هەڵەیە هەر كەسێك وا تێبگات و باوەڕ بەو كەسانە بكات كە دەڵێن باوەڕمان بەقورئان هەیە و قورئانمان بەسە وسوننەت ڕەت دەكەنەوە یان گومانی لەسەر درووست دەكەن یان بەشێكی وەردەگرن و بەشێكی ڕەت دەكەنەوە! زۆر بەهەڵەدا چووە باوەڕ بەو جۆرە كەسانە بكات و وا بزانێت ڕاست دەكەن لەوەی گوایە باوەڕیان بە قورئان هەیە وكێشەكەیان تەنها لەگەڵ سونەت و فەرمودكانی ئازیزدایە صلی الله علیه و سلم، چونكە ئەوە تناقض ودژوارییەكی گەورەیە ئەوانە لەگەڵ خودی خۆیاندا تێی دەكەون، چونكە فەرمانی پەیڕەوی كردنی سوننەت و گەێڕایەڵی كردنی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم هەر لەو قورئانەدا هاتووە و هەموو ئوممەتی ئیسلامیش جگە لە ئەو تاقمە لادەرەانە نەبێت، یەك دەنگ و یەك بۆچوون لەسەر ئەوەی ئیسلام بریتییە لە قورئان و لە سوننەت، هەركێیش پێچەوانەی ئەوە بڵێت پەیوەندی بە ئیسلامەوە نامێنیت. ناوەڕۆكی باسەكەم لە چەند خاڵێكی كەمدا كورت دەكەمەوە:
1- بنەمایەكی نەگۆڕەو پێوەرێكی ڕاستەقینەیە لە درێژایی سەردەمەكاندا سەلماوە : هەركێ باوەڕی بەسوننەت نەبوو باوەڕی بەقورئانیش نییە، هەرگیز ئەو دو مەسەلە لەیەكتر جیانابنەوە، حەقیقەتی مەسەلەكەش تەنها خۆڵ لەچاو كردنە و كوشتنی كاتە تا بەتەواوی ڕاستی حاڵ و نیەتیان دەردەكەوێت! چونكە بە ئینكار كردنی سوننەت ئەو كەسە نیوەی ڕێگەكەی زیاتری بەرەو بێ باوەڕی ڕەها واتە وەكو هەر مولحید و بێ ئیمانێك بڕیوە.
جیاوازی نێوان دژە سوننەتێك و مولحیدێك هەر ئەوەیە ئەو دەڵێت قورئان و سوننەت هەردوكیان درۆ وهەڵبەستراون، بەلام دژە سوننەتەكە دەڵێت سوننەت هەڵبەستراوە و قورئان ڕاستە بەڵام هەرخۆی بەشێكی زۆریش لەو قورئانە ڕەت دەكاتەوە وبەشەكەی تریشی بە ئارەزووی خۆی تەفسیر دەكات و مەعنای بۆ دادەنێت، بەم شێوەش ڕێگەی دژە سونەتەكە بۆ لێدانی ئیسلام ئاسانتر و كورتبڕترە - ئەگەر سەربگرێت بۆیان- تاكو ڕێگەی مولحیدەكە كە بەبێ پەردەو درۆكردن و لەف و دەوەران دەڵێت من مولحیدم و بەئاشكرا باوەرم بە ئیسلام نییە.
2- ئینكار كردنی سوننەت خۆی لە خۆیدا ئینكاركردنی قورئانە لەبەر ئەوەی دەیان ئایەت دەربارەی وەرگرتنی دین لە سوننەتەوە هاتووەو هەر لەو قورئانەدا بە ڕوون و ئاشكرا و بە زمانی عەرەبی موبین ئەو حەقیقەتە ڕادەگەیەنیت، تەنها بۆ نموونە:
- (وَأَنْزَلْنَا إِلَيْكَ الذِّكْرَ لِتُبَيِّنَ لِلنَّاسِ مَا نُزِّلَ إِلَيْهِمْ وَلَعَلَّهُمْ يَتَفَكَّرُونَ) النحل/44.
