/نیشانەی تاقمەکان/
8-جەبرییەكان
: 413
2022-06-27
#نیشانەی_تاقمەكان: 8
جەبرییەكان
جەبرییەكان فیرقەو تاقمێكن لە تاقمە گومڕاكان كە لە ئیسلام لایانداوە، پوختەی بیروباوەڕیان ئەوەیە كە مرۆڤ هەڵبژاردنی جۆری كردەوەكانی بە دەستی خۆی نییە و لە هەموویدا ناچارە و توانای بڕیاڕدانی نییە و مەجبورە.
یەكەمین كەس كە ئەم بیرۆكەی لێ بیسترا (الجعد بن درهم)بوو، دوای ئەویش لەڕێگەی (الجهم بن صفوان ) ەوە كە قوتابی ئەو بوو بڵاوەی كردەوە.
هۆكاری ناونانیان بە جەبری یان مجبرة ئەوەبوو وەكو الشهرستانی دەڵێت: (سمِّي الجَبريَّة بذلك لأنهم يقولون: إن العبد مُجبَر على أفعاله، ولا اختيار له، وأن الفاعل الحقيقي هو الله تعالى، وأن الله سبحانه أجبر العباد على الإيمان أو الكفر؛ (الملل والنحل للشهرستاني جـ 1 صـ 87). واتە: لەبەر ئەوە ئەو ناوەیان لێ نراوە چونكە دەڵێن بەندە ناچارە لەسەر ئەنجامدانی كردەوەكانی و هیچ هەڵبژاردنێكی نییە، بەڵكو بكەری راستەقینە الله تعالی یە كە هەر خۆی ئەوانی ناچاری ئیمان و كوفر كردووە.
جەبریەكان دەڵێن هیچ كەسێك لە ڕاستیدا توانای ئەنجامدانی هیچ كردەوەیەكی نییە و الله خۆی خاوەنی هەموو كردەوەیەكە، ئەوەش كە دەوترێت فڵانە كەس ئەو كارەی ئەنجامدا ئەوە قسەیەكی مەجازییە و وا نییە، وەكو چۆن دەوترێت خۆر ئاوا بوو، دەستارەكە خولایەوە، ڕوبارەكە ڕێی كرد، خۆیشی لە ڕاستیدا ئەو بێ گیانانە توانای نە ڕێكردن و سوڕانەوەو ئاوابوونیان نییە، بەڵكو ئەوەی ئەو كارانە ئەنجام ئەدات پەروەردگارە.
درووست بوونی جەبرییەكان كاردانەوەیەك بوو بۆ تاقمی قەدەرەییەكان، چونكە بە پێچەوانەی جەبریەكانەوە دەیانوت بەندەكان خۆیان كردەوەكانی خۆیان درووست دەكەن و الله تعالی پێی نازانێت تا روو نەدات، بۆیە ئەمان بە پێشەوانەوە وتیان نەخێر بەندەكان خاوەن هیچ توانایەك نین لەسەر ئەنجامدانی هیچ كردەوەیەك و ئەوەشی كە ئەیكەن بە دەستی خۆیان نییە و الله ناچاری كردوون بیكەن.
جەبرییەكان كۆمەڵێك نیشانە و بنەمای تایبەتیان هەیە بە تاقمەكەی خۆیانەوە كە پێی جیا دەبنەوە لە تاقمەكانی تر، لەوانە:
1- یەكەم بنەمایان ئەوەیە كە بەندە خاوەن كردەوەی خۆی نییە و هەرچی چاكەیەك یان خراپەیەك بكات بە دەستی خۆی نییە بەڵكو ناچارە بیكات و مەجبورە ئەنجامی بدات، ئەوان دەڵێن: بەندەكان وەكو گەڵای دارێكن با بیەوێت بەكاملا بیانبات دەیانبات. بۆیە هەرچیش كە دەدرێتە پاڵ مرۆڤ و بێ گیانەكان هەمووی لەرووی مەجازییەوەیە ئەگینا بكەری ڕاستەقینە الله یە نەك ئەو مرۆڤ و بێ گیانانە.
