العربیة
/هەندێ لە ئەحکام و هەڵە و بیدعەکانی نوێژ/
هه‌ندێ له‌ ئه‌حكام وهه‌ڵه‌ وبیدعه‌كانی نوێژ:2
: 451
2020-02-11


#هه‌ندێ_له‌_ئه‌حكام_و_هه‌ڵه‌_و_بیدعه‌كانی_نوێژ
:2
ده‌ستپێك
نوێژنه‌كه‌ر له‌ سه‌ر بۆچوونی په‌سه‌ند له‌لای زۆرێك له‌ زانایان ئه‌گه‌ر نكۆڵیش نه‌كات و باوه‌ڕی به‌ فه‌رز بوونی نوێژیش هه‌بێت و ته‌نها له‌به‌ر ته‌مه‌ڵی نه‌یكات هه‌ر له‌ بازنه‌ی ئیسلام ده‌رده‌چێت، له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك ده‌قی قورئانی پیرۆز بۆ نموونه‌: {فَإِنْ تَابُوا وَأَقَامُوا الصَّلاةَ وَآَتَوُا الزَّكَاةَ فَإِخْوَانُكُمْ فِي الدِّينِ} له‌م ئایه‌ته‌ موسوڵمانێتی و برایه‌تی دین به‌ نوێژه‌وه‌ به‌ستراوه‌، هه‌روه‌ها به‌ زۆر به‌ڵگه‌ی سوننه‌تیش له‌وانه‌ فه‌رموده‌ی: "بين الرجل وبين الكفر ترك الصلاة" واته‌: له‌ نێوان به‌نده‌و ده‌رچوون له‌ ئیسلام ئه‌وه‌یه‌ كه‌ واز له‌ نوێژكردن بهێنێت، زۆربه‌ی زانایانیش له‌ كۆن و نوێدا له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌ن، له‌ به‌رانبه‌ریشدا كۆمه‌ڵێكی تر له‌ زانایان فه‌رموویانه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كه‌ باوه‌ڕی به‌ فه‌رزبوونی نوێژ هه‌بوو و (جحود)ی نه‌كرد و به‌ هۆی ته‌مه‌ڵی نوێژی نه‌كرد ئه‌وه‌ فاسق ه‌ و پێی كافر نابێت، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك ئه‌حكامی دونیایی قورسیشی ئه‌كه‌وێته‌ سه‌ر كه‌ ئێره‌ جێگه‌ی ڕوون كردنه‌وه‌ی نییه‌.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ولێره‌دا مه‌به‌ستمه‌ بزانرێتئه‌وه‌یه‌، ئه‌و كه‌سه‌ی ته‌نها نوێژه‌كان و عیباده‌ته‌كانی كرد واتای ئه‌وه‌ نییه‌ ئیتر موسوڵمانێكی ته‌واوه‌ و شایانی چوونه‌ به‌هه‌شته‌، ڕه‌نگه‌ نوێژیش بكات و عیباده‌ته‌كانی تریش ئه‌نجام بدات به‌ڵام به‌ هۆی نه‌بوونی مه‌رجی ته‌وحید و یان به‌ هۆی هه‌بوونی یه‌كێك یان زیاتر له‌ هه‌ڵوه‌شێنه‌ره‌وه‌كانی (لا إله إلا الله) جێگه‌ی دۆزه‌خ بێت، چونكه‌ مه‌رجه‌ پێش هه‌موو شتێك ئه‌و كه‌سه‌ عه‌قیده‌ی ته‌واو بێت و له‌سه‌ر ڕێبازی ته‌وحید بێت و له‌ هه‌موو شیركێكی گه‌وره‌ سه‌لامه‌ت و به‌ری بێت، الله تعالی فه‌رموویه‌تی: ﴿ وَلَقَدْ أُوحِيَ إِلَيْكَ وَإِلَى الَّذِينَ مِنْ قَبْلِكَ لَئِنْ أَشْرَكْتَ لَيَحْبَطَنَّ عَمَلُكَ وَلَتَكُونَنَّ مِنَ الْخَاسِرِينَ ﴾ واته‌:...ئه‌گه‌ر شیرك ئه‌نجام بده‌یت هه‌رچی عه‌مه‌لی چاكه‌ت هه‌یه‌ پوچه‌ڵ ده‌بێته‌وه‌ كه‌ نوێژیش یه‌كێكه‌ له‌و كرده‌وانه‌.
