لیژنەكانی فەتوا زۆرجار پاشكۆی دەسەڵاتن
ئەوە حەقیقەتێكە و مشت و مڕ هەڵناگرێت: هیچ لایەن و دەستەیەكی زانستی و لیژنەیەكی فەتوای سەر بە هەر دەسەڵاتێك لەوانەی ئەمڕۆ لە جیهانی ئیسلامیدا حوكم دەكەن مەحاڵە بتوانن سەربەخۆ بن و ئیسلامی قورئان و سونەت پێشكەشی خەڵكی بكەن، بەڵكو ئەركی سەرشانیانە و لە بنچینەوە لە بەر ئەو ئامانجە هەڵبژێردراون و خراونەتە ئەو جێگەیە بۆ ئەوەی بە فەتواكانیان پارێزەری بەرژەوەندییەكانی دەسەڵات بن و بەناو دینەوە لادان و هەڵەو ستەمەكانی ئەو دەسەڵاتە پەردەپۆش بكەن و شەرعێنەری بڕیارە ناكۆكەكانیان بن لە گەڵ شەریعەتی ئیسلامدا.
هەروەها ئەركێكی تریان ئەوەیە خەڵكی بخەنە ژێر ڕكێفی دەسەڵاتەكان و جوانكاری بۆ ڕوخساری ناشیرینی حوكمڕانەكان وئاغاكانیان بكەن، بۆ ڕاپەڕاندنی ئەو ئەركانەش پێویستی زۆریان بە شێواندنی دەقەكان و زۆر لێكردن و تێكدان وگۆڕینی واتای ئایەت و فەرموودەكان دەبێت لەگەڵ گوێنەدان بە ڕەخنە و تانەو تەشەر و تێپەڕاندنی پەرژینی شەرم و سوور بوون لەسەر هەندێ هەڵە كە هەندێ جار نەخوێندەوار و مناڵیش دەزانن هەڵەیە.
بە داخەوە ئەگەر چی جیاوازییان هەیە و بە یەك پلە خزمەتكاری بەرژەوەندی حكومەتەكانی خۆیان نین و تەنانەت هەندێ جار گومان دەكەیت عولەمای سوڵتان بن! بەڵام دوا جار - بە بڕواو شارەزایی خۆم - هیچ لیژنەیەكی فەتوا و دەستەیەكی زانستی فەرمی كە بەناو دەوڵەت و قەوارەیەكی سیاسی دەسەڵاتێكەوە فەتوا بدەن و قسە بەناو دینەوە بكەن لەوكارەساتانەی ئاماژەمان پێكرد بەدەر نین و دەرباز بوونیان بەتەواوی لەو دەستەمۆبوونە مەحاڵە.
ئەگەر لە چڵەپۆپە و ناودارترین ئەو دەستانەوە دەست پێ بكەین وەكو ئەزهەر و لیژنەی فەتوا و گەورە زانایانی سعودیە تاكو دەگاتە كام دەوڵەت و دەسەڵاتی بچووك لە جیهانی ئیسلامیدا، ناتوانن لە ڕووی هیچ داوایەكی ناشەرعی ئەو دەسەڵاتە بوەستن كە ئەوانی داناوە و ئەركی سەرشانیانە فەتوای فەوری بە دڵی ئەوان دەربكەن و بەڕۆژی ڕوناك سەرپێچی حوكمەكانی قورئان و سوننەت بكەن، لە مێژووی هاوچەرخدا هەرگیز نەمابیستووە - و ناشیبیسین -ڕۆژێك ڕووبەڕووی یەكێك لە حوكم و بڕیارە ناشەرعییە زۆرەكانی دەسەڵاتەكانیان ببنەوە وبڵێن ئەوە ناشەرعییە!دوو ڕێگایە سییەمی نییە: یان بۆیانی دەشەرعێنن یان لێی بێ دەنگ دەبن !
بەداخەوە لیژنەكانی فەتوا لە هەموو شوێنێكدا، هەمیشە وەكو سەربازێكی گوێڕایەڵ - بەتایبەتی لە كاتی نا ئاسایی و قەیران و كێشە گەورەكاندا - دەبێت لە ئەو پەڕی ئامادە باشیدا بن و فریای دەسەڵات بكەون و بیسلمێنن كە بەناو دینەوە كوڕی ڕۆژی تەنگانەی دەسەڵاتەكانیانن وچ جۆرە فەتوایەكیان لێ داوا بكرێت گوێڕایەڵن و لە ئامادەباشیدان.
خۆ ئەگەر ڕۆژێكیش كەسێك لەوانە ڕوو بەڕووی ئیرادەی ناشەرعی دەسەڵاتەكەی وەستابێتەوە وحوكمەكانی ئیسلامی سەرخستبێتە سەر حوكمی سەرگەورەكان و ئەوانەی ئەو دەستە و لێژنانە دادەمەزرێنن، ، ئەوە بە خراپترین چارەنووس گەیشتووە، یان بەلای كەمەوە دەركراوە و كەسێكی لەو گونجاوتریان لەجێگەكەی داناوە، هاوكات مێژوو هەڵوێستی كەسانێكیشی بە ئەو پەڕی سەربەرزی و پرشنگداری پاراستووە كە دینی خۆیان بەرانبەر پارەو پلەو پایەی دونیا نەفرۆشتووە، بەڵام ئەوانە بەداخەوە دەگمەنن و دواجاریش لەو دەستانەدا هەر زوو دەركراون ودوور خراونەتەوە.
لە كۆتاییشدا پێویستە بڵێم: ئەوەی كە لەسەرەوە ئاماژەی پێدرا بە گشتی زیاتر تایبەتە بە بابەتە سیاسییەكان وئەو پرسانەی بە شێوەیەك لە شێوەكان پەیوەندی بەبەرژەوەندی دەسەڵاتەوە هەیە ولەبەردەم نیللەتدا پێویستە بشەرعێنرێت، لە ڕاستیدا دەسەڵاتیش هەر لەو بوارەدا پێویستی بەوان هەیە، ئەگینا لە بوارە فیقهی و شەرعییە ئاساییەكاندا زۆر جار قسەی زانستی بەجێ دەكەن و دەكرێت قسەیان كە موافیقی بەڵگەی شەرعی بوو بە نەزەری ئیعتیبار وەربگیردرێت، ئەگەرچی ئەو كەسەی لە بواری عەقیدەدا تێبكەوێت باشترە لە هیچ بوارێكی تردا هیچی لێ وەرنەگیرێت!
