/جیاوازی عەقیدەی ئەهلی موعتەزیلە لە ئەهلی سوننەو جەماعەت/
پێناسەیەکی کورتی موعتەزیلە
: 384
2022-06-01
#جیاوازی_عەقیدەی_موعتەزیلە_لە_عەقیدەی_ئەهلی_سوننەت:(2)
پێناسەیەکی کورتی موعتەزیلە
موعتەزیلە تاقمێكن لەو تاقمانەی كە لە كیتاب و سوننەت لایانداوە و ڕێڕەوەكەیان لەسەر بنەمای ڕەتكردنەوەی زۆرێك لە سوننەت و تێگەیشتنی خۆیان بۆ قورئان دامەزراندووە، موعتەزیلە بەوە ناسراون كە شوێنكەوتووی ئەقڵن و بەتێڕامان و تیگەیشتنی خۆیان بۆ دەقەكان لە دین تێدەگەن و هەر بەو شێوەش دەیكەن بە كردار!
هۆكاری ناونانیان بە موعتەزیلە چەند بۆچوونێكی لەسەرە، یەك{ك لەوانە ئەوەیە كە موعتەزیلە دریژەپێدەری ڕێگای ئەوانەن كە بێ لایەنییان هەڵبژارد لە شەڕی نێوان عەلی و موعاویە الله لێیان رازی بێت، بەڵام بەناوبانگترینی ئەو بۆچوونانە ئەوەیە كە دامەزرێنەی تاقمەكە (واصل بن عطاء) پاش درووست بوونی كێشە وناكۆكی لە نێوان خۆی و (الحسن البصري)دا بازنەكەی ناوبراوی لە مزگەوتی بەسرە بەجێهێشت و خۆی لێیان جیاكردەوەو و بازنەیەكی تری سەربەخۆی دامەزراند.
موعتەزیلە بە كۆمەڵێك بیروباوەڕی فەلسەفی و و قەناعەتی نامۆ و عەقیدەی جیاواز لە عەقیدەی ئەهلی سوننەت جیادەبنەوە، پێناسی سەرەكی ئەوان لە مەزهەبەكەیاندا ئەوەیە بە ئەقڵ و تێگەیشتنی كەسێتی خۆیان دینداری دەكەن و ئەقڵیان پەسەند دەكەنە سەر ڕواڵەتی دەقەكانی قورئان و هەروەها ئەو بڕە فەرموودەش كە باوەڕیان پێیەتی، چونكە باوەڕیان بە فەرموودە لە بنچینەوە سنووردار و مەرجدارە بە هۆی هەلوێستی خراپیان دەربارەی زۆرێك لە هاوەڵان الله لێیان ڕازی بێت، هەروەها لەبەر هەندێ هۆكاری تر كە پەیوەندی بە ڕێڕەوە نامۆكەیان هەیە لە تێگەیشتنی ئیسلام لە ڕۆشنایی عەقڵ و پەسەندكردنیشی بەسەر نەقڵدا!
موعتەزیلە بەو ناوەی خۆیان ڕازی بوون و نكۆڵییان لێ نەدەكرد، ئەگەرچی پێیان خۆشتر بوو پێیان بوترێت (أهل التوحید والعدل) وەكو ئاماژەیەك بۆ ئەو دوو بنەمایەی بیروباوەڕیان، یان بە (العدلیة)، بەڵام لەلای ئەهلی سوننەت زیاتر بە (المعطلة) ناسراون لەبەر ئەوەی سیفاتی الله پەك دەخەن و نكۆڵی لێ دەكەن، هەندێ جاریش بە (الجهمیة) دەناسرێن لەبەر ئەوەی لەمەسەلەی سیفاتدا درێژە پێدەری ڕێبازی جەهمیەكانی شوێنكەوتووی جەهمی كوری سەفوانن.
موعتەزیلە بەلای ئەهلی سوننەتەوە تاقمێكی گومڕان و لە مەنهەجی قورئان و سوننەت لایان داوە و، كەسی موعتەزیلیش ئەو كەسەیە كە باوەڕی بە پێنج بنەماكانیان ئەوان هەبێت كە لە ئەهلی سوننەت پێی جیا دەبنەوە و دواتر إن شاء الله دەیانخەینە ڕوو، بەڵام وەكو أبو الحسن الخیاط لە كتێبی الإنتصار دا دەڵێت: كەسی موعتەزیلی تا نكۆڵی لە سیفاتەكانی پەروەردگار نەكات با باوەڕی بە بنەماكانی تریشیان هەبێت پێی ناوترێت موعتەزیلی.
لە ڕاستیدا موعتەزیلە لە خۆیانەوە بەبێ هۆكار درووست نەبوون، بەڵكو كۆمەڵێك هۆكار و پاڵنەر لە دوای سەرهەڵدانیانەوە هەبوو، لەوانە:
- ئەو فیتنەی كە لە نێوان هاوەڵاندا الله لێیان ڕازی درووست بوو لە پاش كوژرانی عوسمان الله لێی ڕازی بێت.
- درووست بوونی هەندێ تاقم وەكو خەواریج و شیعە و تاقمی تر.
- دزەكردنی زۆر كلتور و بیرۆكە و هزری میللەتانی تر بۆ ناو فیكری ئیسلامی لە ئەنجامی موسوڵمان بوونی كەسانێكی زۆر لە غەیری عەرەب.
گەورەترین جیاوازی لە نێوان ئەهلی سوننەت و موعتەزیلەدا ئەوەیە كە سەرچاوەی وەرگرتنی ئیسلام لەلای ئەهلی سوننەت تەنها قورئان و سوننەتە وئیجماعی ئوممەتیش لەسەر بنەمای كیتاب و سونەت ئیعتیباری خۆی هەیە، بەڵام موعتەزیلە شوێنكەوتووی ئەقڵ و تیگەیشتنی كەسی خۆیانن، بەو عەقڵەیان زۆرێكیان لە واتاكانی قورئان رەتكردەوەو تەئویلیان كرد و سەبارەت بە سوننەتیش ڕێژەیەكی زۆر كەمیان قبوڵە لەبەر هەندێ هۆكار كە دواتر إن شاء الله ڕوونیان دەكەینەوە.
بە كورتی موعتەزیلە عەقڵیان كرد بە دەسەڵاتدار بەسەر نەقڵەوە واتە بەسەر دەقەكانی قورئان و سوننەتەوە لەو بەشەی كە باوەڕیان پێی بوو، هەموو حوكمەكانی ئیسلامیشیان خستە ژێر ڕكێفی تێگەیشتن و هزری خۆیانەوە، هەر بۆیە دواجار زۆرێكیان لە بنەما جێگیرەكانی ئیسلام ڕەتكردەوە و عەقڵیان لێ بو بە جۆرە پەروەردگارێك كە دەیانپەرست و ملكەچی فەرمانەكانی دەبوون.
إحسان برهان الدین
20 رجب 1442
4 آذار 2021
2018-04-28
2023-11-22
2023-10-28
2021-11-07
2024-03-08
2023-10-28
2023-10-28
2023-11-01