العربیة
/چل پەیام بۆ ئافرەتان/
منداڵەكەت لەسەر عەقیدەی پاك پەروەردە بكە:36
: 359
2023-02-19

  #چل_پەیام_بۆئافرەتان: 36 منداڵەكەت لەسەر عەقیدەی پاك پەروەردە بكە 1- دایك ڕۆڵێكی گەورەی لە پەروەردەكردنی منداڵدا هەیە، هەر لەو كاتەی كە سكی ماڵ ومەئوای یەكەمی ئەو كۆرپەڵەیە، تاكو لە دایكبوون وقۆناغەكانی شیرپێدان و گەورەبوونی، دایك هەمیشە لە بەر ئەوەی سەرچاوەی سۆز وخۆشەویستییە بۆ منداڵەكەی، هاوكات كاریگەری زۆریشی لە پەروەردەكردنیدا هەیە. 2- لە ڕاستیدا چاكبوونی منداڵ پەیوەستە بە چاكی باوكان و دایكانەوە، بۆیە ئەگەر بیانەوێت منداڵەكانیان چاكەكار و ڕەوشت جوان و عەقیدە پاك بن، پێویستە سەرەتا خۆیان بەو شێوە بن بۆ ئەوەی ئەوانیش وا دەربچن، الله عزوجل فەرمویەتی: (وَلْيَخْشَ الَّذِينَ لَوْ تَرَكُوا مِنْ خَلْفِهِمْ ذُرِّيَّةً ضِعَافًا خَافُوا عَلَيْهِمْ فَلْيَتَّقُوا اللَّهَ وَلْيَقُولُوا قَوْلًا سَدِيدًا). النساء:9. ئەم ئایەتە زۆرێكمان دەیخوێنینەوە، لەوانەیە بیر لەو واتا ترسناك و مەزنەی نەكەینەوە كە وریاییمان پێ دەدا لە هەستكردن بە بەرپرسیارێتی بەرانبەر منداڵەكانمان لە پاش مردنمان و بەجێهێڵانی ئەم دونیا. هەندێ لە پیاوچاكانی سەلەف دەیانفەرموو ئێمە نوێژ و عیبادەتەكانمان زیاد دەكەین لە پێناو ئەوەی مناڵەكانمان چاك دەربچن. 3- لە ڕاستیدا بۆ ئەوەی منداڵەكەت لەسەر ڕێبازو عەقیەیەكی چاك بێت، پێویستە لەكاتی هەڵبژاردنی هاوسەری چاك و پاكەوە كاری بۆ بكرێت، هەر لەو كاتەی كە بەناوهێنانی الله ئەو دوو هاوسەرە بەیەكدەگەن ودوای ئەوە دەپاڕێنەوەو دوعا دەكەن لە الله نەوەی باش و پاكیان پێ ببەخشێت وناخی دلەوە دەڵێن: (وَالَّذِينَ يَقُولُونَ رَبَّنَا هَبْ لَنَا مِنْ أَزْوَاجِنَا وَذُرِّيَّاتِنَا قُرَّةَ أَعْيُنٍ وَاجْعَلْنَا لِلْمُتَّقِينَ إِمَامًا( ( رَبِّ هَبْ لِي مِنَ الصَّالِحِينَ ) (رَبِّ هَبْ لِي مِن لَّدُنكَ ذُرِّيَّةً طَيِّبَةً ۖ إِنَّكَ سَمِيعُ الدُّعَاءِ). باوكان و دایكان نابێت هەر خەریكی شێوازە سەردەمیەكانی پەروەردە بن و ئەو ئەو سەرچاوە مەزنە لە دوعا و لە پەروەردەی ئیسلامی فەرامۆش بكەن. دایك لەو كاتەی كە دوو گیانەو قورئان دەخوێنێت كۆرپەڵەكەی لە سكیدا گوێ بۆ ئەو قورئان خوێندنە دەگرێت و كاریگەری لەسەری دەبێت، بەڵكو توێژینەوە لەم بارەوە هەیە شتی زۆر لەوە زیاتریش باس دەكەن. 