العربیة
/جیاوازی عەقیدەی ئەهلی موعتەزیلە لە ئەهلی سوننەو جەماعەت/
نكۆڵی كردنیان لە سیفەتەكانی الله تعالی
#جیاوازی_عەقیدەی_موعتەزیلە_لە_عەقیدەی_ئەهلی_سوننەت:(4) (نكۆڵی كردنیان لە سیفەتەكانی الله تعالی) موعتەزیلە ناوەكانی الله تعالى جێگیر دەكەن و نكۆلی لێ ناكەن، بەڵام جێگیر كردنەكەشیان بەهەمان شێوەی بەشەكانی تری عەقیدەكەیان بە شێوەیەكی بیدعی و نامۆیە و جیاوازە لە جێگیر كردنی ئەهلی سوننەت و جەماعەت: - سەرەتا هەموو ناوەكانی الله جێگیر ناكەن، بۆ نموونە: ئەو ناوەی لەڕیگەی فەرموودەی ئاحادەوە هاتبێت باوەڕیان پێی نییە، با لە هەر سەرچاوەیەكی باوەڕ پێكراوی فەرموودەشدا هاتبێت! - ئینجا بۆ نموونە كە ناوی (العلیم و القدیر و السمیع و البصیر) جێگیر دەكەن ودەڵێن باوەڕیان پێیەتی، لە ڕاستیدا باوەڕیان تەنها بەناوەكانە بەبێ سیفەتەكان! واتە: باوەڕیان بە عەلیمە بەڵام بەبێ سیفەتی عیلم، قەدیر بەبێ سیفەتی قودرەت و ئیتر بەو شێوە، چونكە دەڵێن ئەو سیفەتانە زیادەیە لەسەر زاتی الله و وەكو دەڵێن دەبێتە هۆكار بۆ (تعدد القدماء)! - هەروەها ناوەكانی الله بەلای موعتەزیلەوە تەوقیفی نیین! واتە ئەتوانرێت ناوی تر جگە لەوەی لە قورئان و لە سونەتدا هاتووە بۆ الله دابتاشرێت ، لەو بارەشەوە (أبو علي الجُبّائی) كە یەكێكە لە سەرانیان، ڕۆچوونی زۆری هەیە و وتوویەتی هەر ناوێك بەبەڵگەی عەقڵ ئاسایی بێت بە الله بوترێت كەواتە ئەتوانرێت بدرێتە پاڵی! - هەروەها لە گومڕاییەكانی تریان وەكو زانایان فەرموویانە ئەوەیە ، دەڵێن ئەو ناوانەی الله مەخلوق و دروست كراون، واتە دەڵێن: سەرەتا الله بووەو ناوی نەبووە! تا بوونەوەری درووست كردووە و ئینجا ئەوان ئەو ناوانەیان لێ ناوە! بە كورتی - وەكو توێژەرێك دەڵێت - بیروباوەڕی موعتەزیلە لە مەسەلەی ناوەكانی الله تعالی دا، ئەگەرچی لە ناپەسەندی و گومڕاییدا ناگاتە ئاستی ئەوانەی پێشی خۆیان، بەڵام زۆریشی لەوان جیاواز نییە! بەڵام ئەهلی سونەت و جەماعەت هەموو ناوەكانی الله تعالی كە لە قورئان و سەحیحی سوننەتدا هاتووە بۆی جێگیر دەكەن، لەگەڵ ئەو سیفەت و شوێنەوارەش كە ئەو ناوە ئاماژەی بۆ دەكات، باوەڕیان بەوە هەیە ئەوانە ناوی الله ن و هاواریان پێ دەكرێت وەكو خۆی فەرموویەتی: { وَلِلَّهِ الْأَسْمَاءُ الْحُسْنَى فَادْعُوهُ بِهَا وَذَرُوا الَّذِينَ يُلْحِدُونَ فِي أَسْمَائِهِ سَيُجْزَوْنَ مَا كَانُوا يَعْمَلُونَ } [الأعراف: 180]. سەبارەت بە سیفەتەكانی الله تعالی، موعتەزیلەكان هەڵوێست و بیروباوەڕیان لە گەڵ هەموو زانایانی سەلەفدا جیاوازە و بە بەهانەی پاراو ڕاگرتن و بەمەزن زانینی الله تعالی