/نیشانەی تاقمەکان/
3- مورجیئەكان
: 447
2022-06-27
#نیشانەی_تاقمەكان:
3- مورجیئەكان
مورجیئە فیرقە و تاقمێكە لە تاقمە گومڕاكانی ئیسلام كە لەسەر الصراط المستقیم لایانداوە، بۆیە پێیان وتراوە مورجیئە چونكە لە مەسەلەی ئیماندا قەول پێش دەخەن و كردار دوا دەخەن! مورجیئەش وەكو ئەشاعیرەو خەواریج جۆریان زۆرە، بەڵام ناودارترین فیرقەكانیان دوو جۆرن:
یەكەم / مرجئة الفقهاء : ئەم جۆرە پێیان وایە كە ئیمان بریتییە لە داننان وشایەتمان هێنان بە زمان و باوەڕ هێنان بە دڵ، بەلای ئەوانیشەوە ئیمان نەزیاد دەكات و نەكەم، أبو جعقر الطحاوي لەو مەسەلەدا تووشی هەلەی مورجیئە بووە لە عەقیدەدا كە دەڵێت: (والإيمان هو الإقـرار باللسان والتصديق بالجنان، وجميع ما صح عن رسول الله صلى الله عليه وسلم من الشرع والبيان كله حق، والإيمان واحد، وأهـله في أصله سواء، والتـفاضل بينهم بالخشية والـتـقى ومخالفة الهوى، ملازمة الأولى). هەروەها ئەبوحەنیفە و حەممادی كوڕی سولەیمانی مامۆستای و ئەو مورجیئانەی كوفە كە شوێنیان كەوتن لەوەی كە كردەوەیان لە ئیمان جیاكردەوە، لەم جۆرە مورجیئانە دەژمێردرێن.
دووەم/ مرجئە المتكلمین: ئەمانە بریتین لە جەهمییەكان و ئەوانەش كە لەسەر ڕێبازیانن لە ئەشاعیر ە و ماتوریدییەكان، الفضيل بن عياض دەربارەیان دەڵێت : " أهـل الإرجاء - إرجاء الفقهاء - يقولون : الإيمان قول بلا عمل، وتقول الجهمية: الإيمان المعرفة بلا قول ولا عمل، ويقول أهل السنة: الإيمان المعرفة والقول والعمل " ( تهذيب الآثار الطبري 2/182). واتە: مورجیئەی فوقەها دەڵێن ئیمان گوفتارە بە بێ كردار ، جەهمییەكان دەڵێن ئیمان تەنها زانینە بەبێ گوفتار و بەبێ كردار، بەڵام ئەهلی سوننەت ئەڵێن: ئیمان زانین و گوفتار و كردارە پێكەوە.
سەلەف زۆر لە دژی مورجیئەكان توند بوونە و ڕایان لە ئەواندا گەلێك خراپ بووە ، سەعیدی كوڕی جوبەیر دەڵێت: : " المرجئة مثل الصابئين " واتە مورجیئە وەكو سابیئەكانن، هەروەها پێشەوا زوهری دەیفەرموو: " ما ابتدعـت فى الإسلام بدعة هى أضر على أهله من هذه - يعنى الإرجاء - " . واتە لە ئیسلامدا هیچ بیدعەیەك دانەهێنراوە زیانی زۆرتر بێت لە زیانی مورجیئەكان لەسەر موسوڵمانان. ابن بطة دەڵێت: (أما المرجئه فعلى دين الملوك ). واتە مورجیئە لەسەر دینی پاشاكانن ئەوان چۆنیان بوێت وایان بۆ دەكەن. النضر ابن شميل دەلێت: ( الإرجاء دين يوافق اهواء الملوك ) واتە دینی مورجیئە بەدڵی پاشا و سەرۆكەكانە، بە گشتی سەلەف و ئەوانەی دوای ئەوانیش لە ئەهلی سوننەت و جەماعەت توند بوونە لەسەر مورجیئە و هەجریان كردوون.
بەڵام مورجیئەش وەكو ئەشاعیرە جۆریان زۆرە و هەموویان لە مەسەلەی لادان لە مەنهەجی ئەهلی سوننەتدا بە یەك ئاست و شێواز نین، هەندێكیان هەن كە باوەڕیان وایە ئیمان تەنها وتنی شایەتمانە و تەواو، هەیانە دەلێن نەخێر جگە لە وتنی شایەتمان ئەبێت كەسەكە لە دڵیشەوە باوەڕی هەبێت، توندڕەوەكانیان بە دووری مەگرە فیرعەون و ئەبوجەهلیش بە ئیماندار بزانن وەكو محمد صالح المنجد دەڵێت، ئەوەشی كە مورجیئەیەكی توندڕەو نییە بۆی هەیە تەنها ئەبوبەكر الله لێی ڕازی بێت بخاتە هەڵەوە لە مەسەلەی شەڕكردنی لەگەڵ ئەوانەی كە زەكاتیان نەدەدا.
نیشانەكانی مورجیئە كە پێی دەناسرێنەوە:
1- بە پێچەوانەی ئەهلی سوننەتەوە، مورجیئە عیبادەت و كردەوە بە مەرج نازانن بۆ ڕاست و درووستی ئیمان، واتە كەسەكە بەبێ عەمەل دەگونجیت ئیماندار بێت. گرنگ ئەوەیە ئیمان لە دڵدا بوونی هەبێت! واتە ئیمان لەلای مورجیئە باوەڕی دڵە و قەولی زمانە و تەواو، كردەوەش هەبێت باشە ئوگینا عەمەل بەلایانەوە (شرط كمال) ی پی دەوترێت نەك (شرط صحة)! نەبوونی كاریگەری خراپی لەسەر ئیمانەكە نییە.
