العربیة
/وەڵامی پرسیارەکانتان/
ئایا لە ڕووی شەرعەوە ھیچ ڕێگریەك ھەیە ئەگەر پیاوان قژیان درێژ بكەن و بە شتێك بیبەستن ؟!
: 306
2022-07-05
  #وەڵامی_پرسیارەكانتان : 59 حوكمی قژدرێژكردنی پیاوان السلام علیكم ..ئایا لە ڕووی شەرعەوە ھیچ ڕێگریەك ھەیە ئەگەر پیاوان قژیان درێژ بكەن و بە شتێك بیبەستن ؟! زۆر مەبەستمە وەڵامێكم دەستكەوێت، ھەرچەندە لە كۆمەڵگای ئێمە ئەو جۆرە شێوازە قژە بە نەوعێك سەیر دەكرێت وا دەزانن قژ درێژی یەعنی كەسێكی دوور لەدین و سەرەڕۆ و لادەر! بەڵام من گوێ بە كۆمەڵگا نادەم تەنھا ئەگەر بزانم لە ڕووی شەرعەوە ڕێگریەك ھەیە وازی لێدێنم . وەڵام: وعلیكم السلام ورحمة الله: زانایانی هاوچەرخ ئەم پرسیارەیان زۆر لێ كراوەو منیش _ إن شاء الله_ هەوڵ ئەدەم لە ڕۆشنایی قسەكانی ئەواندا پوختەیەك لەسەر ئەم بابەتە بخەمە روو . 1-پێش هەمو شتیك دەبێت ئەوە ڕوون بكرێتەوە كە ئایا مەسەلەی قژ درێژكردنی پیاوان عادەتە یان عیبادەت و سوننەتە؟ جومهوری زانایان لەسەر ئەوەن كە قژ هێشتنەوەی پیاوان عادەتە و پەیوەندی بەو كۆمەڵگایە هەیە كە كەسەكە تێیدا دەژێت، واتە ئەگەر عادەتی خەڵكی ئەوە بوو كە قژ بهێڵنەوە تۆیش بیهێڵەوە عادەتیان وابوو كورتی بكەنەوە تۆیش كورتی بكەرەوە. 2-بەڵام لە بەرانبەردا هەندێك لە زانایان فەرموویانە قژ هێشتنەوەی پیاوان سوننەتە چونكە جێگیر بووە كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم قژی درێژ بووە و شۆڕبووەتەوە سەر شانی و كردوویەتی بە دوو بەشەوەو بە بۆنی خۆش بۆنداری كردووە و ڕۆنی لێداوە، بەڵام لەگەل ئەوەشدا فەرموویانە ئەوە سوننەتی عاداتی نەك دینداری و عیبادەت، بە هەر حاڵ ئەوانەش كە فەرموویانە سوننەتە دەڵێن ئەبێت ئەو كەسەی كە دەیهێڵێتەوە نیاز و مەبەستی شوێنكەوتنی سوننەت بێت نەك لاساییكردنەوەی ژنان، یان هەندێ كەسایەتی لە بێ باوەڕان، یان ئەكتەر و یاریزان و خەڵكی دوور لە دین و رەوشت، ئەگینا لەو حاڵەتە حەرام دەبێت، هەروەها پێویستە بۆ سەلماندنی ئەوەی كە لەبەر سوننەت قژی هێشتووەتەوە دەبێت ڕیشیش بهێڵێتەوە، چونكە بێ گومان ڕیش هێشتەوە لە ڕووی شەرعەوە و بەبەڵگەی ڕاست و درووست فەرمانی پیكراوە لە كاتێكدا هیچ فەرموودەیەك نییە فەرمانی بەهێشتنەوەی قژ بكات بۆ پیاوان، یان سزایەكی بۆ تاشین و كورت كردنەوەی قژی پیاوان دیاری كردبێت، كە ئەوەش وای كردووە زۆربەی زانایان بڵێن قژ هێشتنەوەی پیاوان و پێغەمبەریش صلی الله علیه و سلم لەو سەردەمە پەیوەندی بە عادەتی خەلكەوە بووە، چونكە بە گشتی پیاوان قژیان درێژ بووە و جگە لەوە حاڵەتێكی نامۆ بووە. 3-سەبارەت بە بەستنی قژەكەش لە پشتی سەرەوە ئەوە لە فەرموودەیەك لە سەحیحی