العربیة
/چل پەیام بۆ ئافرەتان/
ئافرەت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان:32
: 483
2023-02-19

  #چل_پەیام_بۆئافرەتان: 32 ئافرەت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە دە بەشی داهاتووی ئەم زنجیرەیەدا كە تایبەتە بە باسی فیقهی و شەرعی بە گشتی، پێم خۆش بوو، یەكەم وێستگەم لەگەڵ كچان و ئافرەتاندا ئەوە بێت پێیان بڵێم: تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەكرێت وەكو ڕێگایەكی خێر وچاكە بەكار بهێنن و بیكەن بە ئامرازێك بۆ بەدەست هێنانی ڕەزامەندی پەروەردگار و بڵاوكردنەوەی زانستی شەرعی، بەڵام لەو میانەدا پێویستە تێبینی چەند مەسەلەیەك بكرێت، بۆ ئەوەی لە كاتی ئەنجامدانی خێر وكردەوەی چاكەدا تووشی شەڕ و خراپە نەبن و لە جیاتی پاداشت بە تاوانەوە لێی دەرنەچن، بۆیە بە هەموو ئافرەتێكی بانگخواز و نووسەر لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكاندا دەڵێم: 1- بە هیچ شێوەیەك لە كاتی پۆستكردندا، وێنەو ڤیدیۆی خۆت بڵاو مەكەرەوە، چونكە ئەوە كارێكی حەرامە و جۆرێكە لە هاوكاری كردن لە بڵاوپێكردنی هەڵە و تاوان وكاریگەری خراپی لەسەر بەشێك لە پیاوان دەبێت، ئهاوكات ئەو كارەت هیچ حیكمەتێكی شەرعی تێدا نییە، كە تۆ قسەیەكی خێر دەنووسیت، هیچ بەمەرج نەگیراوە وێنەیەكتی لەگەڵدا بێت بۆ ئەوەی ئامانجی خۆی بپێكێت. 2- لە هەمان كاتدا كە نابێت وێنەی خۆت پۆست بكەیت، هاوكات درووستیش نییەو حەرامە، بچیت وێنەی كچ و ئافرەتی تر لە جیاتی وێنەی خۆت بڵاو بكەیتەوە، گوایە ئەوەی خۆت حەرامە و وێنەی كچ و ژنی خەڵكی – با ئەوان خۆیشیان بڵاویان كردبێتەوە و لە گوگڵدا بەردەست بێت – درووستە وكێشەی نییە! وەكو ئەوەیە بە بەرانبەرت بڵێیت: من ئافرەتم و وەكو خاوەنی ئەو وێنە جوانم و ئەوەش لە جیاتی وێنەكەی خۆم دامناوە! 3- هەمیشە سنوورێك بۆ خۆت بەجێ بهێڵە بۆ ئەمان و بە وردی ئیحتیات بۆ زۆر شت بكە و لە ڕەفتار و لە مامەڵەتدا وەكو ئافرەتێكی كەسایەتی سەنگین مامەڵە بكە كە لەناو دارستانێكدا بە نیازی بانگەوازیت و وامەزانە بەرانبەرەكانت هەمووی خەڵكی باش و نیاز پاك و فێرخوازی زانست بن، ئەوانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانن بریتین لە نموونەی هەموو چینەكانی كۆمەڵگای كوردی كە لە ڕاستیدا هەموو جۆرێكی لە خۆ گرتووە، لە ئەمسەری باشەوە بۆ ئەوسەری خراپ. 4- لە كاتی خزمەت كردن وبانگەوازكردن بۆ دینەكەت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا دەبێت تەنها چاوببڕیتە ڕەزامەندی پەروەردگارت و نیەتت بۆ ئەو پاك بكەیتەوە، ئەگینا بتەوێت رەزامەندی خەڵكی لەگەڵدا بەدەست بهێنیت ئەوە ڕێگایەكی پڕ لە دڕك وداڵە، تا خۆت گوناهبار نەكەیت ئەوان ڕازی نابن، لەوە دڵنیابە و لەكەسێكەوە وەریبگرە ئەزموونی ژیانی هەیە. 5- ئەسڵ ئەوەیە هەموو قسە كردنێك لە نێوان كچان و كوڕان و ژنان و پیاواندا ئەگەر مەحرەمی یەكتر نەبن، نادرووست و ڕیگە پینەدراوە، بۆیە قسە كردنی لەو جۆرە تەنها بۆ كاری پێویست و زەرورەتە. 