العربیة
/هەندێك هەڵەو بیدعەی بیروباوەڕ/
34-بەرپەرچدانەوەی گومانەكان با نەبێتە تەشەنە پێکردنیان!
: 193
2024-02-06

زیادەڕەوی لە بەرپەرچدانەوەی گومانی گومڕاكان و مولحیدەكاندا كارێكی باش نییە و پێچەوانەی بەرژەوەندی ئیسلام و موسوڵمانانە، ئیلحاد لە كۆمەڵگای خۆماندا هێشتا نامۆیە و بەو شێوە تەشەنەی نەكردووە و تەنانەت لە نێو گەنجانیشدا نەبووەتە دیاردەو وڕێژەكەی نزم ەو كەمە، خەڵكی ڕاستە زانستی شەرعییان نییە بەڵام فیترتیان یان ڕاستتر بڵێین بەشێكی باش لە فیترەتیان هێشتا سەلامەتە ونەشێواوە، بەڵام ئەگەر ڕێژەی ئیلحاد زۆریش بێت هەر پێویستی بە میكانیزمێكی سەلامەت و گونجاوە بۆ كاركردن ئەویش بچووكردنەوەی گومانەكان و بە خێرا بەسەریاندا تێپەڕبوون و شیكردنەوەی وەڵامدانەوەكە بە شێوەیەكی زانستی و لێزانانە و هەستكردن بە گیانی بەرپرسیارێتی. 

كارێكی باش نییە دیاردەیەكی دزێو ونامۆ و ناجۆر لەگەڵ فیترەتی مرۆڤەكاندا زەق بكرێتەوە و حاڵەتێك لە ڕۆچوون و زیادەڕەوی لەو بارەوە درووست بكرێت، چونكە بۆی هەیە دەرەنجامی پیچەوانەی لێ بكەوێتەوە. 

قسەكردنی زۆر لەسەر گومانەكان دەربارەی الله و ئیسلام و شەریعەت و تاقمە گومڕاكان و بیروباوەڕەكانیان وەكو بەكارهێنانی دەرمانە بۆ بیمارییەك، پێویستە بەوریایی و بەڕێژەی زانستی خۆی بەكار بهێنرێت، هەر هەڵەیەك لەو بارەوە دەگونجێت ببێتە فیتنەیەك ولەجیاتی ئەوەی ڕێگایەك بێت بۆ بەرپەرچدانەوەی خاوەن گومانەكان، لەوانەیە ببێتە هۆكارێك بۆ لە خشتەچوونی خەڵكانێكی تر كە لە بنچینەوە ئاگاداری ئەو گومانانە نین و تۆ بەو كارەت بۆیان شی دەكەیتەوە و تۆی گومانەكان لە دڵ ودەروون وهزریاندا دەچێنیت. 

هەڵەیەكی گەورەیە بەبەهانەی بەرپەرچدانەوە، خول لە دوای خول بكرێتەوەو كتێب وبڵاوكراوەی زۆر بنوسرێت لەسەر گومانی مولحیدەكان وتاقمە گومڕاكان وبازاڕی لێ پڕ بكرێت چونكە: 

1 - ئەو گومانانە هێشتا بەو شێوە تەشەنەیان نەكردووە لە كۆمەڵگای خۆماندا، بۆیە تەنها دەبێت لە ئاستێكی تایبەت و سنوورداردا بە پێی كاریگەری و بڵاوبوونەوەیان بەرپەرچ بدرێنەوە، نەك بەناو كۆمەڵگادا فووی پێدا بكرێت وڕۆژ لە ڕۆژ خەلكی بۆ بانگ بكرێت لەو بوارە ئیش بكەن وپسپۆڕی وەربگرن، كە دوور نییە سبەی هەندێك لەوانە خۆیان لە خشتە نەچن و نەبنە دیلی ئەو گومانانە، یانببن بە بانگخوازی ئیلحاد. 

