العربیة
/گشتی/
دینداری ئەم سەردەمە دیندارییەكی نامۆیە
: 204
2024-01-28

ئەم سەردەمە زۆر كێشەی گەورە بگرە كارەساتی بێ پێشینەی تێدایە كە لە سەردەمانی تردا بەم زەقییە لە موسوڵماناندا بوونی نەبووە، لەوانە: 

- جەهلێكی بەرنامە بۆ داڕێژراو بە عەقیدەی تەوحید و ماف و مەرجەكانی لا إله إلا الله سەریهەڵداوە وتەنانەت لە ناو كۆمەڵگای موسوڵماناندا ڕەگی داكوتیوە و بووە بە ئەمری واقع وەكو دەوترێت، لە ئەنجامدا تێكچوون و دابڕانێكی قوڵی موسوڵمانی لێكەوتووەتەوە لە گەڵ بنەما سەرەكییەكانی دینەكەیدا و شێوانێكی خراپ بەسەر واتا و ڕەهەندەكانی ئیسلام لەلای موسوڵماناندا هاتووە؟ 

- وەكو كەوتنە ژێر كاریگەری فیكری عەلمانی و مادی، زۆربەی موسوڵمانان مامەڵەی شەرعی لەگەڵ ئافرەتدا ناكەن، چی كچ بێت یان خێزان و خوشك ودایك، بەڵكو مامەڵەی موسوڵمانان لەگەڵ كچ و ئافرەتەكانیاندا وەكو مامەڵە و رەفتاری عەلمانییەكانە لەگەڵ كچ و ئافرەتەكانیاندا! غیرەت لەسەر ئافرەت نەماوە و بگرە غیرەت و پارێزگاری كردن لە ئافرەت وەكو ئەوەی شەرع دەیەوێت بووە بەعەیبە و تەنها كەمینەیەك پێیان دەكرێت كە لە ناو كۆمەڵگادا زۆر بەنامۆ تەماشا دەكرێن و جۆرەها ناوو ناتۆرەشیان لێ دەنرێت. 

- تەشەنە كردنی درۆ لەناو كۆمەڵگادا، كە شێوازە باوەكەی یەكێكە لە جۆرەكانی درۆ كردن لە ناو كۆمەڵگای موسوڵماناندا، جگە لەوە دەیان لەوانەشە سەدان شێوەی درۆكردن سەری هەڵداوە، زۆرێك لە خەڵكی بەبێ هیچ شەرم و ئیحراجییەك ئەنجامی ئەدەن، ئەمەش وای كردووە موسوڵمان و غەیری موسوڵمان لەڕووی ئاكار و ڕەوشتی شەرعی وەكو یەك بن یان فەرقیكی زۆریان نەبێت. 

- بەهۆی ئاسان بوون و ڕەخساندنی ڕێگاكانی ئەنجامدانی تاوان وگەیاندنی بەخۆڕایی بۆ ناو ماڵی هەموو موسلمانێك، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە فەساد و خراپەو بەكارهێنانی ئافرەت هەیە وەكو ئامرازێكی ڕابواردن و خراپە، زۆربەی موسوڵمان پشكێك زۆر بێت یان كەم لەو جۆرە تاوانە ئەنجامدانی ئەو حاڵەتە ناشەرعییە بووەتە بەشێك لە ڕۆتینی ژیانیان تەنانەت ئەوەندە ئاسایی بووەتەوە لەلایان هەست بە شتێكی نامۆ ناكەن كاتێك ئەو گوناهانە ئەنجام ئەدەن. 

- زاڵبوونی وابەستەبوون بەدونیا و هەڵپە بۆ پەیداكردنی پارە لە لی موسوڵماناندا، بە شیوەیەك خۆشەویستی دونیا بەسەریاندا زاڵ بووە، پارە و سەیارە و خانوو و ماڵی دونیا بەگشتی زۆر لە دینەكەیان خۆشەویستر و دڵگیرتر بووە، ئەوەش ئەوەندەی تر مۆری لە دڵەكانی داوە، زۆربەی موسوڵمانان تا بیناقاقان وێڵن بەدوای ژیانی مادیدا، تەمەن تەواو دەبێت بەكەمترین ئاواتە مادییەكانیان نەگەیشتوون، كورد واتەنی ئەمیشم چوو ئەویشم چوو. 

- سەبارەت بە خاڵی یەكەم كە تێكچوونی بابەتەكانی بیروباوەرە لە دیدی موسوڵمان و بە گەورەترین و سەرەكیترین لادان و دووركەوتنەوەی موسوڵمان دیتە ئەژمار لە دینەكەی، دیارترینیان دوو شێوازە:  

* یەكەمیان لە ڕێگەی دژایەتی كردنی زمانی عەرەبی و نامۆكردنی بە سەدان هۆكار و رێگەوە، نەوەیەك پەیدا بووە نە لە قورئان و نە لەسوننەت هیچ نازانێت، كورد واتەنی سەریان لە ئایەت و فەرموودە هیچ نەبێت لە جەوهەرەكانیان تەقەی دێت! ئەوەش كارەساتێكە سەرەتای هەیە و كۆتایی دیار نییە. 

* شێوەیەكی تری ئەو حاڵەتەش بەتایبەت خۆی لە مەسەلەی ولاء و براء واتە خۆشەویستی و ڕق لێبوون لەبەر الله دەبینێتەوە، لەگەل ئەوەی كە ئەو پرسە كۆڵەكەی بیروباوەری موسوڵمانە بەڵام دەبینی بەجارێك باسی نەماوە و ئەوەش ڕێحۆشكەرێكی زۆر ترسناك بوو بۆ چەندین كارەساتی تر، لەوانە لە گەڵ تێپەڕبوونی كات و بە بەهانەی جۆراوجۆرەوە، موسوڵمانان هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ نەیارانی ئیسلامدا و بیروبۆچوونەكانیاندا نەما، بەڵكو ئەوپەڕی هاوكاریش وهاریكاریش لە نێوانیاندا پەیدابوو، خڵكی وەكو چۆن غیرەتیان لەسەر مەسەلەی ئافرەت لە رۆشنایی شەرعدا كەم بوویەوە و كەوتنە ژێر بەواقیعی عەلمانی و هێرشی عەولەمە، بەهەمان شێوە غیرەتیان لەسەر دینەكەشیان نەما، كابرا دوژمنی دینەكەیەتی كەچی زۆر خۆشی دەوێت و حزمەتكاریشی دكات و شانازیشی پیوە دكات. 

ئەمەی باسم كرد بەم خێراییە بەداخەوە تەنها چەند نموونەیەكی خێرا بوو خۆی لەسەرەباسەكاندا دەبینێتەوە ، ئەگینا كارەساتەكە زۆر لەوە گەورەترە