العربیة
/چۆن تەدەبوری قورئان بکەین ؟/
#چۆن_تدبّر_ی_قورئان_بكەین:1
: 399
2021-10-19
#چۆن_تدبّر_ی_قورئان_بكەین:1 تەقوا پردی (تدبر) ە موسوڵمان بە دەقی ئایەتی قورئان فەرمانی پێكراوە قورئان بە تێگەیشتن و بە (تدبر) بخوێنێتەوە، وەكو الله تعالی فەرموویەتی: (أَفَلَا يَتَدَبَّرُونَ الْقُرْآنَ أَمْ عَلَىٰ قُلُوبٍ أَقْفَالُهَا) چەندین ئایەتی تریش لە سەر هەمان واتا و مەبەست هەیە، جا بۆ تێگەیشتن لە واتاكانی وشەی (تدبر) لە ڕوناكی قسەی زانا و شارەزایاندا، هەر جارەو بە كورتی هۆكارێك یان چەند هۆكارێك بەمەبەستی چاك تێگەیشتن و لێوردبوونەوە لە قورئانی پیرۆز دەخەینەڕوو إن شاء الله. تدبر واتە: بیركردنەوەو تێڕامان وباش تیگەیشتن لە ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز بەمەبەستی پەی بردن بە واتا و بە مەبەست و حیكمەتەكانی، ئەگەر موسوڵمان بگاتە ئەو تێگەیشتنە، كە قورئان بە تدبر دەربڕینی لێ كردووە، ئیمانی زیاد دەكات و دەگاتە بڕوای بەهێز و یەقین، چێژو سوودیش لە قورئانی پیرۆز وەردەگرێت. یەكەم هۆكار بۆ گەیشتن بە (تدبر) ئەوەیە موسوڵمان گوێڕایەڵی فەرمانەكانی قورئان بێت و خۆی لە قەدەغەكراو وحەرامەكانی بپارێزێت، ئەگینا واتای چی ئەگەیەنێت قورئان بخوێنیت و پێچەوانەی كار بكەیت؟ یان بەبەرنامە و پەیڕەو و فەرمانی غەیری قورئان هەڵسوكەوت و كار بكەیت! بەو شێوە خوێندنەوەی قورئان كاریگەری لەسەر لایەنی روحی و ئیمانی خوێنەرەكەی نابێت و هەر دەبێتە جۆرێك لە ڕاهاتن و خوێندنەوەیەكی ساردوسڕی بێ گیان. الله تعالی فەرمویەتی: (وَاتَّقُوا اللَّهَ وَيُعَلِّمُكُمُ اللَّهُ) واتە: پەروەردگار تەقوای كردووەتە هۆكار بۆ فێربوون و بۆ وەرگرتنی بۆ زانست، ئێوە تەقواتان هەبێت، الله تعالی فێرتان دەكات و (تدبر) تان پی دەبەخشێت! تەقوا پردی تیگەیشتنە لە قورئان! بە پێچەوانەشەوە واتە بەبێ تەقواو و ڕاوەستان لە سنوورەكانی پەروەردگار، زانستی بەسوود فێر نابن، ئەوە هاوكێشەیەكە لە خودی ئەو قورئانەدا كە دەیخوێنینەوە هاتووە و چەندین ئایەتی تریش هەمان ئەو واتای لێ وەردەگیرێت. هەروەها بۆ ئەوەی بگەین بە پلەوپایە و ئاستی (تدبر)، پێویستە هەست بە گەورەیی و مەزنیی ئەو قورئانە بكەین كە دەیخوێنینەوە، ئەبێ - وەكو هەندێ لە زانایان فەرموویانە - باوەڕمان وابێت: لەگەڵ قورئاندا زیندووین و بەبێ قورئان مردووین! لەگەڵ قورئاندا چاوساغ وبیناین و بەبێ قورئان سەرلێشێواو و نابیناین! لەگەڵ قورئاندا لەسەر ڕێگای ڕاستین و بەبێ قورئان گومڕاو وێڵین... دەبێت قورئان بە بەرنامەی ژیانمان بزانین، هەم بە گوفتارمان هەم بە كردارمان ئەوە بسەلمێنین، ئەگینا ئێمە لە كوێ و (تدبر ) و پەی بردن بە واتاكانی لە كوێ! إحسان برهان الدین 1 رمضان 1442