سیفەتەكانی پەروەردگاریان پەك خست و تەعتیل و تەئویل كرد و لەسەر حەقیقەتەكانی خۆیان لایان برد تەنها لەبەر ئەوەی لەگەڵ بەڵگەكانی عەقڵی ئەوان و ئەو فەیلەسووفانەی ئەوان شوێنكەوتوویانن یەكناگرنەوە!. (القاضي عبدالجبار )كە یەكێكە لە سەرانی ئیعتیزال دەڵێت: (إذا ورد في القرآن آيات تقتضي بظاهرها التشبيه، وجب تأويلها لأن الألفاظ معرضة للاحتمال ودليل العقل بعيد عن الاحتمال). واتە: ئەگەر لە هەندێ لە ئایەتەكانی قورئاندا بەرواڵەت واتای تەشبیهو لێکچواندن بگەیەنێت، لەو حاڵەتەدا پێویستە تەئویل بكرێن، چونكە وشەكانی قورئان ئەگەر و گومان هەڵدەگرن، بەڵام بەڵگەی عەقڵ دوورە لە ئەگەر و گومانەوە، وەكو دەردەكەوێت بەڵگەی عەقڵی لە زاهیری قورئان بەلاوە بەهێزترە! بۆیە زۆربەی موعتەزیلەكان نكۆڵی لە هەموو سیفەتەكانی الله تعالی دەكەن جگە لە چوار سیفەت نەبێت كە بریتین لە: ( الوجود ، الحیاة ، القدرة ، العلم) واتە: بوون وژیان و توانا وزانست، تەنانەت سیفەتی قسەكردنیش بۆ الله جیگیر ناكەن! هەموو موعتەزیلەكانیش لەسەر ئەم بیروباوەڕەن هەر لە ڕەتكردنەوەی سیفاتدا لە شوێنكەوتووە كۆنەكانی (واصل بن العطاء) تاكو دەگاتە: (أبو الهذیل العلاف) كە ڕۆچوو بوو لە وتەو باسی فەیلەسووفەكانی یۆناندا وسیفەتەكانی الله ی بۆ دوو جۆر پۆلێن كرد كە ناوی لێنان: (صفات أفعال وصفات ذات)، بەڵام دوا جار هەموویان یەكدەنگن لەسەر ئەوەی تەنها ئەو چوار سیفەتە بۆ الله جێگیر دەكەن كە سیفاتی (ذات) ی پی دەڵێن و تێكڕای سیفەتەكانی تری الله ڕەتدەكەنەوە. موعتەزیلە لەمەسەلەی سیفاتدا شوێنی عەقڵ و هەواو ئارەزووی خۆیان كەوتبوون و بە ئایەتە موتاشابیهاتەكانەوە خەریك بوون و زاهیری قورئان و سوننەتیان بەگشتی لەبەرژەوەندی ئەقڵ و تێگەیشتنی كەسێتی خۆیاندا ڕەت دەكردەوە. موعتەزیلە لە مەسەلەی سیفاتدا مەنهەج و ڕێبازێكی نامۆیان ڕەچاو كردوە كە هەڵقوڵاوی تێگەیشتنی فەیلەسووفەكانی یۆنان و فەیلەسوفە بەناو موسوڵمانەكان بووە، مەنهەجەكەیان نەك هەر پێچەوانەی سەرلەبەری ڕێبازی هاوەڵان و زانایانی سەلەف و پێشینانی ئەم ئوممەتەیە، بەڵكو بە ئاشكرا لەگەڵ مەنهەجی خودی قورئانیشدا تێكدەگیرێت، چونكە چۆن دەكرێت الله سیفاتێكی زۆر بۆ خۆی لە قورئاندا جێگیر بكات و دوایی هیچ لەو سیفەتانە واتا نەبەخشن و تەئویل بكرێن وپەك بخرێن! هەر ئەو مەنهەجە نامۆ و گومڕایەش بوو موعتەزیلەی گەیاندە ڕێڕەوی تعطیل و نكۆڵی كردن لە سیفەتەكانی الله تعالی. ئینجا چونكە بەڵگەی عەقڵ بەلای موعتەزیلەوە بەڵگەیەكی سەلمێنەر و حاشا هەڵنەگرە! بۆیە عەقڵ و بۆچوونی كورت و تەسكی خۆیانیان پێشی ڕواڵەتی قورئان