العربیة
/هەندێ لە ئەحکام و هەڵە و بیدعەکانی نوێژ/
هەندێ لە ئەحکام وهەڵەو بیدعەکانی نوێژ:21
: 826
2020-03-18


#هه‌ندێ_له‌_ئه‌حكام_و_هه‌ڵه‌_و_بیدعه‌كانی_نوێژ
:21
چەند تێبینی و ئاگاداركردنەوەیەكی گرنگ
مەبەست لەم زنجیرە نووسینەمان دەربارەی نوێژ ئەوە نەبوو هەرچی ورد و درشتی ئەم بابەتە هەیە بیخەینە بەرباس و لێكۆڵینەوە، بەڵكو ئامانجەكە لەوەدا خۆی بینیەوە كە تیشك بخرێتە سەر هەندی تێبینی بایەخدار و هەڵە و سەرپێچی و لادان لەسوننەت كە نوێژخوێنان لە كاتی نوێژكردندا ئەنجامی دەدەن، لێرەشدا وەكو پاشكۆیەك هەندی تێبینی و وریاكردنەوەی گرنگی تر دەخەینە رو:

 

1- مەسەلەی گێڕانەوەی نوێژ بە قەزا: تەرك كردنی هەر نوێژێكی فەرز بە ئەنقەست و بە شێوەیەكی عەمدی تاوانێكی گەوەریە هیچ قەرەبووی ناكاتەوە، هیچ بەڵگەیەكیش نییە لەسەر ئەوەی نوێژ كە نەكرا دوای دەرچوونی كاتەكەی بكرێتەوە، بەڵكو پێویستە ئەو كەسە تەوبە بكات و نوێژی سوننەت و نافیلە زۆر بكات بەڵكو الله تعالی لێی خۆش بێت.
ابن رجب فەرموویەتی: ولا یعرف عن احد من الصحابة وجوب القضاء علی العامد شیء، بل ولم أجد عن التابعین أیضا فیه شیئا إلا النخعي) فتح الباري شرح صحيح البخاري/ باب: من نسي صلاة، فلیۆدها إذا ذكرها. واتە: نەزانراوە هیچ هاوەڵێك گێڕانەوەی نوێژی لەسەر كەسێك بەئەنقەست نەیكردبێت بە پێویست زانیبێت، بەڵكو تابیعییەكانیش بەهەمان شێوە جگە لە نەخعی نەبێت.
ئەمەش كە باسكرا تایبەتە بەو كەسەی بەئەنقەست و بەبێ هۆكاری بیرچوونەوە یان خەوتن و یان كەسێك ڕێگر بووبێت نوێژەكەی بكات نەیكردبێت و قورسترین حوكمیشی بەسەردا دراوە لەلایەن زانایانەوە، بەڵام ئەو كەسەی نوێژێكی نەكرد بە هۆی بیرچوونەوە، یان خەو لێكەوتن و بێدارنەبوون لە كاتی خۆیدا، یان بەهۆكارێك كە لە سنووری توانای خۆیدا نەبوو بێت، ئەوانە هەركەی توانیان لە نزیكترین كاتدا نوێژەكەیان دەگێڕنەوە، وەكو لەفەرموودەی صحیح دا هاتووە: (من نام عن الصلاة أو نسيها فليصلها إذا ذكرها لا كفارة لها إلا ذلك) البخاري (597)، ومسلم (684).

 

2- لە كاتی دەرچوونی موسوڵمان لە ماڵی خۆی بەرەو مزگەوت هیچ فەرموودەیەكی صحیح نییە پشتی پی ببەسترێت بۆ خوێندنەوەی هیچ زیكرو دوعایەك هەرچیش لەوبارەوە هاتووە جێگیر نەبووە بۆ ئەوەی ئیشی پێ بكرێت.

 

3- ڕۆیشتن بۆ مزگەوت بە پۆشاكی شاییستە: پێویستە موسوڵمان كاتێك دەڕوات بۆ مزگەوت بە جلی ڕێك و پێك و پۆشتەو بۆنی خۆش بڕوات وەكو چۆن دەڕوات بۆ سەردانی جێگایەكی فەرمی یان بۆ سەردانی ماڵێك هەوڵ دەدات بەڕێك و پێكی بڕوات، دەبێت بۆ مزگەوتیش بەو شێوە بێت، الله تعالی فەرموویەتی: "بابني آدم خذوا زينتكم عند كل مسجد" بۆیە ڕۆیشتن بۆ مزگەوت بە جلی تەنك یان جلی خەوتن وەكو بێجامەو تراكسۆت یان بە جلێكی ناڕێك و پەرپووتەوە جگە لەوەی كارێكی نەشیاو ناشیرینە سەرپێچیشە بۆ ئەو ئایەتە.

 

4- مزگەوتەكان جیاوازییان نییە و هەموویان وەكو یەكن جگە لە سێ مزگەوتەكە نەبێت كە بە بەڵگەی صحیح پاداشتی نوێژكردنی جیاكراوەتەوە، و تایبەتە بۆیە باشترە موسوڵمان لە نزیكترین مزگەوت لە ماڵەكەیەوە جومعەو جەماعەت بكات، مەگەر ڕێگر و هۆكارێكی شەرعی و عەقیدی لەو بارەوە هەبێت.