4- كە منداڵەكەشت لە دایكبوو پێش هەموو شتێك پەنا بگرە الله لە خراپەی شەیتان بیپارێزیت، پێشەوا بوخاری لە سەحیحەكەیدا ئەم فەرموودە دەگێڕێتەوە: (ما مِن بَنِي آدَمَ مَوْلُودٌ إلَّا يَمَسُّهُ الشَّيْطَانُ حِينَ يُولَدُ، فَيَسْتَهِلُّ صَارِخًا مِن مَسِّ الشَّيْطَانِ، غيرَ مَرْيَمَ وابْنِهَا)(البخاري: 3431). هەموو منداڵێك جگە لە مەریەم و عیسای كوری علیهما السلام، كە لەدایك دەبێت شەیتان دەستی پێدەگەیەنیت بۆیە دەست بەگریان دەكات. 5- ئینجا دوای لە دایكبوونی و بە تایبەتی لە دوو ساڵی یەكەمدا، چونكە لەو قۆناغەدا منداڵ بە وردی چاودێری هەموو جولە و قسە و هەنگاوێكی دایكی دەكات و لە عەقڵ و لەناخیدا كاریگەری بۆ داهاتووی بەجێدەهێڵێت. بۆیە قورئان خوێندن و پابەند بوونت بە زیكرەكانی ئێواران و بەیانیان دڵنیابە سوودێكی زۆری بۆ داهاتووی منداڵەكەت دەبێت، زۆریش گرنگە ناو بەناو نزای چاكەت بۆی لەبیرنەچێت چونكە دوعا چەكی ئیماندارە. 6- كارێكی بەسوود و مەزنە، هەوڵ بدەیت منداڵەكەت یەكەمین وشەكانی ژیانی كە ئەگەر بەناتەواویش بێت، وشەی لا إله إلا الله، یان الله بێت، پێشینانی چاكی ئەم ئوممەتە پێیان خۆش بوو منداڵەكانیان سەرەتای قسەكردنیان بە لا إله إلا الله بێت. پێشەوا ابن قیم الجوزیة لە كتێبی (تحفة المودود بأحكام المولود 231) فەرموویەتی: با سەرەتای قسەكردنیان لا إله إلا الله محمد رسول الله بێت و یەكەمین ئەو وشانەی كە بچێتە گوێیاندا ناسینی الله وتەوحیدەكەی بێت و پێیان بوترێت الله لەسەر عەرشی خۆیتی دەمانبینێت و گوێی لە قسەكانمان هەیە. 7- لە دوای ئەو قۆناغەش هەر دەبێت لەگەڵیدا بیت و پەروەردی ئیمانی بكەیت، دەبێت لەبەردەمیاندا دوعای خێریان بۆ بكەیت، دایك و باوكی باش پێویستە هەمو هەلێك بۆ دوعا كردن بۆ مناڵەكانیان بۆزنەوە: كە شتێكت بەدەستەوە دەدات پێی بڵێیت الله لێت ڕازی بێت. الله بتپارێزیت ئەو دەرگا دابخە. نوێژەكەت لەبیر نەكەیت الله بتكات بە خزمەتكاری دینەكەی. دەگێڕنەوە و ئەمە بەسەرهاتێكی راستەقینەیە، ئافرەتێ: حەوت منداڵی بوو هەموویان قوئانیان لەبەر كرد، لێیان پرسی چۆن توانیت یارمەتیدەریان بیت بۆ ئەو كارە گەورەیە؟ وتی: هەموو جارێك یەكێكیان كارێكی باشی بكردایە بە شێوەیەك دوعام دەكرد كە خۆی بیبیسێت ودەموت: بارك الله فیك یاڕەبی ببیتە حافیزی قورئان، دەموت بەڵكو دوعاكانم لە كاتێكی وەرگیرانی نزاوپارانەوەدا وەربگیرێن والحمد لله وەرگیران. 