هاوەڵی بەڕێز (أبو هریرة) الله لێی رازی بێت لە پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم دەگێڕێتەوە كە فەرموویەتی: (ما مِن مَكْلُومٍ يُكْلَمُ في سَبيلِ اللَّهِ إلَّا جاءَ يَومَ القِيامَةِ وكَلْمُهُ يَدْمَى، اللَّوْنُ لَوْنُ دَمٍ، والرِّيحُ رِيحُ مِسْكٍ).أخرجه البخاري (237)، ومسلم (1876).
لێكدانەوەی وشەكانی فەرمودەكە:
مكلوم : بریندار
یُكلم: بریندار بكرێت.
فی سبیل الله: لە پێناو الله.
وكَلْمُهُ يَدْمَى: برینەكەی خوێنی لێ دەتكێ.
اللَّوْنُ لَوْنُ دَمٍ: ڕەنگ ڕەنگی خوێنە.
والرِّيحُ رِيحُ مِسْكٍ: بۆنیش بۆنی میسكە.
ئەم فەرموودە باسی فەزڵ و گەورەیی برینداربوون و تووش بوون بە ناخۆشی و مردن لە پێناوی الله عزوجل دەكات، موسوڵمان لە ژیانی دونیادا تووشی هەرچی ناخۆشییەك ببێت لە پێناو دینەكەیدا دەبێتە هۆكاری پاداشتی گەورە و چوونە بەهەشت بۆی.
(مكلوم) كە بەواتای بریندار دێت لە فەرموودەكەدا، مەبەست لەو كەسەیە كە لە پێناو دینەكەیدا و لەبەر ئەوەی موسوڵمانە ئازار دەدرێت و بریندار دەكرێت وخوێنی بە ناحەق دەڕێژرێت، ئەو كەسەی بەو شێوە بێت مژدەی گەورەو دڵخۆشكەری پێدراوە، كەوا لە ڕۆژی قیامەتدا كاتێك زیندوو دەكرێتەوە برینەكەی هێشتا تەڕە و خوێنی لێ دەچۆڕێت، بەڵام لەبەر ئەوەی كاتەكە ڕۆژی قیامەتە و هەموو شتێك لەو كات وساتەدا لەگەڵ ئێستای دونیاماندا جیاوازە، بۆیە ئەگەرچی ڕەنگی خوێنەكە سوورە، بەڵام بۆنێكی خۆشی وەكو بۆنی میسكی لێ دێت.
سەبارەت بە حیكمەتی ئەوەش بۆچی ئەو كەسە لە ڕۆژی قیامەتدا بەو حاڵەوە دەگەرێتەوە لای پەروەردگاری، دەگونجێت لەبەر ئەوە بێت نیشانەی فەزڵ و پلەو پایەی بەرزی خاوەنەكەی بێت، هاوكات بەڵگە بێت لە دژی ئەنجامدەری تاوانەكە .
حیكمەتیش لەو بۆنە خۆشەی خوێنی بریندارەكە لەناو ئەوانەی لە گۆڕەپانی مەحشەردا وەستاون ئەوەیە شایەتی بێت بۆ فەزڵ و پلەو پایەی ئەو كەسەی لە پێناو دینەكەیدا بریندار بووە یان كوژراوەو شەهید بووە، ئەمەش هۆكاری ئەوەیە كە شەهید ئەگەر لە گۆڕەپانی جەنگدا لە پیناو الله بكوژرێت ومەرجەكانی موجاهید و جیهاد كردنی تێدا بێت نوێژی لەسەر ناكرێت وهەر بە خوێنەكەی خۆیەوە دەنێژرێت، وەكو لە فەرموودەكەی جابر بن عبد الله دا هاتووە الله لێی ڕازی بێت، كەوا پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرمانی كرد شەهیدەكانی جەنگی أحد بە خوێنەكانی خۆیانەوە بنێژرێن بەبێ كفن كردن و شۆردن: " أمر بدفن شهداء أحد في دمائهم ولم يُغسلهم " رواه البخاري 1346
بەڵام زانایان فەرموویانە جۆرەكانی تری شەهیدی وەكو لەفەرموودەكەدا هاتووە: (الشُّهَداءُ خَمْسَةٌ: المَطْعُونُ، والْمَبْطُونُ، والْغَرِقُ، وصاحِبُ الهَدْمِ، والشَّهِيدُ في سَبيلِ اللهِ عزَّ وجلَّ) مسلم:1914. واتە ئەو كەسەی بە نەخۆشی تاعون و بەئاازرو نەخۆشی هەناو دەمرێت، یان دەخنكێت و دیوای بەسەردا دەڕوخێت ئەوانەش شەهیدن، بەڵام ، ئەگەرچی لە فەرموودەكەدا بەشەهید ناوبراون، وا دەردەكەوێت كە ئەوانە هاوشێوەی جۆری یەكەم نین كە لە گۆڕەپانی جەنگدا دەكوژرێن، بەڵكو ئەم جۆرانە نوێژیان لەسەر دەكرێت.
إحسان برهان الدین
14 ربيع الآخر 1445
2023-10-29