6- تایبەتمەندییەكانی ژیانی خۆت وەكو كچێك یان وەكو ئافرەتێك بڵاو مەكەرەوە، چونكە ئەوە لە زیاتر لە ڕوانگەیەكەوە زیانی هەیە. 7- لە ئەنجامدانی لایك و نووسینی كۆمێنت و شەیر كردنی پۆستی خەڵكی و زیادكردنی هەندێ ئەژماری تایبەت لەلای خۆت، دەبێت زۆر بە وریاییەوە بێت و هەمووی ئەگەر جێگای تێبینی شەرعی بێت لەسەرت حیسابە! تەنانەت شەیر كردنی ڤیدیۆی كوڕێكی گەنج كە قورئان دەخوینێت، یان سروودێكی ئیسلامی دەڵێت، یان ڤیدیۆیەكی مامۆستاو بانگخوازێكی گەنجی تەمەن مناڵ كە قسەیەكی خێری تێدا دەكات، بۆ تۆی كچ و بۆ تۆی ئافرەت كارێكی جوان نییە و ڕەهەندی پێچەوانەی هەیە. 8- ئافرەت لە پۆستی تۆرە كۆمەڵایەتییەكاندا بە هیچ شێوەیەك درووست نییە و نەشیاوە بچێتە باسی هەندێ مەسەلەی هەستیارەوە با شەرعیش ڕێگەی دابێت كە جۆرێك لە وروژاندن و نەشیاوی تێدا بێت بۆ ئەوەی ئافرەت بیگێڕێتەوە، چونكە بەرانبەر بە هۆی بەكارهێنانی ئافرەت بۆ ئەو وشەو دەربڕینانەوە گومانی خراپ دەبەن و ڕەنگە وا بزانن مەبەستی تری هەیە لەو قسانە. بە كورتی: دەبیت وشەو دەربڕینی جوان و شەرعی و سەنگین بەكار بهێنێت و (فَلا تَخْضَعْنَ بِالْقَوْلِ) تەنها تایبەت نییە بە دەنگ و قسەكردنەوە بەڵكو لە نووسینیشدا ئەو مەسەلە رەنگدانەوە و كارگەریشی هەیە. 9- درووست نییە ئافرەت هەندی وێنە بۆ پرۆفایلی خۆی دابنێت كە لەوانەیە لە دڵی هەندێ لە پیاواندا ببێتە مایەی درووست بوونی گومان یان هەڵە تێگەیشتن، یان هەندێ هەستی تایبەت، بۆ نموونە وینەی دڵ و گوڵ و شتی لەو شێوە كە لە ڕووی دەروونی و كۆەڵایەتی تەفسیر و لێكدانەوەی جیاواز هەڵدەگرێت. 10- هەروەها پێویستە لە كاتی پۆستكردنی ئایینی و زانستی شەرعیدا، سنووری زانستی خۆت بزانیت، بە بێ ئەوەی قۆناغەكانی زانستت بڕیبێت و لە عەقیدەو فیقهو ئوسوڵ و تەفسیر و سیرە بەلای كەمەوە قۆناغێكی سەرەتاییت بڕیبێت نابێت قسە بۆ خەڵكی بكەیت و فەتوا بدەیت و بەبێ ئەوەی ئەهلییەتت هەبێت خۆت وەكو مامۆستایەكی بەتوانا نیشان بدەیت كە بەباشی لە هەموو لایەنەكانی ئیسلام تێگەیشتوویت، خەڵكی وا حاڵی بكەیت كە تۆ توانای وەڵامدانەوەی پرسیار و ڕوونكردنەوەی حەڵاڵ وحەرام و ڕێنمایی كردنی موسوڵمانانت هەیە، تاكو ئامادەكاری تەواوت تێدا درووست نەبێت و قۆناغەكانی زانست بە ڕێكوپێكی نەبڕیت بۆت نییە بەو ئەركە هەڵسیت، ئەگەر وا بكەیت كارەكەت زۆر لەوە خراپترە كەسێك پزیشك نەبێت و هەڕەمەكی چارەسەری نەخۆش بكات و دەوادەرمانیان بۆ بنووسێت وخۆی وەكو پزیشك وێنا بكات، چونكە لەو حاڵەتەدا ئەو تەندرووستیان تێك دەدات و تۆ دینیان تێكدەدەیت. 