8- هەروەها پێویستە باسی گرنگی دوعاكردنیان بۆ بكەیت ولەوە حاڵییان بكەیت كە دوعا لەوانەیە یەكسەر و لەوانەیە لە كاتی گونجاودا وەربگیرێت، فێرییش بكرێن دوعا بۆ باوك ودایكیان بكەن. یەكێكیش لەو كارە گرنگانەی بۆ منداڵەكەتی بكەیت ئەوەیە هەستی چاودێریكردنی الله و باوەڕ بوون بە قەدەر لە ناخ و دڵیدا بچێنیت بۆ ئەوەی خۆشەویستی پەروەردگاری هەر لەو تەمەنەوە پێش ئەوەی بگاتە شەش ساڵان لەڵا درووست بێت. دەتوانیت وەكو هەندێ لە شارەزایانی پەروەردە دەڵێن بە هەندێ ڕێنمایی و هەنگاوی گونجاو بۆ ئەو تەمەنەی ئەوان ئەو ئامانجە بپێكیت، لەوانە: - بە منداڵەكەت بڵێی وەرە با نوێژ بكەین و الله بمانبینێت و بەهەشتی بەرینمان پێ ببەخشێت. - لە الله شەرم بكە و خۆت داپۆشە. - دەتوانیت هەندێ ئایەتی وەكو: (وَهُوَ مَعَكُمْ أَيْنَ مَا كُنتُمْ ۚ وَاللَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ بَصِيرٌ) بە ئاسانی و بە ڕوونی بۆ باس بكەیت. - هەندێ جار پێویستە بە هاندان و ترسان پەروەردەی بكەیت، بۆ نموونە پێی بڵێیت الله ڕاستگۆیی پێ خۆشە و درۆكردنی پێ ناخۆشە . - ئەوەی گوێڕایەڵی فەرمانەكانی الله بكات و قەدەغەكراوەكانی نەبەزێنێت دەچیتە بەهەشت و لە دۆزەخ ڕزگاری دەبێت. 9- چاندنی خۆشەویستی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لە دڵی منداڵەكەتدا كارێكی گەلێك پڕ بایەخ و كاریگەری لە سەر داهاتوو ودواڕۆژی، بە پێی تەمەنی پێویستە هەل بقۆزیتەوە بۆ خۆشەویست كردنی رسول الله لەلای منداڵەكەت، بۆ نموونە لە كاتی نان خواردندا فەرموودەی : (يا غُلَامُ، سَمِّ اللَّهَ، وكُلْ بيَمِينِكَ، وكُلْ ممَّا يَلِيكَ)ی بۆ باس بكەیت. 10- دڵنیابە ئەگەر منداڵەكەت لە سەرەتای تەمەنیدا لەسەر تەوحید فێر بكرێت و ڕابێت لەسەریشی دەمرێت و دونیا و دواڕۆژی پڕ بەرەكەت دەبێت. پێغەمبەران علیهم السلام لە كاتی سەرەمەرگدا وەسیتیان بۆ مناڵەكانیان دەكرد كە لەسەر پەیمانی تەوحید بمێننەوە: (وَوَصَّىٰ بِهَا إِبْرَاهِيمُ بَنِيهِ وَيَعْقُوبُ يَا بَنِيَّ إِنَّ اللَّهَ اصْطَفَىٰ لَكُمُ الدِّينَ فَلَا تَمُوتُنَّ إِلَّا وَأَنتُم مُّسْلِمُونَ) البقرة:132. (وَإِذْ قَالَ لُقْمَانُ لِابْنِهِ وَهُوَ يَعِظُهُ يَا بُنَيَّ لَا تُشْرِكْ بِاللَّهِ ۖ إِنَّ الشِّرْكَ لَظُلْمٌ عَظِيمٌ ) لقمان:13. 11- بە وردبوونەوەش لە پەروەردەی پێشینانی چاكی ئەم ئوممەتە بۆ منداڵەكانیان بۆمان دەردەكەوێت كە ئەوان گرنگیان بە دامەزراندنی ئیمان زۆر داوە و خستوویانەتە پێش پێ لەبەركردنی قورئانیش، واتە تەوحیدیان خستووەتە پێش تەجوید، چونكە ئەگەر سەرەتا واتاكانی ئیمان و تەوحیدت لە ناخ و دەروونیدا چاند ئیتر لەبەر كردنی قورئان جێگای خۆی دەگرێت و ڕۆڵی چاوەروان كراوی خۆی لەلای دەبینێت. 