- (لَقَدْ كَانَ لَكُمْ فِي رَسُولِ اللَّهِ أُسْوَةٌ حَسَنَةٌ لِمَنْ كَانَ يَرْجُو اللَّهَ وَالْيَوْمَ الْآخِرَ وَذَكَرَ اللَّهَ كَثِيرًا ) الأحزاب/21. واتە: پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرمانی پێكراوە قورئان بۆ خەڵكی ڕوون بكاتەوەو تەفسیرو شەرحی بكات، ئەوەش لە سونەتدا دەست دەكەوێت.
- (وَمَا آتَاكُمُ الرَّسُولُ فَخُذُوهُ وَمَا نَهَاكُمْ عَنْهُ فَانْتَهُوا) الحشر:7. وما آتاكم الرسول لە سوننەتەكەیدا هاتووە وئەو بەشەی وەحی لە فەرموودەكاندا وەردەگیرێن. لەگەڵ دەیان ئایەتی تر.
3 - ئەبێت هەموو موسوڵمانێك عەقیدەو ئیمانی وا بێت كە وەحی دوو جۆرە یەكەمیان قورئانەوە ودووەمیان سوننەتە واتە هەردوكیان هەر وەحیین. ئیتر سوننەتی قەولی بێت یان سوننەتی فیعلی و تەقریر بێت، بۆیە قورئان وەحیە و سوننەتی سەحیحیش هەر وەحیە وفەرقی نییە، نكۆڵی كردن لە وەحی دووەم كە سوننەتە هەر وەكو ئەوە وایە نكۆڵی لەبەشی یەكەم بكرێت كە قورئانە بێ هیچ جیاوازییەك. الله فەرموویەتی: (وَمَا يَنطِقُ عَنِ الْهَوَى ، إِن هُوَ إِلَّا وَحْيٌ يُوحَىْ ) النجم/3-4. واتە هەرچی ئەوەی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی هیچی لە خۆیەوەیە نەوتووە، بەڵكو لەلای الله تعالی بۆی دابەزیوە.
4- ئەبێت ئەوە لە عەقیدەی موسوڵماندا بچەسپێت كە هیچ حوكمێك نییە لە سوننەتدا پێچەوانەی قورئانی پیرۆز بێت، بەڵام سوننەت لەبەرانبەر قورئاندا سێ ئاست و پێگەی هەیە:
یەكەم: سوننەتێكە هاوتای واتاكانی قورئان وهاوشێوەیەتی و وەكو جەخت كردنەوەو شایەتیدانە بۆ ئەوەی لە قورئاندا هاتووە.
دووەم: سوننەتێك كە وەكو ڕوونكردنەوەو شەرح و تەفسیرە بۆ قورئانی پیرۆز و مەبەست و ئامانجی ئایەتەكان زیاتر دەخاتەڕوو و ئایەتی مطلق و ڕەها سنووردار وتقیید دەكات.
سێیەم: سوننەتێكە حوكمێكی لەخۆگرتووە قورئانی پیرۆز ئەو مەسەلەی باس نەكردووە بۆ خەڵكی بەڵكو لە سوننەتدا باس وبەیان كراوە.
5- نموونەی كردەیی ڕەتكردنەوەی سوننەت یان بەشێك لە سوننەت لە تاقمە لادەر وگومڕاكاندا ئەتوانیت بەبەرجەستەكراوی ببینیت وەكو جەهمییەكان وخەواریج و موعتەزیلە و تاقمەكانی تر كاتێك بۆ مەسەلەكانی سیفات و زۆر لە مەسەلەكانی تری عەقیدە تەنها لەسەر ڕوالەتی ئایەتەكان ڕۆیشتن و سوننەتیان ڕەت كردەوە بۆیە سەریان لە گومڕایی و كوفرەوە دەركرد.
