العربیة
/هەندێك هەڵەو بیدعەی بیروباوەڕ/
15-ڕوپامایی وەكو ئاگرە بۆ كردەوەی چاكە
: 185
2024-02-06

پێویستە موسوڵمان لە هەموو چاكەو عیبادەتێكیدا تەنها بیری لەلای ڕەزامەندی پەروەردگاری بێت و نیەتی بۆ ئەو ساغ بكاتەوە، هاوكات ڕێگە لە هەموو هەوڵەكانی شەیتانیش بگرێت كە دەرەنجامی ئەو كردەوە باشانەی لێ تێك بدات وسوود وەرگرتنی لە پاداشتەكانی لێ بشێوێنێت، یەكێكیش لە ترسناكترین ئەو ڕێگایانەی شەیتان لێیەوە دزە دەكات و زیان بە موسوڵمان دەگەیەنێت ڕوپاماییە. 

لە هاوەڵی بەڕێز محمود بن لبيد الله لێی ڕازی بێت هاتووە كە فەرموویەتی: رسول الله صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی: (إن أخوف ما أخاف عليكم الشرك الأصغر)، قالوا : يا رسول الله وما الشرك الأصغر؟ قال: (الرياء، إن الله تبارك وتعالى يقول يوم تجازى العباد بأعمالهم: اذهبوا إلى الذين كنتم تراءون بأعمالكم في الدنيا، فانظروا هل تجدون عندهم جزاء) أخرجه أحمد (23630) واللفظ له، والبيهقي في ((شعب الإيمان)) (6831)، والبغوي في ((شرح السنة)) (4135) . واتە: زۆرترین شت كە ترسم هەیە لەسەرتان تێبكەون شیركی بچووكە، كە فەرموویەتی مەبەست پێی ڕوپاماییە. 

مەبەست لە ڕیایی ئەوەیە كەسەكە عیبادەتی الله بكات، بەلام ئارەزووی ئەوەشی هەبێت كەوا خەڵكی پێی بزانن و لە كاتی عیبادەتەكەدا بیبینن و ستایشی بكەن و بە كەسێكی باش و چاكەكار و كورد واتەنی بە خواترسی بزانن، ئەمە لە كاتێكیشدایە كە عیبادەتەكەی بۆ خەڵكی ناكات و بۆ الله ئەنجامی ئەدات، چونكە ئەگەر بێت و بۆ خەڵكی ئەنجامی بدات، یان بەشێكی بۆ ئەوان ئەنجام بدات، ئەوە هاوبەشدانانی گەورەیە و لە بازنەی ئیسلام دەریدەکات. 

ڕوپامایی یان ڕیایی كە وەرگێڕانی وشەی (ریاء )ە لە زمانی عەرەبیدا ، واتە: حەزی بەوەیە خەڵكی بیبینن، بەڵام ئەگەر عیبادەتەكەی دەنگ بێت و حەز بكات خەڵكی بیبیسن و وەسف و سەنای بكەن و دڵ و بیری لەلای ئەو مەسەلە بێت ئەوەش هەر دەبێتە ڕیاء وڕوپامایی و جیاوازی نییە. 

ڕیایی كێشەیەكی زۆر گەورەیە لە ناو سەرجەم موسوڵمانانی ئەم سەردەمەدا تەشەنەی كردووە و لەناو كوردی خۆشماندا بە تایبەتی ئەو دەردە زۆر بڵاو بووەتەوە، خەڵكی زۆر بەكەمی لە تاوانی ڕیایی دەترسن و وەكو ئەوەی دەرك بەوە نەكەن كە ئەو كارە شیركی بچووكە و لە تاوانە گەورەكانیش گەورەترە. 

ئەو خەڵكە زۆر بەهەڵەدا چوون و زیان بەخۆیان دەگەیەنن كاتێك دەچن عیبادەتەكانی خۆیان بۆ خەڵكی نمایش دەكەن، خێرو سەدەقە دەكەن، حەج و عومرە و تەواف دەكەن، قورئان دەخوێننەوە، زۆر عیبادەتی تر ئەجام ئەدەن كە وەكو خەرمانێكە بۆ قەبر و قیامەتی خۆیان باش و بەسوودە، بەڵام مەخابن خێرا وجاری وا هەیە هاوكات لەگەڵ عیبادەتەكەدا تەسویری دەكەن و بە پۆستێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا نامیشی دەكەن! ئەوەش بە ڕاستی كارەساتێكی گەورەیە ئەگەرچی هەستیشی پێ ناكەن، چونكە وەكو ئەوەیە خەرمانێك لە كردەوەی باش كۆبكەیتەوە، دوایی بە ئەعسابێكی ساردەوە و لە پێناو ئەوەی كەسانێك پێت بڵێن دەستخۆش، یان بارك الله، یان تۆ پیاوێكی باش و خواناسی بچیت ئەو خەرمانە بخەیتە ژێر مەترسی ئاگری ڕوپامایی و ڕیاییەوە. 