هەروەها پێویستە بوترێت: ئەمەی كە باسم كرد تێگەیشتنی خۆمە بۆ پرسەكە و زیاتر و بەپلەی یەكەم پەیوەستە بە سەرۆكی ئەو دەستانە و چەند كەسانێكی دیار و ناودار نەك هەموو مامۆستا و زانایەك لەو جۆرە دەستەو لیژنانەدا ئەندام بن، حەق و ئینساف ئەوەیە بوترێت هەندێ جار خەڵكی زانا وبەتواناشیان تێدایە بەڵام هەڵوێستەكە بەدەر نابێت لەوەی كەسی دڵسۆزی دین بۆ ئەو كەسانە حەسرەت هەڵدەكێشێت وبەزمانی حاڵ دەڵێت: خۆزگە خۆتان بەو شوێنە گوماناوییانەوە نەلەوتێنن.
#وانەكانی_حەج_وعومرە:17 وكۆتــــــــــــایی
حەجی جەستە وحەجی ڕوح
لە ڕۆشنایی قسەی زانایان و ئەوانەی لە كتێبەكانیاندا جەختیان كردوەتەوە لەسەر ئامادە بوونی نیەت و خاوێنی نیازی دڵی ئەو كەسەی دەیەوێت حەج بكات، هەر لەو كاتەی كە بڕیاری ئەو گەشتە پیرۆزە دەدات و تاكو گەڕانەوەی بۆ ماڵی خۆی، ئەم چەند ئامۆژگارییە بۆ خۆم و بۆ خوشكان و برایانم باس دەكەم:
1- پێش هەموو شتێك، بەر لەوەی لەماڵی خۆت بەرەو گەشتی پیرۆزی حەج دەربچیت، نیەتێكی ڕاستەقینەو خاوێن لە دڵتدا دابمەزرێنە كە لەم گەشتەدا تەنها وتەنها مەبەستت ڕەزامەندی پەروەردگارتە و هیواو ئاواتت ئەوەیە الله تعالی ئەو عیبادەتەت لێ وەربگرێت و لێت خۆش ببێت، لەم نیەتەی دڵت زۆر وردبەرەوە و بە تۆكمەیی لە ناختدا دایمەزرێنە.
2- كە بۆ ئەو گەشتە پیرۆزە بەرێ كەوتی لە قوڵایی دڵتەوە سوپاسی الله بكە كە زیارەتی ماڵەكەی خۆی بە نسیب كردی، هەزاران بە ئاواتی ئەوەن بە دیداری ماڵی پەروەردگاریان شاد بن و عیبادەتی حەج ئەنجام بدەن و ناتوانن.
3- پێش ئەوەی لەماڵ دەربچیت، هەموو شتێك كە بە گرنگی ئەزانیت بینووسە و وەكو وەسێتێك بە جێی بهێڵە ، حیسابی ئەوە بكە لەوانەیە لەو گەشتەت نەگەرێیتەوە، ئەگەر ماڵی كەسێكت لایە، ئەگەر هەر مافێكی نێوان تۆ وبەندەكانی الله هەیە پێویستی بەیەكلا كردنەوە هەیە یەكلای بكەرەوە، یان وەسێت بكە لە دوای خۆت لە ڕۆشنایی كیتاب و سوننەتدا یەكلایی بكرێتەوە.
4- باشترە پێش ڕۆیشتنت لەگەڵ كەسە نزیكەكانت پەیوەندی بكەیت، ئەگەر بەتەلەفونیش بووە، بەتایبەتی ئەوانەی كێشە لە نێوانتاندا هەیە، هیچ مەسەلەیەك بە هەڵواسراوی بەجێمەهێڵە، داوای لێبورد و لێخۆشبوون لەهەر كەسێك بكە كە ئەزانیت پێویست ئەكات، بەڵام مەبەست لەم قسە ئەوە نییە لەگەڵ هەموو كەسێكدا ئەو كارە بكەیت، بەڵكو تەناه لەگەڵ ئەوانەی كە شتێكی وا ڕویداوە لە نێوانتاندا پێویست بە داوا لێبوردن و لێخۆشبوون بكات.
5- باری خۆت لە شتی زیادە بۆ گەشتەكەت قور س مەكە، خواردن مەكە مەسەلەیەكی سەرەكی بیرت لای بێت، تەنها ئەوەندە نەبێت هێزی عیبادەتت پێ بدات.
6- هەرچی خەم و خەفەتەكانت، كێشەكانت، سەرقالییەكانت هەیە، هەرهەمووی فڕێبدە و بیرت تەنها لەلای ئەو گەشتە پیرۆز و مەزنەی خۆت بێت، لەناو جەگەی شەودا لە پەروەردگارت بپارێرەوە دڵێكی زیندووت پێ بدات، كاتێك جلی پاك و نوێ لەگەڵ خۆت ئەبەیت، بیرت لەلای ئەوە بێت بەدڵێكی خاوێن و تازەوە بگەرێیتەوە، بەئامانجی نوێ و بەرز بگەرێیتەوە، بڕیار بدە قۆناغی دوای حەجەكەت زۆر جیاواز بێت لەگەڵ قۆناغی پێش حەج كردنت.
7- كاتێك ماڵئاوایی لە كەسوكارت ئەكەیت، با كاتی ماڵئاواییت لەم دنیا بیر بكەیتەوە، شوینەوارێكی باش لە دوای خۆت بجێ بهێڵە ودڵت بە قیامەت ببەستە. زۆریش دڵت لای ماڵ و مناڵ نەبێت، ئەو كەسەی تۆ دەپارێزێت ئەوانیش دەپارێزێت.
8- لەگەشتەكەتدا بایەخ بە هاوڕێ و هاوسەفەری باش وچاكەكار بدە، ئەوە مەسەلەیەكی زۆر گرنگە، خۆت لە هەموو قسەیەكی بێ سوود و زیاد بپارێزە، ئەوە گەشتی تەمەنە كە پێی هەڵئەسیت، زۆر گەورە و مەزن تەماشای بكە.
9- بەر لەوەی خۆت بۆ ئیحرام خاوێن بكەیتەوە، دڵت لە ئاوڕدانەوە لە غەیری الله و ڕەزامەندی ئەویش خاوێن بكەرەوە، چەند پێویستت بە خۆشتن وخۆبۆخۆش كردن و خاوێن كردنەوەی جەستەتە، دوو ئەوەندە پێویستت بە خاوێن كردنەوەی دڵ و نیەتی دڵتە. كاتێك جلە سپیەكەی ئیحرام دەپۆشیت، ئەوەت بیر بكەوێتەوە كە ئەوە هەمان پۆشاكی تۆیە كە دەمریت و دەبێت بەكفنت، پۆشاك ئیحرام وكفن وەكو یەك سادە و بێ گیرفانن.
10- ئەو شوێنانەی لە كاتی حەج كردنت لە یادی الله دوورت دەخەنەوە، لێیان دوور بكەرەوە، بەدوای هەڵەی كەسەوە مەبە وتەنها بیرت لای خۆت بێت، لەبۆڵە و باسی ناڕەحەتییەكانی حەج بەدوووربە ئەوە كارێكی باش نییە.