و سوننەت خست و دواجار عەقڵەكەیان سەری لە بێ عەقڵیەوە دەركرد! چونكە ڕێگەیان بەخۆیان دا عەقڵی مرۆێكی پڕ لە كەم و كورتی بكەن بە خاوەن دەسەڵات و دادوەر بە سەر دەقەكانەوە! موعتەزیلە لە پاساوی ڕەتكردنەوەی سیفەتەكانی الله تعالی دەڵێن ئەو سیفەتانە (عرض)ن، ( مەبەستی موعتەزیلە لە وشەی العرض وەكو القاضي عبدالجبار دەڵێت بریتییە لە: ڕەنگ و تام و بۆن و گەرمی و ساردی و ئازار و دەنگ، یان وەكو الرازي دەڵێت: بریتییە لە شتێك پێویستی بە جێگەیەك بیت بچێتە ناوییەوە)درووستیش نییە الله بە هیچ سیفەتیكی زیاد لە زاتی خۆی وەسف بكرێت، ئەوەش لە كاتێكدایە كە هیچ زانایەك لە ئەهلی سوننەت وشەی (عرض) ی بۆ الله بەكارنەهێناوە ، بەڵكو ناوو سیفەتەكانی الله یان وەكو ئەوەی لە قورئاندا هاتووە بەو شێوەی كە شاییستەی پەروەردگارە بۆی جێگیر كردووە. لە دەرەنجامی ڕێڕەوی گومڕای موعتەزیلە و نكۆڵی كردنیان لە سیفاتەكانی الله تعالی، كە لە ڕاستیدا ئەوانیش ئەو بیدعە گەورەیان لە سیفاتدا لە (الجعد بن درهم) و (جهم بن صفوان) وەرگرتبوو، هەموویشیان وا دەردەكەوێت لە فەیلەسووفە یۆنانییەكانەوە وەریان گرتووە وەكو ئەفلۆتین، بەو عەقیدە ناكۆكەیان لە گەڵ عەقیدەی ئیسلامدا دەرگایان لەسەر پشت بۆ دووبەرەكی و ناكۆكی لە ئوممەتی ئیسلام كردەوەو بیانوویەكیان دا بە دەستی دوژمنانی ئیسلامەوە بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتناسەكان كە هێرش بكەنە سەر عەقیدەو بیروباوەڕی ئیسلام و موسوڵمانان و بەو بۆنەشەوە تاكو ئێستەش موعتەزیلە هەمیشە لەلایەن نەیارانی ئیسلام و بەتایبەت عەلمانییەكان زۆر بەچاوی ڕێزو گەورەییەوە تەماشای دەكرێن! تەنانەت هەرچی ئەوانەش كە بەناو ئیسلامەوە لە ئیسلام لایانداوەو لە سەر ئیسلام حیساب دەكرێن هەموویان بە فیكری موعتەزیلە سەرسامن و گومراییەكانیان بە حەق و ڕاستی دەزانن! بەڵام ئەهلی سونەت بە پێچەوانەی موعتەزیلەوە، باوەڕیان بە هەموو ئەو ناووسیفەتانەی پەروەردگار هەیە كە لە لە ئایەت و فەرموودە سەحیحەكاندا هاتووە و بەو شێوەی كە لایق بێت بە زاتی الله بۆی جێگیر دەكەن بەبێ چۆنیتی دیاریكردن و بەبێ پەكخستنی واتانی و بەبێ تەئویل و گۆڕینی واتاكانیان باوەڕیان پێی هەیە. * (ئەم باسە ماوێتی و درێژەی هەیە إن شاء الله). إحسان برهان الدین 28 رجب 1442 12 آذار 2021  
سەرچاوەی سەرەکییان کیتاب و سوننەت نییە
#جیاوازی_عەقیدەی_موعتەزیلە_لە_عەقیدەی_ئەهلی_سوننەت:(3)   لە ڕاستیدا جیاوازییەكانی عەقیدەی موعتەزیلە لەگەڵ ئەهلی سونەتدا لە ڕووی چەندێتی وبڕەوە گەلێك زۆرن، لە ڕووی ناوەڕۆك و چۆنێتیشەوە بریتین لە پرسی گەورەو هەستیار، سەرەكیترین ئەو جیاوازییانە خۆی لەوەدا دەبیتێەوە كە موعتەزیلە سەرچاوەی وەرگرتنیان لە سەرچاوەی وەرگرتنی ئەهلی سوننەت جیاوازە، موعتەزیلە عەقیدەیان لە كیتاب و سونەت وەرناگرن! بەڵكو لە زانستی كەلام و مەنتیق و فەلسەفە وەریدەگرن و هەر ئەوانەش دەكەنە پێوەر بۆ تێگەیشتن لە تێكڕای ئیسلام، باسەكانی عەقیدەش لەلای موعتەزیلە لە ژێر ناوی علم الكلام دا دەخوێننرێت و پێشكەش دەكرێت، ئەمەش لە كاتێكدایە كە ئەو زانستە كۆمەڵە باسێكی فەلسەفییە و كراوەتە پێوەر و زاڵ كراوەتە سەر باسەكانی بیروباوەڕ لە ئیسلامدا، مەگەر بۆ مشت ومڕ و خۆڵ لە چاوكردن نەبێت ئەگینا موعتەزیلەكان ئایەت و فەرموودە ناكەنە بەڵگە، بشیكەن ئەبێت بە فلتەری عەقڵ و تێگەیشتن و میزاجی خۆیاندا تێپەڕێت چونكە مەعلومە ئەوان لە كوێ عەقڵ و نەقڵ تێكگیران عەقڵ پێش نەقڵ دەخەن! بەڵكو هەندێ بنەمای زانستی كەلام و مەنتیق و بنەمای فەلسەفی دەكەنە پێوەری تێگەیشتن لە دین و لە نێویشیاندا ئایەتەكانی قورئان، واتە تێگەیشتنیان بۆ ئایەتەكانی قورئان بە پێی ئەو بنەمایانەیە كە ئاماژەمان بۆ كرد، بەڵام ئەهلی سوننەت عەقیدەكەیان ڕاستەوخۆ لە كیتاب و سوننەت وەردەگرن و لە ڕۆشنایی تیگەیشتنی زانایانی سەلەفدا بۆ دەقەكانی ئەو دوو سەرچاوەیە دینداری دەكەن و لە دەقەكان تێدەگەن. الله تعالی فەرموویەتی: {يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لا تُقَدِّمُوا بَيْنَ يَدَيِ اللَّهِ وَرَسُولِهِ} واتە: ئەی ئەوانەی باوەڕتان بە الله و بە پێغەمبەرەكەی هێناوە! لە شەریعەتی دینەكەتاندا هیچ كارێك ئەنجام مەدەن و بڕیاری هیچ شتێك مەدەن بەبێ گەڕانەوە بۆ الله و بۆ پێغەمبەرەكەی صلی الله علیه و سلم بۆ ئەوەی نەكەونە ناو بیدعەو ئەقڵی خۆتان پێشی ئایەت و فەرموودە مەخەن نە بە قیاس و بەراوردكردن و نەبە حەزو بۆچوونی كەسێتی خۆتان. مەنهەجی ئەهلی سوننەت ئەوەیە لە ئاستی دەقەكاندا دەوستن و تێیانناپەڕێنن و ڕەتیانناكەنەوە، بەڵام ئەهلی بیدەع و لە سەروویشیانەوە موعتەزیلەكان، تەنانەت مەسەلەی قیاس ئەهلی سوننەت یەكدەنگن كە قیاس لە پرسەكانی عەقیدەدا نابێت و درووست نییە. سەرچاوە سەرەكییەكانی وەرگرتن لەلای ئەهلی سوننەت بریتین لە كیتاب و سوننەت و ئیجماع، هەروەها سەرچاوەی لاوەكیش هەیە كە بریتین لە فیترەتی ساغ و نەشێوێندراو وعەقڵ بەڵام لە ڕۆشنایی كیتاب و سوننەتدا . موعتەزیلە - هاوكات تاقمەكانی تریش وەكو جەهمییەو ئەشاعیرە و ماتریدییە - وەكو (ابن القیم) لە كتیبی (الصواعق المرسلة ) دا دەگێرێتەوە، تێگەیشتنیان بۆ عەقیدە و بۆ دەقەكانی قورئان و سوننەت بە گشتی لە ژێر ئەم چوار بنەما ناكۆكەدایە كە (ابن القیم) بە چوار بنەما تاغوتییەكان ناویان دەبات و بریتین لە: 1- ئەوان دەڵێن: وتەی الله و پێغەمبەرەكەی صلی الله علیه و سلم بەڵگەی لەفزی و وتەیین، خۆیان لە خۆیاندا نابنە زانستێكی بەسوود و نابنە مایەی درووستبوونی یەقین و دڵنیایی تەواو! 