 

5- دانانی سوترە: سوننەت وایە نوێژخوین بەتەنها بێت یان پێشنوێژی بكات سوترەیەكی هەبێت، ئیتر شتێك بێت یان دیوارێك یان كەسێك، بەڵام ڕاكێشانی خەتێك بەمەستی سوترە ئەوە درووست نییە و ئەو فەرموودەی كە أحمد و أبو داود ڕیوایەتیان كردووە لەو بارەوە لاوازە.

 

6- تێپەڕبوون بەبەردەم كەسێكدا كە نوێژ دەكات گوناهەو هەندێ لە زانایانیش بە تاوانی گەورە كەبائیر ناساندوویانە، بۆیە دەبێت موسوڵمان خۆی لەوە بە دوور بگرێت بەبەردەم هیچ كەسێكدا ڕەت ببێت لە كاتی نوێژ كردنیدا، وەكو لە سوننەتدا هاتووە: ( لَوْ يَعْلَمُ الْمَارُّ بَيْنَ يَدَيْ الْمُصَلِّي مَاذَا عَلَيْهِ لَكَانَ أَنْ يَقِفَ أَرْبَعِينَ خَيْرًا لَهُ مِنْ أَنْ يَمُرَّ بَيْنَ يَدَيْهِ ) البخاري (510) ومسلم (507).
تێبینی/ هەندێ لە زانایانی سەلەف و هاوچەرخەكان فەرموویانە تەنها نوێژكردن لە حەرمی مەككە جیاوازەو ڕێگەدراوە بەبەردەم نوێژخوێندا تێپەڕ ببیت، ابن باز یش كاتێ پرسیاری ئەم مەسەلەی لێكرا وەڵامی ئەوە بوو كە لە مزگەوتی حەرام لەبەر قەرەباڵغی و لە هەر مزگەوتیكی تر ئەگەر زۆر قەرەباڵغ بێت لە ڕووی ناچارییەوە درووستە بەبەردەم نوێژخوێندا تێپەڕ ببیت، والله اعلم.

 

7- پێچەوانەی سوننەتە سورەتێك لە نوێژێكدا دووبارە بكرێتەوە واتە لە ڕكاتی یەكەم و دوومیشدا هەمان سورەت بخوێنرێتەوە، بەڵكو سوننەت وایە لە ڕكاتی دووەمدا سورەتێكی تر بخوێنێت و لەوەی یەكەم كورتتر بێت،
ئەم مەسەلەش كوردی خۆمان كەمترەخەمی زۆریان تێدا كردووەو زۆربەی خەڵكی لە ڕكاتی یەكەم و دووەمیشدا تەنها سوڕەتی الإخلاص قل هو الله أحد دەخوێننەوە.

 

8- پشوودانی دوای سەجدەی دووەم: ئەوە سوننەتێكە زۆر كەس نایزانن و نایكەن، پێویستە نوێژخوێن پاش سەربەرز كردنەوە لە سەجدەی دووەم كەمێك دابنیشێت ئینجا هەڵسێتەوە بۆ ڕكاتێكی تر وەكو لە سەحیحی بوخاریدا جیگیر بووە.

 

9- وشەی سیدنا: بە هیچ شێوەیەك جێگیر نەبووە لە ناو التحیات دا نوێژخوێن لە كاتی سەڵەواتدا وشەی سیدنا بەكاربهێنیت بۆیە ئەوە پێچەوانەی سوننەتە و پێویست ناكات بڵێیت اللهم صل علی سیدنا محمد.

 

10- مەكروهە و كارێكی باش نییە لە كاتی نوێژدا شانی نوێژخوین بەدەرەوە بێت و داپۆشراو نەبێت، نموونەی ئەوەش نوێژكردنە بە فانیلەی عەلاگەوە یان شتی هاوشێوە كە شان یان زۆربەی شان بەدەرەوە بێت، هەروەها كارێكی باش نییە و پێچەوانەی سوننەتە نوێژخوێن قۆڵی هەڵماڵێت لە كاتی نوێژ كردندا.

 

11- نوێژخوێن تاكو بتوانێت باوێشك بگێڕێتەوە و دەمی نەكاتەوە بۆ باوێشكدان، چونكە لەو بارەوە فەرموودەیەك بەڕاشكاوی لە سەحیحی موسلیمدا هاتووە.

 

12- نوێژ كردن بە نەعل و پێڵاوەوە درووستە و ئاساییە لە دەشت و دەردا و لەهەر جێگەیەك كە بگونجێت و ئەو كارە لە سەحیحی بوخاریدا جێگیر بووە.

 

13- تەوقە كردن لە دوای نوێژ وەكو ئەوەی پەیوەندی بە نوێژەكەوە بێت و بڵێیت خوا قبوڵی بكات و ئەویش لەبەرانبەردا سوپاست بكات یان دوعات بۆ بكات بەم شێوە و بەبەردەوامی بیدعەیە و نە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم و نە هاوەڵان ئەو كارەیان نەكردووە.

 

تێبینی/ ان شاء الله لە كاتی چاپكردنی ئەم زنجیرەیە پێكەوە لە گەڵ زنجیرەی هه‌ڵه‌ و بیدعه‌كانی هه‌ینی وەكو كتیبێك، هەموو ئەو سەرچاوانەش دەخەمە ڕوو كە سوودم لێیان بینیوە.
إحسان برهان الدین
20 رجب 1441
2020/3/15