2- جەبرییە نكۆڵییان لە سیفەتەكانی الله تعالی كرد و ئەوەش سەری لە بیدعەیەكی تری گەورەوە دەركرد ئەویش مەسەلەی خەلقی قورئان بوو، چونكە ئەوان نكۆڵی ئەوەیان كرد هیچ سیفەتێكی الله تعالی قەدیم بێت و كەلامیش یەكێكە لە سیفەتەكانی الله تعالی بۆیە نكۆڵییان لێی كرد و وتیان قورئان لە لایەن الله درووست كراوە نەك وتەی خۆی بیت و بە قسە كردن ئەنجامی دابێت.
3- باوەڕیان وابوو كە الله تعالی هیچ سیفەتێكی زیادی نییە لەسەر زاتی، بۆیە نكۆڵییان لە سیفەتە ئەزەلییەكانی الله تعالی كرد و وتیان نابێت الله لەچەند بەشێك پێكهاتبێت و ئەوەیان بە شیرك دانا،.
4- نكۆڵییان لە هەر سیفەتێك لە سیفەتەكانی الله تعالی كرد كە مرۆڤەكان هەیانبێت وەكو بینین و بیستن و وتیان ئەوە لێچواندنی الله یە بە بەندەكانی خۆی.
5- باوەڕیان وایە بەهەشت و دۆزەخ كۆتاییان پێ دێت و تەواو دەبن لە پاش ئەوەی كە ئەو ماوەی دیاری كراوە بۆیان لەلای الله تعالی تەواو دەبێت، بەهەشت و دۆزەخیش كۆتاییان پی دێت.
6- ئیمان لەلای جەبرییە جەهمییەكان تەنها ناسین و مەعریفەیە، بۆیە هەركێ بە دڵی الله ی ناسی ئیتر با بە زمانی كوفریش بكات زیانی نییە بۆی.
7- نكۆلی دەكەن لەوەی الله تعالی لەسەر عەرش بێت بەڵكو دەڵێن الله تعالی لە هەموو شوێنێكە و لە ڕۆژی قیامەتیشدا الله تعالی نابینرێت.
جەبرییەكان بەو بیروباوەڕەی كە هەیانە دەربارەی ئەوەی كە مرۆڤ مەجبور و ناچارە لەسەر ئەنجامدانی كردەوەكانی خۆی، بەو عەقیدەو باوەرەیان هەموو شەریعەتەكانیان هەڵوەشاندەوەو باوەڕیان پێ نەما، چونكە ئەگەر مرۆڤ ناچار بێت لەسەر ئەنجامدانی كردەوەكانی كەواتە هیچ سوودێك بۆ ڕەوانەی كردنی پێغەمبەران و هەوڵی چاكسازان نامێنیت. بەو واتا بێت مرۆڤ موسوڵمان بێت یان بێ باوەڕ، چاكەكار بێت یان خراپەكار، عیبادەت بكات یان تاوان ئەنجام بدات، لە هیچ لەوانەدا بڕیار بەدەستی خۆی نییە! ئەوەش ڕاستەوخۆ لە گەڵ عەقیدەی قورئان و سونەت و سەلەفی صالحدا ناكۆكە چونكە ڕاستە الله تعالی كردەوەی بەندەكانی درووست كردووە، بەڵام ئازادی بڕیاڕدانیشی بۆ خۆیان بە جێهێشتووە ئایا ئیسلام یان كوفر هەڵدەبژێرن، چاكە یان خراپە ئەنجام ئەدەن.
جەبرییەكان بۆ بیدعەكەیان كۆمەڵێك گومانیان خستە ڕوو لە ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز بەڵام ئەهلی سوننەت یەك بەیەك ئەو گومانانەیان وەڵام دایەوە و هەڵوەشاندەوە،
بۆ نووسینی ئەم بابەتە بۆ چەندین سەرچاوە گەڕاومەتەوە وەكو( القدرية والجبرية)الشيخ صلاح نجيب الدق، اعتقاد اهل السنة و فرقتي الجبریة و القدریة / سالم الطویل.
2023-11-22
2023-10-28
2024-02-05
2023-11-22
2023-10-28
2024-02-05
2023-11-01