2 - زۆر كەس هەن بەڵكو زۆرینەی ڕەها لە بنچینەوە ئەو گومانانەی تۆ وەڵام دەدەیتەوە ئەوان هەر نەیانبیستووە، تۆ دەچیت بۆیان شەرح دەكەیت وبە وردی مەبەست و گومانی مولحیدەكان شی دەكەیتەوە و كەسانێكی داماوو بێ ئاگای لێ حاڵی دەكەیت، بە دووری مەزانە لە گومانەكان جوان تێبگەن و لەلایان بچەسپێت، (كورد واتەنی شەیتان نەخەوتووە) بەڵام لە وەڵامەكەی تۆ تێنەگەن یان تێنەگەن، یان تێبگەن و قەناعەتی پێ نەكەن! 

3- وەڵامدانەوەی شوبهەو گومان ئەبێت لەسەر بنەمای كورتكردنەوەی گومانەكە و شیكردنەوەی وەڵامەكە بێت لە ڕوناكی كیتاب و سوننەت و زانستی هاوچەرخدا، بەڵام كەسی وا هەیە بێ ئەوەی بە خۆی بزانێت گومانەكە شیتەڵ دەكاتەوەو بە شەرح و ڕاڤەكردنیكی زۆر لە زەینی بەرانبەردا دەیچەسپێنیت، دواییش وەڵامێكی لاواز و كورتی گومانەكە دەداتەوە ، ئەوە تاوانە و كەسێكی نەزان دەیكات كە خۆی لێ بووەتە كەسێكی زۆر زانا و بەتوانا. 

4- ڕاستییەكی تاڵە كە كورد لە زۆربەی بوارە زانستی و مەعریفییەكاندا - بەداخەوە ئەیڵێم - لە دواوەیە، دوور نەڕۆین بە بەراوردی خۆمان بە عەرەبەكان ئەوان لە هەموو شتیكدا و لە هەموو بوراێكدا لە پێش ئێمەوەن، لە دینداری و تەنانەت لە بێ دینیشدا، كورد مەگەر لە حیزبایەتی و لە دەمارگیری وقەومچێتی و خۆ بەزلزانین و خۆ لە میللەتانی تر بەباشتر وێناكردن زیاتر زیرەك بن، تەنانەت لەم بوارەشدا بەهەمان شێوە كەسانی وایان تێدا نییە لە ئاستیكی زانستی بەرزدا بن. 

بۆ نموونە لە ڕەددانەوەی گومان و شارەزایی لە هزری بێ باوەڕی و بێ باوەڕاندا ، كەسێكیان تێدا نییە توانای نووسەرێكی وەكو د.سامي عامري یان هەبێت لەو بوارەدا، ئەسڵەن كورد عەرەبیزانی هەر زۆر كەمە و زیاتر بە زانینی زامانی ئینگلیزییەوە خۆیان هەڵدەكێشن كە ئەوەش یەك لەسەدی زمانی عەرەبی بۆ تێگەیشتن لە دین و بەرگری كردن لە دین سوودی نییە، بۆیە نابێت بە جوڵەیەكی عاتیفی و بە كۆبوونەوەی كۆمەڵێك گەنجی پاكی بێ ئەزموون كە هێشتا شارەزای عەقیدەكەی خۆیشیان نین دەست بە كاری لەو جۆرە بكرێت و خۆیانیان لێ بگۆڕێت و وابزانن زاڵ بوونەتە سەر وەڵامدانەوەی ئەو گومانانەدا ودوای ماوەیەك لە جیاتی بڵاوكردنەوەی دڵنیایی كۆمەڵێك گومانی زۆر هەڵڕێژنە ناو گۆڕەپانی فیكری و زیانیان لە سوودیان زۆرتر بیت و كورد واتەنی وەكو كابرایان لی نەیەت كە بۆ ڕیش چوو سمێڵیشی خستەسەڕی. 