11- ئەگەر هەر پرسیارێكی شەرعیت هەبوو بۆ ئاسانكردنی كاری بانگەوازت، سەرەتا هەوڵ بدە بەبێ ئەوەی پرسیار لە هیچ مامۆستایەك بكەیت لە هەندێ سایتی متمانە پێكراو وەكو سایتی (الإسلام سؤال وجواب)ی محمد صالح المنجد یان ئەو سایتانەی تایبەتن بە گەروە زانایانەوەو فەتواكان تێیدا پۆلێن كراون و ئاسانكاری كراوە بۆ سوود وەرگرتن لە بەشەكانی، دوای ئەوە ئەگەر دەستت نەكەوت ئینجا بە پلەی دووەم هەوڵ بدە لە مامۆستایەكی عەقیدە پاك وخاوەن زانست پرسیارەكەت بكەیت، لەوەشدا پێم باشە ئەگەر بتوانیت بەناوی خۆتەوە وەكو ئافرەتێك پرسیارەكەت نەكەیت، بەڵكو لە هەژماری كەسێكی ترەوە پیاو بێت پرسیارەكە بكەیت باشترە، وەكو ئەوەی پیاو پرسیار بكات یان پرسیاری ئافرەت بێت و پیاو بیكات، ئەگەر ئەوەش نەكرا باشترە بە شێوەی چاتكردن نەبێت و بە كورتی وەڵامەكەت وەربگریت و تەواو. 12 – تاكو پێت دەكرێت بابەتی ئافرەتان بنووسە و گرنگی بە خزمەتی پرسەكانی ئەوان بدە، لەبەر ئەوەی بۆشاییەكی گەورە لە بانگەوازی ئافرەتاندا هەیە و هاوكات هەندێ بانگخوازی پیاو پەیدا بوونە كە بەداخەوە بە نرخی فەرمان بەچاكە فەرمانیان بەخراپە پێ دەكەن و پێویستییەكی هەنووكەیی بە ڕاستكردنەوەی ئەو ئاراستە هەڵەیە هەیە، چاكترین كەسیش پڕی بكاتەوە بانگخوازێكی ئافرەتە كە كیتاب و سوننەت بكاتە دروشم وسەرچاوەی دین و دونیای خۆی. بە هەموو شێوەیەكیش خۆت لە هەندی لە تۆرە كۆمەڵایەتیە بەدناوەكان بپارێزە كە زیاتر كاری خراپەی تێدا ئەنجام ئەدرێت و ئەوانەی سەردانی ئەكەن بە زۆری بۆ مەبەستی خێروچاكە نییە، وەكو تیكتۆك و سناپ و ئینستاگڕام ، بەڕاستی ئەوانە هەرگیز جێگایەكی شیاو نییە بۆ ئافرەتی موسوڵمان لەوێوە بانگەواز بۆ ئیسلام بكات. 13 – وەڵامی نامەو كۆمێنتی پیاوان بە قسەی خۆش وبە ماریفەت و موجامەلە مەدەرەوە، ئەوە هەڵە ونادروستە و بۆی هەیە كاریگەری خراپ و نەخوازراو لەلای بەرانبەر درووست بكات، بێگومان مەبەستم ئەوە نییە بە بێ ڕێزی مامەڵە بكەیت یان وەڵامی نەشیاو بدەیتەوە نەخێر، بەڵكو تەنها مەبەستم ئەوەیە بزانیت وەڵامی پیاو بۆ پیاو زۆر جیاوازە لە وەڵامی ئافرەت بۆ پیاو و ڕەهەندی جیاوازی خۆی هەیە، دەروونی ئەو خەڵكە جیهانێكی سەیر وئاڵۆزە ئاسان نییە بە شێوەیەكی سادەو ئاسایی بەبی كێشە و كاردانەوەی چاوەڕوان نەكراو ڕەفتاری لەگەڵدا بكەیت. 