العربیة
/چل پەیام بۆ ئافرەتان/
حوكمی تەڵاقدانی ژنی دووەم بەبێ هۆكار:13
: 282
2023-02-19

  #چل_پەیام_بۆئافرەتان: 13 حوكمی تەڵاقدانی ژنی دووەم بەبێ هۆكار 1- ژیانی هاوسەرگیری گرێبەستیكی پیرۆزە و وابەستەبوونی تێدایە، پێویستە هەر لەسەرەتاوە لە سەر بنەمای ڕاستگۆیی و لە خواترسان ونیازپاكی دابمەزرێت، نەك لە سەر بنەمای حەزێكی كاتی و جۆرێك لە بەرژەوەندی ناڕوون و نابەردەوام، الله تعالی فەرموویەتی: (وَمِنْ آَيَاتِهِ أَنْ خَلَقَ لَكُمْ مِنْ أَنْفُسِكُمْ أَزْوَاجًا لِتَسْكُنُوا إِلَيْهَا وَجَعَلَ بَيْنَكُمْ مَوَدَّةً وَرَحْمَةً إِنَّ فِي ذَلِكَ لَآَيَاتٍ لِقَوْمٍ يَتَفَكَّرُونَ). پێغەمبەریش صلى الله عليه و سلم فەرموویەتی: ( استوصوا بالنساء خيرا) رواه الشيخان، واتە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم داوای لێكردووین كە چاكەیان لەگەڵ بكەین و ستەمیان لێ نەكەین و مافەكانیشیان بدەین، هەروەها ئارامیش لەسەر خراپییەكانیان بگرین چونكە لە كۆتایی فەرموودەكەدا هاتووە:( فإنهن خلقن من ضلع وإن أعوج شيء في الضلع أعلاه فاستوصوا بالنساء خيراً). پەروەردگاریش كە خۆی مرۆڤەكانی درووست كردووە و تواناو پێویستیكانیان دەزانێت و لە هەموو كەس باشتر دەیانناسێت، چی باشە بۆیان و كەم وكورتییەكانی ژیانیان بۆ پڕ دەكاتەوە، هەرچیش لە شەرعدا واتە لە كیتاب و سەحیحی سونەتدا هاتووە - كە فرەژنیش یەكێكە لەو تەشریعاتە - هەمووی لە بەرژەوەندی مرۆڤەكانە و بەپێی عەقدی موسوڵمانێتی نابێت موسوڵمان ڕەخنەی لێبگرێت و لەڕوویدا بوەستێت، بۆیە بە مەرجەكانی خۆی پیاو بە ڕێگەپێدانی ڕوون و ئاشكرای كیتاب و سوننەت بۆی هەیە تا چوار هاوسەرگیری بكات وپێویستە ئەو هاوسەرەش كە ژنی بەسەردا دێت ئەوە قبوڵ بكات و زەواجی دوای زەواجی یەكەم بە كارەسات نەزانێت و كەسیش وەكو كەتن و تاوانێك تەماشای نەكات بە شێوەیەك پیاوەكان ناچار بن بە نهێنی ئەو كارە بكەن، بەڵكو ئەگەر مەرجە شەرعی و دونیاییەكان جێبەجێ بوون و پیاو ئەهلیەتی ئەوەی بوو ژنی دووەم بهێنێت ئیتر ئەو مەسەلە بە ئاسایی وەربگیردرێت. 2- لە بەرانبەریشدا پێویستە لەسەر ئەو پیاوەی هاوسەرگیری دووەم دەكات، حیسابی هەموو شتێكی كردبێت وبڕیارێكی پەلەی نەدابێت بێ بیركردنەوەی تەواو و وەرگرتنی رێوشوێنی مادی و مەعنەوی پێویست و پێش هەموو شتێكیش تەقواو دادگەری لە خۆیدا درووست بكات و ترسی پەروەردگاری لە نێوان چاوەكانی خۆیدا دانابێت و لەوە دڵنیابێت ئەم ئافرەتەی كە دەیكاتە هاوسەری دووەمی خۆی مرۆڤە و پێویستە هەموو مافێكی شەرعی و دونیایی بۆ دابین بكرێت، نەك وەكو ئامرازێك بۆ تاقیكردنەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری دووەم بەكاری بهێنێت و تەنها بیری لای لایەنی حەزو ئارەزووی خۆی بێت و لەیەكەم كێشە كە تووشی ئەبێت پەنا بۆ تەڵاق و جیابوونەوە بدات، وەكو ئەوەی بێزار بووبێت لە پرۆسەكە، یان بڵێ تەواو تێگەیشتم ژیانی هاوسەرگیری دووەم چۆنە و كۆتایی پێ ئەهێنم. 