6- ڕەتكردنەوەی سوننەتێك، تەنانەت یەك فەرموودەی صحیح لە سوننەتدا، تێكدانە بۆ شەریعەت و هاوكات ڕەتكردنەوەشە بۆ قورئان، لەبەر ئەوەی هەموو عیبادەتە فەرزكراوەكان وەكو نوێژ و زەكات و ڕۆژوو وحەج وعیبادەتی تر بەبێ ڕوونكردنەوەكانی سوننەت ناتوانرێت ئەنجام بدرێن، هەموو وردەكارییەكانی عیبادەتەكان لە سوننەتدا تەقریر كراوە و هاوەڵان بۆ ئێمەیان گواستووەتەوە. بۆ نموونە دیاری كردنی كاتەكانی نوێژ و شێوازی ئەنجامدانی و فەرزو سوننەتی بەبێ سوننەت ئەنجام نادرێت، هەموو سزا شەرعییەكانیش بەهەمان شێوە بۆ نموونە وەكو سزای دەست بڕینی دز و سزای زینا وتاوانەكانی تر بەبێ شیكردنەوەی سوننەت ناتوانرێت جێبەجێ بكرێت، تفاصیل و وردەكاری عەقیدەش بەهەمان شێوە زۆربەی لە سوننەتەوە پێمان گەیشتووە، بۆیە نكۆڵی كردن لە سوننەت یەكسانە بە نكۆڵی كردن لە قورئان و ئەوە پیلانێكە بۆ دژایەتی هەموو ئیسلام نەك تەنها دژایەتی سوننەت، هەر ئەوەش ئامانجی كۆتاییە بۆ ئەو كارە.
7- بە وردبوونەوە لە حاڵی نكۆڵیكەران لە سوننەت و ئەوانەی گومانی لەدەور درووست دەكەن دەردەكەوێت ئینكار كردنی سوننەت لە ڕابردوودا بۆ نموونە لەلایەن خەواریجەوە لادانێكی فیكری وگومڕابوونێكی مەنهەجی بوو لە ئەنجامی هەڵە تێگەیشتن و مۆفەق نەبوون بوو بۆ دۆزینەوەی حەق، چونكە عیبادەتی خەواریج تەنانەت لە فەرموودەكانیشدا ئاماژەی پێ كراوە و ئازاییان لە جەنگەكاندا پێویستی بە وەسف وباس نییە ولەگەڵ ئەوەشدا بە سەگی ناو دۆزەخ وەسف كراون، بەڵام ئەوانەی لەم سەردەمەدا ئینكاری سوننەت دەكەن فیكرو مەنهەجیان بە هەموو شێوەیەك لە عەلمانییەكانەوە نزیكترە تاكو قورئان، چونكە نە عەقیدەیان و نەڕواڵەتی حاڵیان و نەعیبادەیتان هیچی لەوە ناچێت كە لە قورئاندا باس كراوە، بەڵكو هەمیشە دەبینیت عەقیدەیان پشت گوێ خستووە و لە هەر تاقمێك لە تاقمە گمڕاكانیش پشك{كسان وەرگرتووە، لە موعتەزبلە و جەهمییەكان نكۆڵی كردن لە سیفات و گومراییەكانیان لەو بارەوە، لە خەواریج بێ ئەدەبییان بەرانبەر سوننەت و بەرانبەر هاوەڵان، لە تاقمەكانی تریش بەهەمان شیوە هەر یەكو پشكسكسان لێ وەرگرتوون، لە ڕواڵەت و ڕەفتاریشیاندا ناتوانیت خاڵی هاوبەش و لێكچوو لەگەڵ قورئانی پیرۆزدا بە ئاسانی بدۆزێتەوە.