13- ئافرەت بە دەقی فەرموودەی صحیح قورسترین تاقیكردنەوە وفیتنەیە بۆ پیاوان، ئەوە فەرموودەی خۆشەویستمانە كە فەرموویەتی: (ما تَرَكْتُ بَعْدِي فِتْنَةً أضَرَّ علَى الرِّجالِ مِنَ النِّساءِ.). أخرجه البخاري (5096)، ومسلم (2740). بۆیە ئەو ڕاستیەت هەمیشە لە بیر بێت لە تۆرە كۆمەڵایەتییەكاندا كاتیك بەنامە و كۆمینت و تەنانەت لایكیش مامەڵە لەگەڵ پیاواندا دەكەیت، ئەگەر وێنەت دانابێت ئەوە حەرامە و نادرووستە و تاوانباریت، ئەگەریش داتنەنابێت، وریای ئەوە بەرانبەرەكەت لە تۆرە كۆمەڵایەتییەكاندا لای خۆیەوە وێنەیەكت لە خەیاڵی خۆیدا بۆ درووست ئەكات، زۆر جار جیاوازە لە حەقیقەت و ئەوەش هەندی جار سەرەتای كێشەیەكی ناشەرعی نەخوازراوە، بۆیە وریابە و لەوە تێبگە كە پیاوان تووشی فیتنەیەك لە فیتنەی ئافرەتان خراپتر نەبوونە و نابن، تۆیش ئافرەتیت و پێویستە تەقوای الله عزوجل ت هەبێت 14- نابێت هەندێ وشەی شل و دەربڕینی تایبەت وەكو ڕێزو خۆشەویستی ماریفەت بۆ بەرانبەر تەنانەت بۆ ئافرەتانیش لە كۆمێنت و پۆستەكاندا دەرببڕیت، وەكو پێكەنین ههههه و دەربڕینی وەكو گیانەكەم و چاوەكەم و دڵەكەم و دەربڕینی لەو شێوە ئەگەر بۆ ئافرەتانیش بێت، ئەوەش لەبەر هەمان هۆكار كە پێشتر ئاماژەم بۆ كرد كە ئەوانەی پۆستەكانت ئەبینن جۆرەها خەڵكی جیاواز و خاوەن دەروون و بیركردنەوەی تایبەتی تێدایە و بۆی هەیە كێشەی وات بۆ درووست بكات لە خەیاڵیشدا بیرت لێ نەكردووەتەوە. 15 – پێم باش نییە باسی كێشە و خۆشی و ناخۆشی ژیانی تایبەتی خۆت بۆهیچ كەسێك بكەیت، یان خۆشگوزەرانی و بەختەوەریت لەگەڵ هاوسەرو منداڵ و كەسوكارتدا بۆ خەڵكی دەربخەیت، نە لە پۆست و نە لە كۆمێنت و نە لە نامەی تایبەتدا، چونكە ئەوەش ئەگەرەكانی خراپەی لە چاكەكانی زۆرترە و ئەگەری بەلاریبردنی پرسەكە بوونی هەیە. 16 – هیچ كاتێك هانت نادەم هەرچەند خاوەن توانای زانستی و قسە كردن بیت، كە بە بە ڤیدیۆ یان بە دەنگی خۆت وانە و دەرس و خولی گشتیت هەبێت وهەموان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بتوانن تەماشای بكەن وگوێی لێ بگرن، ئەوە كارێكی ناشەرعییە وخراپییەكانی لە چاكەكانی زۆرترە و، باشی ئامانج نابێتە بیانوو بۆ گرتنەبەری ڕێگای حەرام بۆ جێبەجێكردنی ئەو ئامانجە باشە. وینەو ڤیدیۆی ئافرەت بە بێ هیچ گومانێك حەرامە، بەو وینانەشەوە كە لەگەڵ هاوسەر و دایك و برا وخوشكدا دەیانگریت، هەمووی نادرووست و مایەی فیتنەو تاوانە، هەركێیش فەتوای دواە غەڵەتی كردووە و زۆر لە حەق و جەوهەری دەستگرتن بە كیتاب و سوننەت دوور كەوتووەتەوە. دەنگی ئافرەتیش بەهەمان شێوە كاتێك لە بازاڕی بێ سەروبەری فەیسبوك و تۆڕەكانی تردا نمایش بكرێت بێگومان حەرامە، بەڵام دەكرێت ئەو وانە و خولانە تایبەت بیت بۆ ئافرەتان و گشتی نەبێت. 