موسوڵمان كە لە عیبادەتەكانیدا مەبەستی الله بێت و دەبێت هەر واش بێت، بۆچی دەبێت حەز بكات ئەو عالەمە لە كاتی ئەنجامدانی ئەو عیبادەتەدا بیبینن و دەستخۆشی لێ بكەن و لایك و كۆمێنتی بۆ بكەن، بەڵكو خەڵكی وا هەیە دوو شەممەو پێنج شەممە بەڕۆژووە، باسی دەكات، شەو نویژ دەكات باسی دەكات، سەدەقەو خێرێك، یان یارمەتی داماوێك دەدات تەسویری دەكات و عالەمی لێ تێدەگەیەنێت، ئەوەش بەڕاستی سەرگەردانییەكی خراپە ئەو خەڵكە تێیكەوتوون وڕێك وەكو ئەوەیە بچیت گڕ بە ماڵی خۆتەوە بنەیت. 

پێشینانی چاكی ئەم ئوممەتە كە پێشەنگ و پێشەوای ئێمە بوون، عیبادەتی خۆیان دەشاردەوە و باسیان نەدەكرد:  

الحسن البصري - رحمه الله - دەیفەرموو: ( لقد أدركنا أقواما لا يستطيعون أن يسروا من العمل شيئا إلا أسروه) واتە: ئێمە چاومان بەكەسانێك كەوت هەرچی كردەوەیەكی چاكە بواری شاردنەوەی هەبوایە دەیانشاردەوە. بۆ نموونە ڕۆیشتن بۆ نوێژی جەماعەت لە مزگەوت ناشردرێتەوە، بەڵام شەونوێژ ئەشاردرێتەوەو هیچ پێویستییەكیش نییە لەوەی بڵاو بكرێتەوە. 

هەروەها دەیفەرموو: (كانوا إذااجتمعوا فتذاكروا ،تحضرأحدهم الدمعة فيحبسها ، فإذاخاف أن تغلبه قام وتركهم ؟ : نعم ) واتە كە سەلەف دادەنیشتن و خەریكی دەرس ودەور ویادی الله بوون، كەسێكیان گریانی زۆری بۆ بهێنایە هەوڵی دەدا گریانەكە بگێرێتەوە، ئەگەر بیزانیبا هەر بۆی ناگێڕدرێتەوە هەڵدەسا و كۆڕەكەی بەجێ دەهێشت بۆ ئەوەی هاوەڵەكانی نەیبینن بەگریانەوە، واتە ئەوەندە لە ڕوپامایی دەترسان. ئیتر نازانم ئەم جورئەتەی ئێمە لە بڵاوكردنەوەی نوێژ و ڕۆژوو وقورئان خوێندن و پێشنوێژی كردەوە چاكەكانی تر لە كوێوە سەرچاوە دەگریت؟! 

ئێستا قورئان خوێنەكان پێش وەخت هەندێ لەو ئایەتانەی كە بۆ گریان دەشێت ئامادە دەكەن و بەرانبەر لە كامێرە دەگرن و دەیخوێننەوە و ئەگەر بە زۆریش بووە دەست دەكەن بە گریان و ئەو بڕگە بەتایبەت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا پۆست دەكەن ودەڵێن مامۆستا فڵان یۆچی گریا؟!  

بەداخەوە لەناو كوردی سەردەمی سۆشیال میدیادا، ئێستا هەموو بنەماكان شێواون و ئاوەژوو بوونەتەوە، خەڵكی وردەكاری عیبادەت و چاكەكانیان لە گچكە تاكو گەورە - إلا ما رحم ربي - بە دەنگ و ڕەنگ و بە دەكێومێنتاری تۆمار دەكەن و بۆ خەڵكی پەخشی دەكەن، باشە بۆچی؟ ئایا پاداشتی تۆ لەلای خەڵكییە یان لەلای پەروەردگاری خەڵكییە؟ ئەی لەوە ناترسی الله عزوجل تورە بكەیت و كردەوەكانت بەهۆی ئەو ڕیاییەوە بەسەردا بداتەوەو لێت وەرنەگرێت؟ 

من لێرەوە وەكو هەست كردن بەو مەترسییەی كە بەهۆی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە تەشەنەی كردووە، لەم چەند دێڕە بە هەلێك دەزانم بۆ ئەوە وریایی بە هەموو خوشك وبراكانم بدەم كە ئاگایان لە خۆیان بێت و لە عەرز كردنی چاكەكانیاندا ڕۆنەچن و لەوە دڵنیابن كە ڕوپامایی وەكو ئاگرە دەبێت نەهێڵن خەرمانی چاكەكانیان بسوتێنێت، بە تایبەتییش ڕووی دەمم لە دوو توێژی ئەم كۆمەڵگایە دەكەم: 

1- قورئانخوێنان كە بە هەموو پێوەرە شەرعیەكان و بەدەقەكانی قورئان و سوننەت ئەوان لە مەترسیەكی گەورەدان و لە مەسەلەی ڕوپاماییدا - زۆرێك لەوان - تەواو تێكەوتوون و با ئەوەندە تەسویری خۆیان نەكەن و بە خشوع و بەگریان و بەشەو بەڕۆژ و بەهەموو بارەكانیان خەریكی خۆ مایش كردنن، مامۆستایانی ئایینیش بەهەمان شێوە هەندێكیان وایان لێ هاتووە هەموو جوڵە و بۆنە و عیبادەت و كارو كردەوەكیان تۆمار دەكەن و دواتر دەیخەنە تۆرە كۆمەڵایەتییەكانەوە، بۆ ئەوەی خەڵكی بزانێت چەند خواناس و خاوەن تەقوان. 