11- ئیحرام كردن وەكو ڕاهێنانێكی نەفسی خۆت تەماشا بكە لە قەدەغەكراوەكانی الله تعالی، بیری خۆت بێنەوە ئەو پەروەردگارەی كە لەحەج داوای لێت كردوە لە كاتی ئیحرامدا لەو قەدەغەكراوانە بەدوور بیت، هەر ئەو پەروەردگارەیە كە لە كاتەكانی تردا داوای لێت كردووە لە قەدەغەكراوەكانی تری بەدوور بیت وسنوورەكانی تێنەپەڕێنیت.
12- هەرگیز خراپەكانی خەڵكی وكەسوكار و هیچ كەسێك بەبیر خۆت مەهێنە، بڵێ یارەبی لەبەر تۆ لە هەموویان خۆش بووم وتۆیش لەمن خۆشبە، دڵی خۆت پاك بكەرەوە بۆ ئەوەی كە الله سەیری دڵتی كرد بەو خاوێنییە لێت خۆش ببێت.
13- هیچ شتێك نییە لە حەج و لە غەیری ئەوەندەی تەوحید تۆ لە الله نزیك بكاتەوە، بۆیە بەردەوام بە زمان و بەدڵت بلێ: (لا إله إلا الله وحده لا شریك له له الملك وله الحمد وهو علی كل شیء قدیر).
14- لە رۆژانی مانەوەتدا لە مینا، چاوەڕوانی خەڵكی بۆ حەشرو حیسابی ڕۆژی قیامەت بیری خۆت بهێنەوە، زۆر یادی پەروەردگارت بكە، لەگەڵ حاجیاندا ڕووت خۆش بێت، سەلامیان لێ بكە، تەعاروفیان لەگەڵ بكە، دەستی یارمەتی بۆ هەركەسێك درێژ بكە پێویستی پێت بوو، هەندێ جار دیاری بە هەندێ كەس بدە كە نایاناسی.
15- كە دەڵێیت لبیك اللهم لبیك، بڕیار بدە بۆ جیبەجێكردنی هەموو فەرمانەكانی تری الله و نەبەزاندنی سنوور وقەدەغەكراوەكانی تریشی لە دوای گەڕانەوەت بەهەمان شێوە بە گوفتار و بە كردار بڵییت لبیك الله لبیك. تۆ تازە لەببەیكت كردووە وپەیمانت داوە، پەیمانەكەت مەشكێنە.
16- لە هەموو هەگاوەكانی حەجەكەتدا خۆت لەگەڵ یادكردنی الله ڕابهێنە، هیچ هەلێك خۆ نزیككردنەوە لە الله لەدەست مەدە، زۆر جار بڵێ: (رَبَّنَا آتِنَا فِي الدُّنْيَا حَسَنَةً وَفِي الآخِرَةِ حَسَنَةً وَقِنَا عَذَابَ النَّارِ)
17- لە ڕۆژی ڕاوەستاندا لە عەرەفە، ڕاوەسانی خەڵكیت لە ڕۆژی قیامەتدا بیر بكەوێتەوە لە چاوەڕوانی لێپرسینەوەدا، ، لە ڕاستیدا ئەو ڕۆژە وێنەیەكی بچووكە بۆ ڕۆژی قیامەت، هەرگیز ئەوەت بیر نەچێت.
18- ابن رجب الحنبلي بەڕەحمەت بێت فەرموویەتی: ئەو كەسەی ڕاوەستانی ڕۆژی عەرەفەی لەدەست چوو وحەجی بەنسیب نەبوو، با بەو مافانەی الله كە دیانزانێت هەڵبسێت، ئەو كەسەی نەیتوانی لە موزدەلیفە بمێنێتەوە با بڕیار بدات خۆی لەپەروەردگاری نزیك بكاتەوە، ئەو كەسەی لە مینا توانای سەربڕینی قوربانی نەبوو با هەواو ئارەزووەكانی خۆی سەرببرێت مادام الله ئەوی گەیاندووەتە ئارەزووەكەی لە حەج كردنی ماڵەكەی، ئەو كەسەی كە نەیتوانی بگاتە بەیت بەهۆی دووری، با پەنا بۆ پەروەردگاری بەیت ببات چونكە زۆر لێیەوە نزیكە.
19- بیرت نەچێت كردارەكانی حەج جوڵەی بێ واتا و ئامانج نییە، بەڵكو لە هەموویدا ئامانجی نزیك بوونەوە لە پەروەدگار هەیە، با عەقڵت بەوەدا بشكێت كە خۆ سەرقاڵ كردن لەو ڕۆژانەدا بەهەر یادێك تر لە یاد الله زیانیكە و لەخۆتی ئەدەیت.
20- هەمیشە خاوێنی ئەو شوێنانە بپارێزە كە هەنگاوەكانی حەجی تێدا ئەنجام ئەدەیت، هەرگیز پاشماوەی خواردن و هیچی تر لە شوێنەكاندا فڕێمەدە، تەنانەت ئەگەر جێگەكە خۆی بەو شتانە پیسیش كرابو تۆ بەشدار مەبە تێیدا.
21- كاتێك بەردی جەمرەكان فڕێدەدەیت با ئەوەت بیر بكەوێتەوە فەرمانەكانی الله جێبەجێ بكەیت، كە دەڵێیت الله أكبر ئەو دەستەواژە لە ژیانتدا بەرجەستە بكە و الله لە هەموو شتێك و لە هەموو كەسێك بەگەوەرت بزانە.
22- كە قوربانییەكەت سەردەبڕیت هەموو بیرێكت لەای ئەوە بێت كە تۆ لەو كارەتدا گوێڕایەڵی فەرمانی الله ت كردووە، هەروەها با هەڵوێستی پڕ لە ئیمان و تەوحیدی ئیبراهیمت لەمەسەلەی قوربانیدا علیه السلام بیر بخاتەوە، لەوەش دڵنیابە ئەوەی بۆ الله بیبەخشیت الله بەزیادەوە پێت دەبەخشێتەوە.
23-لە كاتی تەوافكردنتدا كاتێك تەماشای كەعبە دەكەیت، با مەزنیی تەوحیدت بیر بخاتەوە، چونكە ئەو ماڵە لە بنچینەدا بۆ جێگیركردنی تەوحید لە سەرزەویدا دامەزراوە. بۆیە تۆیش بڕیار بدە دڵت لە پەیوەست بوون بە غەیری الله خاوێن بكەیتەوەو دڵنیابە لەوەی غەیری الله عزوجل كەسی تر سوود و زیانی تۆی بەدەست نییە.