5 - ڕەددانەوەی شوبهەو گومان تەنها لەو كەش و هەواو جێگەیەدا دەبێت ئەنجام بدرێت كە تێیدا بڵاوبووتەوە بە دیاری كراوی، نەك بەزۆرترین كەسی بگەیەنین و ڕاگەیاندن و تۆرە كۆمەڵأیەتییەكانی بۆ تەرخان بكەین، ڕەنگە تۆ نەبویتایە تاكو ماون گومانی وایان هەر نەدەبیست !، نابێت وەكو پەتاو نەخۆشی جەستەیی ڤاكسینی بۆ بەكاربهێنین وبڵێین پێش ئەوەی گومانەكەیان پێ بگات با كەسەكە بەهێز بكەین، ئەمە ئینفلەوەنزا نییە، گومانە و لە خاكی دڵدا كە چاندرا ڕەنگە ئیتر دەرنەچێت و بنەبڕ نەكرێت وتۆوەكەی هەر بمێنێتەوە. 

6 - ڕووی داوە و چاوەڕوان كراویشە، بیسەر و خوێنەری ئەو وەڵامانە لە گومانەكە تێبگەن و وەریبگرن، بەڵكو قەناعەتیشی پێ بكەن، بەڵام ڕەددانەوەكەی بەلایانەوە لاواز و نازانستی بێت، بەڵكو لەوانەیە هەل ومەرجێكیان بۆ درووست بێت تەنها بواری گویگرتنیان بۆ گومانەكە هەبێت و تا بگەنە وەڵامە مێشكیان بكاتە جێگای نیشتەجیبوونی گومانەكە. 

7 - مەنهەجی پێشینیانی ئوممەت ئەوە نەبووە بچن قسەی گومڕاو بێ باوەڕان بهینن ونمایشی بكەن و شیبكەنەوە بۆ خەڵكی و بەوردی وشە بە وشە بەرپەرچی بدەنەوە، بەڵكو تاكو بكرێت لەو جۆە كەسانە دابڕاون و تەشهیریان پێ كردوون و ئەوانیان بۆ خەڵكی وەكو كەسانیكی گومڕاو لادەر ناساندووە، بۆ ئەوەی كەس ئیتر گوێ لە قسەكانیان نەگرێت. 

8 - شوهرەت و ناودەركردن مەرج نیە بەواتای هەبوونی زانست بێت ومەرج نییە بەوە یەكسان بێت، بەڵام لە كوردستانە سەیرەكەی خۆماندا وایە، میزەرو جوببەو دەركەوتن لە تەلەفیزیۆن و بڕوانامەی بەرز و زۆری لایك و كۆمێنت و دروشمی بێ ناوەڕۆكیش هەمووی بەمەعنای زانست وبگرە بلیمەتی وپڕ بایەخی خاوەنەكەی ئەژمار دەكرێت، بەڵكو زانست و لێهاتوویی لە بوارێكی دیاری كراویشدا یەكسان نییە بەوەی لە بواری بەرپەرچدانەوەی گومانەكاندا ئەو كەسە لێهاتوو و زیرەك بێت، چونكە ئەوە بوارێكی هەستیارە چەند كێشەی لە لێهاتوویی و كارامەیی هەبێت ئەوەندە دەرەنجامەكانی ئیشەكەی بە پێچەوانەوە دەبێت، بەتایبەتی بۆ كەسایەتییە كوردەكانی خۆمان كە هۆكاری شوهرەتیان هەرچی بێت بە دەگمەن بریتییە لە زانست و شارەزابوونی ئەو كەسە لە كیتاب و سوننەتدا، بە داخەوە زۆر جار نە جێگیربوونیشە لەسەر مەنهەج و ڕێبازی پێشینان، بەڵكو شتێكی ترە پەیوەندی بەوانەوە نییە یان لەگەلیاندا پێچەوانەیە. 

