام و حدود ی قورئان بێ ئاگان، لە گەڵ پیتەكانی قورئان و چۆنێتی خویندنەوەی مامەڵە دەكەن بەڵام لەگەڵ لایەنی ئیمانی و عەقیدەو پەروەردەیی مامەلە ناكەن زۆر بەكەمی نەبێت، ئەمەش هەڵەیەكی گەورەیە و ڕێگرێكە لەبەردەم تێگەیشتن و (تدبر) قورئاندا . ئەوانەی كە توانای گەڕانەوەیان بۆ سەرچاوەكان هەیە واجبە لەسەریان هیچ نەبێت بە ئەندازەیەكی كەم و سنووردار و ئەوەندی كە تێگەیشتنی واتاكانی قورئانیان بۆ دەستەبەر بكات، بگەڕێنەوە بۆ تەفسیر و ئەو كتێبانەی كە باس لە بەرنامەو عەقیدە و لایەنی ئیمانی قورئانی پیرۆز دەكات لە قسەی زانایاندا، وەكو یارمەتیدەری سەرەتاییش لەم بارەوە بۆ (تدبر) باشترە: 1- بەلای كەمەوە كتێبێكی تایبەت بە تەفسیری وشەكانی قورئانت هەبێت، كتێب لەو بارەوە زۆرن، من لێرەدا كتێبێكی بەسوود و ئاسان و بەردەست لە ئێنتەرنیت پێشنیار دەكەم كە بەشێوەیەكی سەرەتایی و ئاسان واتای وشەكانی قورئانت پی ئەدات ئەویش كتێبی ( وجه النهار الكاشف عن معاني كلام الواحد القهار) عبدالعزیز الحربي، بێگومان كتێبی تریش زۆرن وەكو: (مفردات القرآن) للراغب الأصفهاني . شارەزایی تەفسیرە كوردییەكانم نییە و نەمخوێندوونەتەوە، بۆیە ناتوانم ئاماژە بۆ هیچ تەفسیرێكی كوردی بكەم، تەنانەت وەرگێڕاونەكانیش چونكە نازانم چۆنیان وەرگێڕاوە، وەكو خوێشم چەند ساڵیكە نزیكەی بیست جوزئی قورئانم لە ڕووی ڕوونكردنەوەی وشەكانی بە كوردی و بە كورتی تەفسیر كردووە بەڵام بە هیوای ئەوەی بتوانم تەواوی بكەم هێشتا چاپم نەكردووە. 2- دواى ئەوەی واتای وشەكانی قورئانت زانی كتێبێكی پوخت و زانستی وەكو: (التفسير الميسر) بخوینەرەوەو با هەمیشە نزیكت بیت بۆ ڕاڤەو تەفسیری ئایەتەكان، ئەم تەفسیرە لەیەك بەرگدایەو زۆر بە سوودە، هەروەها تەفسیرێكی تری پوخت هەیە بەناوی"المختصر في تفسير القرآن الكريم"ئەویش پوخت و بە سوودە ئەوەندەی من لێیم خویندووەتەوە و لێی تێگەیشتووم، لە دوای ئەوەش ئەتوانیت بچیتە سەر تەفسیرەكانی الطبري و ابن كثیر و البغوي بە گوێرەی ئاست و توانای زانستی خۆت و هەموو تەفسیرانەو تەفسیرەكانی تریش پێویستە وریای ئەو هەڵانە بیت كە نووسەرەكانیان لێیان تێپەڕبووە بۆ نموونە وەكو مەسەلەی ئیسرائیلیات لە تەفسیری (ابن كثیر) دا. دەشكرێت سوود لە هەندێ كتێبی تایبەت بە ئاسانكردنی تیگەیشتن و (تدبر) لە قورئاندا ببینێت وەكو: (قواعد التدبر الأمثل لكتاب الله عزوجل) عبدالرحمن حبنكة الميداني، (تعليم تدبر القرآن الكريم) هاشم علي اﻷهدل. لە كۆتاییدا: لە مەسەلەی تێگەیشتن و (تدبر) ی قورئاندا، بەردەوام قورئان خوێندن بەبێ هەبوونی كەرەستەكانی تێگەیشتنی سوودی باش و چاوەڕوانكراوی نابێت، من باسم لە ئەجرو پاداشتەكەی نییە ئەوەیان لەسەر نیەت و عەقیدەی خوێنەرەكەی دەمێنیتەوە ، ئەگەر خوێنەرەكە عەقیدەی قورئانی پیرۆزی لە خۆیدا بەرجەستەكردبێت و لە سنوورەكانیدا ڕابوەستێت، با تێیشنەگات لە واتاكانی، الله تعالی هەر پاداشتی بۆ دەنووسێت إن شاء الله! بەڵام وەكو زانایەك دەڵێت: ئەو كەسەی قورئان بخوێنیت و لێی تێنەگات، وەكو كەسێكە لە تاریكیدا بێت و نامەیەكی زۆر گرنگی لە كەسێكی زۆر مەزنەوە بۆ هاتبێت و لەو تاریكیەدا چرایەكی پێ نەبێت بتوانێت نامەكەی بخوێنیتەوە بزانێت چی تیێدایە! إحسان برهان الدین 3 رمضان 1442