24- هەرگیز لە پێناو ماچكردنی بەردەڕەشەكەدا پاڵ بەخەڵكەوە مەنێ و عەزێتی كەس مەدە، ئەوەش بزانە كە ئەو بەردە نە سوودی هەیە و نەزیان، بەڵام فەرمانمان پێكراوە ماچی بكەین و ئێمەش گوێڕایەڵی فەرمانەكەین. سەرگەورەمان عومەر الله لێی ڕازی بێت بەو بەردەی دەفەرموو من دەزانم تۆ بەردێكی نە سوود و نزیانت نییە، بەڵام لەبەر ئەوە ماچت دەكەم پێغەمبەرم بینیوە صلی الله علیه و سلم ماچتی دەكرد.
25- لە كاتی سەعیكردنی نێوان سەفا و مەڕوادا خاتوو هاجەرت با بیر بكەوێتەوە، كاتێك هەژاری و پێویستی خۆی بۆ میهرەبانی الله نیشان دەدا، با سەعیكردن لەو جێگەیە فێری ئەوەت بكات لە هەموو ژیانتدا ڕاستگۆ بیت ونییەتت تەنها بۆ الله بێت. بیرت نەچێت تۆ بەردەوام موحتاجی ڕحمەت و چاكەی پەروەردگارتی.
26- ڕۆژان (التشریق) وجەژن بەگشتی بە یاد الله و بەخوێندنەوەی قورئان و كاری چاكە بەسەر ییە، بەنییەتی ڕێزگرتن لەو جێگەیە و لە سنوورەكانی الله شەڕ و مشتومڕ لەگەڵ كەس مەكە، بەچاوێكی كەمەوە سەیری كەس مەكە.
27- لە تەوافی وەداع و ماڵئاواییدا بە خەمیاری ماڵئاوی بكە، داوا بكە الله چەندین جاری تر هاتنەوەت بۆ ماڵەكەی بە نسیب بكات، دوعا بكە، سەڵاوات بدە، پەیمان لەگەڵ الله تازە بكەرەوە كە فەرمانەكانی جێبەجێ بكەیت، سوورەكانی نەبەزێنێت، دوعا بۆ كەسوكار و خۆشەویستەكانت بكە.
28- ك گەیشتیتەوە ماڵ بەسەلامەتی، وای دابنێ بەدڵێكی پاك و سپی گەراویتەتەوە، ڕێگە مەدە بە تاوان و سنوور بەزاندنی شەرع پیس ببێتەوە، ئەوەی كە لە حەج فێری بووی لە قوربانیدان و ئارامگرتن و ڕێزگرتن لە سنوورەكانی الله تعالی لە دوای حەجیش جێبەجێی بكە.
#وانەكانی_حەج_وعومرە:10
كردارەكانی (یوم الترویة) بە پرسیار و وەڵام
ڕۆژی تەڕویە ڕۆژی هەشتەمی مانگی زیلحیججەیە وبە شێوەیەكی گشتی موسوڵمانان ئیحرام بۆ حەج ئەنجام دەدەن و ڕوو لە مینا دەكەن، كردارەكانی ئەم ڕۆژە لە ڕۆشنایی قسەی زانایاندا بە شێوەی پرسیار و وەڵام و بە پوختی وبەبێ شیكردنەوەی بەڵگەكان دەخەینەڕوو:
1- مینا دەكەوێتە كوێی شاری مەككەوە؟
(منی) ناوچەیەكە دەكەوێتە ڕۆژهەڵاتی مەككە وكەوتووەتە سەر ڕێگای نێوان مەككە و عەرەفە و حەوت كیلۆمەتر لە مەككەوە دوورە، دۆڵێكە كەتووەتە نێوان چەند شاخێك لە لای باكور و باشوری مینا.
2- بۆچی ڕۆژی هەشتی مانگی ذي الحجة بە (یوم الترویة) ناونراوە؟
لەبەر ئەوەی كاتی خۆی حاجیان لەو ڕۆژەوە لە مەككە ئاویان لەگەڵ خۆیان هەڵدەگرت و ڕوویان دەكردە مینا وەكو خۆ ئامادە كردن بۆ ڕاوەستانی ڕۆژی عەرەفە بۆ ئەوەی بۆ خواردن و پێویستییەكانی تریان بەكاری بهێنن.
3- دەستپێكردنی كردارەكانی ڕۆژی تەڕویە چۆنە؟
لە ڕۆژی (الترویة)دا ئەو كەسەی كە نیەتی حەجی هەیە و پێشتر عومرەی كردووە و پۆشاكی عومرەی لابردووە و (تحلل)ی كردووە، جارێكی تر لەم ڕۆژەدا خۆی پاك و خاوێن دەكاتەوەو غوسڵ دكات و خۆی بۆنخۆش دەكات جلی ئیحرام دەپۆشێت كە بریتییە لە دوو پارچە بۆ بەشی خوارەوە كە پێی دەوترێت (إزار) وبۆ بەشی سەرەوەی جەستە كە پێی دەوترێت (رداء)، باشتریش وایە پێش نیوەڕۆ بەڕێبكەوێت چونكە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم نوێژی نیوەڕۆی لەوێ كرد. ئەشتوانێت دوای نیوەڕۆ بەرێبكەوێت.
4- ئایا ڕۆیشتن بۆ (منی) لە ڕۆژی هەشتەمی ذي الحجةدا واجبە؟
ڕۆیشتن بۆ مینا لە ڕۆژی هەشتی مانگی ذي الحجةدا كە دەكاتە دوو ڕۆژ پێش جەژنی قوربان سوننەتە و واجب نییە، واتە ئەگەر كەسێك نەیتوانی لە مینادا بمێنیتەوە بە وتەی هەموو زانایان هیچ كەفارەتێكی ناكەوێتەسەر وحەجەكەی درووستە و تەواوە، بەڵام ئەگەر بۆی بكرێت و لەو ڕۆژەدا بڕواتە مینا و شەوەكەی لەوێ بمێنێتەوە تاكو دوای نوێژی بەیانی ئەوەیان باشترە.
5- جیاوازی نێوان ئەو كەسەی حەجی (تمتع) دەكات لەگەڵ ئەوانەی حەجی(إفراد) و(قران) دەكەن چییە لەم ڕۆژەدا؟
ئەو كەسەی نیەتی حەجی (تمتع)ی هێناوە واتە سەرەتا عومرە دەكات و تاكو ڕۆژی تەرویە (تحلل) دەكات، لە ڕۆژی هەشتەمی مانگی ذي الحجةدا ئیحرام دەكات و ڕوو لە مینا دەكات یان ڕاستەوخۆ دەڕوات بۆ عەرەفات ، بەڵام ئەوانەی كە بە ئیفرادو قیران نیەتی حەجیان هێناوە هەر لەسەر ئیحرامی خۆیان دەمێننەوە ولە هەنگاوەكانی حەجدا بەردەوام دەبن.
