ئیسلام واتە خۆبەدەستەوەدانی موسوڵمان بۆ دینەكەی و ڕازی بوونی بە هەموو حوكمەكانی كیتاب و سوننەت، بەبێ ئەوەی مافی تێبینی و رەخنەگرتن ومشت و مڕی لەسەر هیچ حوكمێك هەبێت، چونكە هەموو ئەوەی لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە و ئەوەشی لە سونەتی صحیح و ڕاست و درووستدا وارد بووە، وەحیە و لەلای الله عزوجل هاتووە وموسوڵمانان دەبێت بە ڕازیبوونی ڕواڵەتی و لەناخیشەوە موسوڵمانێتی خۆیان بسەلمێنن.
ئیسلام ئەو دینەیە كە الله پێی ڕازی بووە و پێغەمبەرەكانی بۆ ڕاگەیاندنی تەوحید و بەتاك و تەنها الله پەرستن ڕەوانە كردووە و بەوەش لە بەندەكانی ڕازی دەبێت ئەو دینە جێبەجێ بكەن وملكەچی و گوێڕایەڵی ڕەها بۆ شەریعەتەكەی نیشان بدەن: (إِنَّ الدِّينَ عِندَ اللَّهِ الْإِسْلَامُ) آل عمرا:19. واتە جگە لە ئیسلام الله هیچ دین و بەرنامە و دەستور و یاسا و ڕێسایەكی قبوڵ نییە ببێتە بەرنامەی ژیان بۆ موسوڵمانان، شەریعەتی رب العالمین بە تێكڕا هەر هەمووی بۆ ئەوە دابەزیوە كاری پی بكرێت و لە واقیعی ژیاندا ڕەنگ بداتەوە.
ئەم سەردەمەش لە ڕووی بیروباوەڕ و مەنهەجییەوە سەردەمی سەرگەردانی و ئاوەژووبوونەوەی چەمك و بنەماكانی بیروباوەڕە و بەشێوازێك كۆدەنگی لەسەر كارنەكردن بە بنەماكانی ئیسلام لە عەقیدەدا درووست بووە، تەنانەت حاڵ بەوە گەیشتووە كە پەراوێزخستن و كارنەكردن بە حوكمەكانی شەریعەت لە واقیعی ژیانی خەڵكیدا بوەتە حاڵەتێكی زۆر ئاسایی و هەموو حوكم و شەرع و سزاكانی الله بۆ تاوانەكان هەیە لابراون و حوكم و یاسا و ڕێسا و سزای جیاوازی ڕۆژ ئاوا و ڕۆژهەڵات و پاشماوە و زادەی مێشكی مرۆڤەكان كراوەتە ڕكابەری شەریعەتەكەی وجێگرەوەی .
ئەمڕۆ نەوەیەك پەیدا بوونە خۆیان بە موسوڵمان دەزانن بێ ئەوەی پێناسەی ئیسلام و ئیمان بزانن چییە، بێ ئەوەی جیاوازی لە نێوان ڕوكنەكانی ئیمان و ئیسلامدا بكەن، لەگەڵ ئەوەشدا سزای دەست بڕین بۆ دز بە هەمەجییەت ودڵڕەقی ئەزانێت، سزای بەردباران كردن بۆ زیناكاری خاوەن هاوسەر بە زوڵم دەزانێت، كوشتنەوەی بكوژ بە دیمەنێكی بێ ڕەحمانە ئەزانێت و لەبەرانبەریشدا زۆرێك لە ڕەوشتە ناشیرینەكانی ئەم سەردەمەی بەلاوە ئاساییە و بە ئازادی كەسێتی دەزانێت، ئەوەش بە ڕەخنە گرتن لە كاری الله و وپێغەمبەرەكەی دێتە ئەژمار..
لە ڕاستیدا موسوڵمان دەبێت هەموو حوكم و سزا و شەریعەتێكی ئیسلام بە چڵەپۆپەی ڕەوایی و حەق و دادگەری وشیاو بزانێت، دەست بڕینی دز تەنانەت لە ناخیشیەوە ڕەخنەی لێ هەبێت و بەدواكەوتن و بە زوڵمی بزانێت واتە ڕەخنەی لە كار و لە حوكمی رب العالمین گرتووە، هەر سونەتێكی پێغەمبەریش صلی الله علیه و سلم بۆ نموونە سوننەتی ڕیش دانان بە شتێكی پێویست نەزانێت یان بە حاڵەتێكی نەشیاو و بەپیسی بزانێت، یان گاڵتە بە سوننەتی كورت كردنەوەی جل و بەرگ بكات، یان حیجاب و نیقاب بە دیاردەیەكی كۆنەپەرستی و نەگونجاو بزانێت لەگەڵ پێشكەوتنی شارستانی و تەكنەلۆجیای ئەم سەردەمە، یان هەر حوكمێك لە حوكمەكانی شەریعەت لە قورئان و لە سوننەتدا ڕەفز بكات و گاڵتەی پێ بكات وئەوەی لە یاسا دەستكردەكاندا هەیە لەوە بەباشتر وپەسەندتری بزانێت، هەموو ئەوانە پەیوەندی موسوڵمان لەگەل پەروەردگاری و لە گەل دینەكەیدا دەبڕێتەوە.
