العربیة
/وەڵامی پرسیارەکانتان/
لە زانستی تەفسیردا چی بخوێنم باشە؟
: 364
2023-04-26
  #وەڵامی_پرسیارەكانتان:63 لە زانستی تەفسیردا چی بخوێنم باشە؟ هیچ كتێبێك و زانستێك نییە لە قورئانی پیرۆز شاییستەتر بێت لەوەی موسوڵمان تەمەنی خۆی تێدا بەسەر ببات، تەفسیری قورئان سەری هەموو زانستێكە و بەختەوەری دونیا و سەرفرازی دواڕۆژی تێدایە، بۆیە پێویستە هەموو موسوڵمانێك بایەخ بە تێگەیشتنی بدات. 1- سەرەتا بەر لەوەی هیچ تەفسیرێك بخوێنیت، پێویستە لە موفرەدات و وشەكانی قورئانی پیرۆز تێبگەیت بۆ ئەوەش پێویستە بگەرێیتەوە بۆ یەكێك لەو كتێبانەی تایبەت بە لێكدانەوەی وشەكانی قورئان نووسراون وەكو (السراج في غريب القرآن)محمد بن عبدالعزيز الخضيري. كە ئەمە لە كتێبی (كلمات القران)ی مخلوف باشترە چونكە وەكو ئەو تەئویلی نەكردووە. هەموو ئەو كتێبانەش كە تایبەت بە غەریبی قورئان نووسراون وەكو ئەوەی الراغب الأصفهاني و كتێبی تر بۆ ئەم مەبەستە دەگونجیت سوودی لێ ببینرێت بەڵام هەندیكی تەئویل و هەندی هەلەی تێدایە پێویستی بە وریاییە. وەكو بە كوردی كردنی موفرەداتی قورئانیش بەندە لێكدانەی تا نزیك جوزئی بیستەمی قورئانی پیرۆزم نووسیوە بەڵام تەواو نەبووە و چاپ نەكراوە. كەوانە سەرەتا و پێش خویندنەوەی هیچ تەفسیرێك گرنگ ئەوەیە هەرچی وشەیەكی قورس هەیە لە قورئانی پیرۆزدا مەعناكانی بزانیت. 2- دوای ئەوەی واتای وشەكانی قورئانت زانی، ئەتوانیت بچیتە سەر تەفسیرێكی كورت و پوخت بۆ ئەوەی ئینجا واتاو تەفسیری ئایەتەكان بەسەر یەكەوە وەكو بڕگەو ئایەت بزانیت، بۆ ئەو مەبەستەش كتێب زۆرە لێیان سوودمەند بیت بۆ نموونە: - التفسیر المیسر: لە نووسینی كۆمەڵێك زانا. - تەفسیری عبدالرحمن السعدي ناسراو بە (تیسیر الكریم الرحمن). - تەفسیری (معالم التنزیل) ناسراو بە تەفیسیری البغوي. - (تفسیر القران العظیم)ی ابن كثیر ناسراو بە تەفسیری ابن كثیر. 3- پاش تەواوكردنی ئەو تەفسیرانە یان ئەوانەو هاوشێوەكانیان، ئینجا فێرخوازی زانست دەتوانێت بچێتە سەر ئەو تەفسیرەی كە زۆرێك لە زانایان بە باشترین تەفسیر ئەژماریان كردووە لە ئیسلامدا بۆ قورئان كرابێت، ئەویش تەفسیری (جامع البيان عن تأويل آي القرآن)ی تەبەرییە، ناسراو بە تەفسیری الطبري، كە زۆرێك لە زانایان پێیان وایە تەفسیر لەوە باشتر بۆ قورئانی پیرۆز نەنووسراوە و زۆربەی زۆری موفەسیرەكانیش سوودیان لێی بینیوەو بۆی گەڕاونەتەوە. تەنانەت هەندێك پێیان وایە تەفسیری ابن كثیر و البغوي ش كورتكراوەی ئەو تەفسیرەن. ئەڵبەتە تەفسیری باش و بەسوود گەلێك زۆرن، بەڵام لەبەر ئەوە ناوم نەبردوون یەكەم بەرنامەی خوێندنەكە لەسەرەتاوە لەسەر فێرخوازی زانستی سەرەتایی چڕو زۆر نەبێت. لەلایەكی تریشەوە زۆرێك لەو تەفسیرانەی كە ئەڵێم بەسوودن، لەو لاشەوە لە هەمان كاتدا هەڵە و هەندێ لادانی لە مەنهەجی ئەهلی سونەت تێدایەیان تێبینیان لەسەرە، ئەوەش مەعنای ئەوە نییە سوودیان لێ وەرنەگیرێت، بەڵكو هەر ئەوەیە كە فێرخوازی زانست بتوانێت لە باشییەكانی سوودمەند بێت و لە هەڵەكانیش خۆی بە دووربگرێت، باوەڕم وایە تەنها ئەوانەی ئاستیان لە زانستی شەرعی و بەتایبەتی لە بواری عەقیدەو تەوحیدو مەنهەجی ڕاست و دروستدا باشە و قۆناغێكیان بڕیوە زیاتر دەتوانن لە هەموو تەفسیرێك سوودمەند بن. ئێمەی كورد بە تەنها خوێندنی قورئانی پیرۆز هەرگیز ناتوانین لە واتا و پەیام و حوكم و سنوورەكانی قورئانی پیرۆز تێبگەین، بێ ئەوەی هەندی لەو تەفسیرانەی ئاماژەم پێكرد یان تەفسیری تر لەسەر مەنهەج و تیگەیشتنی سەلەف نووسرابێت نەخوێنینەوە. بۆیە ئەگەر قورئان ڕێگای بەختەوەری دونیا و سەرفرازی دواڕۆژە، ئەوا زانینی تەفسیر و واتاكانی ڕێگەی ئەو سەرفرازی و بەختەوەرییە..والله أعلم. إحسان برهان الدین 18 ربيع الأول 1444 2022-10-14