فه‌رمووده‌ی :(بدأ الإسلام غريباً، وسيعود غريباً كما بدأ، فطوبى للغرباء) فه‌رمووده‌یه‌كی صه‌حیحه پێشه‌وا موسلیم ڕه‌حمه‌تی خوای لێبێت له ئه‌بوهوره‌یره‌وه ڕه‌زای خوای لێبێت ده‌یگێڕێته‌وه ، هه‌روه‌ها له ڕێگای تره‌وه له كتێبه‌كانی فه‌رمووده‌دا جێگیر بووه.له‌وباره‌وه كتێبیش زۆر دانراون ، وه‌كو: تخفيف الآلام عن أهل السنة الأعلام [من كتاب غربة الإسلام] / حمود التويجري ، هه‌روه‌ها كتێبی (الغرباء الأولون)/ سلمان العودة. پوخته‌ی واتای فه‌رمووده‌كه: ئیسلام له‌سه‌ره‌تای بانگه‌وازه‌كه‌یدا غه‌ریب و نامۆ بووه ، به هۆی كه‌می ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون و به‌رگریان لی ده‌كرد ، هه‌روه‌ها به هۆی زۆری ناحه‌زان و دوژمنه‌كانیه‌وه ، وشه‌ی (غریب)یش له فه‌رموده‌كه‌دا واته: كه‌سی نامۆ و دووره وڵات. به هه‌مان شێوه ئیسلام غه‌ریب ده‌بێته‌وه له كۆتایی دونیادا سه‌ره‌ڕای زۆری شوێنكه‌وتوانی له ڕووی ڕواڵه‌ت و ڕوكه‌ش و بانگه‌شه‌وه ،به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ڕاست و دروستی ده‌ستی پێوه بگرێت وه‌كونامۆ و غه‌ریب ته‌ماشا ده‌كرێت و دژایه‌تیش ده‌كرێت ، له هه‌ندێ ڕێگه‌ی تری فه‌رمووده‌كه‌شدا هاتووه ، كه ده‌ست گرتن به دینداریه‌وه له‌و كاته‌دا وه‌كو ده‌ست گرتنه به ژیله‌مۆیه‌كی گه‌شه‌وه ، وشه‌ی (طوبی) له فه‌رموده‌كه‌دا به واتای باشی هاتووه ، هه‌ندێكیش به به‌هه‌شت ڕاڤه‌یان كردووه،یان به دره‌ختێكی مه‌زن له به‌هه‌شتدا..والله أعلم. خوای گه‌وره له‌و غه‌ریبانه‌مان بگێڕێت و له دینماندا تاقیمان نه‌كاته‌وه. إحسان برهان ا‌لدین 2015-8-20 سلێمانی