العربیة
/سوننەت/
چەند پرسیارێك لە بارەی قوربانی
: 306
2022-06-27

  #وەڵامی_پرسیارەكانتان :43 چەند پرسیارێك لە بارەی قوربانی 1- چۆنێتی دابەشكردنی گۆشتی قوربانی یەكێك لەو پرسیارانەی لەلای هەندێك لەوانە درووست دەبێت كە قوربانی دەكەن ئەوەیە: ئەو ئاژەڵەی كە دەیكەن بە قوربانی لەڕووی شەرعەوە چەندی بۆ خۆیان دابنەن و چەندی دابەش بكەن؟ منیش لە وەڵامدا و لە ڕۆشنایی قسەی زانایاندا دەڵێم: سەرەتا خیلاف لە نێوان زانایاندا هەیە كە ئایا قوربانی كردن واجبە یان سوننەتە، بەپێی بۆچوونی جومهوری زانایان واجب نییە و موستەحەببە و دروشمێكی ئیسلامە و سوننەتێكی پێغەمبەرە صلی الله علیه و سلم، باشترە هەركێ توانای هەبێت دوانەكەوێت لە جێبەجێكردنیدا و ئەگەر بۆی بكرێت و لە تاوانایدا هەبێت ساڵانە بیكات باشترە، چونكە قوربانی كردن دروشمێكە لە دروشمەكانی ئیسلام و لە قورئان و لە سوننەتدا باسی هاتووە و ئاماژەی بۆ كراوە. كاتەكەشی لە دوای نوێژی جەژنەوە دەست پێ دەكات تاكو سێیەم ڕۆژ، یان چوارەم ڕۆژی جەژن، بەپێی خیلافێك لەو بارەوە كە لە نێوان زانایاندا هەیە، سەبارەت بە دابەشكردنەكەی هیچ دەقێكی تایبەت نەهاتووە لە قورئان و لە سوننەتدا بڕەكەی دیاری بكات، كە گۆشتی قوربانییەكە چەندی بۆ خۆت بێت و چەندی لێ دابەش بكەیت، ئەو بڕانەش كە باس دەكرێن بەڵگەی قورئان و فەرموودەی لەسەر نییە، قسەی زانایانە و وایان بە گونجاو بینیوە، گرنگ ئەوەیە بەشی هەژار یان خزم و هاوڕێ یان دراوسێی یان هەموویان پێكەوە لێ بدرێت بە گوێرەی زۆر و كەمی گۆشتی ئەو قوربانییەی كە دەكرێت. شەرع هیچ سنوورێكی بۆ دیاری نەكردویت، بۆ نمونە دەتوانیت گۆشتەكە بكەیت بە سێ بەشەوە، بەشێكی بۆ خۆت و دوو بەشی دابەش بكەیت، یان دوو بەشی بۆ خۆت بێت و یەك بەشی ببەخشیت، یان نیوەی بۆ خۆت و نیوەی ببەخشیت، یان زۆربەی دابەش بكەیت بەسەر خەڵكیدا و كەمێكی بۆ خۆت بمێنێتەوە، یان بەهەر شێوەیەكی تر بێت، هەموو ئەوانە درووستن، گرنگ ئەوەیە پشكی خەلكی تری لێ دەربچێت. الله تعالی دەربارەی قوربانی فەرموویەتی: {فصلِّ لربك وانحر} [الكوثر:3]. هەروەها فەرموویەتی: (فَكُلُوا مِنْهَا وَأَطْعِمُوا الْبَائِسَ الْفَقِيرَ) الحج/28. هەروەها فەرمویەتی: (فَكُلُوا مِنْهَا وَأَطْعِمُوا الْقَانِعَ وَالْمُعْتَرَّ ۚ). الحج/ 36. واتای ئایەتەكان ئەوەیە قوربانی بۆ پەرورەدگارتان بكەن و خۆتان لە گۆشتی قوربانیەكانتان بخۆن و بەشی هەژارانیشی لێ بدەن. لە فەرموودەی سەحیحی موسلمیشدا هاتووە كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: (كلوا، وأطعموا، واحبسوا، أو ادخروا) واتە: لێی بخۆن و لێی ببەخشن بە خەڵكی و لێی هەڵگرن و پاشەكەوتی بكەن. 2- قوربانیی نوێژنەكەر