8- لەم سەردەمەشدا پێشەنگ و سەرمەشقی ئەو دژە سوننەتانە كەسانێكی بێ دین و پیاوی داگیركەر بوونە وەكو سید خان و غلام پروێز و أحمد قادیانی ئەمانە پێشەنگی نكۆڵی كردن بوون لە سوونەت كە بە گشتی لە ڕووی دینی ورەوشت و نەتەوایەتییەوە كەسانی ناپاك و پیاوی ئینگلیز بوون و ئەوانەش كە لە ئێستادا هەن و ئەو بانگەشەیە دەكەن زۆربەیان پیاوی عەلمانین و خەڵكی دین لاوازن وهەندێكان لە ناوەڕاست و كۆتاییەكانی سەدەی ڕابردوودا ئەمریكا گیرسانەوەو هاوكاری دەكران وەكو محمد رشاد و أحمد صبحي منصور، هەندێكیشان بە تەماشاكردنێكی سەرپێی و بە گوێگرتن لە هەندێ قسەكانیان بۆت دەردەكەوێت كە لەناحەزێكی ئیسلام بەدەر نییە وەكو عدنان إبراهیم و هاوشێوەكانی تری. (لە كتێبدا بیانناسە بە پوختی حاڵ و بەرنامەو ئەوانەم باس كردووە. ،)
9- لە ڕاستیدا ئەوەی كە نكۆڵیكەران لە سوننەت دەیانەوێت پێی بگەن تێكدانی دینی ئیسلامە و ئامادەكارییە بۆ كاڵكردنەوەو شێواندنی سنوورەكانی و گۆڕینی عەقیدەكەی، چونكە ئیسلام بەبێ سوننەت ، كۆمەڵە ئەحكامێكی گشتییە هەركێ ئەتوانێت بە ئارەزووی خۆی تەفسیری بكات وبەو شێوە خاڵەكانی بەهێزبوون و تۆكمەیی خۆی لە دەست دەدات و بێگومان ئەوەش كە دژی سوننەتەكان دەیانەوێت.
10- ئێمەی موسوڵمانان لە كاتی درووست بوونی هەر كێشەو نیزاع و مەسەلەیەكدا كە پێویستی بە چارەسەر ببێت فەرزە لەسەرمان بگەرێینەوە بۆ قورئان و بۆ سوننەت، ئەوفەرمانەش بەدەقی قورئان ئاراستەمان كراوە: ( يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا أَطِيعُوا اللَّهَ وَأَطِيعُوا الرَّسُولَ وَأُولِي الْأَمْرِ مِنْكُمْ فَإِنْ تَنَازَعْتُمْ فِي شَيْءٍ فَرُدُّوهُ إِلَى اللَّهِ وَالرَّسُولِ إِنْ كُنْتُمْ تُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ ذَلِكَ خَيْرٌ وَأَحْسَنُ تَأْوِيلاً ) النساء/59 .
ئەو كەسەی نكۆڵی لەسوننەت بكات سەبارەت بەم ئایەتەی سەرەوە دوو ڕێگای لەبەردەمدایە: یان ئەوەیە بگەرێتەوە بۆ سوننەت بەو شێوەش بە دەستی خۆی بەرنامەكەی خۆی پووچەڵ دەكاتەوە سەبارەت ڕەتكردنەوەی سوننەت، یان ئەوەیە گوێڕایەڵی ئایەتەكە نەبێت و بۆ سوننەت نەگەڕێتەوە و ڕەتبكاتەوە بەوەش خۆی بەدرۆخستووەتەوە و قورئانی ڕەتكردووەتەوە كە ئیددیعای شوێنكەوتنی دەكات.
11- هەركێ هەر حوكمێكی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم ڕەتبكاتەوەو ڕقی لێی بێت تەنانەت ئەگەر بەزاهیر كاریشی پێ بكات و تەنها لەدڵەوە لێی بێزار بێت و لە ناخەوە ڕەتیبكاتەوە، بەو كارەی لە بازنەی ئیسلام دەردەچێت و هیچ پەیوەندییەكی بە ئیسلامەوە نامێنیت، ئەوەش بە دەقی قورئان بڕیاری لەسەر دراوە كە الله فەرموویەتی: (فَلَا وَرَبِّكَ لَا يُؤْمِنُونَ حَتَّىٰ يُحَكِّمُوكَ فِيمَا شَجَرَ بَيْنَهُمْ ثُمَّ لَا يَجِدُوا فِي أَنفُسِهِمْ حَرَجًا مِّمَّا قَضَيْتَ وَيُسَلِّمُوا تَسْلِيمًا) النساء:65. بەپێی ئەم ئایەتە گوێڕایەڵی كردنی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم لە مەرجەكانی ئیمانە و بە پێچەوانەشەوە واتە ئەگەر كەسەكە سوننەت یان بەشێك لە سوننەت ڕەت بكاتەوە لە زومرەی مونافیقەكان دەژمێردرێت.