3- هەروەها پێویستە ئەو ئافرەتانەش كە خوازبێنێ دەكرێن وەكو هاوسەری دووەم وزیاتر، پەلە نەكەن لەڕازی بوون و دیراسەی مەسەلەكە بەوردی بكەن و پرسیاری پێویست دەربارەی كەسایەتی و دینداری و ئاستی هەست كردن بە بەرپرسیارێتی ئەو پیاوەی خوازبێنیان دەكات بكەن، چونكە لەڕاستیدا ڕاستگۆیی و جیددییەتی پیاو دەردەكەوێت و كەسایەتییەكەی هەر زوو ئاشكرا دەبێت بۆ ئەو ئافرەتەی مەبەستی بێت حەقیقەتی بۆ دەربكەوێت، بۆیە ئەگەر دواتر پیاوەكە لە ئاستی بەرپرسیارێتی نەبوو، ژنی دووەمیش بەشێك لە دەرەنجامی سەرنەگرتنی پرۆسەكە هەڵدەگرێت، كە پەلەی كردووەو لێكۆڵینەوەی پێویستی بۆ پرۆسەكە نەكردووە. 4- پێشم ناخۆشە ئەم قسە دەکەم، بەڵام واقیعێکی تاڵە ودەبێت بوترێت، لەم چەن ماوەی دواییدا، بە بەهانەی شەرعی بوونی زەواجی مسیارو ودەیان وڕەنگە سەدان مەلا وبەناو بانگخواز کە پسپۆڕیان بووەتە ڕێکخستنی ئەو جۆرە زەواجە وبوونەتە جێگای خوازیارانی ئەو جۆرە زەواجە!، بە هۆی ئەوانەوە ئەمڕۆ جۆرێک لە نابەرپرسیارێتی بەرفراوان لەو بوارەدا درووست بووەو ، تەنانەت پیاوانی بەناو ئیسلامی مولتەزیمیش لە ڕێگەی دەڵاڵەکانی زەواجی میسیارەوە بە کەمترین پارەو، بەڵکو هەندێک جار بەپەنابردن بۆ حیلەی شەرعی وفڕوفێڵی مەزهەبەکان و بۆ کەمترین ماوە لە پرۆسەیەکی نزیک لە زەواجی موتعەی لای شیعەکان ئەو زەواجە ئەنجام ئەدەن، لەگەڵ ئافرەتی بێوەژندا زەواج دەکەن ودوای ماوەیەک تەڵاقیان دەدەن وزەواجێکی تر دەکەن، واش دەردەکەوێت هەندێک لەوانە لەسەرەتاوە بەنیازی تەڵاق ۆان ئەو زەواجە ئەنجام ئەدەن چونکە ڕێکخەرانی ئەو زەواجە ئەوەشیان بۆ حەڵاڵ کردوون! مەلای وا هەیە كە سەرقاڵی ئەو بابەتەیەو کردییەتی بە پیشە بۆ خۆی، دەیان زەواجی لەو شێوەی بۆ خۆی ڕێکخستووە، بەداخەوە بازاڕی ئەو جۆرە زەواجە ئێستا لە سلێمانی ولە شارەکانی تری کوردستاندا بازاڕێکی گەرمەو وەکو لە کەسی متمانە پێکراوو ڕاستگۆ زانیومە بازاڕێکە جمەی دێت وهەندێ جار دەڵێن بە پەنجا هەزارێکی مانگانە ڕەنگە ئەو زەواجە دەست بکەوێت، زۆر جاریش تەنها ژن وپیاوەکەو مەلاکەو دوو شایەت حازری مارەبڕینەکە دەبن و، دوو شایەتەکەش نەناسراون، وەکو بڵێی ئیشیان شایەتیدانەو مەرجیان ئەوەیە دوای ئەنجامدانی کارەکەیان ئیتر لێی دەربچن وكەس بانگیان نەكاتەوە، کە ئەوەش جۆرێکە لە سووککردنی ئەو پرۆسە پیرۆزەو و حاڵ وا بڕوات دەبێتە جۆرێک لە موتعەو لەفرۆشی دەمامکدار، كە وا دەزانم ئێستا هەنگاوە یەكەمەكانی ئەو سووككردن و سیغە دەمامكدارە لێرە لە سلێمانی و لە ڕانیە وهەولێر و شوێنەكانی تریش سەری