بۆیە نابێت هەركێ لەبەر هۆكاری جیاواز ناسرا ومەشهور بوو ئیتر لە بواری بەرپەرچدانەوەی ئیلحاد و گومانیشدا حیسابی كەسێكی بەتوانا و بلیمەتی بۆ بكرێت و ئەو كەیسە ترسناكەی ڕادەست بكرێت، ئەوە وەكو ئەوە وایە پزیشكێكی پسپۆڕی پێست بچێت نەشتەرگی دڵ ومێشك بۆ نەخۆشێك ئەنجام بدات و بڵێ چی تیایە خۆ منیش دواجار پزیشكم با خۆم تاقی بكەمەوە بەڵكو سوودێكی باشم گەیاند! 

9- هەندێ لەوانەی بەرپەرچی گومانی مولحیدەكان دەدەنەوە خۆیان بەچەندین گومان و هەڵەی مەنهەجی و عەقیدەیی ترەوە تێوەگلاون و جارێ پێویستە خۆیان چاك بكەن دوایی بچن بە بیانووی بەرپەرچدانەوە گومانی مولحیدەكان لەناو كۆمەڵگای كوردیدا تەشەنە بەو گومانانە بكەن، گومڕایی و لەڕێگەلادان خۆ تەنها یەك جۆری نییە بەڵكو جۆری زۆرە و هەموویشی هەر لادانە لەحەق و یەك دەرنجام چاوەڕییان دەكاتخۆ كۆمەڵگای كوردی لە هەموو جۆرە خراپەیەكی تێدا پەیدا بووە لەمەشی كەم نییە دوای ماوەیەك بیكەین بە بارێكی تری مەینەتی بەسەرییەوە. 

10 - مولحیدەكانی كورد لە ئیلحادەكەیاندا بەتوانا نین و زۆریش ساكارو سەرەتان ومولحیدی شوێنانی تر بەزەییان بە حاڵیاندا دێتەوە، هەموو مولحیدەكانی كورد چاویان لە دەستی مولحید و مەسیحییەكانی میسر و شوێنانی ترە و خۆیان هیچ نازانن و هیچ ناخوێننەوە، تووشی ڕووداوێك یان نەخۆشییەك ببن ڕەنگە بگەرێینەوە بۆ ئیسلام ولەبیریان بچێت كە مولحیدن! لەبەر ئەوەی ئەوان تووتی ئاسا شتەكان دووبارە دەكەنەوە. 

بەهەمان شێوە موسوڵمانان لە بەرپەرچدانەوەی ئیلحاددا ئەو توانایانەیان نییە و زۆربوونی ژمارەی ئەو كەسانە دەرەنجامی پێچەوانەی لێ دەكەوێتەوە و بەدڵنییایەوە ئەگەر كەسانێك لە ئیلحاد پاشگەزبكەنەوە كەسانێكی تر كە ڕەنگە زۆرتر بن تووشی گومان دەكەن وناشتوانن قەناعەتیان پێ بكەن، چونكە تۆ ڕێگەی ڕۆچوونی لە ناسین و خوێندنەوەی گومانەكاندا بۆ خۆش دەكەیت و دواییش بەتەنها بەجێی دەهێڵیت و خۆی لەو ڕێگە بەردەوام دەبێت. 