12- لەبەر كردنی قورئانیش لە دوای تەمەنی دوو ساڵییەوە لە چەند سوڕەتێكی كورتی وەكو قل هو الله أحد وقل أعوذ برب الفلق وقل أعوذ برب الناس، مەسەلەیەكی گەلێك گرنگە، سەلەفی چاكی ئەم ئوممەتە لە تەمەنی منداڵیدا قورئانیان بە منداڵەكانیان لەبەر دەكرد، شافیعی بەڕەحمەت بێت دەڵێت لە حەوت ساڵیدا قورئانم لەبەر كرد و لە دە ساڵیدا موطأ ی پێشەوا مالك م لەبەر كرد. 13- فێركردنی نوێژیش بۆ منداڵ لە تەمەنێكی كەمدا كاریگەری باشی لەسەر دواڕۆژی هەیە و تاماوە وابەستەی نوێژ دەبێت و دڵی پێوە دەبەسترێتەوە، محمد بن سیرین دەڵێت: ئەگەر منداڵ ڕاست و چەپی خۆی لەیەكتر جیاكردەوە ئیتر فێری نوێژ بكرێت باشە. ڕۆوژیش بەهەمان شێوە لەو كاتەوە كە دەتوانێت و وردە وردە بگرێت باشە. 14- گەورەترین چاكە لەگەڵ منداڵەكەتدا بیكەیت و لە دواڕۆژیدا ڕەنگ بداتەوە و بۆ دونیا و قیامەتی خۆیشت باش بێت ئەوەیە منداڵەكەت بخەیتە سەر ڕێگای فێربوونی عیلمی شەرعی و بەتایبەتی زانستی عەقیدە هەر لە بابەتە سەرەكی و سەرەتاكانی وەكو توحید الربوبیة و توحید الألوهیة و الأسماء والصفات وباوەر بە هەموو پایەكانی تری ئیمان وبنەماكانی تری بیروباوەڕ كە سەلەف باسیان كردووە و خۆ بەدەستدانی تەواو بۆ حوكم و فەرمانەكانی الله تعالی، لە دوای عەقیدەش زانستەكانی فەرموودە و الفقه و التفسیر و ئادابەكان و سیرەو زمانی عەرەبی كە ڕؤڵی كلیل دەبینیت بۆ كردنەوەی دەرگای زانستە شەرعییەكان بە شێوەیەكی گشتی. 15- لەم سەردەمەی خۆماندا كە سەردەمی عەولەمەو فیتنە ونامۆبوونی ئیسلامە بە هۆی ئەو هەموو دژایەتییە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیەی كە دەكرێت، منداڵ كە گەیشتە تەمەنی چوون بۆ قوتابخانە، نابێت پشتگوێ بخرێت و پێویستی بە بەدواداچوون و بایەخ پیدان زیاترە، ئەگینا لەدەستت دەردەچێت، شارەزایان دەڵێن لەو تەمەنانەدا پێویستە باوكان و دایكان كاتی گونجاو هەڵبژێرن بۆ گەیاندنی هەندێ سوودی بیروباوەڕ كە دواڕۆژ لە كەسایەتیدا ڕەنگ دەداتەوە، وەكو كاتی گەشت وگوزار و كاتی نەخۆشی كە لەو كاتەدا دەروونی ئامادەترە بۆ وەرگرتنی قسەی باش و هەروەها فێركردنی منداڵ ڕێگای زۆرە بە پیی حاڵەتەكان جیاوازی هەیە، وەكو فێركردن لە ڕێگەی گفتوگۆ و چیرۆك