17- بە ڕەفتاری هەندی ئافرەتی بەڕواڵەت مولتەزیم بە ئیسلام فریو مەخۆن كە لە تۆرە كۆمەڵایەتییەكاندا بەیانی و ئێوارە خەریكی پۆستكردنی وێنەی خۆیانن و دیواری شەرمیان لە دەروونی خۆیاندا ڕوخاندووە و وایان لێهاتووە وەكو پیاو مامەڵە دەكەن، لە كاتێكدا زۆریش گرنگی بە جوانكردنەوەی ڕوخسار و دەركەوتنی خۆیان ئەدەن، وەكو ئەوەی مەسەلەكە هەر ئەوەیە جەستەی داپۆشراو بێت، ئیتر دەست و دەموچاو لەش ولار بەداپۆشراوی دەرخستنی ئاسایی بێت وشەرعی بێت وگوناه نەبێت بۆ ئەو هەموو خەڵكە نمایش بكرێت، یان قسە كردن و تێكەڵ بوون لەگەڵ پیاواندا بۆ كاری خێرخوازی و رێكخراوەیی و حیزبی، جۆرێك بێت لەوەی لە قورئان و فەرموودەدا چاوپۆشی لێ كرابێت وڕێگی پێدرابیت، لەكاتێكدا وا نیە و ئەوە سەر لێ تێكچوون و فیتنەیەكە تووشیان بووە و بەتێپەڕبوونی كات ئەو گوناهە ئاسایی بووەتەوە بەلایانەوە. بەڵام ئێوە با بەزەییتان بەوانەدا بێتەوە، نەك شوێن پێییان هەڵگرن. ئافرەتی وا هەیە لەوانەی كە بەو شێوە فیترەتی خۆیان تێكداوەو بەبیانووی كاری ئیسلامی و چالاكی حیزبی وبانگەواز خۆیان عەرز ئەكەن، ئەگەر لە هەژمارەكانی فەیسبوكیاندا بگەڕێیت بە سەدان وێنەیانی تێدایە و بۆ هەموان بەردەستەیان كردوە، لە هەموویشیدا ڕوخساریان دەردەكەوێت و لەش و لاریشیان با بەداپۆشراویش بێت دیارە و بەڕوونی دیارە ئامادەباشی خۆیان بۆ وینەگرتنی بەر كامێرا وەرگرتووە ، ئەوانە پێویستە لە الله بترسن و لەو خۆ نماشكردن و خۆ خەڵەتاندن و شێواندنەی كە سەرقاڵین ڕابوەستن و چیدی نەبنە پێشەنگێكی خراپ بۆ ئافرەتان بە فەتوای مەلاو بانگخوازەكانی ئاخیر زەمان دڵ خۆش نەكەن. 18- پەیامێكی ترم بۆ ئەو كچ و ئافرەتە بەڕێزانەیە كە نیقاب و عابایان پۆشیوە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بە شێوەیەك لە شێوەكان جێ پەنجەو ئامادەبوونیان هەیە: داواتان لێ دەكەم وەكو چاوەڕوان كراوە لێتان ببنە نموونەی شەرم و سەنگینی ڕاستەقینە و دەستگرتن بە كیتاب و سوننەت و ببنە پێشنگێكی باش بۆ كچان و ئافرەتانی كورد بە ڕەفتاری جوان و هەڵسوكەوتی هاوسەنگ وانەی كردەیی جوانیان پێشكەش بكەن. لەراستیدا تۆ كە بووی بە نیقاب، مەعنای ئەوە نییە ئیتر ئاساییە بەو شێوە دەربكەویت و خەڵكی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بەنیقابەوە تەماشات بكەن، بەڵكو بەو شێوە ئەگەر خۆت نمایش بكەیت ڕەنگە لەوانەی كە روخساریان بەدەرەوەیە سەرنج ڕاكێشتر بیت و ئەوەی كە پیشتر دەربارەی ئافرەتانی حیجاب باسم كرد لەسەر تۆی نیقابپۆش بە هەمان شێوە جێبەجێ دەبێت و حەرامە بە عابا و نیقابەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەربكەویت و خۆت نمایش بكەیت، لەوەش زیاتر،پێویستە تێبینی ئەم خاڵانەی خوارەوە بكەیت: - لە ڕووی فیتنەوە، ئافرەت هەر ئافرەتە، سەرپۆش بەسەر و بێ سەرپۆش و عەبا ونیقاب حیجاب پۆش لەو ڕوەوە هەمووی بە جۆرێك لە جۆرەكان هەر فیتنە و كاریگەرییان هەیە، بەڵام بەڵام هەر ئەوەندەیە شێوازەكانیان