سەرخستنی موسوڵمان بۆ برای موسوڵمان بەشێكە لە عەقیدەی (ولاء و براء) لە ئیسلامدا، بەڵكو جەوهەر و ناوەڕۆكی ئەو بیروباوەڕەیە، سەرخستنیش مەسەلەیەكە بە استطاعة وتوانا بەستراوەتەوە، كە توانا نەبوو هیچ تەكلیفێك لەسەر بەندە نامێنێت، بەڵام نیەت و هەستە ڕاستەقینەكانی كانی دڵ و دەروون بۆی هەیە جێگای ئەو پشتگیری و سەرخستنە بگرنەوە كە دەتەوێت بیكەیت و ناتوانیت، لەوانەیە فرمێسكێك یان دوعایەك لە نیوەشەودا پاداشتی بەشدارییەكی كرداری بەگیان و بەپارە بگرێتەوە ئەگەر ڕاستگۆییمان بۆ الله بسەلمێنین لەوەدا، ئەوە بنەمایەكی كارپێكراوە لە دینەكەماندا.
بەڵام پێش ئەوەی موسوڵمانان بەبرای خۆت بزانیت و سەریان بخەیت، پێویستە جارێ تەوحید لە ناخی خۆتدا بچەسپێنیت و ئیمانی خۆت لە ڕۆشنایی قورئان و سوننەتدا تۆكمە بكەیت و ڕاست بكەیتەوە ولە مەترسی هەموو جۆرە شیركێك سەلامەت بیپارێزێت، ئەوەش هەم واجبی سەرشانی خۆتە و هەم لە پێناو ئەوەی پشتگیری كردن و خۆشویستن و سەرخستنت بۆ برای موسوڵمانت لە رۆشنایی عەقیدەدا بێت و دواجار ببێتە مایەی ڕەزامەندی پەروەردگارت و پاداشتی لەسەر وەربگریت، نەك هیچ جۆرە ڕەهەندێكی نەتەوەیی و مرۆڤایەتی و هیچ ئیعتیبارێكی تری تێكەڵ ببێت، چونكە هەر هەڵوێستێك ئەگەر سەد لەسەد پاك وپاراو نەبێت بۆ الله ڕەتدەكرێتەوە، خۆ ئگەر لە خەڵكیشی بشارێتەوە لە الله شاراوە نییە!
هەڵوێستەكەت بۆ ئەوەی ببێتە قورسایی تەرازووت لە ڕۆژی دواییدا پێویستە هەڵقوڵاوی عەقیدە وبیروباوەڕی ڕاست و درووست بێت، موسوڵمان هەموو هەنگاوێكی لەم ژیانەدا دەبێت لە ڕووناكی عەقیدەكەیدا بێت، بە زمانێكی سادە كۆنترۆڵی موسوڵمان دەبێت تەنها لە رێگەی بیروباوەڕەكەی ئاراستە بكرێت، بۆ كوێ ئاراستەی بكات بەو ئاراستەیەدا بڕوات، خۆشەویستی و ڕق لێبوونی هەركەس و لایەنێكی بەسەردا سەپاند بەبێ سێ و دوو گوێڕایەڵی بكات ودەبێت ئەوەی حیسابی بۆ نەكات ڕای خەڵكی و بۆچوونی شەقام بێت.
شایانی باسە نابێت لە بایەخی سۆزو عاتیفەش كەم بكرێتەوە، چونكە ئەوەش هەر پێویستە بۆئەوەی موسوڵمان تاكێكی ساردوسڕ و بێ هەڵوێست و بێ غیرەت نەبێت، كارا بێت لەگەڵ خۆشی و ناخۆشی برا موسوڵمانەكانیدا، ئەڵبەتە ئەوەندەی كە بریتییە لە خۆشەویستییەكی ڕاستەقینە و دەبێت بەهەڵوێست و كاردانەوەو و پشتگیری، بریتی نییە لە هات و هاوار و هەڵچوون و قسەی زل و بێ سوود ، ئەسڵەن هەر مەرجیش نییە كەسی موسوڵمان عاتیفە ئیسلامییەكەی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ڕابگەیەنێت، میللەتم نەبینیوە ئەوەندەی كورد بێ باك بێت لە مەترسی ڕوپامایی بۆیە هەرچی كاری چاكە و عاتیفەی ئیسلامی و هەر چاكەیەكی تری هەیە پێی خۆشە پۆستێكی لەسەر بكات و خەڵكی لی ئاگادار بكاتەوە، ئەوەش هەڵەیە.
