لە كتێبی وەرگێڕاودا لە عەقیدەی وەرگێڕەكە وردبەرەوە!
لە مەسەلەی كتێبی وەرگێڕاودا، وەرگێڕ گرنگی و بایەخی گەلێك زۆرە، كاتێك كتێب و سەرچاوەیەكی تەرجەمەكراو دەكڕن ڕەچاوی چەند خاڵێك بكەن:
یەكەم: ئەگەر كتێبەكە كتێبێكلە یەكێك لە زانستە شەرعییەكاندا بوو زۆر گرنگی بە عەقیدەی وەرگێڕەكە بدە، وا نەزانیت وەرگێڕ كاریگەری نییە تەنها بڕگەكان لە عەرەبییەوە دەكات بە كوردی، لە چەندین ڕووەوە ئەو بۆچوونە هەڵەیە بۆیە زۆر لە عەقیدەی وەرگێڕەكە دڵنیانەبووی كتێبی مەكڕە.
دووەم: جگە لە مەسەلەی عەقیدەی وەرگێڕ كە ئەوە مەرجێكی سەرەكییە و هۆكاری زۆر هەیە وات لێ بكات بیكەیت بە مەرج، هەروەها پێویستە لە شارەزایی وەرگێڕەكە لە هەردوو زمانی عەرەبی و كوردیدا شارەزا بێت، بەتایبەتی باش تێگەیشتن لە زمانی عەرەبی و كارامەیی لە بواری زمانەوانی وهەبوونی پێشینەیەكی زۆر لە خوێندنەوەی سەرچاوەكانی زمانی عەرەبی لە كتێبی شەرعی و زمانەوانی و وێژەیی بۆ وەرگێڕ زۆر پێویستە بۆ ئەوەی بتوانێت جڵەوی واتاكان و دەربڕینەكان بەباشی بگرێت و زانینی هیچ واتاو مەستێكی لێ یاخی نەبێت، كە بەداخەوە ئەو بوارە پڕە لە كارەسات و هەڵەی سەیر و سەمەرە، چونكە وەرگێڕەكان بەهیچ فلتەر و تاقیكردنەوەیەكدا تێناپەڕن و ئەو سەرهەڵدانی ئەو ژمارە زۆرە لە وەرگێڕان لە كوردستاندا وەكو زۆر حاڵەتی تری نامۆ ئەویش بەهەمان شێوە حاڵەتێكی نامۆ و ناتەندرووستە.
سێیەم: تواناو باگراوند و خوێندنەوەكانی وەرگێڕ زۆر بە ئاسانی دەردەكەوێت و لە وەرگێڕانەكەیدا هەستی پێدكرێت، بە پێچەوانەوە هەژاریشی لەو بوارەدا هەر دەدەكەوێت، ئینجا هموو وەرگێڕێكیش دەبێت ئەوە بزانێت وەرگێڕانەكەی وەكو ئەوەیە عەقڵی خۆی بۆ خەڵكی نمایش بكات و بڵێت خەڵكینە ئەوە عەقڵ و توانای منە لە وەرگێڕان و شارەزایی دوو زماندا! ئەوەش دەبێت ببێتە مایەی بیركردنەوە و لێوردبوونە وە ڕاوەستان ئەگەر كاتی خۆی نەبێت.
چوارەم: داواكارم لە خانەكانی بڵاوكردنەوە لەوانەی سەرچاوەی زانستە شەرعی و ئیسلامییەكان بەگشتی چاپ دەكەن، بەتایبەتی سەرچاوەكانی تەفسیر و فەرموودە و كتێبە بەناوبانگ و سەرەكییەكانی زانایان، بەلای كەمەوە زۆر لەو دوو خاڵە وردبنەوە، ئەوەی یەكەمی لەبەر الله عزوجل بۆ ئەوەی واتاكانی قورئان و سوننەت نەشێوێندرێت و بەهەڵە و بە شێوازێكی ناشاییستە نەگاتە بەردەستی خوینەران، چونكە بێ گومان وەرگێڕ بەباشە و بە خراپەش ڕۆڵی كاریگەری خۆی هەیە، بڵاوكاریش بەهەردوو باردا بەرپرسیارێتی لەلای الله هەڵدەگرێت.
