العربیة
/مێژوو/
پیاوێك پڕ لە زانست و غیرەت!
: 446
2022-06-27

  پیاوێك پڕ لە زانست و غیرەت! لە زانایانی (متأخرین) دا، شارەزا نیم هیچ كەسێك ئەوەندەی (ابن تیمیة) خزمەتی بە دینی ئیسلام كردبێت، ئەگەرچی یەك زانا بووە، بەڵام ئەوەندەی سەد زانای بەتوانا و دڵسۆز بەرهەمی جۆراوجۆری لە بوارەكانی زانستدا پێشكەش كردووە، نووسینی كتێب و بەرپەرچدانەوەی تاقمە گومڕاكان و وەڵامدانەوەی فەلاسیفە و ئەهلی كەلام و بەرگریكردن لە عەقیدەی ئیسلامی و جیهادی تەتار و لە چەندین بوار و تەوەری گرنگی تر لە ژیانیدا حزمەتی كردووە، ژیانی بەتەواوی پێشكەشی دینەكەی كردبوو، ژیانێكی پڕ لە بەرەكەت، كەمترین ساتی بە زایە نەدا و سەرجەمی تەمەنە پڕ لە پیتەكەی بۆ خزمەتی دڵسۆزانەی دینەكەی كرد بە قوربانی، تەنانەت بواری نەبوو هاوسەرگیریش بكات و بەماڵ مناڵەوە سەرقاڵ بێت، بەڵام لە جیاتی مناڵێك و دووان كە ناوی هەڵگرن و یادی بهێڵنەوە، میلۆنەها موسوڵمان لە سەرتاسەری زەوی و هەموو سەدەكاندا شانازی بە ابن تیمیة دەكەن و دوعای بۆ دەكەن و پێی سەرسامن و كتێبەكانی دەخوێننەوەو شەرحی دەكەن و وەریدەگێڕن...دیارە حیكمەتی ئەوە بووە كە الله تعالی ئەو كەڵە پیاوەی بۆ ڕێپیشاندانی ئومەتێك درووستكردووە والله أعلم . ابن تیمیة لەو ڕۆژەوەی كە لە دونیا دەرچوو ڕۆڵی راستەقینەی دەستی پێكرد ومەودای كاریگەری و ڕوناكی زانستەكەی بەرینتر بوویەوە و تا دێتیش فراوانتر دەبێت، سەیریش ئەوەیە سەرەڕای تێپەڕبوونی حەوت سەدە لە وەفاتی ئەم زانایە، هێشتا بەناوی، بە كتێبەكانی، بەنامە و نامیلكەكانی، بە قسە ڕوون و ئاسان و جوانەكانی، بە هەڵوێستە حەقەكانی، بە بەرجستەكردنەكانی بۆ كیتاب و سوننەت لە نووسینەكانیدا، ، چەنێك موسوڵمانانی سەرسام كردووە و پێوەی وابەستەبوون، دە ئەوەندە ستەمكاران و گومڕاكان و دوژمنانی ئیسلامی تۆقاندووە وئاسوودەیی لێ تێكداون. بۆیە دەبینین جیاواز لە زۆربەی زانایانی تر، ڕۆڵی ابن تیمیة لە ئاستێكی دیاریكراودا ڕاوەستاو و جێگیر نییە، بەڵكو لەبرەودایە وەكو ئەوەی لە ژیاندا بێت وچالاكییەكانی زۆر لە چالاكییەكانی سەدەی هەشتەمی كۆچی زۆرتر و فراوانتر بووەتەوە، ساڵ بەساڵ و سەدە بەسەدە كاریگەری ئەو زانا گەورەیە زیاد دەكات و كەسایەتی كاریگەرتر دەبێت. هەر كتێبێكی دەڵێی زانایەكی سەركردەیە و بەرگری لە ئیسلام دەكات، (مجموع الفتاوی) كەی هاوشێوەی سوپایەكی مەشق پێكراوە و لەبۆسەدایە بۆ هەر كەسێك پیلان بۆ ئەم دینە بگێڕێت و بەرانبەر شوێنكەوتوانی نیازی خراپ بێت بۆ ئەوەی تۆڵەی لێ بكاتەوە. ابن تیمیة بۆ خۆی قوتابخانەیەك بوو، مەشخەڵێك بوو ، بەمردنیشی نەك هەر نەكوژایەوە، بەڵكو ڕۆشنایەكەی پتر بوو و زیاتر درەوشایەوە. خاڵێكی تری هەرە گرنگ كە شیاوی ئاماژە پێكردنە ئەوەیە، كە ابن تیمیة خاوەن ڕەوشت و ئاكارێكی زۆر بەرز و جوان بووە كە تەنانەت نەیارەكانیشی پێ سەرسام بووە، هەرگیز دوعای لە نەیارەكانی نەدەكرد، (ابن القیم) جارێكیان بە خۆشحاڵییەوە هەواڵی مردنی یەكێك لە نەیارە سەرسەختەكانی پێدا كە زۆر ئازاری دابوو، بەڵام ابن تیمیە ڕووی خۆی لێ گرژ كرد و هەواڵەكەی پی ناخۆش بوو و، وتی: (إنا لله وإنا إلیه راجعون)، ئینجا ڕۆیشت بۆ مالی ئەو نەیارەی و وتی هەرچی پێویستییەكتان هەبوو من بۆتانی ئەنجام ئەدەم ولەمەولا من لە جێگای باوكتانم! ئەوەش لە كەڵە پیاوێكی وەكو ابن تیمیة سەیر نییە كە بە جوانی لە جەوهەری ئیسلام تێگەیشتبوو. بە كورتی: ابن تیمیة حاڵەتیكی دەگمەنە لە مێژووی ئیسلامدا، چونكە ئەگەر زۆرێك لە زانایان لەیەك بواردا پسپۆڕ بوونە و كاریگەرییان هەبووە، ئەوا (ابن تیمیة) كەسێكی مەوسوعی بووە و لە زۆربەی بوارەكانی زانستدا لێهاتوو و پێشەنگ بووە، لە عەقیدە و لە فەرموودە و ئوسوڵ و تەفسیر و بەرپەرچدانەوەی تاقمەگومڕاكان و فەلاسیفەدا كتێبی نووسیوە ودانراوی بە پیزی بۆ جێهێشتووین. بەڵام سەرەڕای زانستی زۆری و ئاكاری بەرزی، دواجار (ابن تیمیة) مرۆڤ بووە، بۆیە نامەوێت كەس وا تێبگات كە من ویستوومە بڵێم هەڵەی نەبووە، بەڵێ نە پێكان و هەڵەشی بووە، چونكە ئەوە سروشتی ئادەمیزادكانە. ئەگەر كەسانێكی بەتوانا لە میللەتی كورددا بەشێكی زۆر لە تەمەنیان بۆ وەرگێڕانی كتێبەكانی ئەو كەڵە پیاوە تەرخان بكەن، بەتایبەت (مجموع الفتاوی) كەی بۆ زمانی كوردی، وا ئەزانم خزمەتێكی مێژوویی گەورەیان بە ئیسلام و بە میللەتەكەی خۆیان كردووە. إحسان برهان الدین 17 ذو الحجة 1442 27 تموز 2021