العربیة
/هەندێك هەڵەو بیدعەی بیروباوەڕ/
2-دڵتەنگی فرۆشیار بە سفتاح نەكردن كارێكی نادرووستە
: 122
2024-02-05

عادەتێكی خراپ و ناشەرعی لەلای هەندێك یان زۆرێك لە خاوەن دوكان و فرۆشیارەكان تەنانەت شۆفێری تاكسی و پیشەوەرەكانی تر، ئەویش بریتییە لەوەی یەكەم فرۆشتنی سەر لەبەیانی بە فرۆشتنێكی خێردار و باش دەزانن و باوەڕیان وایە ئەو یەكەم شتەی كە دەیفرۆشن سەرەتایەكی تایبەتە و گرنگی زۆری هەیە و دەرگای خێری ئەو ڕۆژەیان بۆ دەكاتەوە، بۆیە ئامادەشن بە نرخێكی كەمتر لەوەی دەیفرۆشن بە كڕیارەكەی بدەن چونكە دەڵێن ئەوە سفتاحە ! 

ئەو كەسەش كە ئەو سفتاح ناكات، ڕەنگە توشی جۆرێك لە شوومی وڕەش بینی ببێت و جاری وا هەیە مات وبێ تاقەت دانیشتووە و غەمبارە هەر چاوەڕوانی ئەوەیە كڕیارێك بێت و ئەگەر بەمایەی خۆیشی بووە شتێكی پێ بفرۆشێت بۆ ئەوەی سفتاح بكات و گوایە دەرگاری ڕزق وڕۆزی ئەو ڕۆژەی لێ بكرێتەوە! 

لە ڕاستیدا ئەم عادەت و بیروباوەڕە ناكۆكە لەگەڵ شەرعدا و بیروباوەڕێكی پێچەوانەی باوەڕبوونە بە قسمەت و بە دابەش كردنی ڕزق و ڕۆزی لەلایەن پەروەرداگروە، كارێكی نادرووستە و نابێت موسوڵمان بەو شێوە بیر بكاتەوە، چونكە نە لە كیتاب و نە لە سوننەتدا بەڵگە لەسەر كاری لەو جۆرە نەهاتووە و بۆی هەیە ببێتە سەرپێچییەكی عەقیدەو بیروباوەڕ ونەك تەنها حەڵاڵی ڕزق و داهاتەكەی بخاتە ژێر پرسیارەوە. بەڵكو لەوانەیە بچێتە ژێر هەندێ بابەتی عەقیدەییشەوە. 

بە كورتی موسوڵمان دەبێت لەو جۆرە بیروباوەڕانە بەدوور بێت و لەوە دڵنیا بێت ڕزق و ڕۆزی لەلای الله یە و هەر خۆی دابەشی دەكات و ئەوەی بۆ بەندەی نووسیبێت هەر دەستی دەكەوێت و ئەوەشی لە قسمەت و نسیبیدا نەبێت دەستی ناكەوێت. ئیتر ئایا یەكەمین كڕیار بەیانی زوو بێت و نەیەت هیچ لە مەسەلەكە ناگۆڕێت و ئەوە دەچێتە بابی ڕەشبینی و (طیرة) كە لە ئیسلامدا بە توندی نەهی لێ كراوە و قەدەغە كراوە. 

هەندێ لە فرۆشیارانیش جاری وا هەیە بە هۆی دڵخۆشییان بە ئەو سفتاحە ئامادەن هەر بە مایەكاری یەكەم شتی ئەو ڕۆژەیان بفرۆشن دوای ئەوەش كە نرخەكەی وەردەگرن دەچن ئەو پارە ماچ دەكەن و ئینجا هەڵیدەگرن، هەموو ئەوانەش كارێكی نا پەسەندە و ناشەرعییە چونكە بەڵگەی لەشەرعدا لەسەر نەهاتووە، بەڵكو بەڵگەی پێچەوانەكەی هاتووە.