2- ئەوان باوەڕیان وایە: هەرچی ئایەتەكاتی سیفات هەیە هەمووی مەجازە و خواستنە و بۆ نموونەیە، نەك بەڕاستەقینە مەبەست لەو شتانە بێت كە لە ئایەت و فەرموودەكاندا لەوبارەوە هاتوون بەتایبەتی ئەوەی بە (الصفات الخبریة) ناسراون. 3- هەرچی ئەو فەرموودانەی لە پێغەمبەرەوە پێمان گەیشتووە صلی الله علیه و سلم و، لەڕێگەی كەسانی متمانە پێكراو و دادگەرەوە وەرمانگرتوون، هەمووی ناگاتە ئاستی ڕاستی و دڵنیایی، بەڵكو دوا جار تێكڕایان جێگەی گومانن. 4- ئەوان پێیان وایە: هەر كاتێك عەقڵ و دەقەكانی قورئان تێكگیران، ئەوا بەبێ دوو دڵی عەقڵ پێشی دەق دەخرێت. * (ئەم باسە ماوێتی و درێژەی هەیە إن شاء الله). إحسان برهان الدین 24 رجب 1442 8 آذار 2021  
پێناسەیەکی کورتی موعتەزیلە
#جیاوازی_عەقیدەی_موعتەزیلە_لە_عەقیدەی_ئەهلی_سوننەت:(2) پێناسەیەکی کورتی موعتەزیلە موعتەزیلە تاقمێكن لەو تاقمانەی كە لە كیتاب و سوننەت لایانداوە و ڕێڕەوەكەیان لەسەر بنەمای ڕەتكردنەوەی زۆرێك لە سوننەت و تێگەیشتنی خۆیان بۆ قورئان دامەزراندووە، موعتەزیلە بەوە ناسراون كە شوێنكەوتووی ئەقڵن و بەتێڕامان و تیگەیشتنی خۆیان بۆ دەقەكان لە دین تێدەگەن و هەر بەو شێوەش دەیكەن بە كردار! هۆكاری ناونانیان بە موعتەزیلە چەند بۆچوونێكی لەسەرە، یەك{ك لەوانە ئەوەیە كە موعتەزیلە دریژەپێدەری ڕێگای ئەوانەن كە بێ لایەنییان هەڵبژارد لە شەڕی نێوان عەلی و موعاویە الله لێیان رازی بێت، بەڵام بەناوبانگترینی ئەو بۆچوونانە ئەوەیە كە دامەزرێنەی تاقمەكە (واصل بن عطاء) پاش درووست بوونی كێشە وناكۆكی لە نێوان خۆی و (الحسن البصري)دا بازنەكەی ناوبراوی لە مزگەوتی بەسرە بەجێهێشت و خۆی لێیان جیاكردەوەو و بازنەیەكی تری سەربەخۆی دامەزراند. موعتەزیلە بە كۆمەڵێك بیروباوەڕی فەلسەفی و و قەناعەتی نامۆ و عەقیدەی جیاواز لە عەقیدەی ئەهلی سوننەت جیادەبنەوە، پێناسی سەرەكی ئەوان لە مەزهەبەكەیاندا ئەوەیە بە ئەقڵ و تێگەیشتنی كەسێتی خۆیان دینداری دەكەن و ئەقڵیان پەسەند دەكەنە سەر ڕواڵەتی دەقەكانی قورئان و هەروەها ئەو بڕە فەرموودەش كە باوەڕیان پێیەتی، چونكە باوەڕیان بە فەرموودە لە بنچینەوە سنووردار و مەرجدارە بە هۆی هەلوێستی خراپیان دەربارەی زۆرێك لە هاوەڵان الله لێیان ڕازی بێت، هەروەها لەبەر هەندێ هۆكاری تر كە