6- تەلبیە كردن لە كەی دەست پێ دەكات و كەی تەواو دەبێت؟
لەم ڕۆژەوە دەست بەتەلبیە كردن دەكرێت واتە وتنی (لبیك الله اللهم لبیك) بەدەنگێكی بەرز وبەگوێرەی توانا بەردەوام دەبێت تاكو ڕۆژی جەژن.
7- ئایا نوێژەكان لە ڕۆژی (الترویة)دا لە مینا جەمع دەكرێت؟
نوێژەكان لە مینا لەم ڕۆژەدا جەمع ناكرێن، بەڵام نویژە چوارییەكان بۆ دوو ڕكات كورت دەكرێتەوە، سوننەت وایە لە مینا نویژەكانی نیوەڕۆ و عەسر و مەغریب و عیشا و بەیانی بكرێت پێش ئەوەی بەرەوە عەرەفات بەڕێ بكەون.
8- لە فەرموودەكەی جابیردا لە سەحیحی موسلیم كە لە جێگەیەكی تردا بە شیكراوەیی شەرحمان كردووە، ئەوە هاتووە كە سوننەت وایە دوای نوێژی بەیانی لە رۆژی نۆی ذي الحجة بمێننەوە تاكو كاتی خۆرهەڵاتن و ئینجا بەرەو عەرەفات بكەونەڕێ.
9- ئایا پێویست دەكات لە ڕۆژی هەشتی ذي الحجة (یوم الترویة) ئیحرام لە مزگەوتی حەڕامەوە بكرێت؟
نەخێر ئەوە یەكێكە لەو هەڵانە كە زۆر كەس تێی دەكەون وا دەزانن ئیحرامی حەج دەبێت لە مزگەوتی حەرامەوە بكرێت، لە ڕاستیشدا سوننەت وایە وبڵگەی ڕاست و درووستی لەسەرە هەركەسێك ئیحرام لە جێگەی خۆیەوە بكات، ئەگەر لە ئوتێلە لە ئوتێلەكەی خۆیەوە ئیحرام بكات، یان لە هەر جێگەیەكی ترە لەو جیگەیەوە ئیحرام دەكات.
10- ئایا حەجی ئەو كەسە درووستە كە لە ڕۆژی هەشتی ذي الحجة (یوم الترویة) نەچێت بۆ مینا بەڵكو لە جێگەی خۆی بمێنێتەوە تاكو ڕۆژی نۆی ذي الحجة واتە لە ڕۆژی عەرەفە لە مەككەوە ئیحرام بكات بەرەو عەرەفە بەرێبكەوێت؟
زانایان دەفەرموون: بەڵێ حەجەكەی درووستە وهیچ كەفارەتێكی لەسەر ئەوە ناكەوێتەسەر ، بەڵام ئەگەر بتوانێت ئەوە چاكتر و خێری زۆرترە كە لە رۆژی هەشتی ذي الحجة نوێژەكانی نیوەڕۆ و عەسر و مەغریب و عیشا و فەجر هەمووی لە مینا بكات و دوای خۆر هەڵاتن لەوێوە بەرەو عەرەفات بەڕێبكەوێت، بەڵام ئەگەر وای نەكرد وڕاستەوخۆ لە مەككەوە بەرەو عەرەفات بەڕێكەوت حەجەكەی درووستە و هیچ عەیبێكی نییە.
11-ئایا درووستە بە هەمان جلی ئیحرامی عومەركەتەوە ئیحرامی حەج بكەیت؟
هەڵەیەك هەیە لەلای هەندێك لە موسوڵمانان كە وا دەزانن نابێت بەهەمان جلی ئیحرامی عومرەكەوە ئیحرامی حەج بكرێت ئەوەش هەڵەیە، تەنانەت ئەگەر پۆشاكی ئیحرامەكە نەشواتیش هەر درووستە جارێكی تر بیپۆشێتەوە ، بەڵام بێگومان تاكو خاوێنتر بێت باشترە.
12- ئایا لە كاتی ئیحرام بەستن بۆ حەج پێویستە شانی ڕاست دەربخریت و (اضطباع) بكرێت؟
نەخێر ئەوە یەكێكە لەو هەڵانەی هەندێك لە موسوڵمانان ئەنجامی ئەدەن، چونكە (اضطباع) واتە دەرخستنی شانی ڕاست لە پۆشاكی ئیحرامەكەوە ئەوە تایبەتە بە تەوافی هاتنی یەكەم جار بۆ مەككە كە (طواف القدوم)ی پێ دەوترێت.
13- ئایا ئافرەت داوای لێكراوە بۆ ئیحرامی حەج ڕەنگێكی دیاری كراو بپۆشێت بۆ ئیحرام؟
نەخێر ئەوە هەڵەیە وابزانرێت ئافرەت پێویستە ڕەنگێكی دیاری كراو بۆ ئیحرامی حەج كردن بپۆشێت، بۆ نموونە ڕەنگی سپی یان سەوز بێت، بەڵكو بە جلی ئاسایی خۆیەوە ئیحرام دەكات و لە ڕووی شەرعەوە داوای لێ نەكراوە هیچ جلێكی تایبەت بۆ ئیحرام بپۆشێت.
سیاسەت لە بنچینەدا پیس نییە، بەڵكو پێویستییەكی ژیانە و دەگونجێت رێگایەكیش بێت بۆ سەرفرازی دواڕۆژ ئەگەر سیاسەتێكی شەرعی بێت، بەڵام دوبارە دەپرسمەوە بۆچی سیاسەت بە پێناسەی ئەم ڕۆژگارە پیسە و دەبێت موسوڵمان لێی دوور بكەوێتەوە، وەڵامەكە بە كورتی:
1- ئەمڕۆ سەرزەوی لەلایەن چەند زلهێزێكی كەمەوە بەناراستەوخۆ حوكمڕانی دەكرێت وهیچ نەبێت ئاراستە دەكرێت، جگە لەوان هەموان بە بێ جیاوازی لەژێر ڕكێف وهەژموونی ئەواندان، بەڵكو هێزە لاوەكییەكان پێشبڕكی دەكەن بۆ ئەوەی سیاسەتیان هاوشێوەی سیاسەتی ئەوان بێت بەڵكو ڕازییان بكەن، هەركێ بیت و ئاراستە و بیركردنەوەت هەرچۆنێك بێت ناتوانیت لە دەرەوەی مەرج و ئیرادەی ئەواندا سیاسەت بكەیت، هیچ نەبێت لە هێڵە پانەكانی سیاسەتدا بۆت نییە لێێان لابدەیت، بەو پێیەش هیچ لایەنێك نییە بانگەشەی ئەوە بكات لە دەرەوەی ویست و مەرجەكانی ئەو زلهێزانە و پاشكۆكانیان سیاسەتی ئیسلامی شەرعی یان ئینسانی ئەكات و نەچووبێتە ژێر باری داواكاری مەرج و سیاسەتی ئەو زلهێزانە، ئەگەر كەسێك بانگەشەی لەو شێوەی كرد بەبێ سێ و دوو بزانە قسەكەی دوورە لە ڕاستی.