هەڵداوەو درووست بووە. لێرەشدا بەباسكردنی ئەم حەقیقەتە ناخۆشە، مەبەستم ئاگادار كردنەوەی خوشكانی بەڕێزە بەتایبەتی لە بێوەژنان کە بەو مەلاو بانگخوازانە نەخەڵەتێن، چونكە ئەو جۆرە زەواجە زۆرێكی تەنها تێركردنی شەهوەتەو هەستكردنی بەرپرسیارێتی و قودسیەتی خێزان تێیدا بوونی نییە، بۆیە دەبێت کچان وئافرەتان وریای خۆیان بن و نەكەونە داوی ئەو دەڵاڵ و بازرگانانەوە کە بەناوی دینەوە فریویان دەدەن. 5- لە بنچینەدا تەڵاق لە ئیسلامدا كارێكی ڕێگە پێدراو و جائیزە، دەكرێت لە كاتی پێویستدا پیاو پەنای بۆ ببات ومافی خۆیەتی: (وَإِذَا طَلَّقْتُمُ النِّسَاءَ فَبَلَغْنَ أَجَلَهُنَّ فَأَمْسِكُوهُنَّ بِمَعْرُوفٍ أَوْ سَرِّحُوهُنَّ بِمَعْرُوفٍ ۚ وَلَا تُمْسِكُوهُنَّ ضِرَارًا لِّتَعْتَدُوا ۚ وَمَن يَفْعَلْ ذَٰلِكَ فَقَدْ ظَلَمَ نَفْسَهُ)، واتە جائیزە پیاو لە هاوسەرەكەی جیابێتەوە ئەگەر نەیانتوانی پێكەوە ژیانێكی خۆش وئارام و ئاسوودە بەسەر ببەن. لە ڕاستیدا - ئەگەرچی ئەسڵ لە زەواجدا بەردەوامییە - بەڵام مەرج نییە زەواج گرێبەستێكی هەتا هەتایی بێت ومێرد لە هەموو حاڵەتێكدا هەر ناچار بێت لەگەڵ هاوسەرەكەیدا بمێنێتەوە، هەروەكو چۆن خودی پرۆسەی هاوسەرگیریش كارێكی موباح و ڕەوایە و پیاو بە ئارەزووی خۆیەتی ئەنجامی بدات یان نەیدات، جگە لە هەندێ حاڵەتی تایبەت نەبێت. بەڵام تەڵاقدان بێ ئەوەی هۆكارێكی ڕوونی هەبێت و ئەگەر ببێتە مایەی زیان گەیشتن بەو ئافرەتە، ئەوە كارێكی حەرامە و پیاوەكەی پێ گوناهبار دەبێت، لەبەر ئەوەی لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا نەبووە و لە ئەنجامدا بەبێ هۆكار زیانی بە ژیان و دەروونی مرۆڤێكی موسوڵمان گەیاندووە كە هاوسەرە تەڵاقدراوەكەیەتی. 6- هەر لەم بارەشەوە باشترە بزانرێت كە زانایان تەڵاقیان وەكو هەر مەسەلەیەكی شەرعی تر خستووەتە ژێر پێنج حوكمە ئوسوڵییەكانی ئیسلامەوە، واتە: تەڵاقدانی پیاو بۆ ژنەكەی یان یەكێك لە ژنەكانی و بەپێی هۆكاری جیابوونەوەكە، بەدەر نییە لەوەی یەكێك لەم حوكمە شەرعییانە بیگرێتەوە: (حرام و مكروه و مباح و مستحب و واجب) ئەمەش ڕوونكردنەوەیەكی خێرایە بۆ ئەم حوكمانە: یەكەم: دەگونجێت جیابوونەوەی پیاو لە هاوسەرەكەی كارێكی حەرام بێت و پێی تاوانبار بێت، ئەگەر ئەو جیابوونەوە بەبێ هیچ خراپەو كەمتەرخەمیەك بێت لەلایەن ژنەكە و هاوكات تەڵاقدانەكەش زیانی پێ بگەیەنێت. دووەم: لەوانەیە تەڵاقدانەكە كارێكی ناپەسند و مكروه بێت، واتە نەكردنی باشتر بێت، ئەگەر بەبێ هۆكارێكی ڕوون بێت، بۆ نموونە تەنها لەبەر ئەوە بێت كە پێی مورتاح نییە و حەزی لێ ناكات، باشترە لەو حاڵتەدا پیاو ئارام بگرێت و ژنەكەی تەڵاق نەدات. سێیەم: ئەگەر پیاو هەستی كرد ناتوانێت بە مافەكانی ئەو ژنە هەڵسێت، یان ناتوانێت