العربیة
/گشتی/
شاگەشكەی توركەكان بە محمد صلاح
: 3
2026-09-22

شاگەشكەی توركەكان بە محمد صلاح

توركەكان وەكو هەر گەلێكی تر تایبەتمەندی خۆیان هەیە، یەكێكیش لە سیفەت و تایبەتمەندی توركەكان ئەوەیە بەڕەگەزپەرستی و هەستیاری زۆر بەرانبەر بێگانە دەناسرێن، بەڵام وا دیارە ئەو سیفەتەیان لەگەڵ محمد صلاح دا پەك خستووە و لە مامەڵەیاندا لەگەڵ ئەو یاریزانە میسرییەدا چوونەتەوە سەر سیفەت و بیروباوەڕی باووباپیرە عوسمانییەكانیان.
عوسمانییەكان زۆر سیفەتی جوان و باشیان هەبووە لە ئازایی و غیرەت لەسەر دین، سەردەمانێكیش ڕووبەڕووی خاچپەرستان وسەفەوییەكان بوونەوە وزۆری نەمابوو ئەوروپا فەتح بكەن، بەڵام لەبەر ئەوەی دەوڵەتی عوسمانی لە سەرەتای درووست بوونیان تاكو لەناوچوونی دەوڵەتەكەیان سەرەڕای ئەو لایەنە باشانەیان، وەكو بیروباوەڕ و دینداری دەوڵەتێكی سۆفی بوون و لەسەر بنەمای ئەفسانە و بیدعە و لادانی بیروباوەڕ درووست بووبوون، بۆیە دەوڵەتی عوسمانی وەكو گۆڕستانێكی گەورە دەردەكەوت، هەموو شارو گوند و كوێرە دێیەك دەبوو گۆڕێكی تێدا هەبێت و خەڵكی بەدەوریدا توافیان بكەن و داواو ئومێدەكانیان ئاراستەی مردووی ناو ئەو گۆڕە بكەن، بە كورتی ئەفسانە و پیرۆز كردنی قەبرو داروبەرد و ئاوو ئاسن وپارچەی جۆراوجۆر بەشێك بوو لە دین ودیندارییەكەیان، تەنانەت ئەگەر ناوچەیەك گۆڕێكی تێدا نەبوایە وەكو مەزارگە، خەڵكی خۆیان بە مەغدور دەزانی و زۆر جار دەجالێك خەوێكی بۆیان دەبینی و دەیوت لە خەومدا بینیم یان پێم وترا ئەم شوێنە قەبری پیاوچاكێكە و شاراوەتەوە! ئیتر خێرا گۆرێكیان لەو شوێنە ڕاست دەكردەوە و بینایەكیان لە سەرەی درووست دەكرد و لە هەموو لایەكەوە سەریان بۆی دەكردەوە دەبوو بە پەناگە و سەیرانگا.

بگەرێینەوە سەر باسەكەی خۆمان، محمد صلاح ی یاریزانی بەناوبانگی میسری دوای ئەوەی گرێبەستەكەی لە یانەی لیڤەرپولی ئینگلیزی تەواو بوو، بە گرێبەستێكی دوو ساڵی پەیوەندی بە یانەی طرابزون سبور ی توركییەوە كرد بە مووچەی نزیكەی یەك ملیۆن و وپێنج سەد هەزار یۆرۆی مانگانە، ئەوەی سەرنج ڕاكێش بوو بۆ خودی محمد صلاح یش، ئەو پێشوازییە مەزنە بوو لە فرۆكەخانە و دواتر لە یاریگای یانەكە كە بۆی كرا و تووشی شۆكی كرد.