پەیوەندی بە ڕێڕەوە نامۆكەیان هەیە لە تێگەیشتنی ئیسلام لە ڕۆشنایی عەقڵ و پەسەندكردنیشی بەسەر نەقڵدا! موعتەزیلە بەو ناوەی خۆیان ڕازی بوون و نكۆڵییان لێ نەدەكرد، ئەگەرچی پێیان خۆشتر بوو پێیان بوترێت (أهل التوحید والعدل) وەكو ئاماژەیەك بۆ ئەو دوو بنەمایەی بیروباوەڕیان، یان بە (العدلیة)، بەڵام لەلای ئەهلی سوننەت زیاتر بە (المعطلة) ناسراون لەبەر ئەوەی سیفاتی الله پەك دەخەن و نكۆڵی لێ دەكەن، هەندێ جاریش بە (الجهمیة) دەناسرێن لەبەر ئەوەی لەمەسەلەی سیفاتدا درێژە پێدەری ڕێبازی جەهمیەكانی شوێنكەوتووی جەهمی كوری سەفوانن. موعتەزیلە بەلای ئەهلی سوننەتەوە تاقمێكی گومڕان و لە مەنهەجی قورئان و سوننەت لایان داوە و، كەسی موعتەزیلیش ئەو كەسەیە كە باوەڕی بە پێنج بنەماكانیان ئەوان هەبێت كە لە ئەهلی سوننەت پێی جیا دەبنەوە و دواتر إن شاء الله دەیانخەینە ڕوو، بەڵام وەكو أبو الحسن الخیاط لە كتێبی الإنتصار دا دەڵێت: كەسی موعتەزیلی تا نكۆڵی لە سیفاتەكانی پەروەردگار نەكات با باوەڕی بە بنەماكانی تریشیان هەبێت پێی ناوترێت موعتەزیلی. لە ڕاستیدا موعتەزیلە لە خۆیانەوە بەبێ هۆكار درووست نەبوون، بەڵكو كۆمەڵێك هۆكار و پاڵنەر لە دوای سەرهەڵدانیانەوە هەبوو، لەوانە: - ئەو فیتنەی كە لە نێوان هاوەڵاندا الله لێیان ڕازی درووست بوو لە پاش كوژرانی عوسمان الله لێی ڕازی بێت. - درووست بوونی هەندێ تاقم وەكو خەواریج و شیعە و تاقمی تر. - دزەكردنی زۆر كلتور و بیرۆكە و هزری میللەتانی تر بۆ ناو فیكری ئیسلامی لە ئەنجامی موسوڵمان بوونی كەسانێكی زۆر لە غەیری عەرەب. گەورەترین جیاوازی لە نێوان ئەهلی سوننەت و موعتەزیلەدا ئەوەیە كە سەرچاوەی وەرگرتنی ئیسلام لەلای ئەهلی سوننەت تەنها قورئان و سوننەتە وئیجماعی ئوممەتیش لەسەر بنەمای كیتاب و سونەت ئیعتیباری خۆی هەیە، بەڵام موعتەزیلە شوێنكەوتووی ئەقڵ و تیگەیشتنی كەسی خۆیانن، بەو عەقڵەیان زۆرێكیان لە واتاكانی قورئان رەتكردەوەو تەئویلیان كرد و سەبارەت بە سوننەتیش ڕێژەیەكی زۆر كەمیان قبوڵە لەبەر هەندێ هۆكار كە دواتر إن شاء الله ڕوونیان دەكەینەوە. بە كورتی موعتەزیلە عەقڵیان كرد بە دەسەڵاتدار بەسەر نەقڵەوە واتە بەسەر دەقەكانی قورئان و سوننەتەوە لەو بەشەی كە باوەڕیان پێی بوو، هەموو حوكمەكانی ئیسلامیشیان خستە ژێر ڕكێفی تێگەیشتن و هزری خۆیانەوە، هەر بۆیە دواجار زۆرێكیان لە بنەما جێگیرەكانی ئیسلام ڕەتكردەوە و عەقڵیان لێ بو بە جۆرە پەروەردگارێك كە دەیانپەرست و ملكەچی فەرمانەكانی دەبوون. إحسان برهان الدین 20 رجب 1442 4 آذار 2021  
تێگەیشتنیان بۆ ئیسلام تێگەیشتنێکی نامۆیە!