(بێگومان باسم لەسەر عیبادەت و چاكەی كەسێتی ئەو مامۆستایانەیە كە تووشی نەخۆشی خۆ عەرز كردن بوونە. ئەگینا بڵاوكردنەوەەی وتار و وانە و موحازەرەی بەسوود كارێكی باشە و ڕێپیشاندانی خەڵكییە وبەشێكە لە بانگەواز بۆ ئیسلام). 

2- پەیامیكی تریش بە تایبەت ئاراستەی خوشكانی ئازیزمی دەكەم كە بەهۆی كەمی زانستی شەرعی بێت یان سادەیی و دڵسافی خۆیان بێت، زۆر جار بەكار دەبرێن و دەكرێنە ئامرازی هەندێ چالاكی بۆ لایەن و تەوژمە جۆراوجۆرەكان، با وریابن و ڕازی نەبن بەو شێوە دەربكەون چونكە ئەوە كارێكی ناشەرعییە، هەم دەركەوتنتان حەرامە و هەم ئەو خۆ دەرخستنە بە عیبادەتەوە دەبێتە ڕوپامایی، بۆیە چیتر با واز لەو بێ باكییە بهێنن ولەسنوورەكانی حەرام و قەدەغەكراوەكاندا ڕابوەستن و من لە كتێبی(چل پەیام بۆ ئارەتان)دا زۆر پەیامم لەبەر الله ئاراستەیان كردووە كە زۆربەی زۆری مامۆستایانی ئایینی و بانگخواز و لایەنە ئیسلامیەكان، نەك هەر پێیان ناڵێن و لێیان دەشارنەوە، بەڵكو بەداخەوە ئەو حەرام و هەڵانەشیان بۆ حەڵاڵ دەكەن و لەلا ئاسایی دەكەنەوەو پینەی هەموو شتیكیان لە ڕێگەی بیدعە و بە و مقاصد و ئەركە هاوچەرخەكانی موسوڵمان و ئەو جۆرە بەهانانە بۆ دەكەن. 

كورتەی باسەكە ئەوەیە هەر كردەوەیەك مەگەر خۆی عیبادەتێكی ئاشكرا بێت وەكو نوێژی جەماعەت و حەج كردن و ڕۆژووی ڕەمەزان و ونوێژەبارانە و ئەو جۆرە عیبادەتانە كە ناشاردرێنەوە وخۆی لە بنچینەدا عیبادەتێكی ئاشكرایە. 

یان كردەوەیەكی چاكە كە حیكمەتێكی ڕوون و ئاشكرای تێدا بێت بە ئاشكرا ئەنجام بدرێت بۆ هاندانی خەڵكی بۆ كاری چاكە و یان فێركردنیان و ئاراستە كردنیان بەرەو كاری خێر،. 

یان كەسێك كردەوەیەكی چاكە بكات بە مەبەستی ئەوەی خەڵكی چاوی لێبكەن وشوێن پێی هەڵگرن، بۆ نموونە خەڵكی لە شوێنێكدا ڕەزیل بن و دەستیان نەچێتە پارە بۆ سەدەقە كردن، ئەو كەسە بەبەرچاوی خەڵكی خێرێك دەكات بۆ ئەوەی ئەوانی تر چاوی لێبكەن و شتی لەو جۆرە ئەوە نابێتە ڕیایی و الله زانایە بەنیتەكان.  

یان كەسێك بانگەواز بۆ دینی الله دەكات، بە موحازەرە ونووسین و كتێب ونامیلكە و بە دەنگ و بەڕەنگ بەپێی توانای خۆی بانگەواز بۆ دینەكەی دەكات، ئەمە كارێكی باشە و هەر ئەوەندەی دەویت زوو موراجەعەی نیەتی خۆی بكات. 

جگە لەوانە تاكو بكرێت هەموو كردەوەیەكی چاكەو هەموو عیبادەتێكی شەخسی شاراوە بێت باشترە، چونكە مەبەست و ئامانج لە عیبادەت و لە كردەوەی چاكە ڕەزامەندی الله یە نەك ڕەزامەندی و ڕازیبوونی خەڵكی. 

بۆ هەندێ حاڵەتی لەو جۆرەش كە باسمان كرد، پێشینانی چاكی ئەم ئوممەتە هەندێك جار لەبەر حیكمەتێك و وەكو (استثناء) عیبادەت و چاكەیان بە ئاشكرا ئەنجام داوە لەبەر ئەوەی بەرژەوەندی ئیسلامیان لەوەدا بینیوە، بۆ نموونە لەبەر یەكێك لەو حیكمەتانەی سەەرەوە، ئەگینا ئەسڵ لە لایان شاردنەوەی عیبادەت بووە والله أعلم.