2- هەڵوێستی زلهێزەكان و پاشكۆكانیان هەر هەمووی بەبێ هیچ ڕاجیایی و ناكۆكییەك دژایەتی ئیسلامە و ڕەفز كردن و ڕەتكردنەوەی شەرع وڕێبازەكەیەتی وەكو بەرنامەی ژیان، بۆیە ئەوانەی بەناو ئیسلامەوە لە گۆڕەپانی سیاسیدا سیاسەت دەكەن جگە لە ناوی ئیسلام و هەندێ بنەماو بنچینەی گشتی لە ئاكار و عیبادەتدا بۆیان نییە لەو بەڕە بچووكەی خۆیان زیاتر قاچ ڕابكێشن، یان هیچ زێدە ڕەوییەك بكەن و خۆیشیان خوا هەڵناگرێت باسی حاكمیەتی شەرع و ئەو شتانە ناكەن بەڵكو بەردەوام ئەلێن ئێمە دەولەتی دینیمان ناوێت و دەوڵەتی مەدەنیمان دەوێت.
3- ئەمڕۆ سیاسەت لەسەر زەویدا سیاسەتێكە ڕەوشتی تێدا نییە، ئەوەش جێگای یەكدەنگی هەموانە و هەموان سنوورەكانی رەوشت بە واتا فراوانەكەی دەشكێنن و ئاساییە بەلایانەوە، بۆ نموونە درۆ كردن و پاشقولدان وفێڵ وتەنانەت پاكتاوكردنی یەكتری وئاكاری تری هاوشێوە ئەمانە بە بەزاندنی سنووری ڕەوشت و یاساو ڕێسای سیاسەت دانانرێت، بەڵكو جۆرێكن لە میكانیزم و هۆكاری سەركەوتن و جۆرێكیشە لە لێزانین و ئازایی لەو جیهانە جەنجاڵەدا.
4- سیاسەتی ئەم ڕۆژگارە یەك لۆژیك زیاتر نازانێت و لە یەك زمان زیاتر تێناگات، ئەویش لۆژیكی هێز وپارەیە، وەكو دوو باڵی باڵندەكەن كە بەبێ ئەو دوو لایەنە توانای هەڵفڕینی نییە، هێزی سەربازی و دارایی لەیەكتر جیانابنەوە وبنەمای سیاسەتی ئەم سەردەمە پێك دەهێنن، جا هەر كەس و لایەنێك هێزی سەربازی و پارەی هەبوو بڕیاریش هەر لای ئەوە، ئەگەر ئەو دوەی نەبوو تەنها بۆ پاشكۆبوون و بەكارهێنان وەكو كاریكتەری لاوەكی و بۆ پڕ كردنەوی هەندێ كەلێن و بۆ سازشی هێزە گەورەكان مەگەر بەكاریان بهێنن، ئەگینا ئەوەی حیساب بێت بۆیان ناكرێت، بەوەش دەردەكەوێت سیاسەتەكە لە خۆ خەڵەتاندن زیاتر نییە.
5- سیاسەت لە ئیسلامدا چەمكێكی پیرۆزی هەیە و مەعناكەی ئاسمان و ڕێسمانی لەگەڵ ئەوەی لەم ڕۆژگارەدا دەگوزەرێت فەرقە، واتای سیاسەت لە ئیسلامدا ئەوەیە كە میللەت بە ئەوپەڕی دادگەری و دڵسۆزی و راستگۆییەوە بەڕێوە ببرێن و كاروبارەكانیان ئاسان بكرێت، لە سەحیحی بوخاریدا هاتووە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: ( كَانَتْ بَنُو إِسْرَائِيلَ تَسُوسُهُمْ الْأَنْبِيَاءُ ، كُلَّمَا هَلَكَ نَبِيٌّ خَلَفَهُ نَبِيٌّ ) واتە نەوەی ئیسڕائیل لەلایەن پێغەمبەرانەوە كاروباریان بەڕێوەدەبرا، كە پێغەمبەرێك وەفاتی دەكرد پێغەمبەرێك جێگاكەی دەگرتەوە.و بە سیاسەتی شەرعی ئەو خەڵكەی بەرێوەدەبرد.
ئایا ئەمڕۆ سیاسەتی لەو شێوە لەسەر زەویدا بوونی هەیە؟ اللهم نەخێر.
إحسان برهان الدین
1- شوال -1445
سیاسەت لە بنچینەدا پیس نییە، بەڵكو پێویستییەكی ژیانە و دەگونجێت رێگایەكیش بێت بۆ سەرفرازی دواڕۆژ ئەگەر سیاسەتێكی شەرعی بێت، بەڵام دوبارە دەپرسمەوە بۆچی سیاسەت بە پێناسەی ئەم ڕۆژگارە پیسە و دەبێت موسوڵمان لێی دوور بكەوێتەوە، وەڵامەكە بە كورتی:
1- ئەمڕۆ سەرزەوی لەلایەن چەند زلهێزێكی كەمەوە بەناراستەوخۆ حوكمڕانی دەكرێت وهیچ نەبێت ئاراستە دەكرێت، جگە لەوان هەموان بە بێ جیاوازی لەژێر ڕكێف وهەژموونی ئەواندان، بەڵكو هێزە لاوەكییەكان پێشبڕكی دەكەن بۆ ئەوەی سیاسەتیان هاوشێوەی سیاسەتی ئەوان بێت بەڵكو ڕازییان بكەن، هەركێ بیت و ئاراستە و بیركردنەوەت هەرچۆنێك بێت ناتوانیت لە دەرەوەی مەرج و ئیرادەی ئەواندا سیاسەت بكەیت، هیچ نەبێت لە هێڵە پانەكانی سیاسەتدا بۆت نییە لێێان لابدەیت، بەو پێیەش هیچ لایەنێك نییە بانگەشەی ئەوە بكات لە دەرەوەی ویست و مەرجەكانی ئەو زلهێزانە و پاشكۆكانیان سیاسەتی ئیسلامی شەرعی یان ئینسانی ئەكات و نەچووبێتە ژێر باری داواكاری مەرج و سیاسەتی ئەو زلهێزانە، ئەگەر كەسێك بانگەشەی لەو شێوەی كرد بەبێ سێ و دوو بزانە قسەكەی دوورە لە ڕاستی.