#جیاوازی_عەقیدەی_موعتەزیلە_لە_عەقیدەی_ئەهلی_سوننەت:(1) تێگەیشتنیان بۆ ئیسلام تێگەیشتنێکی نامۆیە! كەمكردنەوە لە پلەو پایەو گرنگی دەستگرتن بە دەقەكانی كیتاب و سوننەت و ناوو ناتۆرەنان لە هەڵگرانی ئەو پەیامە لە سەر وابەستەبوونیان بەو دوو سەرچاوە، لە بنچینەدا داهێنان و پیشەی فیرقەیەكی نەیاری ئەهلی سوننەت بووە كە قورئانیان بە تێگەیشتن و عەقڵی خۆیان وەرگرتووە و سوننەت و تێگەیشتنی هاوەڵانیان ڕەتكردووەتەوە، لە هاوچەرخەكانیشدا چی لە جیهانی ئیسلامی بە شێوەیەكی گشتی و چی لە كوردستاندا بە شێوەیەكی تایبەتی، ئەوانە ئەو كارە ئەنجام دەدەن كە شوێنكەوتووی موعتەزیلەكان و زیندووكەرەوەی بیرۆكەو گومانەكانی ئەوانن، كە ئەو كەسانەش زیاتر لە ناو هەندێ جێگە و پێگەی فەرمی لە كوردستاندا بوونیان هەیە و بەردەوام و لە هەربۆنەیەكدا هەلێكیان بۆ هەڵكەوێت دەیقۆزنەوە و بەچاوێكی گەورە و مەزن تەماشای بنەما و كەسایەتییەكانی ئەو تاقمە لادەرە دەكەن و پاڵپشت بە كەمی زانست و دووری موسوڵمانان لە دینەكیان بیروباوەڕەكانی ئەوان پێشكەشی خەڵكی دەكەن و، كار لەسەر ئەوە دەكەن هەمیشە موعتەزیلە وەكو كۆمەڵێكی ژیر و تێگەیشتوو لە دین وێنا بكەن وفەزڵیان دەدەنە سەر ئەوانەی كە تەنها لە ڕۆشنایی كیتاب و سوننەتدا دینداری دەكەن ، هاوكات خۆیشیان - بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ - وەكو كەسانێكی ژیر و شوێن پێ هەڵگری ئەوان دەناسێنن، لە بەرانبەریشدا ئەهلی سوننەت و جەماعەت، یان هەر كەسێك كە مەزن تەماشای دەقە شەرعییەكان بكات و بیەوێت وەكو خۆی پەیڕەوییان بكات و وابەستەی قورئان و فەرموودە بێت بە تێگەیشتنی زانایانی سێ سەدە چاكەكە، ئەوان وەكو كەسێكی ناحاڵی و كورت بین وبیر تەسك و دوور لە لۆژیك وێنای دەكەن و سووكایەتی بە ئەقڵ و تێگەیشتنی دەكەن. لە ڕاستیدا موعتەزیلەكان هیچ گومانێكی تێدا نییە كە تێگەیشتنیان بۆ ئیسلام تێگەیشتنێكی نامۆیە و بنەماكانیشیان لەمەڕ عەقیدەو بیروباوەڕدا بنەماگەلێكی جیاواز و نامۆن و، هەڵقوڵاوی تێگەیشتنی فەیلەسووفەكانی یۆنان و فەیلەسوفە ئەژماركراوەكانن لەسەر ئیسلام. لە زنجیرە باسێكدا - إن شاء الله - هەوڵ دەدەم دیارترین لادانەكانی موعتەزیلە لە ڕابردوو و هەروەها لەلای هاوئاوازەكانیان لە هاوچەرخەكاندا بخەمە ڕوو، بۆ ئەوەی ڕوون ببێتەوە كە ئەو تاقمە لە زۆر بنەمای گشتی ئیسلام لایانداوە و مەسەلەكە بەو ئاسانییە نییە كە هەندێ ناكۆكی ئاساییان لەگەڵ عەقیدەی ئەهلی سوننەت و جەماعەتدا هەبێت و گوایە حەقیش لەگەڵ ئەوان بووبێت، لەڕاستیدا نە ناكۆكییەكان بچووكن و نە هیچ كاتێكیش حەق لەلای ئەوان بووە لە باسەكانی عەقیدەو بیروباوەڕدا. إحسان برهان الدین 15 رجب 1442 27 شباط 2021