قوربانیی نوێژنەكەر واتە کەسێک نوێژ ناکات بەڵام لە جەژندا قوربانی دەکات و گۆشتەکەی دابەش دەکات، لە سەر بۆچوونی پەسەندی زانایان درووست نییە و وەكو گۆشتی مردارەوە بووە و نابێت كەس لێی بخوات. (عبد الله بن شقيق العقيلي) كە تابیعییەكی بەڕێزە دەیفەرموو: (لم يكن أصحاب رسول الله ﷺ يرون شيئاً من الأعمال تركه كفر إلا الصلاة) واتە: هاوەڵانی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم وازهێنانیان لە هیچ كردەوەیەك بە كوفر نەدەزانی جگە لە نوێژ نەبێت، واتە: بە هیچ شێوەیەك نوێژنەكەریان بەلاوە موسوڵمان نەبوو. زۆر فەرموودەی سەحیحش لەم بارەوە هەیە، بۆ نموونە ئەو فەرموودەی كە لە سەحیحی موسلیمدا هاتووە: (بين الرجل وبين الكفر والشرك ترك الصلاة). واتە لە نێوان كەسێك و كافربوون و موشریك بووندا نوێژنەكردنە. بۆیە وەكو هەندێ لە زانایان فەرموویانە، قوربانی و سەربڕاوی نوێژنەكەر با نەكردنەكەشی لە تەمەڵی بێت و باوەڕی بە فەرزبوونی هەبێت، وەكو سەبڕاوی ئاگرپەست و هاوشێوەكانیانە، چونكە سەربڕاوی جولەكە و گاور حەڵاڵە بەڵام سەربڕاوی نوێژنەكەر حەڵاڵ نییە. 3- زیاتر لە خێزانێكی هەیە، چەند قوربانی بكات؟ هەركێ خێزانێك یان زیاتری هەبێت، ئیتر ژمارەیان هەرچەند بێت، دەتوانێت یەك قوربانی بكات بۆ هەموویان، پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم بۆ هەموو خێزانەكانی یەك قوربانی كردووە. بەڵام ئەگەر ئەو كەسەی كە زیاتر لە ماڵ و خێزانێكی هەیە توانای هەبێت و بیەوێت قوربانی زیاتر بكات ئەوە باشترە. 4- حوكمی پەشیمان بوونەوە لە كردنی قوربانی! قوربانیكردن لەسەر بۆچوونی جمهوری زانایان سوننەت و شەعیرەیەكی گرنگی ئیسلامە و واجب نییە، بۆیە ئەگەر كەسێك نیەتی قوربانی كردنی هێنا و دوای ماوەیەك لەبەر هەر هۆكارێك لە نیەتەكەی پەشیمان بوویەوە و بڕیاریدا نەیكات، لەو حاڵەتەدا هیچی لەسەر نییە و تاوانبار نابێت، چونكە سوننەتێكەو خۆی لە خێرەكەی بێ بەش كردووە، بەڵام ئەگەر ئاژەڵەكەی دیاری كرد، یان كڕی بۆ ئەو مەبەستە، ئەوە لە موڵكی ئەو دەرچووەو زانایان فەرموویانە لەو كاتەدا ئیتر بۆی نییە پەشیمان بێتەوە. 5- دواكەوتنی نیەتی قوربانیكردن درووستە درووستە وئاساییە كەسێك لەبەر هەر هۆكارێك بێت، سەرەتا نیەتی قوربانیكردنی نەبێت، بەڵام دواتر بۆ نموونە دوای گەڕانەوە لە نوێژی جەژن، یان لە رۆژانی داهاتووی جەژندا تا خۆرئاوابوونی چوارەم ڕۆژی جەژن - لەسەر بۆچوونی پەسەند - بڕیار بدات و ئەو كاتە قوربانی بكات. واتە مەرج نییە لەسەرەتای مانگی ذي الحجة وە نیەت بهێنیت، بەڵام سوننەت وایە لەو كاتەوە كە بڕیاری دا قوربانی بكات، ئیتر دەستكاری نینۆك و مووی لاشەی نەكات، تا كاتی سەربڕینی قوربانییەكەی.