العربیة
/وانەکانی تایبەت بە عەقیدەی ئەشاعیرە/
بنەماو مەرجەكانی ئەشعەری بوون!
: 374
2023-04-26
  #وانەكانی_تایبەت_بە_عەقیدەی_ئەشاعیرە: 2   بنەماو مەرجەكانی ئەشعەری بوون   ڕێڕەوی ئەشاعیرە كۆمەڵە بنەماو بنچینەیەكی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام سێ لەو بنەمایانە بە بنەمای سەرەكی دەژمێردرێن كە لە ئەهلی سوننەت پێی جیا دەبنەوەو بەو هۆیەشەوە بووە، كە ئەوان بوون بە تاقمێكی لادەر و، ئەگەرچی خۆیان دان بەو ڕاستیەدا نانێن، بەڵام چەندین  خاڵی هاوبەشی یان لەگەڵ موعتەزیلە و جەهمیە و پێش ئەوانیش لەگەڵ فەلاسیفەدا هەیە. زانایان دەڵێن: هەر كەسێك ئەو سێ بنچینەو مەرجانەی پێكەوە تێدا مەوجود بێت، ئەوە ئەشعەرییەكی  تەواوە ، ئەگەر بۆ نموونە تەنها دانەیەكیانی تێدا بێت، كەواتە بەشێكی لە ئەشعەرییەت تێدایە، ئەمانەش بنەماكانن:   1- پێشخستنی عەقڵ لەسەر نەقڵ: سەرانی ئەشعەرییەت وەكو فخرالدین الرازي و أبو المعالي الجویني وابن فورك و هەموو ئەوانی تر، ئەم بنەمایە بە بنەمایەكی سەرەكی و مەزنی مەزهەبەكەیان دەزانن. بۆ نمونە قال الله و قال الرسول لەلای ئەوان - وەكو زانایەك دەڵێت - تەنها خۆی بەس نییە بۆ ئەوەی ورەبگیرێت، بەڵكو دەبێت بەفلتەری عەقڵیاندا تێپەڕ بێت و لەوێ مەعناكەی دیاری بكرێت، جا ئەگەر قایلكەر بوو باشە، ئەگینا ئەو كێشە لەلای ئەشاعیرە دوو حەلی هەیە، یەكەم ئەگەر دەقەكە فەرموودە بێت لە ڕێگەی تانەدان لە سەنەدەكەی ئەگەر ئاحاد بێت چارەسەی دەكەن، چونكە ئەوان فەرموودەی ئاحاد لە عەقیدەدا وەرناگرن با لە بوخاری و موسلم یشدا بێت، ئەگەر بەوە چارەسەر نەبوو، بۆ نموونە ئایەت بوو، ئەوە تەئویلی دەكەن و مەعنایەكی تری جیاواز لە زاهیری بۆ دادەنێن، بۆ نموونە: ( وَجَاءَ رَبُّكَ) دەڵێن، ئەوە مەبەستی هاتنی ڕاستەقینە نییە، بەڵكو مەبەستی (وجاء أمر ربك)ە، واتە الله خۆی نەهاتووە فەرمانەكەی هاتووە، ئیتر بەو شێوە زۆربەی زۆری ئەو ئایەتانەی لەگەڵ عەقڵیاندا ڕێكنەكەوێت، بە سووك و ئاسان تەئویلی دەكەن، بۆیە زۆر جار دەبینین ڕواڵەتی ئایەتەكە واتایەكی هەیە و لە لای ئەوان واتایەكی تری هەیە.   2-  دابەشكردنی نەقڵ بۆ متواتر و ئاحاد: بنچینەو بنەمای دووەمی سەرەكی ئەشاعیرە بریتییە لەوەی هەرچی فەرموودەو فەرموودەی قودسیش هەیە، دەیانكەن بە دوو بەشەوە، متواتر كە ژمارەیەكی كەمە لە فەرموودەكان و لە پرسەكانی عەقیدەدا وەكو بەڵگە قەبوڵی دەكەن، بەشی دووەمیش پێی دەڵێن ئاحاد، كە ئەمەیان زۆرترینی فەرموودەكانە و هەرچەند سەحیح بێت و با لە بوخاری و موسیلمدا بێت، لە بواری عەقیدەدا هەر وەریناگرن و ڕەتیدەكەنەوە، تەنها لە باسەكانی فیقهو غەیری عەقیدەدا وەریدەگرن. بەڵام لە مەسەلەكانی بیروباوەڕو عەقیدەدا عەقڵ دەخەنە پێش فەرموودەی ئاحادەوە.   3-  پێویستە هەرچی نەقڵ هەیە(واتە دەقەكانی كیتاب سوننەت) تەئویل بكرێت، تاكو لە گەڵ عەقڵدا یەك دەگرنەوە: واتە ئەوەش كە متواتر بوو و وەریانگرن، یان هەر ئایەت و فەرموودەیەكی تر كە لە گەڵ عەقڵ و تێگەیشتنی ئەواندا ڕێكنەكەوێت، بەم بنەمایەی سێیەمەیان چارەسەری دەكەن. بەم شێوەش  بنچینەی یەكەم و دووەمیان لە خزمەتی ئەم بنچینەی سێیەمەدایە. بۆ نموونە: الله تعالی فەرموویەتی: (الرَّحْمَنُ عَلَى الْعَرْشِ اسْتَوَى) طه: 5. ئەوان بەزمانی حاڵ دەڵێن: نابێت! هەرچەند الله فەرموویەتی: (اسْتَوَى) بەڵام خۆی مەعناكەی (استولی) یە و نابێت ڕواڵەتی ئەو ئایەتە وەربگرین. ئەشاعیرە بەم سێ بنەما نامۆیە و بنەمای تریشیان هەیە، كە لە باسەكانی داهاتوودا إن شاء الله باسیان دەكەین، مەودایەكی گەورەیان لە نێوان خۆیان و عەقیدەی سەلەفدا درووست كرد و بە هۆی تعصب و دەمارگیری بۆ مەزهەبەكەیان و، هەروەها بەهۆی ئەوەی لە زۆر لە سەدەكاندا دەسەڵاتیان بەدەستەوە بوو وتوانیویانە زۆرێك لە زانا و ناوداران لە ڕێگەی پێدانی بەڕێوەبردنی قوتابخانە و دار الحدیث و ئەو شوێنانەی بەدەستیانەوە بووە، بۆ لای خۆیان ڕایان بكێشن و خۆیشیان لە گەڵ ڕۆژگاردا لە بنەما و بنچینە نامۆكانیان لەگەڵ عەقیدەی ئەهلی سوننەتدا ڕۆ بچن و دوورتر بكەوتەوە.