ڕێز و مامەلەی جوانی لەگەڵدا بكات،لەو حاڵەتە تەڵاقدانەكەی كارێكی موباحە واتە ئەتوانێت بیكات و مانعێكی شەرعی نییە بۆ ئەنجامدانی. چوارەم: دەكرێت جیابوونەكە كارێكی باش و مستحب بێت ئەگەر ژنەكە تەبیعەت و ڕەفتاری خراپ بوو وقابیلی چاك بوونەوە نەبوو و زیانی بە مێردەكەی دەگەیاند، بۆ نموونە زمان درێژی بەسەردا دەكرد، یان هەر ناڕەحەتی و بێزارییەكی تری لەگەڵ میردەكەی دەكرد، بە شێوەیەك كە ژیانی ناخۆش كردبێت. پێنجەم: لە هەندێ حاڵەتیشدا تەڵاقدانی ژن حوكمی واجب وەردەگرێت و پێویستە لێی جیابێتەوە، بۆ نموونە: ڕەوشتی ناشیرین بێت، یان ناوبانگ و سومعەی خراپ بێت، یان ئازاری باوك و دایكی میردەكەی بدات و خراپەی تری هاوشێوە ئەنجام بدات، لەو حاڵەتەدا تەلاقدانی پێویستە. 7- بۆیە ئەو پیاوەی كە ژنی دووەمی بە نهێنی دەهێنێت ئەگەر پەشیمان بوونەوەكەی هۆكاری شەرعی و مەعقولی نەبێت و تەنها لە ترسی ژنی یەكەمیدا بەنیازی تەڵاقدانی ژنی دووەم بێت، یان لەبەر ئەوەی لە بچنینەدا لەو كارەیدا جیددی نەبووبێت و هەستی بەرپرسیارێتی ئایینی و كۆمەڵایەتی تێدا نەبووبێت، وەكو نەزوەیەكی كاتی كردبێتی و یان تەنها ویستبێتی وەكو تاقیكردنەوەیەكی پرۆسەی ژنی دووەم ئەو كارە بكات و ئێستا بەبێ هیچ هۆكارێك یان هەڵە و خراپەیەك لە ژنی دووەمەوە تەڵاقی بدات، بێگومان كە گوناهبار دەبێت وكارێكی ناپەسەند دەكات ئەگەر تەڵاقی بدات، ئەگەرچی جیابوونەوەكەشی درووستە و تەڵاقەكە دەكەوێت. 8 - بەڵام ئەگەر هەر هۆكارێكی تری هەبێت، ئەوە بەپێی ئەو هۆكارە حوكم لەسەر كارەكەی دەدرێت و یەكێك لە پێنج حوكمەكە وەردەگرێت، بۆی هەیە كارێكی پەسەند وباش نەبێت وەكو وتم، یان بە پێچەوانەوە ئەگەر دەركەوت جیابوونەوەكەی هۆكاری تری لە پشتەوە بووە، لەو حاڵەتەدا جیابوونەكەی لەو ئافرەتە مافێكی شەرعی و ئاسایی خۆیەتی. ئەگەریش تەڵاقدانەكە بە هۆی داواكاری ژنی یەكەمەوە بێت و دیسان بەبێ هۆكارێكی شەرعی و تەنها لەبەر ئەوەی بێت كە هەوێیەتی و حەزی لێ ناكات و حەز دەكات بەتەنها خۆی لەگەڵ پیاوەكەی بێت ئەوە تاوانە و ستەمە و لەسەری گوناهبار دەبێت، چونكە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: (لاَ يَحِلُّ لاِمْرَأَةٍ تَسْأَلُ طَلاَقَ أُخْتِهَا لِتَسْتَفْرِغَ صَحْفَتَهَا ، فَإِنَّمَا لَهَا مَا قُدِّرَ لَهَا) رواه البخاري( 4857). واتە: ڕەوا نییە بۆ ئافرەتیك داوا لە مێردەكەی بكات ژنەكەی تری تەڵاق بدات بۆ ئەوەی تەنها ببێتەوە لەگەل مێردەكەی، ئەگەر تەڵاقیشی بدات لەوەی كە الله تعالی بەشی داوە زیاد ناكات. بەڵام ئەگەر ژنی یەكەم لەبەر هۆكارێكی شەرعی و لەبەر خراپی ژنی دووەم داوا لە مێردەكەی بكات لێی جیابێتەوە، ئەوە ئامۆژگارییەكی باشە و نەك گوناهبار نابێت بەڵكو خێریشی دەگات. والله أعلم.