سەبارەت بەمەرجی دووەمیش كە بریتییە لە شارەزابوونی باش لە زمانی عەرەبی ئەوەیان لەبەر خۆیان و لەبەر ئەوەی نەبنە هۆكاری بڵاوبوونەوەی كتێبێك كە پڕی بێت لە هەڵەی زمانەوانی و بەڵگەی تێنەگەیشنی وەرگێڕ لە بڕگەكان و خوێنەری ئاساییش بە ئەوپەڕی سانایی بتوانێت هەڵە لە وەرگێڕ بگرێت، چونكە ئەوە لە ڕووی مادیشەوە كاریگەری نەرێنی لەسەر فرۆشی كتێبەكەش دەبێت.
پێنجەم: لە بنچینەدا بڕوانامە دەبێت بەڵگەی توانای خاونەكەی بێت لەو پسپۆڕییەدا، بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا ئەوەش بە ڕەهایی ڕاست نییە، زۆر كەس هەیە بڕوانامەی بەرزی لە عەرەبیدا هەیە و زۆریش لەو زمانەدا ناشارەزا و فەقیر حاڵە، تەنانەت لەوانەیە مانگەشەو بە بقرة اللیل تەرجەمە بكات!
زۆر كتێبم بەچاوی خۆم بینیوە هەڵەی وەرگێڕ لە ناونیشانی كتێبەكەوە دەستی پێكردوە! جا ئەگەر بەرگی كتێبەكە كە چەند وشەیەكی لەخۆگرتووە و چاوی خوێنەر یەكەم جار دەكەوێتە سەری هەڵەی تێدا هەبێت، دەبێت ناوەڕۆكی پەرتوكەكە حاڵی چۆن بێت.
شەشەم: وەرگێڕان ئەگەر نیەت و اخلاص ی لەگەڵدا بێت دەبێتە كارێكی پیرۆز و هاوشان لەگەڵ نووسەراندا ڕۆڵی زۆر گەورەو بەرچاویان دەبێت لە درووستكردنی گۆڕانكاری و وەرچەرخان لە مێژووی گەلاندا، سەرەتای گەشانەوەی شارستانی ئیسلامی لە وەرگێڕانی سەركەوتووەوە دەستی پێكرد، بەڵام بەداخەوەم كە ئەم قسە دەكەم لێرەدا، ئەم مەسەلە وەكو زۆر پرسی تر كە لە كوردستاندا بەخراپتریم شێوە بەخراپی كەڵكی لێ وەرگیراوە، وەكو بازرگانی، وزانستی پزیشكی ودەرمانسازی، وەكو سیاسەت، ئەمەشیان تا سەر ئێسقان بەلاڕێدا براوە و شوێنەوارەكانی دوای چەند ساڵێكی تر دەردەكەوێت كە كتێبخانەكان لە كتێبی لاواز و پڕ لە هەڵە لێوان لێو دەبەن.
حەوتەم: ئەم پرسە پێویستی بە ئاوڕدانەوەیەكی جیددی هەیە لەلایەن خاوەن كتێبخانە و خانەكانی بڵاوكردنەوە، هەروەها لایەنە ئەكادیمی و كۆڕبەندی زمانەوانی و زانستی و زانكۆكان كە هەندێ مەرج و ڕێوشوێن بۆ وەرگێڕان دابنەن هاوشێوەی ناوەڕاست و تەنانەت كۆتاییەكانی سەدەی بیستەم كە تەنها كەسانێك بوێری چوونە نێو ئەو گۆڕەپانەیان هەبێت كە مەرجە زانستییەكانی شاییستەبونیان تێدا هەبێت و ببنە مایەی بەرزكردنەوەی تەلاری زانست و مەعریفەت لە كوردستاندا نەك بە وەرگێڕانەكانیان دۆخێك درووست ببێت، لە دواڕۆژدا لادان و چاككردنی ئەگەر مەحاڵیش نەبێت كارێكی یەكجار ئەستەم بێت.
هەشتەم: مەبەستم لێرەدا هەڵەی تایپ و چاپكردن نییە، ئەگەرچی ئەوەش پێویستی بە چاودێری ورد هەیە، بەڵكو مەبەستم لەو هەڵانەیە كە وەرگێڕ عەرەب واتەنی (عن سبق إصرار وترصد) و بەبێ ئەوەی دەركی پێ بكات ئەنجامی ئەدات وتێی دەكەوێت و دواتریش نە خاوەن كتێبخانەكە و نە هیچ چاودێر و وردبینێك هەستی پێ دەكات تاكو دەگاتە بەردیدی خوێنەر و دۆخە ناخۆشەكەش لەوێوە دەست پێ دەكات كە ئەوەش كاتێكە وەكو دەڵێن درەنگە و كار لە كار ترازاوە.
إحسان برهان الدین
4 جمادى الأول 1445
2023-11-18