موسلیمدا نەهی لێ كراوە: (إِنَّمَا مَثَلُ هَذَا مَثَلُ الَّذِي يُصَلِّي وَهُوَ مَكْتُوفٌ) مسلم (رقم/492) . واتە نموونەی ئەو كەسەی كە لەكاتی نوێژكردندا قژی بەستووە وەكو نموونەی كەسێكە نوێژ بكات و هەردوو دەستی بەسترابێتەوە، چونكە قژیش بەشدارە لە سەجدە بردندا لەو حاڵەتەدا پێویستە لە كاتی نوێژدا قژەكەی بكاتەوە، لەبەر ئەوەی ابن عباس الله لێی ڕازی بێت كاتێك هاوەڵێكی بینی بەو شێوە نوێژی دەكرد قژەكەی بۆ كردەوەو وتی بەو شێوە نوێژ بكە و ئەم فەرموودەی بیرخستەوە.. 4- مەرجی هێشتنەوەی قژ و درێژكردنی بۆ پیاوان لەلای زانایانی هاوچەرخ ئەوەیە كە لاسایی كردنەوەی نە بۆ ژنان و نە بۆ بێ باوەڕان تێدا نەبێت، شێخ مصطفی العدوي دەڵێت ئەو مەسەلە عادەتە و عیبادەت و سوننەت نییە، ئەسڵیش تێیدا ئەوەیە كە جائیزە و دروستە، بەڵام ئەگەر ناكۆك بوو لەگەڵ عادەت و دابونەریتی خەڵكیدا لەو شوێنە یان خۆچواندنی بە بێ باوەڕان و بە ئافرەتانەوە تێدا بوو ئەوە درووست نییەو قەدەغەیە. 5- ئەگەر هێشتنەوەی قژ بەشێوەیەك لە شێوەكان هەر جۆرە گومانێكی خستە سەر كەسایەتی ئەو پیاوە یان ئەو گەنجە، بۆ نموونە ئەوانەی كە ئەو كارە بكەن بە جۆرێكی خراپ لە كەسایەتی ناسرابن، لەو حاڵەتەدا قژدرێژكردنەكەیان حەرامە و قەدەغەیە، هەر بۆیە شێخ محمد بن صالخ العثیمین ئەڵێت لەم ڕۆژگارەدا بۆ پیاوی خاوەن مروئەت و پیاوەتی درووست نییە قژ درێژ بكاتەوە، چونكە لەم ڕۆژگارەدا زیاتر كەسانی سووك و خراپ قژیان زۆر درێژ دەكەن و دەیبەستنەوە لە پشتەوە، 6- یەكێك لەو بەڵگانەی كە هەندێك لە زانایان دەیهێننەوە لەسەر ئەوەی قژ درێژكرنی پیاوان هیچ باشە و ئەجرێكی تێدا نییە ئەوەیە كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم كاتێك ئەو مێردمنالە دەبینێت نیوەی سەری تاشیوە و نیوەی هێشتووەتەوە، پێی دەفەرموێت: یان هەمووی بتاشە یان بەتەواوی بیهێڵەوە، واتە پێی نەفەرمووە پێویستە قژت درێژ بكەیت و بیهێڵێتەوە! ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە مەسەلەكە عادەتێك بووە ئەو سەردەمە ئێمە ئێستا ناچار نین ئەو عادەتە زیندوو بكەینەوە جگە لەوەش هیچ بەڵگەیەكی شەرعی نییە فەرمان بە هێیشتنەوەی بكات و یان هەرەشەو سزایەك بێت لەسەر تاشینی، جا كە ئەوەشی هاتووەتە سەر ئەمڕۆ خەڵكانێكی خراپ لەسەر ئاستی جیهان و لەناو خۆیشماندا ئەو كارە دەكەن وئاكاریان جوان نییە، بۆیە قژدرێژكرنی پیاوان وبەستنەوەی لەداوە بووە بە كارێكینامۆ و ناشیرین و سەرنجڕاكێش، سەرباری ئەوەش بووە بە عەیبەیەكی كۆمەڵایەتی، چونكە بێ گومان ئەو كەسە مەبەستی بێت و مەبەستی نەبێت خۆ چواندنە بە خەڵكانی خراپ و خاوەن ڕەفتاری ناشیرین ونامۆ بە كۆمەڵگاو دینەكەمان، 7- بۆیە كاتێك دەبینرێت كوڕێكی گەنج قژی ئەوەندەی قژی ئافرەتێك درێژكردووەتەوە بەوەش نەناسراوە كە شوێنكەوتووی سوننەت و وابەستەی دین و عیبادەت بێت، هەر ئەوە دەمێنیت گومانی خراپی لێ بكرێت بەلای كەمەوە بوترێت نازانێت ڕەهەندەكانی ئەو كارەی چین. بۆیە دەبیت بەڕاشكاوانە بڵێین: لەبەر ئەوەی زۆربەی زۆری ئەوانەی لە پیاوان و كورانی گەنج قژیان درێژدەكەن زیاتر بەمەبەستی لاسایی كردنەوەی ئەكتەر و یاریزان وكەسانی دوور لە دینن و ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەو كەسە لە دین و كولتووری كوردەوە دوورە، بۆیە ئەو كەسەش كە مەبەستی سوونەتە و شوێنكەوتنی پێغەمبەرە صلی الله علیه و سلم ئەو كارە نەكات زۆر باشترە بۆ ئەوەی خۆی لە بازنەی گومان دەربكات. 8- لەسەردەمی پێشەوا ابن عبدالبر دا قژ درێژكرنی پیاوان بوو بوو بە سیمای خەڵكانێكی سەفیهونادان و هەرزە، بۆیە زانایان و پیاوچاكان خۆیان لە قژدرێژكردنەوە بەدوور دەگرت و ئامۆژگاری كەسیان نەدەكرت قژی درێژبكاتەوە. 9- تەنانەت هەندێك لە زانایان باسی ئەوە دەكەن كە كل لەچاوكردنی پیاوان ئەگەر لە بنچینەدا كارێكی درووستە و پاداشتیشی لەسەرە، لەبەر ئەوەی لەم ڕۆژگارەدا كەسانیك دەیكەن كە گومان لەسەر رەوشتیان هەیە بۆیە باشترە هیچ پیاوێك كل لە چاو نەكات وەكو ڕێگرتن لە گومانی خراپ (سد الذرائع). ئەڵبەتە ئەم حاڵەتە تایبەتە بە جێگەیەكەوە كە خەڵكانی خراپ بە كل لە چاوكردن بناسرێن و بووبێتە سیمایەك بۆیان نەك بۆ هەموو شوێن و جێگەیەك. 10- مەسەلەیەكی تریش كە جێگای سەرنج و تێڕامانە ئەوەیە، هیچ زانایایەكی بەڕێز لە بواری زانستە شەرعییەكاندا نابینی لەم ڕۆژگارەدا قژیاندرێژ كردبێت و لە پشتی سەریانەوە بەستبێتیان، بەڵكو زۆربەی خاوەن كەسایەتییەكان لە هەموو بوارەكانی زانستدا خۆیان لەوە بەدوور دەگرن خۆیان لە كۆمەڵگا جیا بكەنەوەو قژیان درێژ بكەنەوە زیاد لەو ئاستەی كە لەم سەردەمەدا پیاوان قژ درێژ دەكەن . ئەوەش خۆی بۆ خۆی ئاماژە و وەڵامێكی تێدایە بۆ ئەوانەی پرسیاری حوكمی قژدرێكردنی پیاوان دەكەن! بۆیە بە كورتی لەبەر ئەوەی لە كۆمەڵگای خۆماندا عادەت وا نییە پیاوان قژیان درێژ بكەن و لەشەرعیشدا فەرمانێك لەو بارەوە نەهاتووە و زانایانیش فەرموویانە ئەگەر پێچەوانەی عادەتی كۆمەڵگا و خۆچواندنی تیابوو بە بێ باوەر و بە و ئافرەتان و بە كەسایەتییە لەكەدارەكان ئەوە حەرامە و قەدەغەیە قژ بهێڵێتەوە، ئەمە پوختەی قسەی زانایانی ئەم سەردەمە بوو لسەر ئەم ئەم پرسە كە بە هەندێ لە دیدو تێگەیشتنی خۆمەوە لەسەر قسەكانی ئەوان لێرەدا بە ئێوەی بەڕێزم پێشكەش كرد. إحسان برهان الدین 4 شوّال 1443 2022-5-5