هه‌روه‌ها فه‌رموویه‌تی: ﴿ وَقَدِمْنَا إِلَى مَا عَمِلُوا مِنْ عَمَلٍ فَجَعَلْنَاهُ هَبَاءً مَنْثُورًا ﴾ ئه‌وانه‌ی له‌ دونیادا شیركیان ئه‌نجام داوه‌ له‌ ڕۆژی قیامه‌تدا عه‌مه‌لیان هه‌مووی به‌زایه‌ ده‌چێت و وه‌كو خۆڵه‌مێش به‌بادا ئه‌درێت، با نوێژیان كردبێت و عیباده‌تیان ئه‌نجام دابێت، شیركیش چه‌ندین جۆری هه‌یه‌ و هه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ سه‌جده‌ بۆ بت ببرێت وه‌كو زۆر كه‌س وا گومان ئه‌به‌ن، به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ له‌ ناو موسوڵمانان جۆره‌ها شیرك ته‌شه‌نه‌ی كردووه‌ و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هۆشیاری بیروباوه‌ڕ ته‌واو لاواز بووه‌و موسوڵمانان به‌و لایه‌نه‌ زۆر جاهیلن، ده‌بینین جۆره‌كانی شیركیش تییاندا بڵاوبووته‌وه‌و به‌خۆیشیان نازانن و مامۆستایانی ئایینی و بانگخوازانیش له‌به‌ر هه‌ندێ هۆكاری جیاواز ئه‌و باسه‌یان پشتگوێ خستووه‌و ته‌نها خه‌ریكی باسی پاداشتی عیباده‌ته‌كان و ته‌زكیه‌ی نه‌فس و هه‌ندێ بابه‌تی فیقهین بۆ موسوڵمانان! هه‌موو جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌كی ئه‌و مامۆستا و بانگخوازانه‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ نوێژه‌كانت بكه‌ و ڕۆژوو بگره‌ و وێدی و به‌یانیان و ئێواران بخوینه‌ و ته‌زكیه‌ی نه‌فسی خۆت بكه‌ و ئیتر هیچی ترت له‌سه‌ر نییه‌! له‌ مه‌سه‌له‌ی عه‌قیده‌شدا زیاتر ئه‌وه‌یان تێگه‌یاندوون كه‌ موسوڵمان كرنووش بۆ بت و دارو به‌رد نه‌بات و وه‌كو موشریكانی سه‌رده‌می جاهلی لات و عه‌ززرا به‌په‌رستێت ئیتر هیچی له‌سه‌ر نییه‌، له‌ كاتێكی ده‌یانی شێوازی شیرك و له‌ دین ده‌رچوونی هاوچه‌رخ سه‌ریهه‌ڵداوه‌و موسوڵمانان لێی بێ ئاگان، به‌وه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كی مه‌نهه‌جی گه‌وره‌ له‌ ناویاندا درووست بووه‌ و نوێژ وه‌كو عیباده‌تێكی بێ گیانی دابڕاو له‌ بنه‌مای عه‌قیده‌و بیروباوه‌ڕ ئه‌نجام ئه‌درێت، زۆر جاریش ئه‌بینرێت نوێژخوێن نوێژی جه‌ماعه‌تی نافه‌وتێت و له‌ ڕێزه‌كانی پێشه‌وه‌ش له‌ مزگه‌وتدا ئاماده‌ ده‌بێت، هاوكات له‌ یه‌كێك یان زیاتر له‌ بنه‌ماكانی ئیمان و ته‌وحیددا تێكه‌وتووه‌ بێ ئه‌وه‌ی به‌ خۆی بزانێت، چونكه‌ هه‌میشه‌ باسی نوێژی وه‌كو عیباده‌تیكی موجه‌ره‌د بۆ كراوه‌و به‌ هیچ بنه‌مایه‌كی بیروباوه‌ره‌وه‌ نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ ڕاستیدا ئیسلام وه‌كو ته‌لارێكه‌ ته‌وحید و عه‌قیده‌ی وه‌رگیراو له‌ كیتاب و سوننه‌ت بریتییه‌ له‌ بنچینه‌ و بنه‌ماكه‌ی، به‌ كورتی: هه‌موو كرده‌وه‌یه‌كی باش له‌ ئیسلامدا بۆ ئه‌وه‌ی وه‌رگیراو بێت پێویسته‌ هه‌ڵقوڵاوی عه‌قیده‌یه‌كی پاك بێت و ئیمانێكی ڕاست و درووست و ته‌وحیدێكی پاراوی له‌ پشته‌وه‌ بێت، ئه‌گه‌ر نا شیرك و هه‌ڵوه‌شێنه‌ره‌وه‌كانی ئیمان و ته‌وحید كرده‌وه‌كان هه‌لده‌وه‌شێننه‌وه‌و پوچه‌ڵیان ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌ ئه‌ندازه‌ی چیاكانیش بن.
إحسان برهان الدین
20 شوّال 1440
23/6/2019