لە ئێستادا وا دیارە توركەكان بەدەر لە سیفەتی ڕەگەزپەرستی و هەڵوێستی توند و هەستیارییان بەرانبەر بە بێگانە كە بەشێكی بەرچاویان بەوە دەناسرێن، وا دیارە چوونەتەوە سەر بیروباوەڕ و ئاكاری باپیرە گەورەكانیان لە عوسمانییەكان كە بە پیرۆزكردنی گۆڕ و داروبەردەوە هۆگر بوون و خۆشەویستیان بۆ محمد صلاح لە زێدەرەویدا قۆناغێكی سەیری بڕیوە .

لەماوەی ڕابردوودا محمد صلاح لە سەردانێكیدا بۆ باكوری ڕۆژهەڵاتی توركیا لە سەر تاوێرە بەردێك بەشێوازێكی دیاریكراو پشوویەكی داوە و كەمێك لەسەر ئەو بەردە دانیشتووە و وێنەیەكی لەسەری گرتووە، بەڵام لە ئێستادا ئەو بەردە پیرۆز كراوە و لە هەموو لایەكەوە سەردان دەكرێت و بەهەمان ئەو شێوەی ئەو یاریزانە لەسەری دانیشتووە لەسەری دادەنیشن و وێنەی لەسەر دەگرن، بەڵكو لە ئێستادا بە شیوەیەكی نافەرمی ناوی ئەو ناوچەشیان لە ویلایەتی طرابزۆن لە (Kürtdere Yaylası) گۆڕیوە بۆ (salsh yaylasi) واتە بەردەكەی صلاح.

كەناڵی الجزیرة لەسەر ئەو پرسە ڕاپۆرتێكی كردووە وتێدا دەردەكەوێت چۆن خەڵكی سەرەیان بۆ وێنە گرتن لەسەر ئەو بەردە گرتووە و خەڵكی دەڤەرەكەش خۆشی خۆیان دەردەبڕن و خەریكە تووشی گەشكە دەبن لەخۆشی ئەوەی سەربەرزی دانیشتنی محمد صلاح یان لەسەر ئەو تاوێرە بەردەی ناوچەكەیان پێ بڕاوە.
سەبارەت بە پیرۆز كردنی عوسمانییەكان بۆ گۆڕ و داروبەرد و تەنانەت تۆپ و چەك و زنجیر و زۆر شتی تر، دەتوانن كتێبی: الانحرافات العقدیە و العلمیة فی القرنین الثالث عشر و الرابع عشر الهجریین)ی الزهراني بخوێننەوە لەلایەكەوە لەو بیروباوەڕەی ئەوان تێدەگەن و لەلایەكی ترەوە لەم زێدەڕەوییەی ئیستای توركەكان لە محمد صلاح تێدەگەن.

لەم ڕۆژانەدا بەسەردانێكی خێرا و بۆ كارێكی تایبەتی خۆم سەردانێكی ئەنقەرەم كرد و لەوێ لە گەورەترین مزگەوتی ئەو شارەدا كە ناوی (Kocatepe Camii) چەند جارێك نوێژم كرد، مزگەوتەكە تاكو بڵێی گەورە و جوان و سەرنج ڕاكێش درووست كرابوو، بەڵام لە كاتی نوێژەكاندا لە ئەوپەڕی بێ نازیدا بوو، چەند كەسێكی كەم نوێژیان تێدا دەكرد و مەلاكەشی ئەوەندە بیدعەی لە پێش دەست پیكردنی نوێژ و لە دوای تەواوبوونی نوێژەكە ڕیز كردبوو، هەستت دەكرد جێگایەكە بۆ نمایشكردنی بیدعە و دەنگ خۆشی مامۆستا و بانگدەری مزگەوتەكە! پێم وابوو جیاوازی نێوان مزگەوتێك لەسەر سوننەت وشێوازی سەلەف لە عیبادەتدا ئاوەدان بكرێتەوە و ئەو مزگەوتەی لە ئەنقەرە باسی دەكەم، وەكو جیاوازی و دووری نێوان زەوی و ئەستێرەكان بوو.
عەرەب جوانیان وتووە: (لا یستقیم الظل والعود أعوج).