العربیة
/سوننەت/
خه‌سڵه‌ته‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كانی شوانی
: 351
2018-05-20

خه‌سڵه‌ته‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كانی شوانی كاتێك كه‌ خه‌ریكی وه‌رگێڕانی كتێبی ( السیرة‌ النبویة عرض وقائع و تحلیل أحداث) بووم ، كه‌ له‌وانه‌یه‌ چاكترین كتێب بێت له‌و كتێبانه‌ی تا ئێستا وه‌رمگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی كوردی ،له‌و كتێبه‌دا زۆر شت سه‌رنجی ڕاده‌كێشام ، له‌وانه‌ باسی شوانی پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم بۆ هه‌ندێ كه‌س له‌ خه‌ڵكی مه‌ككه‌. شوانی ئاسووده‌یی و هێمنی پێویستی بۆ ده‌روونی پێغه‌مبه‌ری به‌خشنده‌مان ده‌سته‌به‌ر ده‌كرد ، هه‌روه‌ها له‌ جوانی سروشتى بیابان به‌هره‌مه‌ندی ده‌كرد و، به‌ تێرو ته‌سه‌ل ده‌یڕوانییه‌ دیارده‌كانی مه‌زنيی په‌روه‌ردگار له‌ درووستكراوه‌كانیدا و، ئاخاوتنی له‌گه‌ڵ بوونه‌وه‌ردا له‌ كش و ماتی شه‌و و شنه‌ی به‌ره‌به‌یاناندا ئه‌نجام ده‌دا، هه‌مو ئه‌وانه‌ جۆرێك له‌ په‌روه‌رده‌ی ده‌روونی بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌كرد له‌ ئارامگرتن و له‌سه‌رخۆیی ومیهره‌بانی و به‌زه‌یی به‌ لاوازه‌كاندا. له‌ ڕاستیدا شوانی زۆر خه‌سڵه‌تی په‌روه‌رده‌یی جوان بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، له‌وانه‌: 1- ئارامگرتن: شوانی مرۆڤ فێری ئارامگرتن ده‌كات، مه‌ڕه‌كان خاون له‌ خواردندا وشوان پێویسته‌ پشوو درێژ بێت و له‌ گه‌ڵیاندا سه‌بری هه‌بێت ..مرۆڤه‌كانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ن. شوان به‌ درێژایی ڕۆژ له‌ كه‌ش و هه‌وایه‌كی ناخۆشدا كات به‌سه‌ر ده‌بات و خواردنی بێ بایه‌خ و ئاوی گه‌رم و بارودۆخی وشك و گوزه‌رانی زبر چاوه‌ڕوانی ده‌كات و، پێویسته‌ ئارام بگرێت و فێری ئارام گرتنيش بێت. 2- خاكی بوون و خۆ به‌ كه‌م زانین: شوان سروشتی كاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ئاژه‌ڵه‌كانی به‌ خێو بكات، هه‌ڵسێت به‌ سه‌رپه‌رشتی زاوزێیان و پارێزگاری لێكردنیان و له‌ نزیكیان بخه‌وێت و جاری وا هه‌یه‌ میز و پیساییه‌كه‌یانی به‌ر ئه‌كه‌وێت، به‌رده‌وام بوونی له‌وكاره‌دا، ده‌روونی له‌ خۆ به‌ گه‌وره‌ زانین پاراو ده‌كات وسیفه‌تی خاكێتی و خۆ به‌ كه‌م زانینی تێدا ده‌چه‌سپێنێت. 3- ئازایی و بوێری: شوان ڕوو به‌ ڕووی گوڕگ و مار و دڕه‌نده‌كانی تر ده‌بێته‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ چاو نه‌ترس وئازا بێت، بۆ ئه‌وه‌ی پارێززگاری له‌ مه‌ڕه‌كانی بكات. 4- سۆزو میهره‌بانی: شوان به‌ پێی پیشه‌كه‌ی، ناچاره‌ له‌ كاتی نه‌خۆشییاندا چاودێری مه‌ڕه‌كانی بكات، یان كاتێك جێگه‌یه‌كیان ده‌شكێت یان ده‌پێكرێن، له‌و كاتانه‌ پێویستیان به‌ به‌زه‌یی و میهره‌بانی شوانه‌كه‌یانه‌، ئه‌و كه‌سه‌ش بۆ ئاژه‌ڵ میهره‌بان بێت بۆ مرۆڤه‌كان میهره‌بان تر ده‌بێت. 5- كه‌سابه‌ت به‌ ئاره‌قه‌ی نێو چه‌وان: خوای گه‌وره‌ توانای هه‌بوو پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی صلی الله علیه وسلم ناچاری شوانی نه‌كات به‌و هه‌موو زه‌حمه‌ته‌ی كه‌ هه‌یه‌تی، به‌ڵام ئه‌وه‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن بوو بۆ خۆی و ئوممه‌ته‌كه‌ی كه‌ له‌ به‌روبوومی ده‌ستی خۆیان و ئاره‌قی نێوچه‌وانیان خۆیان بژێنن. إحسان برهان الدین 2017-11-7 سلێمانی