جیاوازە، بەڵكو ئافرەت ڕەنگە بە داپۆشراوی زیاتر جێگای گرنگی و بایەخ پێدانی زۆرێك لە پیاوان بێت، زیاتر لەوانەی كە بەشێك لەجەستەیان بەدەرەوەیە، بۆیە لەوە دڵنیابن دەركەوتنتان لە تۆرە كۆمەڵایەتییەكاندا بەهەر بیانوویەك بێت حەرامە و نادرووستە. - هەڵەی ئێوە گەورەتر و دیارترە و كاریگەری زۆرترە لە هەڵەی ئەوانەی تەنها سەرپۆشیان كردووە و ڕوخسار و دەستیان بەدەرەوەیە، چونكە ئێوە وا خۆتان دەردەخەن كە ئیوەش هاوشێوەی ئەوان حەزتان لە خۆ نمایشكردنە و مەبەستتانە كە پیاوان بەو شێوە بتانبینن. - هەندێك دەزگای ڕاگەیاندن و خەڵكانێكی جۆراوجۆر پێ دەچێت بیانەوێت وێنەی ئافرەتی نیقاب و عەبا پۆش ناشیرین بكەن و سیناریۆی یارمەتیدەر بۆ ئەو مەبەستە درووست بكەن، بۆیە ئەوە دەبێت هاندەر بێت بۆتان بە هیچ شێوەیەك لە هەژمارەكانی خۆتاندا لە فەیسبوك یان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەگشتی دەرنەكەون و نەحیكمەتیكیش هەیە لە دەركەوتنتاندا، ئەوەی بە خێری ئەزانن بینووسن و بڵاوی بكەنەوە، بێ ئەوەی وێنەو ڤیدۆی خۆتان نمایش بكەن، كە ئەو وێنە جارێكی تر ناتوانن بیسڕنەوە بەیەكجاری و لەدەستی خۆتان دەردەچێت. - نیقاب و عەبا پۆشین - ئەگەرچی لە ڕووی فیقهییەوە قسە هەڵدەگرێت - بەڵام بێگومان كردنی بۆ ئەم سەردەمەی خۆمان زۆر باشترە و گونجاوترە لەگەڵ ئەو لێشاوی فیتنەی كە دونیای گرتووەتەوە، بۆیە دەزگاكانی ڕاگەیاندن و ژوورەكانی سیاسەت لە جیهاندا ڕۆژ لە ڕۆژ ڕێگری بۆ ئەو مەسەلە درووست دەكەن و ڕێنمایی و تەگەرەی بۆ دادەهێنن، بۆیە دەبێت ئێوەش بە ئەوپەڕی بەرپرسیاریێییەوە مامەڵە بكەن و رێگە نەدەن هەڵەی خۆدەرخستنتان بقۆزرێتەوەو بوترێت ئەوەیە نیقابەكە! - بەم دواییانە نەك هەر وێنەی جۆراوجۆری ئافرەتانی نیقاب پۆش، بەڵكو هەندێ گرتەی ڤیدیۆییان بڵاو دەبێتەوە كە خۆیان لە ئەژمارەكانی خۆیان لە فەیسبوك بڵاوی دەكەنەوە، زۆر نەشیاوەو مایەی خەم و بێزارییە كە ئەوان بەو ئاستە لە بێ ئاگایی گەیشتوون، بۆ نموونە ڕیكلام دەكەن بۆ عەبا و نیقاب، یان باسێكی زانستی یان تایبەت بەبانگەواز دەكەن و بەو بۆنەوەش خۆیان نمایش دەكەن و هەموو جەستەی خۆیان بەو داپۆشراوییەوە دەردەخەن وەكو ئەوەی مەبەستەكە خۆ دەرخستنەكە بێت نەك باسەكە. پوختەی ئەم باسە ئەوەیە ئافرەتان دەتوانن تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وەكو هەلێك تەماشا بكەن و بۆ خزمەتی دینەكەیان بیقۆزنەوە، بەڵام هاوكات دەبێت ڕەچاوی شەرع بكەن و دەركەوتنیان بە وێنەو بە ڤیدۆ لەلایەكەوە حەرامە و كاریگەری خراپی هەیە، لەلایەكی تریشەوە هیچ پێویستییەك نییە بۆ خۆ دەرخستنی ئەو ئافرەتەی كە دەیەوێت بانگەواز بۆ ئیسلام بكات، دەتوانێت ئەوەی خێرە بیگەیەنێت و خۆیشی دەرنەكەوێت.