12- هەر بە فەرمانی قورئان شوێنكەوتنی سوننەت واجبە، ئەگینا وەڵامی دژە سوننەت بەرانبەر ئەم ئایەتە چییە؟ : ( مَّن يُطِعِ ٱلرَّسُولَ فَقَدْ أَطَاعَ ٱللَّهَ ۖ وَمَن تَوَلَّىٰ فَمَآ أَرْسَلْنَٰكَ عَلَيْهِمْ حَفِيظًا)النساء :80 .بەبێ گەڕانەوە بۆ سوننەت چۆن گوێڕایەڵی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم دەكات. لە كاتێكدا الله تاعەتی خۆی و پێغەمبەرەكەی بەستووە بەیەكەوە كە فەرموویەتی: ( يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا أَطِيعُوا اللَّهَ وَأَطِيعُوا الرَّسُولَ ) النساء:59 .
13- هەركەسێك لەیەك فەرمان و حوكمی پێغەمبەری ئازیزمان صلی الله علیه و سلم دەربچێت كەوتووەتە نێو چەقی گومڕایی و فیتنەوە، ئەوە فەرمانی قورئانە كە ئەوان بەبێ بەڵگە ئیددیعای شوێنكەوتنی دەكەن: ( فَلْيَحْذَرِ الَّذِينَ يُخَالِفُونَ عَنْ أَمْرِهِ أَن تُصِيبَهُمْ فِتْنَةٌ أَوْ يُصِيبَهُمْ عَذَابٌ أَلِيمٌ )النور:63 .
14- الله عزوجل چۆن داوای كردووە لێمان فەرمانەكانی جێبەجێ بكەین بەهەمان شێوە داوای كردووە فەرمانەكانی پێغەمبەرەكەی صلی الله علیه و سلم جێبەجێ بكەین و فەرموویەتی: ( يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اسْتَجِيبُوا لِلَّهِ وَلِلرَّسُولِ إِذَا دَعَاكُمْ لِمَا يُحْيِيكُمْ) الأنفال:24. ئەگەر كەسێك لە سوننەت بە گومان بێت وبێ ئەدەبی بەرانبەر بكات، یان ڕەتیبكاتەوە وباوەری پێی نەبێت بە چ شێوەیەك فەرمانەكانی جێبەجێ دەكات، لە ڕاستید بەو كارەی لە دژایەتی سوننەتەوە دەبێت دوژمنی قورئان.
15- مێژووی دژایەتی سوننەت مێژوویەكی پڕ لە خیانەت و زەندەقەیە، لەسەردەمی محمد علي پاشا كە دوژمنێكی سەرسەختی ئیسلام بوو لە میسر هەندێك گەشەی كرد بەڵام فیترەتی پاكی خەڵكی و غیرەتی زانایان ڕێگر بوو لەوەی پیلانەكانیان سەربگرێت، ئەوەش كەناوی خۆیان ناوە قورئانی لە ڕاستیدا ئەوان دوژمنی قورئانن بەڵام بۆ خۆڵ لەچاو كردن ئەو نازناوەیان هەڵبژارد، كتومت وەو عەلمانییەكان كە مەعنای وشەی سیكولاریزم لە بنچینەدا دژایەتی دین و لادینی بوو، بەڵام بۆ خۆڵ لەچاوكردن ناوی خۆیان نا عیلمانی لە كاێكدا وشەیەكە لە دوورونزیكەوە پەیوەندی بە عیلم و زانستەوە نییە.