ئەگەر لە بنچینەوە ئەو گومانە بۆ كەسێك درووست بێت كە ئایا شەریعەتی ئیسلام بۆ ئەم سەردەمە بەكەڵكە یان كاتی بەسەر چووە و بۆ ئەم سەردەمە ناشێت، ئەگەر كەسێك خۆی بە موسوڵمان بزانێت و ئەم پرسیارەی لەلا درووست بێت، ئەوە هەموو پەیوەندییەكی خۆی لەگەڵ ئیسلامدا بچڕیوە چونكە لە دینەكەی و لە پەروەردگاری و لە پێغەمبەرەكەی صلی الله علیه و سلم بەگومانە، الله تعالی فەرمویەتی: (مَا فَرَّطْنَا فِي الْكِتَابِ مِنْ شَيْءٍ) الأنعام:38. واتە ئەوەی بۆ مرۆڤ و بۆ مرۆڤایەت تاكو ڕۆژی قیامەت پێویست بێت لە قورئانی پیرۆزدا باس كراوە. هەروەها فەرمویەتی: (وَنَزَّلْنا عَلَيْكَ الْكِتابَ تِبْياناً لِكُلِّ شَيْءٍ). ئەم قورئانە ڕوناكی ژیانە و ڕوونكردنەوەی بۆ هەموو پرسێك تێدایە.
هەر ڕەخنە و بە گومان تەماشاكردنێكی سوننەتیش ئەگەر صحیح بێت هەروەكو ئەوەیە گومانەكە لە قورئان بێت و جیاوازی نییە، چونكە سوننەتیش هەر وەحیە والله دەربارەی فەرموویەتی: (وَمَا يَنْطِقُ عَنِ الْهَوَى إِنْ هُوَ إِلَّا وَحْيٌ يُوحَى) النجم:3-4. بۆ نموونە كەسێك لە دڵیشیەوە ڕەخنە بگرێت لە هەر حوكمێكی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم، یان هەر تەشریع و ڕێنماییەكی، ئەو كەسە بەدەقی ئایەتی قورئان ئیمانی نییە، الله فەرموویەتی: (فَلَا وَرَبِّكَ لَا يُؤْمِنُونَ حَتَّىٰ يُحَكِّمُوكَ فِيمَا شَجَرَ بَيْنَهُمْ ثُمَّ لَا يَجِدُوا فِي أَنفُسِهِمْ حَرَجًا مِّمَّا قَضَيْتَ وَيُسَلِّمُوا تَسْلِيمًا) النساء:65.
بە كورتی ئیسلام هەرچی بەباش زانیوە دەبێت موسوڵمانیش بەباشی بزانێت، هەرچی بەخراپ داناوە دەبێت موسوڵمانیش بە خراپی دابنێت، هەركێی بە كافر پێناسە كردووە دەبێت موسوڵمانیش هەمان پێناسەی بكات، هەر سزایەكیشی بۆ هەر تاوانێك داناوە وەكو دەست بڕین بۆ دز و جەڵد یان ڕەجم بۆ زیناكار وسزاكانی تر دەبێت بە ئەوپەڕی دادگەری بزانێت، هەرچیش لە سوننەتی ڕاست و درووستی پێغەمبەردا صلی الله علیه و سلم هاتووە هەمووی حەقە و دەبێت موسوڵمان بە زاهیر و لە ناخیشەوە پێی ڕازی بێت ئەگەر سوننەتی ڕیش هێشتنەوە بێت بۆ پیاوان، یان نیقاب و باڵاپۆشی و تێكەڵ نەبوون بێت بە پیاوان بێت بۆ ئافرەت، یان هەر سوننەتێكی تر بێت ئەگەر توانای جێبەجێكردنیشی نەبێت بەڵام دەبێت بەڕاست و بەحەقی بزانێت.
موسوڵمان كە فەرمان و حوكمی الله و پێغەمبەرەكەی صلی الله علیه و سلم پێ گەیشت، هیچ ڕیگەچارەیەكی تری نییە جگە لە ڕازی بوون و خۆ بەدەستەوەدان بۆ ئەو حوكم و فەرمانە ، الله عزوجل دەفەرموێت: (وَمَا كَانَ لِمُؤْمِنٍ وَلَا مُؤْمِنَةٍ إِذَا قَضَى اللَّهُ وَرَسُولُهُ أَمْرًا أَن يَكُونَ لَهُمُ الْخِيَرَةُ مِنْ أَمْرِهِمْ ۗ وَمَن يَعْصِ اللَّهَ وَرَسُولَهُ فَقَدْ ضَلَّ ضَلَالًا مُّبِينًا) الأحزاب: 36.