لە راستیدا مەرج نییە ڕق لێبون و خۆشەویستی و هەڵوێستی جوان و حەق ئیلا لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكاندا ڕابگەیەنرێت بۆ ئەوەی پێی بوترێت كەسێكی بە غیرەتە و دڵسۆزە، لە بنچینەدا الله بەسە بەو عاتیفە و دڵگەرمی و نزا و دوعاكردنەت بزانێت، مەگەر حیكمەتێكی ڕوون و ئاشكرای تێدا بەدی بكرێت وەكو ئەوەی هەڵوێستەكەی هاندانێك بێت بۆ موسوڵمانان كەوا كاری چاكە ئەنجام بدەن و و هەڵوێستی جوامێرانەو جوان بنوێنن.
بەڵام زۆر گرنگە لەو حالەتەشدا موسوڵمان عاتیفەكەی لە لایەن عەقیدەو تەوحیدەكەی ئاراستە بكرێت نەك پێچەوانە، نەك هەر سۆزو عاتیفەیەكی بێ سەروبەر وبەبێ چوارچێوەیەكی شەرعی بێت. موسوڵمانی سەنگین و پشت ئەستوور بە كیتاب و سوننەت، تەنانەت كاتێك پۆستێك دەكات، دەبێت وشە بە وشەو بڕگە بەبڕگەی قسەكانی بە تەرازووی شەرع بكێشێت، بزانە هیچ سەرپێچییەكی تێدا نییە بۆ ئەوەی چاكی بكات.
موسوڵمانی موەحید وبەرچاوڕوون بە قورئان و سوننەت، كەسێكە موسوڵمانی خۆش دەوێت لە هەركوێیەك هەبن و لەهەر نەتەوەو میللەتێك بن، بە خۆشییەكانیان خۆشحاڵە و بەناخۆشی وئازارەكانیان ئازار و ئێش بەدڵی دەگات و لەناخەوە دەهەژێت وغەمبارە بۆ غەمەكانیان وخۆشحاڵە بۆ خۆشییەكانیان.
بە كورتی پێویستە دینداری خۆمان ڕاست بكەینەوە و عەقیدە وبیروباوەڕی وەرگیراو لە كیتاب و سوننەت بكەین بەو ڕوناكییەی هەموو تاریكییەكی ئەم ژیانەمان بۆ ڕۆشنا بكاتەوە و هەڵوێستی ڕاست و گونجاو دەربڕین و ئەوەی الله پێی خۆشە و پێی ڕازی دەبێت ئەوە بكەین، با ئەوەشمان لەبیر نەچێت ئەگەر دیندار لە ناخی خۆماندا ڕاست نەكەینەوەو نەبینە خاوەن بیروباوەڕێكی ڕاست ودرووست دەربارەی الله و ئیسلام و پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم، ئەگەر بەردەوام لەسەر بنەمای (الولاء و البراء) ڕێنەكەین و لەم ڕۆژگارە خراپەدا بەردەوام بیرمان لەلای هەڵوەشێنەرەوەكانی شایەتمان نەبێت و خۆمان لە هەموو جۆرە شیركێكی كۆن و هاوچەرخ بەدوور نەگرین، مەحاڵە بتوانین كەس سەربخەین و كەمترین سوودمان بۆكەسی تر هەبێت، ناخێك خۆی بە ڕوناكی عەقیدە ڕوناك و ڕۆشنا نەبێت ناتوانێت ڕۆشنایی بەكەسانی تر ببەخشێت، سەرخەری ئیسلام نەبین بە ڕاستەقینە نەخۆمان سەركەوتن بەچاو دەبینین نە تەنانەت بە دوعایش كاریگەرییەكی باشمان بۆ براوخوشكەكانمان دەبێت: (أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِن تَنصُرُوا اللَّهَ يَنصُرْكُمْ وَيُثَبِّتْ أَقْدَامَكُمْ) محمد:7. ئەم ئایەتە قسە و تەفسیر زۆر هەڵدەگرێت بەڵام پوختەی مەعناكەی ئەوەیە تاكو دینی حەق لەسەر بنەمای بیروباوەڕی ڕاست ودرووست لەخۆماندا بەرجەستە نەكەین سەركەوتن لە خۆیەوە بەسەرماندا دانابەزێت.