جگە لە جەژنی ڕەمەزان و قوربان، هەروەها ڕۆژی جومعەش لە هەندێك لە فەرموودەكاندا بە جەژن ناوبراوە، ئیتر موسوڵمان هیچ جەژنێكی تری نییە ونابێت هیچ بۆنە و موناسەبەیەكی تر بە جەژن بزانێت، ئەگەر وا بكات ئەوە دەبێتە هەلە و كێشەیەك لە عەقیدەو بیروباوەڕدا، پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: (إنَّ لِكلِّ قومٍ عيدًا وَهذا عيدُنا) البخاري (952)، ومسلم (892). واتە: هەموو قەوم و میلەتێك جەژنی خۆیان هەیە و ئێمەی موسوڵمانیش ئەمانە جەژنمانن، واتە ئەوان جەژنی خۆیان و ئێمەش جەژنی خۆمان.
هەر لەبەر ئەو حوكمە شەرعییە ڕوونەی كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم مەسەلەكەی لەسەر یەكلا كردووەتەوە و فەرمانی پێكردووین لە هەموو جەژنێك جگە لەو دوو جەژنە دوور بكەوینەوە وگوێڕایەڵیكردنی پێغەمبەریش صلی الله علیه و سلم بە چەندین دەقی قورئان فەرزە، بۆیە هەر ئاهەنگ گێڕان و جەژن كردنێكی تر بە هەر بۆنەیەكەوە بێت لادانە لە ڕێگای كیتاب و سوننەتە و لاساییكردنەوەو شوێن پێ هەڵگرتنی خاوەن و شوێنكەوتووانی ئەو میللەت و دینانەیە كە ئێمە فەرمانمان پێكراوە موخالەفەیان بكەین.
هەرچی ئەوەی كە پێی دەوترێت جەژنی دایك و جەژنی باوك، یان جەژنی سەری ساڵ و عید میلاد، یان جەژنی كرێكاران و جەژنی نەورۆز و...هتد هیچیان جەژنی موسوڵمانان نین و دەبێت موسوڵمان خۆی لێیان بەدور بگرێت، چونكە ئیسلام بە جەژنەكانی ڕەمەزان و قوربان ئەوانەی بۆ موسوڵمانان قەرەبوو كردوەتەوە و ئێمەش وەكو واجبێكی عەقیدەو بیروباوەرەكەمان دەبێت بێ نیاز بن لەو جۆرە جەژنانە و تەنها پابەندی جەژنەكانی خۆمان بین .