جارێكی تریش ئەم بیرۆكە گومڕاییە لە زانكۆی قاهیرە و ئینجا لە زانكۆی ئەمریكی پرۆتستانتی ئینجیلی لە قاهیرە سەریهەڵدا و دەرگایان بۆ هاتنی ڕۆژهەڵاتناسەكان واڵا كرد بۆ بڵاوكردنەوەی گومانەكانیان بۆ خەڵكی بەڵام بەهۆی فیترەتی پاكی خەڵك و هەبوونی كەسانیكی زۆر لە زانا و فێرخوازانی زانستی بەرپەرچ درانەوە و پلانەكانیان سەرینەگرت و لە كوردستانیش بێگومان هەرگیز سەرنارێت ئەگەرچی هاوكاری و كارئاسانییان زۆر بۆ دەكرێت و بوونیان هەیە لەناو حیزبە ئیسلامییەكاندا و هەروەها لەناو ڕیكخراوەكاندا و هەندیكیشیان (كە ئەمە تەنها لە كوردستانا شتی وام بینیوە) ڕاستی خۆیان دەرنابڕن و كاتێك لە دەزگایەك ڕاگەیاندن یان لە مینبەرەێكەوە بۆ خەڵكی قسە دەكەن ئەڵێن ئێمە باوەڕمان بەسوننەت هەیە و بەڵگەشی بۆ دەهێننەوە، كاتێكیش دەگەڕێنەوە لای هاوبیرەكان خۆیان دەڵێن ئێمە لەگەڵ ئێوەن و تەنها گاڵتە بەعەقڵی ئەو سەلەفییە دواكەوتووانە دكەین.
بێگومان لێرەدا من مەبەستم ئەوە نییە ڕەددێكی پڕ پێستی خاوەنی ئەو جۆرە تێگەیشتنانە بدەمەوە كتێب و سەرچاوەی باش لەو بارەوە هەیە، بەڵكو تەنها مەبەستم بوو بابەتێكی كورت لەسەر ئەو بیدعەیە لە عەقیدەدا بووسم.
ئینجا الحمد لله ئەوان نەك تەنها لەلای ئەهلی عیلم و فێرخوازانی زانستەوە حەقیقەتیان دەركەوتووە، بەڵكو لەلای خەڵكی موسوڵمان بە گشتی وەكو خەڵكانێكی ڕسوا و دوژمنی دینی خۆیان وێنا دەكرێن و ئەگەر بشمرن كەس ئامادە نییە نوێژیان لەسەر بكات و خەڵكی عەوامیش كە لە ئەلف و بێی زانستی شەرعی تێنەگەیشتون بە فیترەتە پاكەكەیان دەتوانن بەو دەرەئەنجامە بگەن ئەوانە كەسانی بێزراون و بەناراستەوخۆ دژایەتی ئیسلام دەكەن.
بەڵام ئەوەی لێرە دەینووسم هەر وەكو بەیانی حەق و پاساوێكە بۆ خۆم لەلای پەروەردگارم دەیهێنمەوە كەمن لەو جۆرە كەسانە بەریم و لە لایەكی تریشەوە نەوك خەڵكانێكی كەم هەبن گوێبیستی ئەو گومانانە بن كە دوژمنانی سوننەت ناوبەناو ئەیوروژێنن كە هەمان گومان و ڕێگاكانی دژایەتییە كە تاقمە گومڕاكان لە ڕابردوودا دەیانكرد و ئێستاش زیاتر نەساڕا و ئەقباتەكانی میسر و مولحیدەكان لە هەموو ێگەیەك پەنا بۆ ئەو گومانە كۆنانە دەبەن و باسی دەكەنەوە، نموونەی گومڕاگەلێكی وە عدنان إبراهیم و علي كیالي و زۆرێكی تر لە هاوشێوەكانیان دوور نییە لێمانەوە.