2- هەڵوێستی زلهێزەكان و پاشكۆكانیان هەر هەمووی بەبێ هیچ ڕاجیایی و ناكۆكییەك دژایەتی ئیسلامە و ڕەفز كردن و ڕەتكردنەوەی شەرع وڕێبازەكەیەتی وەكو بەرنامەی ژیان، بۆیە ئەوانەی بەناو ئیسلامەوە لە گۆڕەپانی سیاسیدا سیاسەت دەكەن جگە لە ناوی ئیسلام و هەندێ بنەماو بنچینەی گشتی لە ئاكار و عیبادەتدا بۆیان نییە لەو بەڕە بچووكەی خۆیان زیاتر قاچ ڕابكێشن، یان هیچ زێدە ڕەوییەك بكەن و خۆیشیان خوا هەڵناگرێت باسی حاكمیەتی شەرع و ئەو شتانە ناكەن بەڵكو بەردەوام ئەلێن ئێمە دەولەتی دینیمان ناوێت و دەوڵەتی مەدەنیمان دەوێت.
3- ئەمڕۆ سیاسەت لەسەر زەویدا سیاسەتێكە ڕەوشتی تێدا نییە، ئەوەش جێگای یەكدەنگی هەموانە و هەموان سنوورەكانی رەوشت بە واتا فراوانەكەی دەشكێنن و ئاساییە بەلایانەوە، بۆ نموونە درۆ كردن و پاشقولدان وفێڵ وتەنانەت پاكتاوكردنی یەكتری وئاكاری تری هاوشێوە ئەمانە بە بەزاندنی سنووری ڕەوشت و یاساو ڕێسای سیاسەت دانانرێت، بەڵكو جۆرێكن لە میكانیزم و هۆكاری سەركەوتن و جۆرێكیشە لە لێزانین و ئازایی لەو جیهانە جەنجاڵەدا.
4- سیاسەتی ئەم ڕۆژگارە یەك لۆژیك زیاتر نازانێت و لە یەك زمان زیاتر تێناگات، ئەویش لۆژیكی هێز وپارەیە، وەكو دوو باڵی باڵندەكەن كە بەبێ ئەو دوو لایەنە توانای هەڵفڕینی نییە، هێزی سەربازی و دارایی لەیەكتر جیانابنەوە وبنەمای سیاسەتی ئەم سەردەمە پێك دەهێنن، جا هەر كەس و لایەنێك هێزی سەربازی و پارەی هەبوو بڕیاریش هەر لای ئەوە، ئەگەر ئەو دوەی نەبوو تەنها بۆ پاشكۆبوون و بەكارهێنان وەكو كاریكتەری لاوەكی و بۆ پڕ كردنەوی هەندێ كەلێن و بۆ سازشی هێزە گەورەكان مەگەر بەكاریان بهێنن، ئەگینا ئەوەی حیساب بێت بۆیان ناكرێت، بەوەش دەردەكەوێت سیاسەتەكە لە خۆ خەڵەتاندن زیاتر نییە.
5- سیاسەت لە ئیسلامدا چەمكێكی پیرۆزی هەیە و مەعناكەی ئاسمان و ڕێسمانی لەگەڵ ئەوەی لەم ڕۆژگارەدا دەگوزەرێت فەرقە، واتای سیاسەت لە ئیسلامدا ئەوەیە كە میللەت بە ئەوپەڕی دادگەری و دڵسۆزی و راستگۆییەوە بەڕێوە ببرێن و كاروبارەكانیان ئاسان بكرێت، لە سەحیحی بوخاریدا هاتووە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: ( كَانَتْ بَنُو إِسْرَائِيلَ تَسُوسُهُمْ الْأَنْبِيَاءُ ، كُلَّمَا هَلَكَ نَبِيٌّ خَلَفَهُ نَبِيٌّ ) واتە نەوەی ئیسڕائیل لەلایەن پێغەمبەرانەوە كاروباریان بەڕێوەدەبرا، كە پێغەمبەرێك وەفاتی دەكرد پێغەمبەرێك جێگاكەی دەگرتەوە.و بە سیاسەتی شەرعی ئەو خەڵكەی بەرێوەدەبرد.
ئایا ئەمڕۆ سیاسەتی لەو شێوە لەسەر زەویدا بوونی هەیە؟ اللهم نەخێر.
إحسان برهان الدین
1- شوال -1445
یەكێكە لە مەزنترین پێغەمبەران و گەورەترین ڕەوانەكراوەكانی الله بۆ مرۆڤایەتی، خاوەن پلەو پایەی قسەكردنە لەگەڵ پەروەردگاری، بەوەش بوو بە خاوەن مەقام وپێگەی (كلیم الرحمن).
شەریعەت و پەیامێكی تێروتەسەلی لەلای الله وە بە بەنی ئیسڕائیل گەیاند، بەڵام زۆربەی زۆری ئەوان نەتەوەیەكی لادەر و لاسار و حەق نەویست بوون، ڕێزیان لە موساو لە شەریعەتەكەی نەگرت و پەیامەكەیان ڕەتكردەوە، بۆیە شاییستەیی هەڵگرتنی سیفەتی مرۆڤیان لە دەستدا و بوون بە بەراز و مەیمون و تاكو ئێستەش ئوممەتەكەی نموونەی كوفر و لادان و ستەمكردن و كاری ناشاییستەن.
موسی علیه السلام مامۆستا و پێشەوای هەموو موسوڵمانێكی موەحیدە تا ڕۆژی دوایی، پێغەمبەرێكی خۆشەویست و مەزنە وپێشەنگێكی بە توانایە بۆ هەموو موسوڵمانێك لە تۆكمەیی كەسایەتی و پتەوی ئیمان و ڕووبەڕووبوونەوەی زاڵم و ستەمكاراندا.
بەسەرهاتی موسی علیه السلام كە قورئانی پیرۆز زۆر جەختی لەسەر دەكاتەوە و لە سوڕەتەكاندا دوبارە دەبێتەوە، بۆ هەموو موسوڵمانێك پڕ لە پەند و وانەو عیبرەتە، خۆشویستنی و بە پێشەوا تەماشاكردنی ئەركی هەموو موسوڵمانانە و فەرزیشە لەسەریان.
موسی علیه السلام خاوەنی داواكارییەكە لە پەرورەدگاری كە هیچ پێغەمبەرێكی تر ئەو داواكارییەی نەكردووە، فەرمووی: پەروەردگارم دەمەوێت بتبینم، (وَلَمَّا جَاءَ مُوسَىٰ لِمِيقَاتِنَا وَكَلَّمَهُ رَبُّهُ قَالَ رَبِّ أَرِنِي أَنظُرْ إِلَيْكَ ۚ) دەیەویست بەهەر حالێك بووە هەموو بەنی ئیسڕائیل بێنێتە سەر ڕێگای ڕاست و گومانەكانیان بڕەوێنیتەوە و بیانهێنێتە سەر ڕاستە شەقامی ئیمان و تەوحید، بەڵام ئەوان لە گومراییدا ڕۆچووبوون.