2- لە مەسەلەی تەكفیریشدا بە پێچەوانەی ئەهلی سوننەتەوە، مرۆڤ تەنها بە كوفری دڵی كافر دەبێت نەك بە كوفری زمان و كردەوە. بۆیە ئەگەر كەسێك لە دڵیدا ئیمانی هەبێت و بە زاهیر و كردەوەكانی كوفری لێ ببینرێت ئەوە مەرج نییە كافر بێت تا خۆی نەڵێت من لە دڵیشەوە هەر بێ بڕوام! هەروەها ئەوەی كە و هیچ كردەوەیەكی نەبێت بەلای مورجیئەكانەوە كافر نابێت ئەگەر لەناو دڵیدا ئیمان هەبێت.
3- مورجیئە هەمیشە بەوە ناسراون كە بەرگری لە ستەمكاران و تاغوتان دەكەن و پاساویان بۆ دەهێننەوە و بەرگریان لێ دەكەن و پاساو بۆ كردەوە خراپەكانیان دەهێننەوە و خۆیانی لێ كەڕ دەكەن، سەرۆك و پادشاكان هەرچەند لە دینیش دوور بن ئەوان هەر هانی خەڵكی ئەدەن لە قسەیان دەرنەچن و گوێڕایەڵییان بكەن. بۆیە سەلەف پێیان وتوون لەسەر ئایینی پادشاكانن.
4- كافر بەكافر نازانن با هەرچەندیش بە كردەوەیان وابن، چونكە ئەڵێن گرنگ ئیمانی ناو دڵە و كێ دەڵێت ئەم كەسەی كە بە زمانی كوفر دەكات یان جنیو بە خوا و پێغەمبەر دەدات لە دڵەوە ئیماندار نییە، بۆیە بە دەگمەن مورجیئەیەك هەبێت هیچ كافرێك بە كافر بزانێت، جاری وا هەیە لەوەش زیاتر ئەو كەسەی كە دژایەتی ئیسلامیش دەكات ئەوان بە وەلی ئەمرو بە سەركدەی موسوڵمانی ئەزانن كە واجبە سەرشانیتی گوێڕایەڵی بێت، بۆیە دەسەڵاتداران هەمیشە حەزیان پێیانە و ڕێزی زۆریان لێ دەگرن لە درێژایی مێژوودا.
5- دەڵێن: الإيمان لا يزيد ولا ينقص: واتە ئیمان لە دڵدایە و جێگیرە، یان هەیە و یان نییە! نەزیاد دەكات و نەكەم دەكات، ئەوەش لە كاتێكدایە ئایەت و فەرموودەیەكی زۆر هەیە لەسەر ئەوەی ئیمان بە كردەوەی باش زیاد دەكات و بە كردەوەی خراپ كەم دەكات، البغوي بە ڕەحمەت بێت دەڵێت: "اتفقت الصحابة، والتابعون، فمن بعدهم من علماء السنة، على أن الأعمال من الإيمان" هەروەها فەرموویانە: "إن الإيمان قول وعمل وعقيدة، يزيد بالطاعة وينقص بالمعصية، على ما نطق به القرآن في الزيادة، وجاء في الحديث بالنقصان". [شرح السنة: 1/38].
6- لە نیشانەكانی تری مورجیئەكان ئەوەیە كە هەمیشە ئەهلی سوننەت و جەماعەت بە خەواریج وەسف دەكەن.
7 مورجیئەی فوقەها باوەڕیان وایە موسولمان بۆیە نییە (استثناء ) لە باوەڕیدا بكات، واتە بۆی نییە بڵێ من إن شاء الله ئیماندارم، بەڵكو دەبێت بڵێت من ئیماندارم.
8- هەندیكیشیان هەیە دەلێن مرۆڤ خۆی كردەوەكانی خۆی درووست دەكات و الله تعالی لە ڕۆژی قیامەتدا نابینرێت.
مورجیئە هاوشێوەی خەواریج ئەگەرچی لەم سەردەمە تاقم و كۆمەڵێك نییە بە فەرمی هەموو بیروباوەڕەكانیانی هەڵگرتبێت و وەكو مورجیئەكانی سەردەمانی دێرین بێت، بەڵام زۆرێك لە كەسایەتی و كۆمەڵ و تاقم هەن لە سەرانسەری جیهانی ئیسلامیدا بەشێكی دیاریان لە بیروباوەڕ و نیشانەكانی مورجیئەیان لە خۆیاندا بەرجەستە كردووە و بانگەشەی بۆ دەكەن، بەڵكو هەندی جار لە مورجیئەكانی جارانیش توندتر و بێ شەرمتر لادانەكانیان دەخەنە ڕوو و بتنگەوازی بۆ دەكەن.
بەڵام ئەوەندەی من بزانم لە ئێستادا نە مورجیئە و نە خەواریج كۆمەڵێك نییە لە سەدا سەد بۆچوونەكانی ئەو دوو تاقمەیان لە خۆیاندا بەرجەستە كردبێت و هەمووی جێبەجی بكەن، ئەگەرچی ڕێژەیەك لە سیفەت و نیشانە و خەسڵەتەكانیان لە كەسایەتی و كۆمەڵ و تاقمی دیاریكراودا هەیە لەم سەردەمەدا و جاری وا هەیە وەكو ئەوان و جاری واش هەیە لەوان زیاتر جێبەجێی دەكەن.
(بۆ نوسینی ئەم بابەتە لەچەند سەرچاوەیەك سوودم وەرگرتووە).
2023-10-28
2023-11-01
2023-04-26
2024-03-08