و هاندان وپلە بەپلە و بە دووبارە كردنەوەی زانیاری و هەروەها فێركردن لە ڕێگەی ئەوەی خۆت یان كەسیكی تر بە شێوەیەكی كردەیی ببیتە پێشەنگ بۆی و شتی لێ فێر ببێت. 16- لەو تەمەنە هەستیارەی مناڵەكەتدا مەهێڵە تێكەڵی مناڵی خراپ و خەڵكی خراپ بكات چونكە ئەوە هەمووی كاریگەری خراپی لەسەر كەسایەتی دەبێت لە دواڕۆژدا، تەنانەت بۆ فێربونی قورئان و وانەی شەرعی مەیخەرە لای كەسێك موبتەدیع بیت و عەقیدەی خراپ بیت، چونكە پیی كاریگەر دەبێت و كە گەورە بوو لەوانەیە كەسیكی وەكو ئەوی لێ دەربچێت. بەڵكو دەبێت هەوڵ بدەیت لەگەڵ كەسانی باش و شوینكەوتووی سوننەت و عەقیدە پاكدا تێكەڵ ببێت بۆ ئەوەی لێیانەوە فێر ببێت و پێیان كاریگەر بێت. 17- تصور ناكەیت ئەگەر زیكرێكی وەكو " أعوذ بكلمات الله التامات من غضبه وعقابه وشر عباده ومن همزات الشياطين وأن يحضرون " یان هەر زیكرێكی تری پی لەبەر بكەیت بۆی هەیە چەند كاریگەری باشی هەبێت لە دواڕۆژیدا، بۆیە هیچ شتێك لەو بارەوە بەكەم مەزانە، بەڵام هەمیشە وردبەرەوە ئەوەی فێری دەكەیت صحیح بێت و بیدعە نەبێت. 18- دوای ئەوەی دەچێتە قوتابخانە و ئیتر ئاستی تێگەیشتنی باشتر دەبێت كۆمەڵە كتێبێك هەیە لە بواری عەقیدەدا نووسراوە تایبەت بۆ منداڵان ئەگەر بە منداڵ بوترێت لەلایەن كەسێكی ترەوە وەكو دایك و باوك و مامۆستای تر سوودی زۆر دەبێت، لەوانە ئەو نامیلكەی بەندە نووسیومە بەناونیشانی: - (فێركردنی تەوحید بۆ منداڵان) كە زۆرێكیم لە كتێبەكانی ئەهلی عیلم و تایبەتمەند بەو بوارەوە وەرگرتووە لەوانە: - تعلیم الصبیان التوحید، محمد بن عبدالوهاب. - التوحید للناشئة والمبتدئین. د. عبدالعزیز آل عبداللطیف. - أسئلة وأجوبة للصغار ولا يستغني عنها الكبار، سالم الطویل. 19- ئەگەر بتوانیت هەندێ كتێبی بە سوودت لابێت بۆ خۆت بیخوینیتەوە و بۆ ئەوانی باس بكەیت زۆر كارێكی بەرهەمدار و بەسوود دەبێت لەوانە: - الأصول الثلاثة لە عەقیدەدا بە شیوەیەكی ئاسان بۆ منداڵەكەتی باس بكەیت. - مەتنێكی كورت وپوخت لە فیقهدا وەكو مەتنی (الأخضري) یان هەر مەتنیكی تری كورت و ڕوون. - مەتنێكی ئاسان لە سیرەدا وەكو هۆنراوەی الشيخ عبد العزيز اللمطي المغربي لە سیرەدا، یان كتێبی الرحیق المختوم. - كتێبی صور من حياة الصحابة، وصور من حياة التابعين ی عبدالرحمن الباشا. بۆ سوودی زیاتر بروانە: رفقا بعقیدتي یا أمي، كە كتێبێكی باشە و بە شیكراوەیی بۆ ئەم مەبەستە نووسراوەو سوودم لێ وەرگرتووە.