موسی علیه السلام ناخی لە پێناو پەیامی تەوحید و پەروەردگاریدا توندی و شیددەتی زۆری تێدا بوو، كە بینی لەو ماوەی قەومەكەی بەجێ هێشتووە لە دینی تەوحید ویەك الله پەرستی لایان داوە خەم دایدەگرێت و لە هارونی برای توڕە دەبێت: (وَأَلْقَى الْأَلْوَاحَ وَأَخَذَ بِرَأْسِ أَخِيهِ يَجُرُّهُ إِلَيْهِ).
موسی علیه السلام ئەو شەفاعەتكار و كەسە سەنگینەیە كە لەشەوی میعراجدا پێغەمبەرمانی صلی الله علیه و سلم چەندین جار گێڕایەوە بۆ لای پەروەردگاری بۆ ئەوەی تەكلیفی نوێژمان لەسەر كەم بكاتەوە، پێغەمبەری ئێمە نەبوو بەڵام دڵی پێغەمبەران بەو شێوە پڕ لە سۆز و بەزەیی بۆ هەموو موسوڵمانێك.
موسی علیه السلام ئەو پێغەمبەرە نازدار و مەزنەیە كە سەرەڕای ئەوەی یەكێكە لە پێغەمبەرانی (أولو العزم) علیهم السلام و بەسەرهاتەكانی لە ئایەت و سوڕەتەكانی قورئاندا بڵاوبووەتەوە، بەڵام الله تێماندەگەیەنێت كەوا دواجار موسی مرۆڤ بووە و زۆرێك لەو حاڵەتانەی بەسەر ئێمەی خەڵكی ئاساییدا دێت بەسەر ئەویشدا هەر هاتوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو باری مەزنی پێغەمبەرایەتی بەسەردا درابوو و لەئاستێكی زۆر بەرز و باڵایشدا بوو لە تواناكانیدا، بۆیە ئەو پێشەنگ و مامۆستای ئێمەیە و ئەركی سەرشانمانە ژیاننامەكەی بكەین بە مەشخەڵێك و ڕێگای ئیمان و تەوحیدی خۆمانی پێ ڕوناك بكەینەوە.
موسی علیه السلام برای پێغەمبەرەكەمانە و ڕێبواری یەك ڕێگان كە ڕێگای تەوحید و تێكۆشانە لە پێناو هیدایەتدانی مرۆڤایەتی بۆ ڕووناكی ئیسلام، یەكێكیش لە مافەكانی ئەو پێغەمبەرە بەسەرمانەوە، جگە لەبەرز ڕاگرتنی ژیاننامەی و بە پێشەنگ تەماشاكردنی و فێربوونی وانە لە كەسایەتییە ناوازەكەی، پێویستە نەهێڵێن ناوی لەناوماندا بزر بیت و جێگای خۆیەتی هاوشێوەی باوو باپیرانمان ناوی مناڵەكانمان بە ناوی ئەو پێغەمبەرەوە بنێین و شانازی پێوە بكەین.
كاتێك بە میوانی دەچیتە جێگایەك و لەوێ بەدیداری كەسانێك دەگەیت، چاك دەزانیت كە مانەوەت لەو شوێنەدا مانەوەیەكی كاتییە و بۆ نیشتەجێبوونی یەكجاری نییە، بۆیە هەڵسان و بەجێهێشتنی ئەو جێگایە مسۆگەرە و حەقیقەتێكە زوو یان درەنگ دەبێت ڕوو بدات چونكە ئەوە ماڵ و جێگای حەوانەوەی ڕاستەقینەی تۆ نییە.
لە ڕاستیدا ئێمە لەم دونیایەدا بەهەمان شێوە میوانین ومیوانیش دەبێت لە كۆتایی هاتنی میواندارییەكە دڵنیا بێت و یەقینی هەبێت لە بەجێهێشتنی ئەو هەوارە و جیابوونەوە لە خانەخوێكانی.
تەمەنمان لەم دنیایەدا هەرچەند درێژ بێت هەر كورتە، چونكە ماوەی ژیانی دنیا بەماوەی ژیانی دواڕۆژ بەراورد ناكرێت، ئەگەر سەدەیەكیش تەمەن بكەین بە سروشتمان وەكو مرۆڤ تەنها وەكو ئەوەیە ڕۆژێك ، یان كۆتا ساتەكانی ئەو ڕۆژە تەمەنمان بەسەر بردبێت، جگە لەوە وەكو خەوێكە وزۆربەیشیمان لەبیرچووبێت.
مادام تەمەنیشمان هەرچەند درێژ بێت هەروەكو یەك ڕۆژە وهاكا پێمان دەوترێت ژیان كۆتایی هات، كەواتە دین و عەقڵیش پێمان دەڵێن لەو ڕۆژەدا هەوڵ بدەیت بەڕۆژوو بیت وخۆت لە هەموو خراپەیەك بپارێزێت و بەگوێرەی توانا هەموو چاكەیەك ئەنجام بدەیت و خۆت لە هەموو ئەوەی لەگەڵ ڕەوشت و هەڵسوكەوتی میوانی ئاكاربەرز و بەڕێزدا نەگونجاوە بەدوور بگریت.
ڕەحمەتی الله لەو زانا بەرێزە بێت كە فەرموویەتی:
وصُم يومَكَ الأدنى لعلكَ في غدٍ ... تًفوزُ بعيدِ الفِطرِ والنّاسُ صُوَّمُ
واتە ژیانی دونیا خۆی ڕۆژێكە تۆیش تێیدا بەڕۆژووبە، بەلكو بەربانگ وجەژنی ڕەمەزانت بحەیتە ڕۆژی دواتر كە ڕۆژی قیامەتە.
گرنگە لەو حەقیقەتە تێبگەین كە ئێمە لەم دنیایەدا میوانین ودەبێت وەكو میوانیش - نەك خاوەن ماڵ - ڕەفتار بكەین، واتە دڵنیابین لە تەواوبوونی میواندارییەكە وئەو شوێنە بە موڵكی خۆمان نەزانین، ڕێزی خۆمان بگرین و بە پێی ئەو بەرنامەو ڕێنماییانە بڕۆین كە بۆ میوانەكان دیاری كراون، بە بێ مۆڵەت وەرگرتن هیچ كارێك لەو جێگەی كە میوانین تێیدا ئەنجام نەدەین، چاكەی خاوەن ماڵیش بەچاكە نەك بە خراپە و ناپاكی وەڵام بدەینەوە، بەڵكو ئەركی سەرشانمانە چاكەو ڕەوشتی جوان نیشان بدەین و هەوڵیش بدەین شوێنەوار و ناوبانگێكی جوان لە دوای خۆمان بەجێ بهێڵێن و هیچ كار و ڕەفتارێكی نەشیاوو ناپەسەندمان لێ دەنەكەوێت لە كاتی میواندارییەكەدا