11- ئەمڕۆ لە كوردستاندا ئەوانەی بە خۆیان دەڵێن قورئانی كە من پێم وایە بەلای كەمەوە لەسەدا پەنجا لەگەڵ مولحیدەكاندا تەبا وهاوبیرن وخاڵی هاوبەش كۆیان دەكاتەوە، چونكە مولحیدەكان دەڵێن هەرچی لە قورئان و سوننەتدا هاتوە هەمووی درۆیە، بەڵام دژە سونەتەكان ئەڵێن نەخێر ئەوەی لە قورئاندا هاتووە ڕاستە بەڵام ئەوەی لە سوننەتدا هاتووە هەمووی یان زۆربەی درۆیە! لە كاتێكدا زۆربەی وردەكاری دین لە سونەتدا هاتووە نەك لە قورئاندا، بۆیە لەناو قورئانییەكاندا زۆرترین ژمارە هەیە وەكو شانەی خەوتوو بە كەمترین هاندان و پەرەپێدان ئامادەن خەبات لە ناو دژە سوننەتەكانەوە بۆ ناو مولحیدەكان بگوێزنەوە، چونكە پەرژینی نێوانیان لاواز و هێماییە، چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ درخستنی حەقیقەتی ئەوان زۆر بەسوودترە لە مولحیدەكان، چونكە بڵاوبوونەوەی گومانی دژە سوننەتەكان لەلای خەڵكی قێزەونیان دەكات و كەسێك خۆی دڵی نەخۆش نەبێت و دڵی بەو گومانانە ئاو نەدرابێت پێیان كاریگەر نابێت، بە پێچەوانەی گومانی مولحیدەكان كەسی وا هەیە تەنها پێی بڵێی كێ الله ی درووست كردووە دوای ئەوە هەزار قسەی بۆ بكە گومانەكەی هەر لەدڵدا دەمێنیتەوە. 

12 - داواكاریم لەو بەڕێزانە ئەوەیە جەخت لەسەر ئەو بابەتانە نەكەنەوەو دڵنیایان دەكەمەوە دەگونجێت هەر ئەو كەسانەش كە ئامادەی ئەو جۆرە خولانە دەبن لە گەنجان و بگرە لەوانەش كە گوایە بەرپەرچی ئیلحاد دەدەنەوە، خۆیان گومانیان بۆ درووست ببێت، دواجار نەخۆیان پەی بە وەڵامی گومانەكەیان ببەن و نە بە وەڵامدانەوەكەی ئیوەش قایل ببن. 

13- هەروەها داواكاریشم لە فێرخوازانی زانست ئەوەیە بەشداری لەو جۆرە خولانەدا نەكەن كە تایبەتە بە رەددانەوەی ئیلحاد و وروژاندنی گومانەكانیان، چونكە بێ سوودە و زیان بەخشیشە و پێچەوانەی مەنهەجی پێشینانە لە فێربوونی ئیسلام و بەرگریكردن لە عەقیدەكەی، لەجیاتی ئەوە با بچن بنەماكانی بیروباوەڕ و زانستە شەرعییەكان فێر ببن كە زۆرینەی كورد هێشتا ئەركانی ئیمان و ئیسلام لەیەكتر جیاناكەنەوە، ئەڵبەتە وردەكاری و بەشەكانی تەوحید و شیرك و بیدعە باسەكانی تری عەقیدەو بیروباوەڕیش هەر نازانن وبەدەگمەن كەسانێك ببینیت واتای شایەتمان و مەرجەكان وهەڵوەشێنرەوەكانی بزانن كە ئەوە بۆ خۆی گەورەترین كاریگەری خراپی لەسەر دنیا و دواڕۆژیان بە جێدەهێڵێت. 

ئەگەر بچنە خولێكەوە تەفسیرێكی پوخت و ڕاستی قورئان فێر ببن، یان صححیح البخاری و كتێبەكانی تری فەرموودە و عەقیدە وزانستە شەرعییەكان فێر ببن و لەبەرهەم و كتێبی زانایانی پێشین خۆیان شارەزا بكەن، زۆر بە سوودێكی لەوە گەورەتر دەردەچن، فێربوونی زانستە شەرعییەكان بە تایبەتی زانستی بیروباوەڕ و حدیث و فقه وسیرة بە شێوەیەكی گشتی دڵ و دەروونیان پاراو دەكاتەوە وبەرگرییان بەرانبەر گومانەكان بۆ درووست دەكات ودیوارێكی تۆكمە لەبەرگری بۆ مێشك و دڵ و دەروونیان بەرانبەر گومانەكان بۆ درووست دەكات، نەك دیراسەكردنی خودی گومانەكان وپیس كردنی میشكیان بەو گومانانە. 

ئەمە بۆچوون و تیگەیشتنی منە و الله أعلم.